
گەنج ڕەووف زوهدی
بەشی یەکەم
شوناسی سیاسی کورد لەگەڵ دروست بوونی دەوڵەتی عێڕاقدا لەدایک نەبووە، بەلکو بەرهەمی سەدان ساڵە لە ئازار و مەینەتی ڕووبەرووبوونە ولەناوبردن هەولدان بۆ سریینەوەی ، هەردەم لە ناو شاخ و دۆل و گوندەکان داکۆکی لە شوناسی خۆی کردوە ئەو جوگرافیا سروشتیەی کە هەیبووە تا رادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەیەکی باشی هەبوە لە پارێزگاری ئەو شوناسە بۆ بەرنگار بوونەوە لە دەسەلاتەکانی ناوەند و دەرەکی تەنانەت لە ناوخۆش پێش ئەوەی عێڕاقی هاوچەرخ لە ساڵانی بیستی سەدەی بیستەم رابگەیەنرێت، کۆمەڵگەی کوردی لەناو پێکهاتەیەکی هۆز و ئایینی ئاڵۆزدا ژیاوە، کە تیایدا سەرۆکی هۆز یان ئایینداران تەنها سەرۆکایەتی کۆمەڵگەیان نەکردووە، بەڵکو نوێنەری کۆمەڵگە بوون لەبەرامبەر دەسەڵاتە ناوەندییەکان، کە زۆر جار سەرکردایەتی یاخی بوون و شۆڕش و دانووستانەکانیان کردووە، ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتی و چینایەتییە هەستیارییەکی سیاسی مێژووی خۆی هەبوو بەرامبەر بە پێناسەکردنی فۆڕمی شوناسی سیاسی خۆی، کە زۆر جار لەچوارچێوەیەکی سنورداری خود موختاری ناوچەیی و هۆز و عەشیرەتدا بەرگری لەشوناسی سیاسی خۆی کردووە. لە کۆتایی سەردەمی عوسمانی و سەرەتای ژێر دەستەیی بەریتانیادا، هەوڵە سەرەتایییەکانی کورد بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەستیارییە بە شێوەیەکی سیاسی (شۆڕشی *شێخ محمودی حەفید) لە نێوان ساڵانی (١٩١٩ بۆ ١٩٢٣) سەری هەڵدا، کە ئەمەش خاڵێکی گرنگ بوو، چونکە تێکەڵەیەک بوو لە ڕەهەندی هۆزی و ئایینی و هەستی نەتەوەیی تازە لە دایک بوو، بۆیە ڕووبەڕووی بەریتانییەکان بوونەوەو هەوڵیاندا لە سلێمانیدا ناوەندێکی سەربەخۆی کوردی دابمەزرێنن.
سەرەڕای ئەوەی ئەم هەوڵە، بە شکستی سەربازی و سیاسی شکایەوە بەلام ئەو هەستەی چەسپاند بۆ کورد، کە میللەتێکن هەوڵدەدەن مافەکانیان لە بواری دیاریکردنی چارەنووسدا بپارێزن، کە ئەو دەوڵەتە نوێ یەی لە بەغداد دروستبووە تەنها درێژکراوەیەکی دەرەکییە بۆ ناوەند، کە وا هەستیان دەکرد دەسەڵاتدارەکانی ناوەند نوێنەرایەتی کورد ناکات.
کاتێک دەوڵەتی عێڕاق لە ساڵی (١٩٢١) دامەزرا، شوناسی نیشتمانی یەکگرتوو بوونی نەبوو، بەڵکو عێڕاق وەک ناوەندێکی سەروو ) فوقی ) لە دایک بوو، کە سنورەکانی لەلایەن بەریتانیاوە دیاریکرابوو، وە سێ ویلایەتی جیاوازی عوسمانی کۆکردبۆوە (بەغدا، بەسرە، مووسڵ) ئەم دەوڵەتە لە یەکەم ساتییەوە نەیتوانی خۆی بە فۆڕمێکی نیشتمانی پێناسە بکات، نەیتوانی وەڵامی پرسیارە هەستیارەکانی سەبارەت بە پێکهاتەکانی ئەم دەولەتە نوێ یە بداتەوە، ئایا وڵاتێکی تەواو عەرەبیە؟ یان وڵاتێکی فرە نەتەوەیی و ئایینیە؟ بەلام ڕاستیە کەی ئەوە بوو کە دەسەڵاتی پاشایەتی عێڕاقی بە پڕۆژەی هاشمی و ژینگەی عەرەبییەوە بەسترایەوە، لەکاتێکدا شوناسە ناوخۆییەکان و بە تایبەت هەستیاری پێکهاتەی کورد لە دەرەوەی ئەم چوارچێوە فەرمییە مایەوە ، لە هەمان کاتدا (پێکهاتەی ئابووری) کۆمەڵگەی عێڕاقی ئەم دابەشبوونەیان بەهێزتر کرد، (باشووری عێڕاق) نقمبو لە هەژاری و فیوداڵیزم، باکوری کوردنشین لە ئابوورییەکی هۆزی ناوخۆییدا دەژیا، شارنشینەکانیش دەستیان بەسەر بەشە گرنگەکانی دەوڵەت و سوپا و کارگێڕیدا گرتبوو.
