هەڵكەوت محەمەد

لە ئەوروپا، مرۆڤی نوێ (هۆمۆسایپیان) هەنگاوی پێشکەوتنی لە نێوان چاخی بەردینی کۆن و نوێ ناوە. لە چاخی بەردییندا شتێکی وا بەدەستەوە نییە پێشکەوتنی مرۆڤ لەو کیشوەرەدا تۆمار بکات. زۆربەی ئەو ئامراز و پاشماوانەی لەوێ هەن ئەوانەی سەردەمی نیاندرتالن. هەرچی لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیایە، وێنەکە لێڵ ترە. بەشێکی لەبەرئەوەیە دۆزینەوەی ئەوەندە سەرنجڕاکێش لەو ناوچەیەدا نەبووە، بەشەکەی دیکە ئەوەیە دۆزینەوەکانی ساڵانی نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار ساڵ بەر لە زایین، هێندە دەوڵەمەند نین.

شوێنەوارناس ڕۆبەرت برایتوود، لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ لە ئەشکەوتی وارواسی کە دەکەوێتە کۆتایی درێژەی کەوانۆکەی بە پیت لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناو زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدایە، کنە و پشکنینی کردووە. لە وارواسی، لە کۆی ٥ مەتر و ٦٠ سانتیمەتر پاشماوەی مرۆڤی کۆن، بە ئەستووری نزیکەی ٢٢٠ سانتیمەتر پاشماوەی چاخی بەردینی نوێ هەیە. ئەو چینە لەسەر چینی پێش خۆی (بە چینی زارزیان دەناسرێ و ناوەکەی لە ئەشکەوتی زارزی نزیک چەمچەماڵ وەرگرتووە) کەڵەکە بووە، لەسەر ئەویشەوە چینی چیاکانی زاگرۆس، هەیە.

بە ووردبوونەوە لە ئامرازە بەردینەکانی وارواسی، گۆڕان لە هەندێ شێواز و تەکنیکی دروستکردنیان لە نێوان چاخی بەردینی ناوەڕاست و نوێ بەدی دەکرێت. دەکرێ ئەو ئامرازانە لەگەڵ ئەوانەی بەر لە دەرکەوتنی کەلتووری ئۆریگناشیان (ئەوەیان کەلتووری دروستکردنی ئامرازەکانە لەلایەن مرۆڤی ئەوروپا لە نێوان ٤٣ هەزار ساڵ تا ٢٦ هەزار ساڵ بەر لە زایین)، بەراورد بکرێن، بە تایبەتیش لەگەڵ ئەوانەی ئەشکەوتی باچۆکیرۆ لە ناوەڕاستی ئەوروپا. شیاوە ئەگەر وەکو ئامرازەکانی سەرەتای چاخی بەردینی نوێ تەماشا بکرێن و بە ئامرازە سەرەتاییەکانی زاگرۆس ئۆریگناشیان، دەناسرێن.

ئامرازەکانی هەردوو چینی سەرەتای ئۆریگناشیان زاگرۆس و ئۆریگناشیان زاگرۆسی درەنگ لە داتاشینی تەنیشت و بڕینەکانی سەر ئەو ئامرازانە، وەکو ئەوانەی لێڤانت شێوە ئاوێزەی درێژکۆلەیان هەیە، ئەوانە وەکو سەرە ڕم و چەقۆی بەرد بۆ گۆشت داماڵین و بڕین بەکارهاتوون. هەرچی ئەو ئامرازانەی وارواسین کە یەک لایان تیژکراوە و بە ئۆریگناشیانی زاگرۆس ناودەبرێن تا ڕاددەیەکی زۆر لەوانەی شوێنەواری ئەشکەوتی باچۆ کیرۆ دەچن نەک لەوانەی کەناڵ لە تورکیا و تور سەدەف لە ئەردەن.

بە شێوەیەکی گشتیی ئامرازەکانی هەردوو ئۆریگناشیانی ئەوروپا و ئۆریگناشیانی لێڤانت شێوە ئاوێزەی درێژ و کەمێک ئەستووریان هەیە، ئەوانە دواتر ئامرازی بچووکتریان لێوە دروستکراوەتەوە. بڕەرە درێژکۆلەکان لە وارواسی لە قۆناغەکانی زوودا هەبوون، بەڵام تا درەنگ شێوەی تەواوی ئەو ئامرازانەیان، وەرنەگرتووە.

