نووسین: ئاسۆس ساڵح
ستالین، لە نێوان ڕەخنە و ستایشدا؛ جوتیارێکی ئەحمەق یان شۆڕشگێڕێکی پۆڵایین؟!
یەکەم/ ڕانانێکی کورتی نامیلکەی «دەربارەی مارکسیزم لە زانستی زماندا»
ئەمڕۆ دەستم کرد بە خوێندنەوەی هەر یەک لە توێژینەوە و نامەی دکتۆرای "د. نەجم ئەلدلیمی" لەژێر ناوی: «ستالین کە دەوڵەتێکی مەزنی دامەزراند» و نامیلکەی «دەربارەی مارکسیزم لە زانستی زماندا» کە "جەلال دەباغ" کردوونی بە کوردی. لێرەدا بە کورتی ئەم نامیلکەیە دەخەینە ڕوو، کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک وڵامی "جۆسێف ستالین" لەمەڕ مەسەلەی زمان و پەیوەست بە ژێرخان و سەرخانەوە؛ بە دیدێکی مارکسیستییەوە لەسەر بابەتەکە دواوە، هەرچەندە زمانێکی سادەی هەیە، بەڵام ئەمە کەم ناکاتەوە لە ڕەهەند و قوڵبوونەوەی هزرییەکانی.
بەکورتی و پوختی چەند سەرنجێکی دەخەینە ڕوو لەم بارەیەوە؛ ئەو پێی وایە کە تێکەڵکردنی بابەتی زمان و سەرخان هەڵەیەکی گەورەیە و مارکسیزم ناتوانێت زمان بەسەرخانێک دابنێت کە لەسەر ژێرخانێک وەستاوە. هەروەها زمان لە بنەڕەتدا جیاوازە لە سەرخان، چونکە زمان لە سەرخانێکی دیارکرا و سەردەمێکی دیاریکراو و کۆمەڵێکی دیاریکراو پەیدا نابێت بەڵکوو لە تەواوی ڕەوتی مێژووی کۆمەڵگە و لە مێژووی ژێرخانێکی چەند سەدەیەک پەیدا دەبێت. بۆیە دەتوانین بڵێین زمان دەستکردی چینێکی دیاری کراو نییە. بەڵکو دەستکردی گشت کۆمەڵگەیە.
ستالین پێی وایە زمان بۆ پەیوەندی و پێداویستییەکانی گشت چینەکانی کۆمەڵگەیە. هەر بۆیە کۆی کۆمەڵگە بەکاری دەهێنێت و شتێکی هاوبەشی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەیە. بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە داڕشتنی سروشتی چینایەتیی زمان داڕشتنێکی مارکسی نییە.
لە درێژەی وڵامەکانیدا هەڵەتێگەیشتن لە ڕوانینێکی «لینین»دا ڕاست دەکاتەوە. کە لە بارەی زمان و ڕۆشنبیرییەوە بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ کراوە، ستالین لە وڵامدا دەڵێت: زمان و ڕۆشنبیری دوو شتی لێک جیاوازن، دەشێ ڕۆشنبیری بۆرژوازی یان سۆسیالیستی بێت، بەڵام زمان کە ئامرازێکە بۆ پەیوەندی هەمیشە زمانێکی هاوبەشە بۆ هەموو گەل، زمان دەتوانێ خزمەتی ڕۆشنبیریی بۆرژواری یان ڕۆشنبیریی سۆسیالیستی بکات. بۆ ئەم قسانەشی پشتئەستورە بە تێگەیشتنی لینین کە پێی وابوو دوو «ڕۆشنبیری» نابێت ببێتە هۆی دروستکردنی دوو زمانی، بەڵکوو دەبێت زمان هەر یەکێک بێت.
دووەم/ جوتیارێکی ئەحمەق یان شۆڕشگێڕێکی پۆڵایین؟!
