
سدیق سەعید ڕواندزی
ئینگلیزەكان دەڵێن:_( هەموومان وەك مانگ واین، ڕووێكی شاراوەمان هەیە) زۆرجار ئەو ڕووە شاراوە بۆ هەمووان دەردەكەوێت و مەعدەنی ڕاستەقینەی مرۆڤ وەك ئەوەی كە هەیە، بۆ هەمووان دەردەكەوێت و ئەو ماسكەی كە خۆی لە ژێر حەشارداوە دەكەوێت. ڕەنگە ئەم وەسفكردنەی ئینگلیزەكان، بۆ سەردەم و ڕۆژگاری ئێستای ژیانی مرۆڤی ئێمە دروست بێت و ئەگەر بۆ هەمووانیش نەبێت، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆریان ئەو ماسكە دەپۆشن. نكۆڵی لەوە ناكرێت كە كۆمەڵگەی ئێمە، كۆمەڵگەیەكی ئایینییە و ئیسلام پاشخانی هزریی و كولتووریی كۆمەڵگە پێكدەهێنێت، لەو سۆنگەیەشەوە مرۆڤی كورد بە جێهێنانی ئەركە ئاینییەكان، وەك واجب دەبینێت، بەڵام ئایا ئەم ئەركانە تەنها بە ڕووكەشی و بۆ فریودانی بەرامبەرەكەت دەكرێت، یان دەبێت لە دڵ و دەروونێكی ڕاستەقینە و ڕوحێكی زاهیدانەوە سەرچاوەی گرتبێت؟ بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، لە پەنای ئایین و بە ناوی ئاییندارییەوە، شێوەیەكی دیكەی هەڵخەڵەتاندن و فریودانی خەڵك هەیە و دەبینرێت ئەمەش ڕەنگە لە پەیوەندی ڕۆژانە، مامەڵەی نێوان مرۆڤەكان بە گشتی، كڕیار و فرۆشیار، بازرگانی و بەرژەوەندی تایبەتی ببینرێت و بە ڕوونی هەستی پێ بكرێت. كە دەنگی ئەڵاهوئەكبەڕ دێت، هەمووان ڕادەكەنە مزگەوت بۆ نوێژی بە كۆمەڵ، كە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دادێت، هەمووان دەمامك دەپۆشن و ناوێریت دوو جار پرسیار لە موسڵمانێك بكەیت، وەختێ بە ڕووتدا وەك نارنجۆك دەتەقێتەوە و دەڵێت بە ڕۆژووم . سەرنج بدەن، بە لێشاو خەڵك ڕۆژانە دەچن بۆ عومڕە و بۆتە لاساییكردنەوە.، بابای بەرپرس، مەگەر خودا بزانێت چی كردووە لە ژیانیدا، كەچی لە ئاخیر و ئۆخری عومری، دوای ئەوەی دەزانێت هەر دەمرێت و هیچی لە باردا نەماوە، دەگەڕێتەوە و گوایا تۆبە دەكات و بە پیری دەچێتە بە هەویری و واز لە شەڕاب دێنێت. ئێستا عومڕە، بۆتە كارێكی ڕۆژانەی هاووڵاتییان. بگرە كەسانێك هەن دەڵێن بە قەرز عومڕە بكەن، بێ ئەوەی پێمان بڵێن كێ قەرزەكەمان بۆ دەداتەوە. مرۆڤی كورد، خۆی وەك موسڵمانی عەیار بیست وچوار دەبینێت، بەڵام كاتێ ڕووە شاراوەكەیان دەردەكەوێت چیان لێ دەبینین؟ درۆ، دوو ڕوویی، فریودان و بێ بەڵێنی، هەڵپەڕستی و بەرژەوەند پەرستی، نەرجسیەت و بێ ئارامی و تووڕەیی و عەنتەڕیات، گرانكردنی نرخ و فرۆشتنی كاڵای ئێكسپایەر و بە كافركردنی ئەویتر و دەیان خەسڵەتی ناشیرینی دیكە، ئیدی نازانم ئەمە كام جۆرە ئاییندارییە ئێمە دەیكەین؟ مەگەر ئاین كردار و ڕەفتاری چاك نییە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە پشت ماسكی موسڵمانیبوونەوە، زۆرینەی هەرە زۆری مرۆڤی ئێمە هەرچی كاری ناشرینە دەیكەن، بەڵام ئایا ئەمە جەوهەڕی ڕاستەقینەی ئایینە؟ ئایین هەر تەنها بڕوابوونە، یان ڕەنگدانەوەیەتی لە سەر ڕەفتار و كردارەكانی ژیانماندا؟ ئەگەر ئێمە هێندە موسڵمانین بۆچی ڕۆژانە خوێنی موسڵمان لە سەر پاركینك، دوكان، قەرز، نیو مەتر زەوی ، ئاوەڕۆی بەر دەرگا، شەڕی منداڵ و لاكۆڵان، دەڕێژین؟ مەگەر ڕۆژانە ئێمە گوێبیستی دەیان تاوان و خوێن ڕشتن نابین؟ باوك بە دەستی كوڕ و كوڕ بە دەستی باوك و خوشك بە دەستی براو، مام بە دەستی برازاو زاوا بە دەستی خەزور دەكوژرێن، لە كاتێكدا دەبێ مرۆڤی موسڵمان، هێمن و ئارام، پشوودرێژ و سنگ فراوان، لێبووردەوە میهرەبان و بەخشندە بێت بۆ ئەوەی هەموو خەسڵەتەكانی ئایینداری ڕاستەقینەی تێدا ڕەنگبدەنەوە. پیرە دایكێكی كڵۆڵ و نەخوێندەوارم هەیە، تا ئێستاش نازانێت خوێندەواری و قەڵەم و سیاسەت و ئایین چیینە ، زۆرجار پێم دەڵێت:_( بریا سەردەمی شیوعییەكان بووایە) دەڵێم دایكە بۆ؟ لە وەڵامدا دەڵێت:_( شیوعییەكان درۆیان نەدەكرد، ماڵی خەڵكییان نەدەخوارد، لە دوو نامووسی خەڵك نەبوون، دادپەروەر و هەژارناس بوون، بە سۆزو ڕەحم بوون، حەڕامیان نەدەخوارد بەڵام یەك عەیبیان هەبوو). دەڵێم:_ عەیبەكەیان چی بوو؟ لە وەڵامدا دەڵێت:_( نوێژیان ناكردن و بە ڕۆژو و نابوون) پاشان بێ ئەوەی دەرفەتی ئەوە بە من بدات وەڵامی بدەمەوە، هەرخۆی وەڵامی خۆی دەداتەوە و دەڵێت:_( خۆ ئایینداری تەنها ڕۆژ و نوێژ نییە، ئەدی نابیت عەمەلی چاك و جوانیشی لەگەڵ بێت!) بڕوام وایە، ئەم دیدگا سادە و میللییەی دایكم بۆ چۆنییەتی ئایینداریی و دەستگرتن بە ئایینەوە، جوانترین و میللیترین، هاوكات قووڵترین وەسفە بۆ مرۆڤی موسڵمان و كەسی ئاییندار، كە تەنها ناویان موسڵمان نەبێت، بەڵكوكردەوە و ڕەفتاریشیان موسڵمانانە بێت!.
دوو سەرنج:
1_ وشەی عەیب لەو نووسینەدا، بەمانای شوورەیی نایەت، بەڵكو بە مانای نوقسانی دێت. واتا كەسێك هەموو شتێكی تەواوە بەڵام نوقسانییەكی بچووكی هەیە.
2_ مەبەستی دایكم لەو ڕۆژگارە، ئەوكاتانەیە كە شیوعییەكان لە لۆغان بوونە، ئەو لە نزیكەوە ئەوانی بینیوە. ئەمە وێرای ئەوەی شیوعییەكان لە ڕواندز زۆرینە بوون و بە هەژارناس و داد پەروەر ناویان دێنن.