
بە ڕوونی
كاوە مەحموود
بەشی حەوتەم/ بنەمای كاری هاوبەش و پەیوەندییەكان
پشت بە بەرنامە و گوتاری سیاسی و خوێندنەوەی نوێخوازانە بۆ واقیع بەپێی بەڵگەنامە بڕیاردراوەكانی كۆنگرەی حزب، بنەمای سەرەكی كاری حزبە لە بواری كاری هاوبەش و هاوپەیمانی و پەیوەندییە گشتییەكانی لەگەڵ حزب و لایەنی سیاسی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا. خاڵی بناغەیی و گرنگ لەم بوارەدا پاراستنی سەربەخۆیی فیكری و سیاسی و رێكخراوەیی حزبە، كە ئەمەش دەبێت هاوكات لەگەڵ میكانیزمەكانی نەرمینوادن و كرانەوە و مامەڵەكردن بە سینگێكی فراوان لەگەڵ بەرامبەردا پەیڕەوبكرێت و رێزگرتن لە بیر و بۆچوون و شێوازی بیركردنەوەی بەرامبەر و دەربڕینی و بەهێمنی مامەڵەكردن لەگەڵ خاڵە ناكۆكەكاندا، كە كۆمەڵێك خاڵی گرنگن، بەهەند وەربگیرێت.
كاری پەیوەندییەكان وەك هەر بوارێكی كاری حزبی دیكە پێویستی بە بەرنامەڕێژی و رێكخستنی كارەكان و دوور كەوتنەوە لە خۆڕسكی و خولیای زاتی هەیە.
گرنگە سیاسەتی گشتی حزبمان لە بواری پەیوەندییە نیشتمانییەكاندا جەخت لەسەر گرنگیی پتەوكردنی گیانی هاوكاری و كاری تێكۆشەرانەی هاوبەش لە گەڵ حزبە كوردستانییەكان، لەسەر بنەمای بەستنەوەی داكۆكیكردن لە بەرژەوەندیی جەماوەر و پێداویستییەكانی، بە مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی بكاتەوە. هەڵبەتە لەسەر ئەم بنەمایەش حزب دەتوانێ پەیوەندی خۆی لەگەڵ تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان رێكبخاتەوە و بەردەوام لە پەیوەندی ئاسایی هاوسەنگ لەگەڵ لایەنەكانی نێودەسەلات و دەرەوەی دەسەڵات بێت و كار بۆ دروستكردنی ڕایەڵەی دیالۆگی دیموكراسییانە بكات.
ئەركی نوێنەرانی حزبمانە لە هەر بوارێكی كاری هاوبەشدا كاربكەن لەتەك داكۆكی لە بەرژەوەندی خەڵك، كار بۆ ئەوە بكەن كە نەریتەكانی پێشكەوتن و پەرەسەندنی كۆمەڵایەتی پێوەری كاركردن لە بواری مەسەلە گشتییەكاندا بێت.
هەڵوێستی سیاسی حزب و دەستنیشانكردنی ئەركەكانی وەك حزبێكی تێكۆشەر بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بە پلەی یەكەم بە توانای حزب بۆ خوێندنەوەی خۆی بۆ واقیعی كوردستان و سەرانسەری عێراق و گۆڕانكارییەكانی لە جیهاندا بەستراوە.
لەم ڕوانگەیەوە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی وەك ئەركی سەرەكی، كە پێویستە لە كار و ئاراستەی تێكۆشانمان ڕەنگبداتەوە لە ئەركی بنیاتنانی دیموكراسی لە ژیانی سیاسی و لە كۆمەڵگە بەشێوەیكی گشتی دابڕاونییە و ئەمەش وادەخوازێ كە تەماشای چەمكی دیموكراتیزەكردن، وەك پرۆسەیەكی بنیاتنان و تەواونەبوو بكەین، كە جۆرێك لە هەماهەنگی و تەوافقی ئەو هێزە سیاسییانەی گەرەكە كە بۆچوونەكانیان لەگەڵ پرۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتی دیموكراتی مەدەنی دەگونجێ و بەڕەچاوكردنی ئەو ڕاستییەش كە، دیموكراسی وەك چەمك و میكانیزمی كاركردن حاڵەتێكی تەواوبوونییە و جارێ سەقامگیرنەبووە. بۆیە گرنگە قۆناغێكی گواستنەوە لە حاڵەتی ئەو كۆمەڵگەیانەی كە حوكمی دیكتاتۆریی ڕەهایان جێهێشتووە بەرەو دیموكراسی هەنگاو دەنێن، هەبێت و لەم قۆناغەشدا پێویستە عەدالەتی ڕاگوێزراو، چەمكی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوە سیاسییەكان بنیاتبنرێن.