شوناسی سیاسی کوردی لەم قۆناغەدا زیاتر ناسنامەی بەرنگاربوونەوە بوو تا ئەوەی پڕۆژەیەکی دەوڵەتی تەواو بێت، دڵسۆزی یەکەم بۆ خێڵ یا بۆ ڕابەرایەتی خۆجێیی بوو، بەڵام لەگەڵ هەستێکی نەتەوەیی گەشەسەندوو، دەوڵەتی پاشایەتی نەیتوانی کورد لە ڕووی سیاسی یان ئابووری هاوتەریب بکات، بۆیە بە تەنها هەوڵی کڕینی دڵسۆزی چەند ڕابەرایەتییەکی عەشیرە و هۆزەکانی دەدا، لەکاتێکدا لە ناوەندی شارە کوردییەکان یاخیبوون و ناڕەزایەتییەکان بەردەوامی هەبوو لە هەموو جارێکدا کە بەغداد هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بدابایە ، شوناسی کوردی بە شۆڕش یان یاخی بوون وەڵامی دەدایەوە، کورد پشتڕاستی دەکردەوە کە شوێنی خۆی لە پێناسەکردنی نیشتیمانی فەرمیدا نەدۆزیوەتەوە.
شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ بوومەلەرزەیەکی سیاسی بوو کە هەموو عێڕاقی هەژاند و دەسەڵاتی پاشایەتی ڕووخاند و یەکەم کۆماری دامەزراند، بۆ کورد شۆڕش سەرەتا بەڵێنی گەورەی بەدەستەوە بوو، بەو پێیەی کورد بە دەرفەتێک دەیان بینی بۆ کۆتاییهێنان بە پەراوێزخستنی مێژوویی و داننان بە ناسنامەی نەتەوەیی، بەڵام ئەم هیوایانە هەر زوو بەرەو کاڵبوونەوە چوو لەگەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنلایزمی عەرەبی کە زاڵ بوو بەسەر گوتاری سیاسی لە بەغدا، دەوڵەتی کۆماری ساڵانێکی کەمی نەخایاند کە هەوڵیدا عێڕاق وەک بەشێک لە نەتەوە و نیشتمانی عەرەب پێناسە بکاتەوە، بە پشتگوێخستنی ئەوەی کە عێراق فرە نەتەوە و چینایەتییە ئەم گۆڕانکارییە هەمان دووفاقیەتی بە فۆڕمێکی توندتر بەرهەم هێنایەوە، کورد خۆی لە بەرامبەر دەوڵەتێکدا بینییەوە کە دروشمی ڕزگاریخوازی بەرز دەکردەوە، بەڵام هەوڵی سڕینەوەی پێکهاتەکانی تری دەدا لە ناو فۆرمێکی شوناسی عەرەبیدا.
لە ڕووی ئابوورییەوە شۆڕشی تەمووز نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورەی کرد لە پەیوەندی نێوان شوناس و سیاسەتدا، دەوڵەتی کۆماری یاسای چاکسازی کشتوکاڵی دەرکرد، هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی فیوداڵی دا، بەڵام نەیتوانی ئابوورییەکی بەرهەمهێنەری ڕاستەقینە بنیادبنێت، ڕاستە جووتیاران تاڕادەیەک لە هەژموونی دەرەبەگ وشێخەکان ڕزگاریان بوو، بەڵام هێشتانەیانتوانی بوو لەگەڵ دەوڵەتێکی هاوڵاتی هاوچەرخدا تێکەڵببن، لەگەڵ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت لە دەیەکانی دواتردا، ئابوورى بەرخۆر (ریعی) دەستی کرد بە دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەکانی ناسنامەی سیاسی لە عێڕاقدا، دڵسۆزی بۆ دەسەڵاتداران پەیوەست بو بە دامەزراندن و گرێبەستە حکومییەکان و سەرچاوە داراییەکانەوە، ئەمە وایکرد ناسنامەی فەرمی زیاتر چڕ بوەوە بۆ ئامڕازێکی نەتەوەپەرستی لەسەر بنەمای خزمایەتی وەفاداری و تائیفی بۆ بەڕێوەبردنی نیشتمان، نەک ناسنامەیەکی یەکگرتوویی ڕاستەقینە.
