هۆشیاری عەبدولعەزیز 

 سیاسەتكردن و كاری سیاسی وەك زانستێكی سەردەم، یەكێكە لە بوارە گرنگ و بەربڵاوەكانی تەواوی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بووەتە هۆكار و فاكتەرێكی وا، كە بەبێ سیاسەتكردن و دەستبردن بۆ ئەو زانستە، رووداو و پێشهاتەكانی كۆمەڵگا بەناڕوونی و فرەجەمسەر بێنە پێشچاو و قورس و گران دەركەون، واتا زانستی سیاسەت وەك زەروورەتێكی مێژوويی پێویستی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیيە و كۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵاتیش بێبەش نین لەو زانستە.

 هەرچەندە لێرە نازانستیيانە مامەڵە و سەودا بەو زانستە دەكرێ و، لە سایەی ڕژێمە دیكتاتۆر و تۆتالیتارەكاندا وەك پرسێكی نامۆ سیاسەتكردن بڤە و مەترسیدارە و زۆرجاران لە دەرئەنجامی كاری سیاسی و دەستبردن بۆ ئەو زانستە كەسی بەشدار ڕووبەڕووی سزای توند و تیژ و ناهەمووار دەبێتەوە، هەوڵی دیسپلینكردنی دەكرێ بەو ئاراستەیەی كە كۆمەڵگا لە دۆخێكدا ڕاگیرێ و ئاڵوگۆڕ بەرهەمنەیەت و كاری سیاسی نەبێتە سەرچاوەی ئەو گۆرانكارییەی كە كاری لەسەر دەكرێ، بەڵام پێچەوانەی ئەو تێڕوانینە لە كۆمەڵگا پێشكەوتوو، و دیموكراسیيەكاندا سیاسەتكردن و كاركردەی سیاسیيانە ڕێگری لێناكرێت و بە مەترسی ناژمێردرێ لە پێكهاتەی گشتی كۆمەڵگادا و بەردەوام پشتی پێدەبەسترێ وەك زانستێكی زیندوو.  هەرچەندە لە كۆمەڵگای كوردیشدا سیاسەت بەشێكی سەرەكی ژیانی ڕۆژانەی داگیركردووین و وەك دیاردەیەك مامەڵە و سەودای پێوەدەكەین، بە پلەیەكی زۆرجیاواز پێچەوانەی ئەو تیگەیشتنە لە زانستی سیاسەت دەڕوانین و پێمانوایە سیاسەتكردن و سەوداسەری بەو زانستە تەنها مەسەلەیەكی لاوەكی ڕۆژانەیە و لە هەڵخەڵتاندنی بەرانبەر بەولاوە شتێكی ترنییە، دیارە لەمەشدا كاریگەری فیكری عەرەبی و جیهانی ئیسلامیمان لەسەرە و كاردانەوەیەكی ڕاستەوخۆ و كارلێكێكی كاریگەری ڕۆژهەڵاتی تیا بەرجەستەكردووین و بووەتە جۆرێك لە كلتوورمان و لەنێو بواری بیركردنەوە و كاری سیاسیماندا ڕەنگیداوەتەوە تا ئەو ئەندازەیەی، كە هەندێك جار سیاسەت نقومی كارلێكە سلبییەكان دەكرێت و بەگومانەوە لێی دەڕوانین و بەشێوەیەكی زۆر لاواز كار لەسەر ناوەرۆكە راستەقینەكەی دەكەین و وەك كارێكی بازرگانی دێتەپێشچاومان، بێگومان ئەمەش لەخۆیدا هەندێك شێواز و دیاردەی نەگونجاوی خولقاندوە و  بووەتە هۆكاری بەدحاڵیبوونی خەڵك لە ئاست ئەو رووداو و پێشهاتانەی كە بەسەرماندا گوزەردەكەن و كاریگەرییان جێدەمێنێ.

