بە ڕوونی

كاوە مەحموود

سیاسەتی هاوپەیمانی و پێداویستی خوێندنەوەیەكی نوێ

بەشی دووەم/ ئەزموونێكی مێژوویی كاری هاوبەش

بەسەرچاوەوەرگرتن لە توێژینەوەی واقیعی كوردستان ‌و عێراق ‌و بە كەڵكوەرگرتن لە ئەزموون ‌و تاقیكردنەوەی حزبە شیوعییەكان، حزبی شیوعی گرنگی بە بواری كاری هاوبەش لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەدا داوە، ئەمەش لەپێناوی وەدیهێنانی بەرنامەی نیشتمانی دیموكراتی. ئەم بۆچوونە لەكاتی گرێدانی كۆنگرەی نیشتمانی یەكەمی حزبی شیوعی عێراق رەنگیدایەوە، هەروەها لەو وتەیەشدا، كە هاوڕێ‌ فەهد لە كۆبوونەوەی ئەندامان لە كۆنگرەی رێكخستندا پێشكەشیكرد ‌و ئاماژەی بۆ دروشمی (رێكخستنی حزبەكەتان بەهێز بكەن، رێكخستنی بزووتنەوەی نیشتمانی بەهێز بكەن) كرد. هەروەها لەو پێشەكییەشدا، كە بۆ نامیلكەی (بەرەی نیشتمانی) نووسی، كە لە نووسینی (محمد حسین الشبیبی) بوو. لە وتاری (بەرەی نیشتمانی چەكی سەركەوتنە) ڕوونیدەكاتەوە، كە تێكۆشان لەپێناو دیموكراسی سیاسی ‌و یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان خاڵی دەسپێكە لە تێكۆشانی ئازادیخوازانەماندا.

  هاوڕێ‌ محەمەد ئەلشەبیبی لەساڵی 1946دا، لەو یاداشتەدا بەناوی دەستەی دامەزرێنەری حزبی ئازادی نیشتمانییەوە، لەبارەی بەرەی نیشتمانی ئاراستەی پارتی نیشتمانی دیموكراتی ‌و پارتی یەكێتی نیشتمانی ‌و پارتی گەل ‌و كۆمەڵەی قەڵاچۆكردنی زایۆنیزمی كرد، ئاماژەی بەوەدا، كە دامەزراندنی بەرەیەكی نیشتمانی سەنگین، كە لەتوانایدابێت ئامانجە نیشتمانییە دیموكراسییەكان یەكبخات ‌و تێكۆشانی نیشتمانی ئازادیخوازانە رێكبخات ‌و بەرنامەرێژی بكات ‌و بەرگری لە ئازادییە دیموكراسییەكان ‌و ئاراستەیان بكات، كارێكی زۆر پێویستە.

  حزبی شیوعی عێراق ئەزموونێَكی بەرەیی زۆری هەیە لەبواری كاری هاوبەش لەگەڵ حزبە سیاسییەكاندا و كاریگەریی ڕاستەوخۆی لە بەرەی یەكێتی نیشتمانی ساڵی 1957دا هەبووە ‌و هاوكات لە گەڵ ئەوەشدا، رێكەوتننامەی هاوكاری هاوبەشی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا بەست.

  لە ساڵی 1973دا حزبی شیوعی عێراق لە "بەرەی نیشتمانی ‌و نەتەوەیی پێشكەوتنخواز" لەگەڵ حزبی بەعسدا بەشداربوو. ئەو بەشدارییە ئەزموونێكی تاڵ ‌و دژواربوو. ئەو بەرەیە بەهەڵمەتی لەنێوبردن ‌و سەركوتكردنی تێكۆشەران ‌و دۆست ‌و لایەنگرانی حزبی شیوعی عێراق، لەلایەن حزبی بەعسی دەسەڵاتدارەوە كۆتاییهات. چوارەمین كۆنگرەی نیشتمانی حزبی شیوعی عێراق لە 1985دا ئەم بەشداریكردنەی حزبی شیوعی لەو بەرەیەدا بەشێوەیەكی ڕەخنەگرانە هەڵسەنگاند.

