شیڤان شێرزاد

زۆرن ئەوانەی ئەمڕۆ بە ڕواڵەت وەک مرۆڤێکی جوان بە دەماک خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام کەمن ئەوانەی لەسەردەمێک لەدایک بوون، عەشق سەرەپای ژیانی لێ داگیرگردوون، کەمن ئەوانەی فەخر بە ڕابردوو دەکەن، چونکە لەو سەردەمە نە ژیاون، کە دنیا جگە چەپێک گوڵ و ڕوخسارێکی تاپۆشراو لە پەردەیەک ناوی نراوە "پەچە".

ئیدی هەموو جوانیەکان کاڵبوونەوە وەک سەرە ڕمی شەهیدێک، کە خەونی بەدیهاتنی ئازادی بوو، ئێستاس لەژێر گڵێکی ساردە.

دوێنێ وەک ئەوڕۆ نەبوو، کۆڕی شاعیران هەبوو "فوئاد ئەحمەد" شیعرەکانی دەکردن بە سروودێک بۆ دەسپێکی کەناڵەکان، کە پڕ بوو لە ڕوحیەتی نیشتمانپەروەری.

هەر دوێنێ بوو ئەکلەنجەی تیپی هونەری میللی هەولێر ڕازاوەبوو  بە چەپکێک لە بەرهەمەکانی "جەلال سەعید"، کە نەورۆز و گوڵە باغ و خەندە چیرۆکێک بوون بۆ هونەری ڕەسەنی کوردان.

ئەرێ بیرتان ماوە (مشکۆ)ـی هەولێری لەسەربانەکانی دایکە عائیشە و زولفەخان گۆرانیی بۆ سوداد فیتەر و ماڵە گەورەکەی لەتیف قۆجە دەگوت، یان لەبەر هەتاوی ماڵەکەی عارەب عوسمان جارێکیتر چاوەڕێی کفتەکەی دایە عائشەی بووین، کە ماڵی من و عارەب یەک دەرگا بوو!.

لێ تەوژمی گۆرانیی لەسەردەمی ڕەش و سپی بەو هەموو جوانییەوە بەرەو گۆڕستان و کاڵبوونەوە چوو، منیش نوغمی قوڵپێک لە گریان بووم بۆ ئەو گۆرانییە سەقەتانەی ئەوڕۆ کە چاوەشێک ناو لە خۆی دەنێت هونەرمەند!!

دەگەڕێمەوە ئەو سەردەمەی "ئیبراهیم خەیات"، کە گۆرانیی "ئێمە گیانێکین لەدوو جەستەدا" بۆ نیشتمان دەچڕی...

ئەو گۆرانیی بۆ نیشتمان دەگوت، لێ خەڵک پێی وابوو، گۆرانی بۆ ئەویندارەکەی دەڵێت، بەڵام لە ڕاسیتدا ئەو بۆ عەشقێک دەمی دەجوڵا، ئەویش نیشتمانی دایکبوو..

ئیدی ئەو سەردەمە ڕەش و سپیە پڕ لە گەوهەره بەسەرچوو، کە هونەرمەند بە گیرفانی بەتاڵ گۆرانیی بۆ عەشق و ئازادی دەگوت و دەبوون بە بەرهەمێکی نەمر و بە زیندوویی وەک مۆرکێکی نیشتمانی دەمانەوە.

مخابن، ئێستا لە عەسرێک دەژین، "باکوری" و "ڕەسول گەردی" و "حەسەن زیرەک" و شەماڵ سائیب" لە ژیان بونایە، پەتکی سێدارەیان هەڵدەبژارد، نەک ئەو هونەرە کرچ و کاڵەی خەزێنەی هونەری کوردی تاڵاند کردووە، تەنانەت لایڤ موزیکەکانی شەوانەش بوونەتە هونەری (بەبەغا) گۆرانییەکی (فەرهاد زیرەک) و دەردی دڵەکەی (ڕەشوان شێخانی) نەبێت هیچیان لەباردانیە!.

