هۆشیاری عەبدولعەزیز 

بەپێی زۆر لە پێوەرە زانستیەكانی حوكمڕانی، دەوڵەت بریتیە لە یەكەی ڕێكخستنی ئێدارەدانی كۆمەڵگا و دەزگای جێبەجێ كردن و چەتری پاراستنی یاساوڕێسا بەركارەكان و هەرجۆرە ئیجرائێك كە لە چوارچێوەی یاسادا ڕێكخرابێ ، واتا دەوڵەت كە پێكهاتەی فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتە بریتیە لە سیستمێكی دیاریكراو و ڕێگرە لە سەرهەڵدانی هەر قەیران و تەنگەژەیەكی سیاسی و ئابوری و كار لەسەر پڕۆژەی ئاسایشی نیشتمانی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانیان دەكات و ئەركی پاراستنی نەزم و هێمنی وڵاتە و بەپێی دابەشكردنەكانی وەزیفەی دەسەڵات بیچمی حكومەت دیاری دەكرێ و لە سەر ئەو بنەمایە نەخشەی سیاسی دادەڕێژرێ، لەمەشدا فەلسەفەی سیاسی وەك توخمێكی ڕیشەی كاریگەری قوڵی دەبێ لە سەر پرۆسەی حوكمڕانی و بە شێوەیەكی سەرەكی ئەو ستراتیژە گشتیەكە دیاری دەكات كە دەوڵەت بە چی ئاراستەیەكدا دەبرێ

بۆیە كاتێك دەمانەوێ‌ لە حەقیقەتی ناوەخنی سیاسەتی حوكمڕانی بگەین و دێین بەراوردی دەكەین بە پرۆسەی سیاسی خۆرئاوا ، تێدەگەین كە سیاسەت لەوێ ماناو مەدلولێكی زۆرجیاوازی هەیە و تەواو پێچەوانەیە بە پرۆسەی سیاسی ڕۆژهەڵات و ناتوانرێ هاوتا بكرێنەوە بەیەك ، چونكە فەلسەفەی سیاسی خۆرئاوا دنیایەكی نوێی بەرهەمهێناوە و زۆر دورە لەو تێگەیشتنەوە كە لە ڕۆژهەڵات كاری پێدەكرێ ، لێرە سیاسەت لە بەرگە زانستیەكەی داماڵراوە و زیاتر بە مانای فێڵباز و چەواشەكار و مەجازی دێت و بوەتە جۆرێك لە مەكانەتی كەسی بۆ قازانج و بەرژەوەندی تایبەت و نەیتوانیوە ڕۆڵی بابەتیانەی خۆی پێبدرێ وەك ئەوەی كە لە دنیای خۆرئاوا دەبینرێ، لەگەڵ ئەوەشدا پێچەوانە بەم فۆرم و تێڕوانینە هێشتا لێرە ململانێ و تەنگەژە و ناكۆكیە سیاسی و ئابوریەكان لە بازنەی گەندەڵی و بە تاڵانبردن و خۆ سەپاندنن تێنەپەڕیوەو هەریەكە و بەجۆرێك لە هەوڵی تەفرەدانی خەڵك و بەتاڵان بردن و سەپاندنی ستەمكاریدایە و بوەتە سەرچاوەی ئاشووب بۆ خەڵك و نەك هەر نەتوانراوە پشت بە فۆرم و مۆدێلی نوێ ببەسترێ لە مومارەسەكردنی حوكمڕانی دا ، بگرە تەغزیە و تەقویەی جۆرێك لە ئیمانداری و بیروباوەڕی ئاینی دەكرێت و خەریكە كۆمەڵگا سەراوبن دەكەن

ئەم تەغزیەكردن و جۆشدانە ئیمانداریە كە لەخۆیدا شكستی فەلسەفەی سیاسی و پرۆسەی حوكمڕانیە گەیشتۆتە ئاستێك زۆر بێشەرمانە و لەپێشچاوی تەواوی دنیای دەرەوە لە بری بایەخدان بە دیموكراسیەت و ئازادیە گشتیەكان و پاراستنی مافی هاوڵاتیبوون ، بە درۆ و وەك پاساوهێنانەوەیەك بۆ مانەوەی خۆیان  بانگەشەی شەرع و یاسا ئیلاهیەكان دەكەن و بوونەتە دەمڕاستی ڕەوت و گرووپە ئاینیە توندرەوەكان و دەیانەوێ‌ لەو ڕێگایەوە لە گەڵ نوێگەری و دەسەڵاتی دیموكراسی و كرانەوەدا هەنگاوبنێن ،  ئەم خۆ گرێدانەی ئەحزابی حوكمڕانی كوردستان بە ڕەوتە ئاینی و سەلەفیەكانەوە بەدەر لەگەمژاندنی كۆمەڵگا وبرەودان بە شكاندنی شكۆی تاكی كورد و چەواشەكردنی ڕایگشتی و پوكانەوەی ئازادی تاكەكەس ، دواجار كاركردنیشە لە سەر داسەپاندنی ستەمكاری و بەهێزكردنەوەی عەقڵیەتی خێڵگەرایی و گەڕانەوە بۆ بەرهەمهێنانەوەی بنەماڵە و زۆر دیاردەی فڕێدراوی كلتوری كە زیاتر لە نیوو سەدەیە لە زبڵدانی مێژوودا كەڕوو لێیداوە 

ئەم جۆرە دەسەڵاتە كە ئەحزابی حوكمڕانی كوردستان مامەڵە و سەودای پێوەدەكات و بوەتە سەرچاوەیەكی باش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان ، خەریكی كاركردنە لە سەر زیندووكردنەوەی عەقڵیەتی خۆسەپاندن و زەق بوونەوەی مەزهەب و تایفەكان و دەیەوێ‌ لەو ڕێگایەوە بنەماكانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و مەدەنی هەڵوەشێنێتەوە كە ساڵانێكە كار لەسەر بەرجەستە كردن و بونیادنانی دەكرێ و هەنگاوێك بوو بۆ پێشكەوتن و بەروپێشچوونی كۆمەڵگای كوردی، بەكورتی هیچ گریمانە و گومانێك ئەوەناشارێتەوە كە كوردستان بەدەستی ئەحزابی حوكمڕانەوە بەچی دۆخێكی دژوار شكست خواردوو پڕ لە قەیران و نەهامەتیدا گوزەر دەكات و ئەمانە چی دۆخێكی ناتەندروست و نالەباریان خوڵقاندوە كە زۆر خراپتر و دژوارترە لەو بارودۆخەی كە لە سەرەتای ساڵانی نەوتەكانی سەدەی رابردوودا دەبینرا، ئەمە لە كاتێكدایە كە خۆشیان باش دەزانن ئەو دووبارە برەودانە بە ڕەوتە ئاینیە توندڕەوانە لە داهاتوو چ مەترسیەك دەخولقێنێ و چۆن دەبێتە ڕێگر لە بەردەم پرۆسەی كرانەوە و بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگاو ڕێز گرتن لە فرەباوەڕی و فرەكولتووری و فرەچەشنی، و دەستەبەر كردنی مافی تاكەكان وچەسپاندنی دیموكراسیدا 

 

وتاری نووسەران