گەنج رەووف زوهدی

بەشی دووەم

دەسەڵات وەک سیستەمێکی ئابوورى بەرخۆر، پەیوەندیی بە شوناسی کوردییەوە 

لە مێژووی دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا، هەمیشە دووڕوویی دەسەڵات دەردەکەوێت، ڕوویەک دەبینرێت و ڕوویەکیش شاراوەیە، ڕووە بینراوەکە بریتییە لە دروشم و ووتار و بۆنە و ئاهەنگەکان کە شەقامەکان پڕ دەکەن لە ساتەوەختی سەرکەوتندا بەڵام ڕووە شاراوەکە بریتییە لە تۆڕی بەرژەوەندییە ئابوریەکان کە کۆنتڕۆڵی هەموو وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەکات، وەک تۆڕێکی جاڵجاڵۆکە وایە کە بە زەحمەت دەبینرێت، بەڵام توانای گرتن و کۆنترۆڵ کردنی هەموو شتێکی هەیە. 

لە عێراقیشدا، لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە، ئابوورى بەرخۆری نەوتی بووەتە دەستێک کە ئەم تۆرە دەجوڵێنێت و بە هێواشی دەچێتە گەردنی تاک و کۆمەڵگەوە، وا دەکات ژیانی خەڵک بە تەنیا بەستراوبێت بە ڕێساو یاسایەکەوە کە درێژ ببێتەوە بۆ ناو گەنجینەی دەوڵەت. 

دوای شۆڕشی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ وا دەرکەوت کە عێراق لەبەردەم دەرگای سەردەمێکی نوێ دایە ڕژێمی پاشایەتی ڕووخا، دروشمی ئازادیی نیشتمان بەرزکرایەوە و چاکسازیی کشتوکاڵی ڕاگەیەندرا، جوتیاران تا رادەیەکی زۆر ئازاد بوون کە سەدان ساڵ باری سەر شانیان قورس بوو بەهۆی سیستەمی دەرەبەگایەتیەوە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوریە وەرنەگێڕدرایە سەر ئابوورییەکی بەرهەمهێنەری ڕاستەقینە، لەبری ئەوەی چینێکی ناوەڕاستی بەهێز یان بنکەیەکی ئابووری بەرهەمهێنەر دروست ببێت، دەوڵەت لەسەر تەختی نەوت پاڵی لێدایەوە، ئەمەش بە هێواشی و هەنگاو بە هەنگاو بوو بەدەوڵەتێکی بەرخۆر، کە پشت بە سەرچاوە سروشتییەکان بە تایبەتی نەوت ببەستێ بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە و کڕینی هاوسۆزیە سیاسییەکان، نەوت بوو بە بڕبڕەی هەموو شتێک، لە مووچەی فەرمانبەرانەوە تا دروستکردنی ڕێگاوبان، لە بودجەی شارەکانەوە تا دابینکردنی دارایی بۆ سوپا و جەنگەکان. 

ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر ناسنامەی سیاسیی کورد، پێش دروستبوونی دەوڵەتی کۆماری عێراق، ناسنامەی کورد لە ڕۆحی بەرگری و گەڕان بەدوای ئازادی دا سەرچاوەی دەگرت، کە بیرەوەرییەکی دوور و درێژ لە ڕەتکردنەوە و یاخیبوونی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو، لە  شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی حەفیدەوە تا ڕاپەڕینەکانی بارزانی، ناسنامەیەک کە خۆی پێناسە دەکرد لە ڕێگەی هەوڵی بەردەوام بۆ ناسین و شکۆمەندی، بەڵام لەگەڵ هاتنەکایەی دەوڵەتی (عێراقی بەرخۆر) ئەم ناسنامەیە چووە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت، ئیتر بەغدا تەنها بە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بۆ ملکەچکردنی کورد و کوردستان تەنها بژاردەی نەبوو، بەڵکو سەرچاوەی نەوتیشی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکار دەهێنا، بە مووچە خۆر کردنی سەرۆک هۆز و کرینی بەشێک لە سەرکردەکان بە پڕۆژە و ئیمتیازات هەر کاتێک بیویستایە ئارامی دەکردنەوە یان دووبەرەکی تیاندا دروست دەکردن وەک کارتێکی دژ بە پـڕۆژەی شوناسی سیاسی کورد. 

لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، لە دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ وە، ئەم سیاسەتە تەنها لەگەڵ ناوەندا بە سنوورداری نەمایەوە، بەڵکو چووە ناو پێکهاتەی سیاسیی کوردیشەوە ئەوەی پێی دەووترێت "حزبە گەورەکان" دەستیان کرد بە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و باجی ناوخۆیی بە عەقڵییەتێکی بەرخۆری هاوشێوەی ناوەند ئیتر ئەندێشەی ئەندامی حزبی بوو بە کارتێکی تێپەڕبوون بۆ مووچە و کار و دڵنیایی ژیانی ئابووری، ئەوەی حزبی نەیبێت خۆی لە بۆشاییەکی هەڵواسراودا دەبینێـتەوە، بەم شێوەیە ناسنامەی کوردی کە ڕۆژانێک پڕۆژەیەکی ئازادیخوازانەی کۆمەڵایەتی بوو، بوو بە ناسنامەیەک کە بە بەرژەوەندی ئابوری ڕەیعییەوە گـرێدرا، کاتێک پارە دێت بەهێزتر دەبێت و کاتێک مووچە دوا دەکەوێت قەیرانەکان توندتر دەبن، ئیتر ناسنامە پاشەکشە دەکات بۆ پەراوێز بوون. 