 هەندێك لە پەنای بازرگانیكردن بە سیاسەت دەیانەوێت زۆر بوار و دەرەنجامی ژیانی سیاسی و كەلتووری سیاسی لە كوردستاندا دووچاری شێوان و لەڕێ لادان بكەن، چونكە دەستبەسەرداگرتن و قۆرخكردنی سیاسەت و حزبایەتی لەپێناو مەرامی تایبەتی و ئامانجی حزبایەتی بەرتەسك كاردانەوەیەكی سلبی ناهەمواری لەنێو كۆمەڵگای كوردستانی جێهێشتووە و ئەمەش وایكردووە بەشێكی سەرەكی ژیان و گوزەرانی خەڵكیش دەستی بەسەردابگیرێت لە پێناو بەكارهێنانی بۆ كاری سیاسی و حزبایەتی .

سیاسەتكردن وەك سەرچاوەی ژیان تەماشادەكرێت و بۆتە ئامانجی دابینكردنی سەرچاوەكانی گوزەرانی خەڵكی ئاسایی، لەم كۆمەڵگایەدا حزب كراوەتە كارگەی بەرهەمهێنانی كەسابەت و هەركەسە و بەجۆرێك لەو كاسبیيە دەڕوانێ، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەو گەڕانەوە بێمانایەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بۆ تەزكییە و مەحسوبیيەت و رامكردنی كارگە و كۆمپانیاكان دەگەڕێتەوە . ئەمە وێرای ئەوەی كە خەڵكێكی زۆر لەبەر بێكاری ناچاركراون پۆلیسی و دامەزراندن بكەنە پێوەری هەلسوكەوتی سیاسیيان و بچنە ڕیزی حزبەكانەوە بۆ ئەوەی لەم ڕێیەوە بڕە پارەیەك بۆ ژیانی ڕۆژانەیان دابینبكەن، واتە حزباندنی كۆمەڵگا بۆتە بازنەی بیركردنەوە و بازرگانیكردن بە سیاسەت و بەكارهێنانی سەرچاوەكانی ژیانی خەڵك بە مەبەستی بەدەستهێنانی سەروەت و سامانی زیاتر، بەمەش كەسانێكی زۆر وەك كەسی بازرگان لە نێو پڕۆسە سیاسیيەكەدا تەراتێن دەكەن و مامەڵە و سەودا بە چارەنووسی سیاسی كۆمەڵگاوە دەكەن و لە بنەڕەتیشدا پەیوەندیيان بە فكری سیاسی و تێكۆشانی سیاسییەوە نییە و هەڵگری هیچ دید و تێڕوانینێك نین جگە لە كۆكردنەوەی پارە و سەرچاوەی دارايی نەبێ، ئەمەش وایكردووە جۆرە مشەخۆرێكی سیاسی و بازرگانی و حزبی بەرهەمبێت و هاوكات وەكو توێژێكی بەربڵاو خۆیان بناسێنن و ببنە هۆكاری دیسپلینكردنی كۆمەڵگا .

بازرگانە مشەخۆرەكانی سیاسەت ڕۆڵێكی سلبی دەگێڕن لەسەر ئاستی گشتی و بەتایبەت لە تابلۆی سیاسی ناوچەكە و ناوخۆدا لەمپەرن، چونكە بێ لێكدانەوە بەشداری لە قووڵكردنەوەی ئەو پرۆسەیەدا دەكەن، كە راستەوخۆ كاریگەری سلبی لەسەر ژیانی سیاسی جێهێشتووە . ئەمە جگە لەوەی كە كەسان و گرووپگەلێكی زۆر، ئەو قۆناغە بە دەرفەتێكی لەبار دەزانن بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان كارەكانیان هەڵسوڕێنن كە بە هیچ شێوەیەك لە گەڵ پێكهاتەی كۆمەڵگا و سیاسەتی نیشتمانی ناگونجێت و بگرە ئاسایشی نەتەوەیيش دەخاتە مەترسیيەوە و بۆ مەرامی خۆیان سەروەرییەكان و شەرەفی سیاسی كۆمەڵگای كوردی دەخەنە ژێرپێ و بێبایەخ لە ئێستا و رابردوو، و داهاتوو دەروانن.

 

وتاری نووسەران