  حزبی شیوعی عێراق لەبەڵگەنامەی هەڵسەنگاندنی پەیوەست بە سیاسەتی هاوپەیمانێتی حزب، كە لەكۆنگرەی چواردا دەرچوو، ئاماژە بە دەرەنجامی گرنگ دەدات، لەوانە:

كاركردنی حزب لەپێناو دیموكراسیدا لەچوارچێوەی داواكردن لە ڕاپۆرتی كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی ناوەندی ‌و وتارە رۆژنامەوانییەكاندا بووە، بێ‌ ئەوەی ئەم داواكارییە بۆ كرداری تێكۆشەرانە شانبەشانی خودی جەماوەر، بەتایبەتیش جەماوەری چینی كرێكار، پەرەی پێبدرێت... ئەو بەرەیە لەگەڵ حزبی دسەڵاتداردا رێكەوتنێكی فەوقی بوو، بێ ئەوەی بنەمایەكی پتەوی یەكگرتوو هەبێت ‌و لەسەر ئاستی قاعیدەی حزبیدا دابمەزرێت ‌و پاڵپشتی لێبكرێت.

 ئەزموونی ئەو هاوپەیمانییە، سەرلەنوێ‌ ئەو بنەما ماركسیستانە لەبارەی گرنگی پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی ‌و ئایدیۆلۆژی ‌و رێكخستنی حزبی شیوعییەوە، دووپاتكردەوە ‌و هەر كۆت ‌و بەندێكیش بۆ سنوورداركردنی ئەم سەربەخۆییە لە هەر شێوازێكی هاوپەیمانێتیدا بێتە ئاراوە، دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی تەرازووی هێزەكان ‌و لە بەرژەوەندیی بۆرژوا ‌و دەسەڵاتەكەیدا تەواودەبێت ‌و ئاكامەكەشی گۆشەگیركردنی حزب ‌و دابڕینی لە چینی كرێكار ‌و جەماوەرەی گەل دەبێت ‌و كاریگەری حزب لەسەر تێكۆشانی چینایەتی ‌و نیشتمانی لاوازدەكات.

  ئەم ئەزموونە دووپاتیكردەوە، كە فاكتەری كاریگەر بۆ گۆڕینی بەرە لە رێكەوتنێكی فەوقییەوە بۆ هاوپەیمانێتییەكی جەماوەری، بنەماكەی هاوپەیمانی كرێكار ‌و جوتیار ‌و چینی زەحمەتكێشانە، كە بەرژەوەندییان لە پرۆسەی گۆڕان ‌و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیدا هەیە. ئەمەش پێویستی بە ڕەتكردنەوەی هەموو كۆت ‌و بەربەستێكە لەسەر ئازادی چالاكینواندن لە گۆڕەپانە جیاوازەكانی كاری نیشتمانی ‌و ئایدیۆلۆژی ‌و كۆمەڵایەتیدا.

  هاوپەیمانێتی بەرەیی لەتوانایدا نابێ‌ رۆڵی خۆی بگێڕی ‌و درێژە بە مانەوە ‌و پەرەسەندنی خۆی بدات، بێ‌ ئەوەی وزە ‌و ئازادییەكانی جەماوەر ئازاد بكات ‌و دیموكراسی لە ژیانی ئەو وڵاتەدا بەدی بهێنێ‌.

  هەندێك لە چەمكە نادروستەكانی تێكۆشان لە مامەڵەكردن لەگەڵ گرنگی چەمكی دیموكراسی سیاسی ‌و بایەخنەدان بەو چەمكە لە ئاستی شیاوی خۆی ‌و زێدەڕۆیی لە گرنگیدان بە چاكسازی ئابووری ـ كۆمەڵایەتی لەسەر حسابی دیموكراسی سیاسی، رۆڵێكی گەورەیان گێڕا لە سنوورداركردنی چالاكییە سەربەخۆكانی حزبی شیوعی، ئەمەش هاوكات بوو لە گەڵ ئەو چەوساندنەوەیە، كە حزبی دەسەڵاتدار پەیڕەوی دەكرد ‌و ئەو دوژمنكارییەی بۆ دیموكراسی دەینواند.

  ئەزموونی بەرە سەلماندی ئەو بەرەیە شەڕێكی چینایەتییە ‌و حزبی شیوعی زۆری لێ فێربوو. دروشمەكانی حزبی شیوعی لەمیانەیدا بوون بە هێزێكی ماددی بەتایبەت، كە ئەو دەسكەوتانەی پێش بەرە ‌و لەكاتی بەرەشدا بەدەستهاتبوون لە تێكۆشانی حزبمان بەدەرنەبوون ‌و لەنێوبردنیشی لە فشارخستنە سەر ‌و چەوساندنەوەی شیوعییەكان بەدەرنەبووە.

