نوعمان عومەر

 وەک زانراوە بڕیاروایە رۆژانی ٢٠-٢١/11/2024  سەرژمێری دانیشتووانی عێراق بەڕێوەبچێت .بێگومان سەرژمێری بەشێکی گرنگ و سەرەکی و بنەمای زاڻستییە بۆ دانانی پلانی درێژخایەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکان و زۆربوونی دانیشتووان و ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێویستن بۆ ئەو پەرەسەندنانە لەسەرجەم بوارەکانی خزمەتگوزاریدا .پێشووتر سەرژمێری (٥٧) بوو بەپێوەر بۆ بابەتی ڕێژەی دانیشتووانی کەرکوک و ناوچەکانی تری کوردستانی دەرەوەی هەرێم کەوا ڕووبەڕووی تەعریب و دیاردەی ڕاگواستن و"هتد"بوونەوە ،واتە ئەو گۆڕانکارییانەی لە پێکهاتەی  کەرکوک و ئەو ناوچانە کران لەبواری دیموگرافی تەعریب و هتد. ماددەی ١٤٠یش بۆ ڕاستکردنەوە و هەڵگرتنی ئەو زوڵم و ستەمە دانرا،  کە لەدژی گەلی کوردمان پیادەکرا .بەڵام لەبواری کردەییدا هیچ لەو ڕێوشوێنانەی ماددەکە جێبەجێ نەکرا، هەرئەوەش نا بەڵکو پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنیش ئەنجام نەدرا تا ئەو کاتەی حکومەتی بەغداد دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا نەسەپاند . لە ئێستاشدا سەرژمێری ئەگەرچی ڕەنگە لەڕووی داراییەوە سوودی هەبێت ،بەحوکمی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری ئاوارە هەم لەکەرکوک هەمیش لەهەرێم نیشتەجێن، ئەمەش وادەکات حکومەتی خۆجێیی کەرکوک و هەرێمیش مافی سروشتی خۆیان بێت داوای مافی ئەو هاووڵاتییانە بکەن ،بەڵام لەڕووی سیاسییەوە شتێکی تەواو جیاوازە و دوورنییە زیانی زۆری هەبێت بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠و گۆڕانی واقعی کۆمەڵایەتی پێکهاتەی شارەکانی هەولێر و سلیمانی ،لەبەر ئەوەی ئەم سەرژمێرییە بۆ ئێمەی کوردستانییان تەنها پرۆسەیەکی ژمێریاری دابڕاو لەسیاسەت نییە ، بۆ نموونە ئەم سەرژمێرییە لەکەرکوک هیچ مانایەک بۆ بڕگەی سەرژمێری جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ناهێڵێتەوە ،هەروەها ئەگەر ئاوارە عەرەبەکان کە لەشەش حەوت گەڕەکی نوێی شاری کەرکوک نیشتەجێن لەئێستادا بەپێی بنەمای کارتی نیشتەجێبوون ناونووسبکرێن لەکەرکوک ئەوکاتیش بێ دوودڵی لەئایندەدا دەبنە دانیشتووی کەرکوک و هەموو مافێکیان دەبێت .جگە لەوەش کاریگەری لەسەر ڕێژەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراقیش دەبێت .بڕواشم نییە لابردنی ،خاڵی نەتەوە یا دیاریکردنی پارێزگای پێشووی کە لێوەی هاتووە ڕێگربێت لەبەردەم ئەوەی بەنیشتەجێی کەرکوک هەژمار بکرێن لەئایندەدا .هاوکاتیش ناونووسکردنی کەرکوکییەکانی هەولێر و سلیمانی لەسەر کارتی نیشتەجێی ئێستایان لەهەولێر و سلیمانی ڕێژەی کورد لەکەرکوک هێجگار کەم دەکات ، بەجۆرێک لەوانەیە چەند ساڵێکی تر دوای زامنکردنی زۆرینە بۆ پێکهاتەی عەرەب داوای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠بکەن و کوردیش بەدەستی بەتاڵ دەربچێت. هەروەها ئێعتیبارکردنی ئەو ئاوارە عەرەبانەی ئێستا لەهەرێم نیشتەجێن بەهاووڵاتی هەرێم ئەگەر لەئێستادا شتێک دەسکەوتی دارایی هەبێت ،بەلاٚم بۆ چەند ساڵێکی تر کێشە بۆ هەرێم دروست دەکات و هاوشان لەگەڵ تورکمان داوای هاوبەشی سیاسی بکەن لە بەڕێوەبردنی ئیداراتی هەرێم و کورسی پەرلەمانیش .هەموو ئەمانەش وادەکەن کە ناکرێت کورد تەنها وا تەماشای سەرژمێری بکات کە پرسێکی ژمارەیی و دارایی و نەخشەسازی دابڕاو لەتاریفی سیاسییە ،بەڵکو پێویستە بزانن کە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت بکرێتە بنەما بۆ بڕیاری سیاسی و یاسایی . جێگای سەرنجیشە کە دوای سەرژمێری کردنەکە مومکن نییە کار بەسەرژمێری ٥٧ بکرێت چونکە سروشتییە ئەو دیکۆمێنتە کۆتایی دێت سەرژمێرییە تازەکە جێگای دەگرێتەوە ،ئیتر بێگومان لێکەوتەی سیاسی لێدەکەوێتەوە .ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی هیچ گرنگییەکی ئەوتۆیان بەم بابەتە نەدا کە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی گەورەیە . هەروەها کەمترین قسەیان لەبارەوە نەکرد و هیچ گوێیان بەنیگەرانییەکانی خەڵکیش نەدا. دەکرا لەدادگای فیدرالی دەعوەی قەزایی بەرزبکەنەوە و داوای ئەنجامنەدانی سەرژمێرییان بکردایە لەکەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی ماددەی ١٤٠ی دەرەوەی هەرێم . هەرحاڵ پێویستە کارێکی هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان بکرێت بۆ ئەوەی بەکەمترین زیان لێی دەربچین.

 

 

وتاری نووسەران