لە گەڕانەکان لە ئەشکەوتی وارواسی، هیچ پارچە ئێسقانێک نەدۆزرایەوە مرۆڤەکان بەمەبەست شیوەیەکیان لێوە دروستکردبێ یان بۆ کاریک بەکاریان هێنابێ.  لە ناو ئەو کۆمەڵە پاشماوانەی ئاژەڵان لە وارواسی دۆزرانەوە، توانرا پاشماوەی کەر، بزنی کێوی، مەڕی کێوی، گا، گورگ، مشک، جرج. مشکی ناو گڵ و جۆرێکی کەروێشکی قیت، دەستنیشان بکرێن. جگە لە شاخی بزنە کێوی و ئێسقانی قاچەکانی، زۆربەی ئەو بابەتانەی ئاژەڵان، تەنیا ددانەکان بوون. ڕەنگە لەبەر ئەوەبێ ئێسقانەکان شیی بوونەتەوە، دەشکرێ ئێسقانەکانیان لە شوێنی ڕاوکردنیان بەجێهێشتبێ و تەنیا هەندێ بەشی ڕاوەکانیان بۆ وارواسی هێنابێتەوە.

بە هەمان شێوە سەرچاوەی ئەو بەردانەی ئامرازەکانیان لێوە دروستکراون نەزانراوە، چونکە تەکنیکەکانی ئەو کاتەی گەڕان ئەو توانایەی نەبووە بەدوای سەرچاوەی ئەو جۆرە بەردانەدا بگەڕێن و سەرنجی شوێنەوارناسیی ئەو کاتە تەنیا دۆزینەوەی کەلوپەل و ئامرازەکان بوو، نەک سەرچاوەکانیان. لەبەرئەوەی بارودۆخی شوێنەکە لەبارنییە گەڕانی وورد لەو دەورووبەرە بکرێ، بۆیە پێناچێ وازوو سەرچاوەی ئەو بابەتانە دیاریبکرێت.

زۆر شوێنەوار و نیشتەجێی مرۆڤی کۆن لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدا هەن، کە دەکرێ ئامرازەکانی چاخی بەردینی کۆن و نوێیان لێ بدۆزرێتەوە. بەڵام زۆربەیان هیچ بڵاوکراوەیەکیان لەسەر نییە و زانیارییەکانیان بەردەست نین. بۆیە ناتوانرێ هەمان بەراورد بۆ ئامرازەکانیان بکرێ و توێژینەوەی ورد لەسەر جۆر، شێوە و پێشکەوتنیان، بکریت. تاکە شوێنەوار لەو گشتگیرییە بەدەرە شوێنەواری شانەدەرە. دۆزراوەکانی چینی C شانەدەر ئامرازی زۆرتری ئۆریگناشیانی زاگرۆسی نوێیان تێدابووە.

سێ گرفتی سەرەکی لە توێژینەوە لە پاشماوەکانی چاخی بەردیینی نوێدا هەن. یەکەمیان ئەوەیە تەکنیکەکانمان ناتوانێ بە تەواوی و ورد، تەمەنمان بداتێ. هەندێ ئامێری نوێ هەن تەمەن بۆ چەند هەزار ساڵ دیاریدەکەن، بەڵام ناگەنە چاخی بەردیینی نوێ. بۆیە ناتوانین هەڵسوکەوت و تێگەیشتنی مرۆڤی ئەو کاتە (نێوان ٤٥ تا ٣٢ هەزار ساڵ پێش زایین)، لە دروستکردنی ئامرازە بەردەکانی و بەکارهێنانیان بە تەواوی دڵنیا بین. چونکە ئەو ئامرازانە و ئێسقانەکان لە شوێنەوارێکەوە بۆ شوێنەوارێکی دیکە دەگۆڕێن.

گرفتی دووەم ئەوەیە شوێنەوارناسیی سەدەی ١٩ و ٢٠ هەموو دۆزراوەکانیان بە بەشێک لەیەک هێڵی پێشکەوتن و گۆڕان دەزانی. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو پێشکەوتنانەی مرۆڤی کۆن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، جیاوازی هەیە. بۆیە ناکرێ هەمووی بەیەک هێڵ و تەواوکەری پێشخۆی دابنێین. ئایا مرۆڤی هۆمۆسایپیان یان نیاندرتال ئەو ئامرازانەیان دروست کردبێ، گۆران لەوەی لە باشووری سیبیریا، لەگەڵ ئەوەی لە لێڤانت و ناوەڕاستی ئەوروپادا ڕوویانداوە، یەک هێڵ نین و تەواوکەری یەکدی نین.

سێیەم، دیار نییە ئایا نیاندرتاڵ تێکەڵ بە مرۆڤی نوێ بووە و جینەکانی وردەوردە بەرەو نەمان چووە، یان ناکۆکیی لەگەڵ مرۆڤی نوێدا هەبووە و هۆمۆسایپیان لە ناوی بردووە. ئەوەی بۆ ئێمە ماوەتەوە ئەوەیە لە زۆر شوێنەوار ناتوانین بزانین ئەو ئامرازانەی بەجێماون مرۆڤی نیاندرتاڵ یان مرۆڤی نوێ دروستیکردوون. شوێنەوارەکان، بە تایبەتی لە چیاکانی زاگرۆس، هێندە بەربڵاون ناکرێ هەمووی یەک کۆمەڵی مرۆڤیان لە خۆ گرتبێ. تەکنیک و تەنکۆلۆژیای بەکارهاتوو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، تا ڕاددەیەک جیاوازە.

وتاری نووسەران