لێ هەر ئەو هونەرمەندە ئیفلیج  و سەقەتانەی ئەو سەردەمەش گاڵتە بە کەمانەکەی (دڵشاد حەمە سەعید)ـی مایسترۆ و بەیت و مەقامەکانی (تاهیر تۆفیق) و (سەڵاح داودە) دەکەن!!.

نامەوێ زۆر وردبمەوە لەسەر هونەرزانێکی وەک "زیاد ئەسعەد"، کە ئێستا بووەتە کاڵایەک بۆ ناساندنی ئەوانەی بە دەنگ و ڕەنگ لە میدیا ناساندرێن، بەڵکو دەیانەوێت بە هەواڵی تەندروستی و مەرگی ئەو هونەرمەندە خۆیان بە خەڵک بناسێنن، چونکە هیچ دەرگایەک نەما لێی نەدەن بۆ ئەوەی بڵێین ئێمەش هەین، ناو و ناتۆرە و پڕۆپاگاندەی درۆینە بۆ "زیاد" هەڵدەبەستن، کە نە خۆی دێتەوە و نە ئازیزەکەی دوور وڵاتمان پێ شاد دەکاتەوە!.

هەموو ئەوانەی گوتم، برینێکە لەسەر دڵم، چونکە دەبینم، هونەری ڕەسەنی کوردی لە "عەلی مەردان"ـی مەزنەوە گواستراوەتەوە بۆ "بەرهەم شەمامی" بێ بەرهەم!.

لە "عەزیز شارۆخی" بۆ "عەزیزەکەی سەیداوە"، کە ١٥ بەند بە ١٨ هەزار تۆمار دەکات!.

لە شوێنی لیمۆ هەی لیمۆی شیرازی" شێرزاد عەبدولڕەحمان و خاڵە تایەر، "لیمۆکەی دەکات بە لیمۆی بەسڕا" ئاخر ئەوە چ یاسا و ڕێسایەکە ڕێ بەو بەندبێژە چاوەشە دەدات لەخۆیەوە ئەو هونەرە بشێوێنێت، کە ئەلف و بێی گۆرانی کوردیشمان لێ تێکدەدات..

ئەرێ ئەوە چ وەزارەتێکە ڕێگە دەدات، ئەو شاکارە جوانەی هونەرمەندی کۆچکردوو "کاروان عوسمان"، کە دەڵێت "بەسە چیتر نەمامی حەز لە خاکی دڵ مەڕوێنە"، بکرێت بە کلیپێکی ڕۆمانسی و لەگەڵ ستاینێکی سپی و جووتێک مەمکی ئافرەتێکی ئەوروپی دابنرێت!.

ئاخر چ کوفرێکە لە گۆرانیی کوردی بە AI هەوڵبدەی گۆرانیی و شیعرەکانی (حەسەن زیرەک) بۆ (.......) چەتەیەک ئەو سەردەمە بشوێنیت و بڵێیت خودا قبوڵ ناکات لە زیرەک خۆشتری گوتووەتەوە!.

ئەرێ چ زوڵمێکە "ڕێگر حەیدەر" بە جەستە مردووە، بەڵام هێشتا "هێندە مەست و سەرخۆشم بەو چاوانە زیادووە" ئێوە بە دەنگی نەشازتانەوە بە زۆر ڕێگر و گۆرانیی و ئاوازەکانی لە گۆڕ دەنێن؟.

دەمەوێت لە هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەرپرسن و خۆیان بە بەرپرس دەزانن بپرسم، کێ لەو هەموو فەزاحەتە بەرپرسیارە و دەیەوێت سەردەمی ڕەش و سپی و زێڕینی هونەر لەبەرچاوی نەوەی ساویلکەی ئەوڕۆ بسڕێتەوە، کە خاوەن گەنجینەیەکی دەوڵەمەندین، وڵاتان لێمان دەدزن و ئێوەش ئەو سەردەمە بە پۆپ و سامبا و دەنگی نەشاز دەگۆڕنەوە!.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا