گەنج رەووف زوهدی

بەشی چوارەم:

ئابوورى و قەیرانی ناسنامە 

لە جیهانی سیاسەتدا، ناسنامە هەندێک جار وەک ئاڵایەک دەردەکەوێت کە لە ئاسماندا دەشەکێتەوە، بەڵام پەتەکەی هەمیشە بە زەوییەوە بەستراوە. ئەگەر بتەوێت بزانیت ئاڵاکە بەرەو کوێ دەڕوات، تەنها سەیری ئاڵاکە مەکە بە ئاسمانەوە بەڵکو سەیری ئەو دەستە بکە کە پەتەکەی بەدەستەوەیە. لە ناوچەکەماندا، ئەم دەستە جگە لە دەسەڵاتی ئابوورى ڕیعیی هیچ شتێکی تر نییە، کە کۆنترۆڵی چارەنووسی ناسنامەکان دەکات وەک چۆن شوان کۆنترۆڵی جوڵەی مەڕەکانی دەکات لە نێو لەوەڕگاکانیدا قەیرانی ناسنامە لە بۆشاییەوە نەهاتووەتە ئاراوە، وە چارەنووسێکی فەرهەنگییش نەبووە وەک ئەوەی کە تەنها لەسەر دیوارەکان نووسرابێت. بەڵکوو لە ڕێئ دەسەڵاتی ئابوورى وئەو سیستەمە سیاسییەوە هاتووە کە قووت و ژیانی خەڵکی بەو سەرچاوە سنووردارەکانەوە بەستووەتەوە، کە ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە کۆنترۆڵی دەکەن. 

نەوت لە عێراق، و دەروازەکان و سەرچاوەکان لە کوردستان، ئەو پەتانە بوون و هەتا ئیستاش ئەم کۆمەڵگایە دەجوڵێنن. هەموو کارێک و هەموو مووچەیەک و هەموو خزمەتگوزارییەکی کۆمەڵایەتی بووە پەتێک کە هاوڵاتی بە خێوەتگەی دەسەڵاتەوە بەستۆتەوە . کاتێک قەیرانە ئابوورییەکان توندتر دەبن، توندکردنی ئەم پەتانە دەگۆڕێت بۆ خنکاندنێکی هێواش. لە ڕۆژە ئاساییەکاندا، کاتێک پارە بە ئاسانی دەڕژێت، ناسنامە سیاسییەکان هێمن دەردەکەون، وەک ئەوەی کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا ئاشت کردبێتەوە خەڵک ئاڵای حزبەکانیان بەرز دەکەنەوە، وەک ئەوەی لە ناوچەکانیان لە نێوناسنامە تەسکەکانیاندا دەژین، هەموو یاسای یارییەکە قبوڵ بکەن. بەڵام ئەم ئارامییە تەنها ئاگربەستێکە کە بە بەرژەوەندی ڕیعیی بەستراوەتەوە هەرکە مووچە دواکەوت یان نرخی نەوت دابەزی، هەموو وەفایەک دەگۆڕێت بۆ تووڕەیی، و کۆمەڵگە دەست دەکات بە پرسیارکردن لە مانای ئەم سەر بەخۆییانە. لێرەدا دەسەڵات دەستوەردان دەکات، و دیسان کاغەزەکانی ناسنامە لە گیرفانەکانیەوە دەردەهێنێتەوە. لە ڕێگەی میدیا و بانگەشەوە هاوار دەکات: ئێمە ستەملێکراوین، و ئەوانی تر دەیانەوێت ئێمە بڕوخێنن. ناسنامە لە مەترسیدایە!، خەڵکیش لە بژێوی ژیانی لەدەستچوو ڕوودەکەنە ململانێیەکی هێمایی لەسەر شەرەفی سەر بەخۆیی. 

بەم شێوەیە ئابووری دەبێتە ئامرازێکی شاراوە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتدا. دەسەڵات تەنها سامان دابەش ناکات، بەڵکو سەر بەخۆیییش دابەش دەکات. هەموو کەسێک کە بەشی خۆی لە بەرژەوەندی ڕیعیی وەردەگرێت هەست دەکات کە لەناو ناسنامەیەکی پارێزراودایە، و هەموو کەسێک کە لێی دوور دەخرێتەوە لە دەرەوە بەجێدەهێڵدرێت. لێرەدا ناسنامە ئیترنە هەستێکی سۆزداری و نە پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو کارتی ئەندامێتیی ئابوورییە کە دەسەڵات دیاری دەکات کێ شایەستەی ژیانی ئاسوودەیە و کێ دەبێت لە پەراوێزدا چاوەڕێ بکات. 

ئەم هاوکێشەیە کۆمەڵگەیەکی گرژی دروستکردووە کە هیچ جۆرە سەقامگیرییەکی ڕاستەقینەی تێدا نییە هەموو شتێک تێیدا کاتییە: وەفا کاتییە، بێدەنگی کاتییە، و ئارامی کاتییە. چونکە ئابووری ڕیعیی ڕەگ لە زەویدا دروست ناکات، بەڵکوو سەقفێکی لاواز دروست دەکات کە بە یەکەم گەردەلوولی دارایی دەڕوخێت. و چەندین گەردەلوول هەبوون کە ناوچەکەمان بینیویەتی؛ لە قەیرانی دابەزینی نرخی نەوتەوە تا ململانێ ناوچەییەکان و سزاکان و ململانێ ناوخۆییەکان. و لە هەموو جارێکدا کە گەنجینەکان ئاشکرا دەبن، لاوازیی هەموو بیناکە دەردەکەوێت. خەڵک لەناکاو دەبینن کە ئەو ناسنامانەی کە شەڕیان لەپێناودا کردووە، تەنها پەردەن کە گەنجینەیەکی نیوە بەتاڵ دەشارنەوە. 

لە کوردستان، ئەم دیمەنەمان بینی کە وەک بەشێکی شانۆییی کارەساتبار هەردەم دووبارە دەبێتەوە. ساڵانی خۆشگوزەرانی خەڵکی بێدەنگ کرد، ڕازی بوون بە ژیانێک کە پەیوەست بوو بە مووچەی مانگانە، لەکاتێکدا دەسەڵات وەفای دابەش دەکرد وەک چۆن قیستی خۆراکی دابەش دەکرد. بەڵام کاتێک قەیرانە داراییەکان هاتن، شەقام دەستی کرد بە پرسیارکردن: سامانەکە بۆ کوێ چوو؟ و بەهای هەموو ئەم ئاڵایانە چییە ئەگەر ژیانێکی شایستەمان پێ نەبەخشن؟ لێرەدا دەسەڵات یارییەکەی کۆنی خۆی نوێکردەوە، دروشمەکانی ناسنامە و مەترسیی دەرەکیی بەرزکردەوە، و هەوڵیدا تووڕەیی ژیانی ڕۆژانە بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی ناسنامەیی نوێ، وەک ئەوەی قەیرانەکە لە گیرفانە بەتاڵەکاندا نەبێت، بەڵکوو لە سەر بەخۆییی هەڕەشە لێکراوەکاندا بێت. لە عێراقیشدا، دیمەنەکە فراوانتر و ئاڵۆزتر دەردەکەوت، بەڵام بە هەمان یاسادا دەروات . هەرکاتێک سەرچاوەکان تەسکتر دەبوون، وتاری ئایینەکان و ناوچەکان بەرز دەبووەوە، و قەیرانی ژیان دەگۆڕا بۆ ئاڵوگۆڕی تۆمەتبارکردن لەنێوان پێکهاتەکاندا. هیچ کەسێک پێویستی بە خوێندنەوەی کتێبەکانی ئابووریی سیاسیی نەیە بۆ ئەوەی بزانێت کە ناسنامەکان بە ئاوازی پارە دەجوڵێن؛ چونکە هەموو ماڵێک دەزانێت کە ژیانی ڕۆژانەیان بە هۆی بەلوعەی دەسەڵاتەوە تێدەپەڕێت، و ئەگەر دابخرێت، هەموو ناسنامەکان لە یەک کاتدا دادەگیرسێن. 

ئابووریی سیاسیی قەیرانی ناسنامە ئەو ڕاستییە سادەیەمان پێدەڵێت کە هەمووان دەترسن دانی پێدابنێن: ململانێ لەنێوان نەتەوەکان یان ئایینەکان یان حزبەکاندا نییە، بەڵکوو لەنێوان کۆمەڵگەیەکی فراوان کە بە رێسای ئابووری ڕیعییەوە هەڵواسراوە و کۆمەڵەیەکی بچووک کە هەموو پەتەکانی بەدەستەوەیە. لێرەدا ناسنامە تەنها ڕووی سۆزداریی ململانێی بەرژەوەندییەکانە، و ئاڵاکان تەنها کاغەزی یاریین لە دەستی ئەوانەدایە کە دەستیان بەسەر پارەکەدا گرتوە بەڵام ئەم جۆرە بەڕێوەبردنی سیاسییە وەک ئەوە وایە کە تینوێتییەکەی بە ئاوی دەریا بشکێنێت. هەموو قومێکی تینوێتی زیاد دەکات و نایوەستێنێت. و هەموو قەیرانێکی ئابووری ئازارێکی قووڵتر لە گومان و بێهیوایی بەجێدەهێڵێت. و لەگەڵ هەموو خولێک لە کەمی خۆشگوزەرانی متمانە زیاتر و زیاتر دەڕوخێت، تا ئەو ڕۆژەی دێت کە خەڵک تێدەگەن کە ناسنامە کڕدراوەکان قوڵا نین بەڵکوو تەڵەن، و کە ڕێزیان ناتوانێت لەسەر ڕیعییەکی کاتی و لەسەر ئاڵایەک کە بە پەتێک بە دەستی کۆمەڵێک هەڵبژاردەوە بەستراوە، بنیاد بنرێت.

وتاری نووسەران