ئەم دیمەنە قەیرانێکی فەلسەفیی قووڵ لە مانای خودی ناسنامەدا ئاشکرا دەکات، چونکە ناسنامەی سیاسی تەنها ناوێک یان ئاڵایەک نییە کە بەرز بکرێتەوە، بەڵکو هەستکردنە بە شکۆمەندی ودەچێتە پڕۆژەیەکی گەورەتر لە تاک، کاتێک ناسنامە دەگۆڕێت تەنها بۆ ئامرازێکی ژیانکردن لەبری ئەوەی پڕۆژەیەک بێت بۆ ئازادی، ڕووناکی بەهای ئەخالقیی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە کۆت و زنجیرێکی نەرم، کە دەرئەنجام کورد لەژێر ئەم سیستەمەدا دووچاری هەست بە نامۆ بوون دەکات، جارێک درک بەوە دەکات کە ئازادییەکەی بە مووچە یان سوودێکەوە بەندە کە حزب یان دەوڵەت دەیبەخشێت جارێکی تریش دەبینێت کە ناسنامە مێژووییەکەی کە باوباپیرانی خەباتیان بۆ کردووە بووەتە کارتی تێپەڕبوونی بەرژەوەندی ئابووری و هیچی تر. 

ناوەندی عێراقیش لەم هاوکێشەیەدا بێلایەن نەبووە، دەوڵەتی عێڕاق هەردەم ڕوویەکی دووانەیی نیشانداوە یەکەمیان هێز لە ڕێگەی دەستەلاتی پارەوە دایم دەستی بە گەردنی خەلکی عێراقە وەیە، وە دووەمیان لاوازی چونکە خاوەنی ناسنامەیەکی نیشتمانی نیە ولاتێکی بێ بەرهەمە، کاتێک ململانێ سیاسییەکان تیایدا توندتر دەبێت ڕوویەکی تری دەرکەوێت لاواز و شڵەژاوە، کە لە پشتییەوە وتاری خیانەت و هاندانی ناسنامەی تایفی و عەرەبی خۆی حەشاردەدات. 

کە وتاری سیاسی نەتەوەیی یان نیشتمانیی عێڕاق بە پێی بەرژەوەندی خۆیان بەرز دەکەنەوە بەرامبەر کورد کە نەک لە پێگەی هاوبەشیی ڕاستەقینەوە بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ ڕێکخستنەوەی وەفاداریی و پاراستنی و بەرژەوەندیەکانی خۆیان کە لە کۆتایدا برژێتە گەنجینەی ناوەندی دەوڵەتی عێڕاق 

مەترسیدارترین شت لە ئابوورى ڕەیعی ئەوەیە کە تەنها سیاسەت ناشێوێنێت، بەڵکو خودی ناسنامەش دەشێوێنێت، پەیوەندیی نیشتمانی یان نەتەوەیی دەگۆڕێت بۆ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی لاواز کە لەسەر پارە دامەزراوە، کە هاووڵاتی هەست دەکات ئازادی و بەشداریکردنی لە سیاسەتدا مافێکی سروشتی خۆی نییە، بەڵکو ئیمتیازێکە کە دەتوانرێت نەدرێت. 

لە کوردستان، دیمەنی ناسنامەی سیاسی بووەتە دیمەنێکی دژبەیەک، ئاڵاکان دەشەکێنەوە و وتارەکان باسی ئازادی دەکەن، بەڵام هاوڵاتی ئاسایی دەزانێت کە ژیانی ڕۆژانەی بە حسابی حزبی دەسەڵاتەوە بەندە کە پەیوەندی بە کەشوهەوای حزبەوە هەیە ، بەو شێوەیە دەبینین کە ئابوورى ڕەیعی تەنها سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری نیە بەڵکو میکانیزمێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان ناسنامە و دەسەڵات. 

شوناسی کوردی، کە ڕۆژێک لە خەونی ئازادییەوە لەدایک بوو، گۆڕدرا بە بەشێک لە تۆڕی بەرژەوەندی ڕۆژانە کە لەگەڵ هەر قەیرانێکی دارایی یان سیاسیدا، ئەم دژبەیەکە بە ڕوونتر دەردەبکەوێت شوناسی لە شەقامەکان بەرز دەبێتەوە، بەڵام هەست و سۆزمان پڕن لە نیگەرانی، چونکە خەڵک درک بەوە دەکەن کە ئەو ژیان و خەونەی ئەمڕۆ لە واقعدا لەگەڵی دەژین لە خەون و ژیان و تێکۆشانی باب و باپیرانیان ناچێت، کە خەونییان پێوە دەبینی. 

ئابوورى ڕەیعی کۆمەڵگەیەکی نا بەرهەمهێنی هەڵواسراو بە دەوڵەتەوەیە، هاووڵاتیبوونێک کە بە پارە بەندە، ناسنامەیەکی سیاسی کە هەڕەشەی بۆشایی ئەخالقیی لەسەرە، هەر چەند لە کوردستان باجەکە گەورەترە ، چونکە ناسنامەیەک کە بۆ دەیان ساڵ لەبەرامبەر سەرکوتکردن و جەنگدا ڕاوەستابوو، ئەمڕۆ خۆی لەناو یاریگای ڕەیعیدا دۆزیوەتەوە، لەنێوان وەفادارییەک کە مانەوەی دڵنیادەکات و بێدەنگییەک کە ئاگربەستی کاتی دەکڕێت، لەنێوان خەونێکی کۆن بە ئازادییەوە کە چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات بۆ ئەوەی زیندوو ببێتەوە.

وتاری نووسەران