شوناسی سیاسی کورد لەبەر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانکارییانەدا، ڕۆحی نەتەوەیی خۆی پاراست، بەڵام کەوتە ناو پەیوەندییەکی ئاڵۆزەوە لەگەڵ دەوڵەت، هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەر و سازان لەبەرامبەریدا لە کێشەی سیاسی و ئابووریەکان وەک لەمپەڕێک لەبەرامبەری دەوەستایەوە، جیاوازی چینایەتی ڕۆڵی خۆی گێڕا، ناوچە کوردییەکان سەرەڕای دەوڵەمەندبوونی بەچەند سەرچاوەیەکی سروشتی، بەڵام لە ڕووی وەبەرهێنان و ژێرخانەوە کەمتر پەرەی پێ درابوو کە بووە هۆی هەژاری و بێبەختی تاکی کورد، ئەمەش هەستی کەنارخستنی بەهێزترکرد و هەر کاتێک گفتوگۆی نەتەوەیی عەرەبی لە بەغدا بەرەو هەڵکشان دەچوو کورد زیاتر دەستیان بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانەوە دەگرت وەک قەڵغانێک بۆ پاراستن لە توانەوە بەرامبەر بەو ناسنامە فەرمیەی دەوڵەت، کە پێيان وابوو نوێنەرایەتییان ناکات.
هەستیاری نەتەوەی کورد بەرامبەر بە شوناسەکەی، ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو ، بەڵکو درێژەپێدەرێکی سروشتی مێژووی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردستان بوو، هەر لە سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاقەوە، هیچ دەسەڵاتێک نەیتوانیوە ئەم شوناسە هەستیارە لەناو پڕۆژەیەکی نیشتمانی یەکگرتوودا ئاوێتە بکات، گرفتە سەرەکییە ئەوە بوو کە دەوڵەت لە ڕووی سیاسییەوە سەرکەوتوو نەبوو لە ناسینی خۆی، لەگەڵ هەموو قەیرانێکی ئابووری یان سیاسی ئەم ڕاستییە خۆی نمایش دەکردەوە وە لە بەرامبەریدا شوناسی سیاسی کورد کە ڕەگێکی زۆر قووڵتری هەبووە وە لە هەستێکی مێژوویی پەنگ خواردوەوە سەری هەڵدابوو وە لە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی پتەو تر سەرچاوەی گرتبوو هەموو کات لە بەرامبەر ناوەندا لە سەنگەردا بوو ، گیروگرفتی سیاسی لە عێڕاقی ئەمڕۆدا ناتوانرێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕیشە مێژووییەکانی، چونکە دەوڵەتێک کە بەبێ پێناسەیەکی یەکگرتوو لە دایک بووبێت بەردەوام لە ناو بازنەیەک لە قەیرانەکاندا دەخولێتەوە، هەر هەوڵێک بۆ دووبارە دروستکردنەوەی هەستێکی نیشتمانی گشتگیر، دووچاری بەرنگاری ئابووری و بیرتەسکی نەتەوەیی بۆتەوە، کە ڕەتی دەکاتەوە لە پێناسەکردنی نیشتمانیدا شوناسی کورد بەو مێژووە درێژەی کە لە بەرگریکردن لە گەڕان بۆ شوناسی سیاسی خۆی هەڵی گرتووە، جێی بکاتەوە یان قبوڵی بکات، کە ئەمە نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی عێڕاق هەمان کێشەبوو ، بە نەبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی کە دانیشتوان بگۆڕێت بۆ هاوڵاتی بەشدار نەک بەرخۆرێکی ناکۆک لە نێو یەکدا، بە واتای هاوڵاتی هەستی ئەوەی لە لا دروست ببێت کە ئەم نیشتمانە هی خۆیەتی، کە کاردەکات و، ئەمنیەتی هەیە، پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانی بۆ دابین دەکرێت، کە بزانیت شکۆی هەیە و کەرامەتی ناشکێندرێت، تاوەکو گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی لەو جۆرە دروست نەبێت، هەر چارەسەرێکی بۆ بکرێت، کاتی دەبێت.