ئەم بابەتانەی كە ئاماژەمان پێدا، بناغەیەكی بەرنامەیی بۆ كاری هاوبەش و هاوپەیمانی دروستدەكات و لە ئاست پێداویستییەكانی ئەم قۆناغەیە كە پێویستی بە یەكڕیزی و كاری هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییە كوردستانییەكانە بۆ دەستنیشانكردنی كەموكوڕی و كۆسپ و تەگەرەكانی پێشكەوتن لە پێودانگی بەشداریی كاریگەرانە و فیعلیانە بۆ بەرپەرچدانەوەی تێكڕای كۆسپ و تەگەرەكان و كاراكردنی گیانی بەرنگاربوونەوەی گەل، نەك قۆرخكردنی بڕیار لای هەندێك و ئەوانەی دیكەش پەراوێزبخرێن و بەشدارییەكی ڕووكەشانەیان هەبێت.
بوونی بەرنامەیەكی نیشتمانی دیموكراتی بۆ پتەوبوونی بنیاتنانی دامەزراوەكان و كاراكردنی رۆڵی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و كاراكردنی دەستەی "دەستپاگی" و بڕیاردانی دەستوورێكی دیموكراتی و مەدەنی و عەلمانی لە كوردستان و بەشداریپێكردنی خەڵك لە داڕشتنی بڕیاردا، بناغە و زەمینەیەكی لەبار بۆ بەشداریی كاریگەرانە لە كاری هاوپەیمانی دەخوڵقێنێت.
حزبمان بەردەوام ڕووبەڕووی ئەركی پەرەپێدانی سیاسەتی هاوپەیمانی دەبێتەوە، بۆیە گرنگە هاوڕێیانی خۆی و رێكخراوەكانی بەجۆرێك تەیاربكات، كە توانای كاركردنیان لە بواری كاری هاوبەش و ئەو جۆرە قەوارە و پێكهاتەی هاوپەیمانییەدا هەبێت، كە گونجاو بێت بۆ تەیاركردنی فیعلیی جەماوەر لەدەوری دروشمی سیاسی واقیعبینانە و داواكاری ڕاستەقینەی خەڵگ، بەگوێرەی قەوارە و كارتێكردنی ئەو لایەنانە و مۆركی ناكۆكییەكان. هەر لەم میانەشدا چوارچێوەی كاری هاوبەش و هاوپەیمانی گونجاو و لەبار لەدایكدەبێت.
یەكێك لە بابەتە گرنگەكانی ئاراستەی كاری هاوبەش و هاوپەیمانی لە سیاسەتی حزبە شیوعییەكاندا ئەوەیە كە ئەو كارانە لە چوارچێوەی كۆبوونەوە و بەیاننامەدەركردنی حزب و لایەنە سیاسییەكاندا نەمێنێتەوە و كاری هاوبەش لە بنكەی ڕێكخستنەكانی ئەو لایەنانە لەلایەك و بەپشتبەستن بە كاری هاوبەش لەنێو جەماوەردا ڕەنگبداتەوە.
یەكێك لە ئەزموونە پڕبایەخ و چلۆنایەتییەكانی حزبمان لە بواری كاری هاوبەشدا، كاركردن بۆ كۆكردنەوەی هێز و كەسایەتییە چەپەكانی كوردستان بوو، كە لە ئاكامدا لێژنەی كاری هاوبەشی چەپ لە سێ لایەن باشوور (حزبی شیوعیی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دموكراتی گەلی كوردستان) و كۆڕبەندی چەپ لە حەوت لایەن لە كوردستانی گەورە دروستبوو.
پاراستنی ئەم ئاراستەیە و فراوانكردنی و بەشداریپێكردنی كەسایەتی چەپ و پێشكەوتنخواز تیایاندا، ئامرازێكە بۆ ئەوەی هێزی چەپ ڕۆڵی گرنگ لە هاوكێشە سیاسییەكان و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلەكەمان بەگشتی بگێڕێت. ئەم بابەتە لە سەرەتاوە پێویستی بە قەناعەتی ئەندام و ڕێكخستنەكان و سەركردایەتی حزبەكانی لێژنەی كاری هاوبەش و كۆڕبەندی چەپە بەسوودوەرگرتن لە كەلێنەكانی كاری ڕابووردوو. جگە لەوەش سەركەوتن لە بواری بەهێزبوونی سەنگی چەپ لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بەندە بە بەهێزكردنی كاری ڕێكخستن و جەماوەری و هزری لەنێو سەرجەم ئەو حزب و لایەنانەدا. سەركەوتن لەم بوارەدا بەندە بەوەی دوو فاكتەری سەرەكی لە كاری سیاسی لایەنەكانی كاری هاوبەش بوونی هەبێت، كە بریتین لە نەرمی و كرانەوە، كە زەمینەن بۆ دەستنیشانكردنی كاری هاوبەش بەجۆرێك دۆسێیەكی تایبەت بە بەرژەوەندی جەماوەر لە ئاستی داواكاری ڕۆژانە و بابەتێكی دیاریكراوی ستراتیجی بەرەوە پێشەوەببات.