لەم ڕۆژانەدا ڤیدیۆیێکی نوێی "بەختیار عەلی" بڵاوکرایەوە کە لە سیمینارێکدا باس لە «ڕۆڵی ڕۆشنبیران و توێژەكانی كۆمەڵگە لە گۆڕینی سیستەم» دەکات. بەختیار کە یەکێکە لە ڕۆشنبیرە ناسراوەکانی کورد و وەک دیارە هەر جارەی لەسەر پەتێکی ئایدۆلۆژی یاری دەکات، ماوەیەک خەریکی بە بازاڕکردنی ئایدۆلۆژیای لیبڕاڵی بوو، ماوەیەکیش تیۆریسیۆنی پڕۆژەی ئیفلیجی ئۆپۆزیسیۆن بوو، ئێستاش شۆڕشگێڕی بۆرژوازییە. کورد گوتەنی لە کوێوە با بێت، شەنەی خۆی لەوێوە دەکات.
بە هەرحاڵ، لەم ڤیدۆیەیدا بەختیار عەلی ناوی هیتلەر و ستالین بەیەکەوە دێنێت! ستالین بە جوتیارێکی ئەحمەق ناوزەند دەکات. (بۆ هیتلەر هیچ ناووناتۆرەیەکی نییە!)
بەدرێژایی مێژوو چەواشەکاریی و بەلا ڕێدابردنی ڕاستییەکان یەکێک بووە لە تاکتیکەکان بۆ ناشیرنکردن و سڕینەوەی دووژمن تاوەکوو لە مێژوودا ئەم ناڕاستییە بە ڕاستێکی بێخەوش دەچەسپێت و دەبێت بە مێژووێکی دروست و دواتر دەرخواردی مرۆڤی سەردەمەکانی دواتر دەدرێتەوە. بەڵام مێژووی نوێی جیهان ئەوەندە لە ئێمە دوور نییە تاوەکوو بە ئاسانی دەرخواردمان بدرێت.
هەر کەسێک لە مێژوودا دژی سیستەمی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم وەستابێتەوە بە دیکتاتۆر و خۆسەپێن ناوەزندکراوە و چەندان تۆمەت و تاوانی جۆراوجۆری دراوەتە پاڵ. ئەوەی ئێمە باسی دەکەین ستالینە، ڕاستە بەدەر نییە لە ڕەخنە و تێبینی و سەرنج کە شایەنی هەڵوەستە لەسەر کردنە، بەڵام شایەنی بەرگری لێکردنیشە.
لە ئەمڕۆدا راگەیاندنی بۆرژوازیی جیھانی بەشێوەیەکی دیراسەکراوو بەرنامەڕێژ ھەوڵیداوە و ھەوڵدەدات بە ئامانجی شێواندنی مێژووی سۆڤیەتە بە گشتی و ستالین بە تایبەتی. پێویستە ئەوە بڵێین کە لە دوای ڕوخانی یەکێتیی سۆڤییەت لەساڵی ١٩٩٢ تا ئەمڕۆ ھێرشی دڕندانە بۆ سەر لینین و ستالین توندتربوو، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٩٣دا «١٧٠٠٠» کتێب و وتار و باس لە دژی لینین نووسران، بەڵام ئەوانەی لە دژی ستالین نووسران ژمارەکە دەھێندە و زۆرتریش دەبێ!
ئەم تەوژمە دژ بە کۆمۆنیزم و ڕابەرانی کۆمۆنیستی و مێژووی یەکێتیی سۆڤییەت لێ دانە لە هەر بزووتنەوەیەکی تری چەپ لە هەر کوێی جیهان بێت. ڕۆشنبیرانی کوردیش بەدەر نین لەمە. ئەم تەوژمە دوای ۱۹۹۱ دەست پێدەکات و لە ۲۰۲۳ دەچێتە ترۆپکی خۆی و تا ئێستا بەردەوامن لە دژایەتی کردنی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و هەر هەناسەیەکی چەپانە. هەر ئەم ڕۆشنبیرە خڵتە وردە بۆرژوازیانە بوون پشگیریان لە ئیسلامیی سیاسی دەکرد و ئێستا بەخۆیاندا تەقیونەتەوە.
