
هۆشیاری عەبدولعەزیز
وەک دەوترێ سیاسەت لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا بریتییە لە بەدەستهێنانی پلە و پۆست و دەسەڵاتخوازی و هەوڵدان بۆ دەستەمۆکردنی دەوروبەر و چنگکەوتنی سەروەت و سامان و هاوبەشی بازرگانی و بزنس و تێکەڵاوبوون بە گەندەڵی. لەم جۆرە کۆمەڵگە سەرەتاییانەدا سیاسەت هاوتەریب دەکرێ بەو پاشخانە عەقڵیەوە کە پێیوایە ستەمکاری و خۆسەپاندن باشترین بژاردەی بردنەوەی دەسەڵات و بەهێزکردنی پایەکانی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و تاکەکانێتی لە چوارچێوەی پرۆسەی حوکمڕانیدا، دەروازەکانی ئەم کردارەش کە کەسانی سیاسی دەست بەکردنەوەی دەکەن، بریتییە لە بووژاندنەوەی خێڵپەرستی و داگیرکاری زەوی و زار و خۆنواندنی هێز و چەسپاندنی جۆرێک لە ترس، کە بتوانێ ببێتە هۆکاری بەدەستهێنانی سەرمایەی زیاتر بەهەر ڕێگایەک بێت .
ئەم جۆرە لە مامەڵەی سیاسی دەچێتە خانەی چەواشەکاری و تێکدانی ژینگەی کۆمەڵایەتیەوە و سەردەکێشێ بۆ درۆ بەمانا گشتییەکەی، چونکە لەهەندێک لە کانتۆنە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا درۆ و سیاسەت وەک دوو چەمکی لەیەکدراو، دەتوانێ بێ هیچ بەربەستێک کۆنترۆڵی ژینگەی گشتی بکات و لەو ڕێگایەشەوە دەتوانێ بەئاسانترین شێوە لەژینگەی گشتییەوە شۆڕبێتەوە بۆ ژینگەی خێزان و تاک و بەمەش مەترسی کۆنترۆڵکردنی بەئەنقەست گەشەدەکات و دەبێتە هۆکارێکی وا، کە کەس نەتوانێ پشتبەستوو بە فاکتەرە بابەتییەکان کار لەسەر تێکشکاندنی ئەو ژینگەیە بکات.
لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، گرووپە مرۆییە جیاوازەکان بەردەوام لە ڕوانگەی کۆنترۆڵکردنی ئەویتر و دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی داهات و دەسەڵاتەوە یەکتر دەبینین و مامەڵەی یەکتر دەکەن، هەر بۆیە کاتێک ئەمە عەقڵیەتی ئیدارەدانی گرووپگەلێکی مرۆیی جیاواز بێ، دەبێت بەردەوام دەرهاوێشتەکانی ململانێ و ناکۆکییەکانیش دەرهاوێشتەی ڕێککەوتن لەسەر داهات و سەرچاوەکانی دارایی و خۆدەوڵەمەنکردن بێت. ڕەنگدانەوەی ئەم جۆرە سیاسەتکردن و گەمەیە هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکەدا دەبینرێت و هیچ گەشەی نەکردووە، گەشەنەکردنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیرکردنەوە خێڵگەرییەی کە بڕوای تەنها بە مانەوەی خۆی و شوێنە دیاریکراوەکەی خۆیەوە هەیە. لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا دەسەڵاتی خێڵەکی نەک هەر موڵکی گشتی، بەڵکو عەقڵی گشتیش کۆنتڕۆڵ دەکات و دەیەوێ خۆی خاوەنی هەموو بێت، بۆیە لە ژینگەیەکی وادا سەیر و سەمەرە نییە کە کۆمەڵگەی کوردیش بەهەمان ئاواز و لەسەر هەمان بونیادی داگیرکاری و بردن گەشەبکات و گەورەبێت و هەڵگری هەمان دید و تێڕوانینی کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی بێت، کە ناهۆشیاری کۆمەڵایەتی وەک کۆلاجی چارەسەر و هاوشێوەی ڤاکسینی درمە مەترسیدارەکان لە ڕێگەی میدیا و هەزاران پەیج و ئەکاوەنتی سۆشیالمیدیاوە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدرێت و چەواشەکاری و گەوجاندن دەکەنە مێشک و بیرکردنەوەی خەڵک و هەر ئەمەشە وایکردووە گەورەیی بینای ماڵی بەرپرسێک لە بوونی قوتابخانەیەک بەگرنگتر بزانرێت، لەکاتێکدا بینای بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە لەقوتابخانەوە دەکرێت و قوتابخانەیە دەتوانێ گرووپە مرۆییەکان دوورخاتەوە لە مەترسی لەناوچوون و چەوساندنەوە. ئەم تێگەیشتنە نالۆژیکییە بۆ سیاسەت، کۆمەڵگەی کوردی لە بنەوەڕا داغانکردووە و بووەتە خۆرکەی پووکانەوەی هەموو بیرکردنەوەیەک و ئەوەی کە پێویست نییە و کەس ئاوڕی لێناداتەوە، بیرکردنەوەیە لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون، چونکە لێرە بیرکردنەوەی سیاسی، بیرکردنەوەی حزبە، حزبیش وەک لە وتەی کادیرانیدا دەبینرێت بریتییە لە خەیاڵی توندوتیژی و ئیستغلاکردن و هەڵپەی بەتاڵانبردنی کۆمەڵگە و پاراستنی بەرژەوەندی تایبەت و چۆنیەتی سەرکەوتنی خود و لەناوبردن یان دەستەمۆکردنی ئەوی تر.
بەکورتی لێرە لەکۆمەڵگەی کوردیدا ئەوکاتە دۆخەکە خراپتربوو، کە حزب وەک یەکەیەکی پیرۆز کەوتە ناو مێشک و بیرکردنەوەی خەڵکەوە، کە ئەمەش ڕوویدا، حزب بووە هەموو شتێک و ئیتر گرنگ نییە چی ڕوودەدا و بەردەوام هەڵپەی دەسکەوت و تاڵانی دەبێتە جێگرەوەی بەرژەوەندی گشتی و هەرچی توانای سیاسەت و خزمەتکردن بێت تیایاندا بەدی ناکرێ و هەموو دەکرێتە قوربانی حزب، بەڵگەش بۆ ڕاستی ئەم تێگەیشتە ئەوەیە کە لێرە لەم کۆمەڵگەیەدا، ژینگەی گشتی و ژینگەی خێزان و تاک کۆنترۆڵکراوە بە سیاسەت، هەموو مەجلیس و دانیشتنێک قسەکردنە لەسەر سیاسەت و ئابووری و مووچە و کەس بیر لە گۆڕانکاری و تێکشکاندنی ئەو دۆخە ناکاتەوە، کە بووەتە هۆکاری بەرجەستەکردنی ئەو بونیادەی، کە وایکردووە هەموو هێزی ئابووری وڵات لەلای حزب و بنەماڵەکان بێت و مووچە و بودجەش بەدەستی ئەوانەوە یاری پێبکرێ و لەگەمەی سەرکەوتنی خۆیاندا خەرجی بکەن.