عیماد محەمەد

 

گەلی کوردستان مێژوویەکی تاڵی لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە، مێژوویەک نەوە لەدوای نەوە بیری ناچێتەوە و ئازاری پێدەجێژێت. مێژوویەک پڕاوپڕ لە تراژیدیا، لەمەرگی بەکۆمەڵ لە کیمیاباران وئەنفال، لەگرتن و ڕاوەدوونان، لەڕاگواستن و دەربەدەرکردن، لە تاڵانی و خاکسوتماککردن.

سوپا بۆ قڕکردن و لەناوبردنی گەلی کوردستان هەمیشە دڵڕەقانە و بێبەزەییانە و نامرۆڤانە ساز و ئامادەبووە، هەرچی لەتوانادا هەبووە درێغی لێ نەکردووە، تەڕ و وشکی بەیەکەوە سوتاندووە، چەکدار و بێ چەکی بەیەکەوە کوشتووە، دەستی لەژن ومناڵ و پیر و پەککەوتە نەپاراستووە، بەتایبەت لەدوای کودەتا شوومەکەی ٨ی شوباتی ۱۹٦۳ی قەومیيەکان و دواتر سەردەمی بەعسیيەکان، تاوانەکانی سوپا گەیشتنە لوتکە.

سوپا هێندەی شەڕی قڕکردنی گەلی کوردستانی کردووە، هێندە شەڕی پاراستنی خاک و وڵاتەکەی خۆی نەکردووە، بۆیە کورد هەمیشە بەترسەوە لەم سوپایەی ڕوانیوە و سڵی لێکردۆتەوە.

لەدوای ۲۰۰۳ و هەڵوەشاندنەوەی سوپای بەعس، جارێکی دیکە سوپای عێراق دروستکرایەوە، کورد لە دروستکردنەوەی سوپا ڕۆڵی گەورەی گێڕا بەهیوای  ئەوەی ئەم سوپایە سوپایەکی نيشتمانی بێت و پارێزەری گیان و ماڵی تەواوی پێکهاتەکانی عێراق بێت و لە ململانێ سیاسیيەکانیشدا بێلایەنی خۆی بپارێزێت و نەچێتە ململانێوە، بەڵام لەدوای تێکشکانی ڕێکخراوی تیرۆريستی داعش لە عێراق، سوپا بێلایەنی خۆی لەدەستدا و لەیەکەم هەنگاویدا لە ۱٦ی ئۆکتۆبەر هێرشی کردە سەر شاری کەرکوک و بەهێز کۆنتڕۆڵی کرد، ئیدی لەو ڕۆژەوە سوپای عێراق بۆتە بەشێک لەکێشەکان لەناوچەکانی ماددەی ۱٤۰ بەگشتی و پارێزگای کەرکوک بەتایبەتی.

لەسنووری ئەم ماددەیەدا، سوپا پێشێلی یاسا و ماف دەکات، بڕیار بڕیاری خۆیەتی و هەرخۆی حکوم دەکات، چی بوێت دەیکات و بۆ کەسیش ناگەڕێتەوە، بەردەوام دەستوەردان لەبابەتگەلێک دەکات، کە نە لەدوور نە لەنزیک پەیوەنديی بە سوپاوە نییە. سوپا بێلایەنی خۆی لەدەستداوە و هەمیشە بۆ بەرژەوەنديی پێکهاتەیەک هەوڵی سەر کوتکردن و چەوساندنەوەی پێکهاتەیەکی دیکەی داوە. سوپا لە ناوچە کوردنشینەکاندا سوپایەکی قەومی عەرەبیيە، لەناوچە سوننەنشینەکاندا سوپایەکی مەزهەبیيە.

 

لەو ڕۆژەوەی سوپا بەهێز گەڕاوەتەوە کەرکوک و حوکمی ئەم شارە دەکات، هەمیشە گێچەڵی بە پێکهاتەی کوردی شارەکە کردووە و یاساشکێنی دەکات، مافی مرۆڤ پێشێل دەکات، جووتیارانی کوردی سنووری کەرکوک لە سەرگەڕان، پەڵکانە، حەفتتەغار، دەیان جار پێشێلکاریيان بەرانبەرکراوە، بەردەوام لەگەڵ ئەم سوپایەدا لەململانێدان، سوپا هەمیشە پاڵپشتی عەرەبی هاوردە دەکات لەدژی جووتیارانی کورد و لایەنداری دەکات، لە وەرزی کێڵان و چاندن ڕێگری لە جووتیاران دەکات و گرفتیان بۆ دروست دەکات، لە وەرزی دروێنەدا بەهەمان شێوە دەکەوێتەوە گێچەڵکردن، تەنانەت لە گواستنەوەی بەروبوومەکانيشیاندا لەبازگەکان گرفتیان بۆ دروست دەکات. دەیان جار و بەدەیان جووتیاری کورد لەسەر زەوی و زاری خۆیان لەلایەن سوپاوە دەستگیرکراون و سووکایەتیيان پێکراوە و زیانیان بە ئامێر و کەرەستەی جووتکردن و دروێنە و ئاودانیان گەیاندووە.

سوپا لەناو شاریشدا دەستوەردانی کردووە و بێلایەنی خۆی نەپاراستووە، جگە لەوەی زۆربەی کات گەڕەکە کوردیيەکان کەوتوونەتە ژێر پاڵەپەستۆی سوپاوە، دەیان جار هەوڵیانداوە کوردی دانيشتووی گەڕەکی (مسەیجەی عەرەفە) دەربەدەربکەن، نزیکەی دوو ساڵە دەستیانگرتووە بەسەر خانوو، و ماڵی ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی گەڕەکی نەورۆز و نایگەڕێننەوە بۆ خاوەنەکانیان.

لە ڕووداوەکانی ۲ی ئەیلولی ۲۰۲۳ سوپا لەناو کۆڵان و شۆستە و شەقامەکاندا چەکی بەکارهێنا و چوار گەنجی کوردی شەهیدکرد و ژمارەیەکی دیکەی بریندارکرد، ئەمە جگە لەدەستگیرکردنی سەدان گەنجی دیکە و بەسەربازگەکردنی گەڕەکە کوردیيەکان. سوپا تەنانەت لە کێشە کۆمەڵایەتیيەکانیشدا دەستوەردان دەکات و لایەنداری دەکات و خۆی پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

ئەم سوپایە لەکاتێکدا گێچەڵ بە کوردی کەرکوک دەکات و پێشێلکاری دەکات، کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی شەریکە لە عێراق، بەچەندین پۆستی باڵا و گرنگ، وەک سەرۆک کۆمار، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری دەرەوە و چەندان پۆستی دیکە، شەریکە لەدەسەڵات و زیاتر لە شەست نوێنەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەیە، بۆیە ناکرێت لەبەرانبەر ئەم گێچەڵ و پێشێلکاریيەی سوپادا لەبەرانبەر کوردی خاوەن خاک و زەوی و ماف، بێدەنگی هەڵبژێرن و خۆیان نەکەن بە خاوەنی کێشەکان، ناکرێت سنوورێکی بۆ دانەنرێت، بۆیە ئەگەر سوپا پابەندی یاسا نەکرێت، پابەندی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ نەکرێت، نەکرێت بەهێزێکی نيشتمانی بێلایەن، ئەوا  بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا دەبێت بە سوپایەکی دڕندەتر و چارەنووسی کورد هەمان چارەنووسی هەشتاکان دەبێت.

وتاری نووسەران