بۆ ئەوەی لە چەقی بابەتەکە دوور نەکەوینەوە دێینە سەر باسی ستالین کە بە ئەحمەقێکی جوتیاری دەزانن، ئەم «ئەحمەق»ـە، کە ئەم ڕۆشنبیرە وردە بۆرژوازە باسی دەکات لە تەمەنی لاویدا دەستی کردووە بە شیعر و لە قوتابخانە و پەیمانگە لە قوتابییە هەرە زیرەک و دیارەکان بووە. لە سەردەمی لاویدا ئاشنای کتێبەکانی لینین دەبێت و دەچێتە ڕیزی شۆڕش چەندان جار تووشی گرتن و دورخستنەوە دەبێت. بەهۆی ئازایەتی و چاونەترسییەوە دەبێتە جێگەی باوڕی حزب و بەردەوام دەبێت تا چەندان پلەی حزبی دەبڕێت و دەبێت بە ڕابەری یەکەمی سۆڤیەت و لەم ماوەیەی ئەو ڕابەرایەتی دەکات چەندان دەستکەوتی مەزن بۆ یەکێتی سۆڤیەت بە دەست دێنێت. کەسایەتی بەهێز و بە ئیرادە و خۆڕاگری هەبوو، ئەمەش وای کرد لە جەنگی جیهانیی دووەم یەکێتیی سۆڤیەت سەر بخات و بەهێزی بکات و فراوانیشی بکات.
ئەگەر بە چەند سەرە قەڵەمێک باسی مشتێک لە خەرمانی دەستکەوتەکانی ستالین بکەین دەبێت ئاماژە بەوە بدەین: «ستالین جەختی لەسەر مەسەلەیەکی گرنگ دەکردەوە، ئەویش ئەوەبوو کە رۆڵ و ئەرکی شیوعیەکانی سۆڤیەت لە بەردەم بزاڤی شۆڕشگێڕیی جیھاندا لە دوو مەسەلەی سەرەکی و بنچینەییدا بوو، ئەو دووەش پاراستنی دەسەڵاتی سۆڤیەت و سەرکەوتنی پڕۆسەی بنیاتنانی سۆسیالیزم لە یەکێتیی سۆڤیەتدا. ئەو دەستکەوتانەی یوسف ستالین بەدەستی ھێنان گەورەو خاوەن ناوەرۆک و بایەخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی بوون لە سەر ئاستی ناوخۆو جیھان، لەناوبردنی ھێزەکانی دژە شۆڕش لە ناوخۆداو سەرکەوتن بەسەر فاشیزمی ئەڵمانیداو سیاسەتی پیشەسازدارکردن و کۆلخۆزدامەزراندن لە ئابوریی کشتوکاڵداو شۆڕشی رۆشنبیری و دامەزراندنی یەکێتی سۆڤیەت و گۆڕینی بە دەوڵەتێکی مەزنی ئابوری و سەربازی و دانانی دەستوری سۆسیالیستی و بڕیاردانی فێربوون و چارەسەرو نیشتەجێبوون بە خۆڕایی و مسۆگەرکردنی مافی کارکردن و نەھیشتنی بێکاری و تاوان و گەندەڵی دارایی و خوڵقاندنی نەوەیەکی شۆڕشگێڕ کە خاوەنی گیانی نیشتیمانپەروەری و شۆڕشگێڕی بێت و بە تەواوی ئامادەبێ بۆ قوربانیدان لە پێناو مەسەلە بەرزو رەواکانداو بۆ نەھێشتنی نەخوێندەواری و گشت نەخۆشیەکان و چاری مەسەلەی نەتەوەیی، گەلی سۆڤیەت لە سایەی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیدا دەژیاو کۆمەڵگەکەی دوور لە شەڕوشۆڕی ناوخۆو ناکۆکی نەتەوەیی و ئاینی، ھەروا یەکێتی سۆڤیەت ھەر لە ساڵانی پەنجاوە تا ناوەڕاستی ‌ھەشتاکان پشتگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سەربازیی بزوتنەوەکانی نیشتیمانی لە وڵاتانی ئاسیاو ئەفریقیاو ئەمریکای لاتیندا کردو بەھۆی ئەم پشتگیری و لایەنگیرییەوە زۆربەی دەوڵەتانی تازەپێگەیشتو سەربەخۆیی سیاسیان وەرگرت، ھەروا یەکێتی سۆڤیەت ھەوڵی دا ئەم دەوڵەتانە بەھێزو پشتگیری بکات لە پێناو پتەوکردنی سەربەخۆیی ئابورییان و لە رێگای بوونی یەکێتی سۆڤیەتەوە وەک دەوڵەتێکی مەزن لەرووی سیاسی وئابوری و سەربازییەوە، گەلانی دنیا جۆرێک لە جێگیری و خۆشگوزەرانیی سیاسی وئابوری رێژەیی ژیان و، جیھانەکەمان جۆرێک لە ھاوسەنگی و بەرابەری سیاسی و ئابوری و سەربازی لە نێوان ئۆردوگای سۆسیالیستی و سەرمایەدا.»