  ئەزموونی بەرە لەچوارچێوەی تیۆریدا ئاماژە بە پێویستی هاوپەیمانی نێوان توێژە زەحمەتكێش ‌و مامناوەندەكاندا دەكات، بەڵام چینە مامناوەندییەكان خاوەنی بنەمایەكی فیكری گونجاوی ئەوتۆ نین، كە لە هەڵوێستیدا لایەنی كۆمەڵایەتی ـ ئابووری ـ سیاسی پێكەوە ببەستێتەوە، بۆیە لەنێو خۆیدا دووچاری هەڵبەز و دابەز ‌و جیاكاری بەردەوام دەبێت، ئەمەش هەمیشە دەبێتە هۆی لایەنگیری هەندێ‌ توێژی بۆ لایەنی دیموكراسی ‌و پێشكەوتن ‌و هەندێ‌ توێژی دیكەشی دەچێتە لایەنی كۆنەپەرستییەوە.

  دەبی دووپاتیبكەینەوە، كە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەم هێزانە لە توانایدا نییە ڕووەكەی دیكەی هاوپەیمانێتی هەڵوەشێنێتەوە، واتە تێكۆشان دژی ئەو بیر و چەمكە كۆمەڵایەتییە ‌و ئەو ئاراستە سیاسییانەی، كە رێگری لەبەردەم پەرەسەندنی ئەم هاوپەیمانییە دەكەن ‌و دەبێ‌ ئەم تێكۆشانەش بەتەنها ملكەچی بابەتی پاڵپشتی ‌و هاوكاری نەبێت، بەڵكو پێویستە بەشێوەیەكی دیالیكتیكیانە تێكۆشان ‌و هاوپشتی بەیەكەوە گرێبدەین. ئەم ئەركەش جێبەجی نابێ‌ بێ‌ ئەوەی حزبی شیوعی سەربەخۆیی سیاسی ‌و فیكری ‌و رێكخستنی خۆی لەكاتی هاوپەیمانێتیدا بپارێزێت ‌و هەر كۆت ‌و بەندێكیش بۆ سنوورداركردنی ئەم سەربەخۆییە لەناوەڕۆكی هاوپەیمانیدا دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی تەرزاووی هێز ‌و لە گۆشەگیركردنی حزب ‌و دابڕینی لە جەماوەردا بەشدار دەبێت ‌و كاریگەریی لە تێكۆشانی چینایەتی ‌و نیشتمانیدا لاواز دەكات، بۆیە پێویستە لەسەر حزب چالاكی سەربەخۆیی خۆی لەنێو جەماوەردا پەرەپێبدات ‌و تەیاری بكات ‌و بیبزوێنێ‌ بۆ تێكۆشانی رۆژانە لەپێنا و مافە دیموكراسییەكان ‌و داكۆكیكردن ‌و پێشخستنی دەستكەوتەكان، بە متمانەكردن بەوەی ئازادییە دیموكراسییەكان بە تێكۆشانی رۆژانە كەڵەكە دەبێت.

  دوای ئەوەی حزبی شیوعی عێراق هەڵوێستی خۆی بۆ ڕوخانی رژێم راگەیاند، بەشداری كاری نیشتمانی لەچوارچێوەی چەند ئەزموونێكی كاری سیاسی هاوبەشدا كرد، لەوانە: بەرەی نیشتمانی دیموكراسی (جود)، بەرەی نیشتمانی نەتەوەیی دیموكراسی (جوقد)، هەروەها بەرەی كوردستانی، كە رێكخراوی هەرێمی كوردستانی حزبی شیوعیی عێراق تیایدا بەشداربوو، پاشانیش كۆنگرەی نیشتمانی یەكگرتووی عێراق.

حزبی شیوعی لە ئاكامی ئەدای سیاسی خۆی لەچوارچێوەی بەشداریكردنی لەو بەرانەدا ‌و هەڵسەنگاندنی زانستییانە ‌و بەردەوام بۆ كاری بەرەیی، ئەزموونێكی دەوڵەمەندی بۆ كاری ئایندەی لا كەڵەكەبووە.

وتاری نووسەران