دەتوانین لە چەند خاڵێکدا کورتی بکەینەوە ئەمانەن: ۱/داچەقاندن و بەهێزکردنی یەکێتیی سۆڤییەت. ۲/ پەڕاندنەوەی دەوڵەت لە کشتوکاڵییەوە بۆ پیشەسازیی، کە بە دە ساڵ بەقەد دوو سەدەی وڵاتانی تر پێشکەوت. ۳/ تێکشکاندنی نازیزم. ٤/ هاوکاری کردنی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە وڵاتانی تر. ٥/ کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری، کردنەوەی سەنتەری توێژینەوەی جۆراوجۆر. ٦/ بەمۆدێرنکردنی وڵات لەسەر بنەمای سۆسیالستی. ٨/ پاکردنەوەی وڵات لە دژەشۆڕشەکان ۹/ بەهێزکردنی ڕۆڵی حزب لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. ۱۰/ برەودان بە ئەدەب و شانۆ و هونەری سۆسیالیستی. ۱۱/ هەڵستانەوەی خێرا دوای جەنگی جیهانیی دووەم. ۱۲/ وەرگرتنی دە خەڵاتی "نۆبڵ بۆ ئاشتی" لە سەردەمی دەستەڵاتی ستالین. ۱۳/ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزی جیهانی. هەموو ئەمانە و چەندانی تر بە هێز و ئیرادەی پیاوی پۆڵاینی سۆڤیەت کرا.
ستالین بەم هەموو دەستەڵاتەیەوە زۆر ئاسایی و بێفیز ژیا و جیاوازی نێوان منداڵەکانی خۆی و تاکێکی تری سۆڤیەتی نەکرد. لە ئاپارتومانێکدا لە دوو ژووردا پێکەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا ژیا، لەسەر داوای لینین، ئەبرام بیڵنیکی سەرۆکی پاسەوانەکانی ئاپارتومانێکی باشتری بۆ ستالین دۆزییەوە کە پێکهاتبوو له سێ ژوور، دواجار ستالین و خێزانەکەی چوونە ئاپارتومانێکی تازەوەو دوای ماوەیەکی کورت حکومەتی سۆڤێتی داچە "خانوێکی ھاوینە"ی زۆیالۆڤا بۆ تەرخانکردن و دوای چاکردنەوەی ئەم ماڵە ھاوینەیە ستالین و خێزانەکەی گواستیانەوە بۆ ئەم خانووە تازەیە کە لە شێوە و ناویشەوەیدا زۆر ئاسایی بوو، لەوێدا ژیا تا لە ٥/٣/١٩٥٣دا کۆچی دوایی کرد.
جۆزێف ستالین دەڵێت: «بە دەستکێشی ئاوریشمەوە ناتوانیت شۆڕش ئەنجام بدەیت.»
نووسین: ئاسۆس ساڵح
سەرچاوەکان:
ـــ جۆزێف ستالین، دەربارەی مارکسیزم لە زانستی زماندا، وەرگێڕان: جەلال دەباغ
ـــ د. نەجم ئەلدلیمی، ستالین کە دەوڵەتێکی مەزنی دامەزراند، وەگێڕان: جەلال دەباغ
ــ جۆزێف ستالین، ئامادەکردن: ڕەباب ساغی،
وەرگێڕان: زێبار عەزیزخان

وتاری نووسەران