نەریمان ئاغالی
ئەوە ئەو نیشانەی دەردە دەروونییەیە، کە وێنای هاوسۆزیی  کەسی قوربانی بۆ تاوانبارەکەی دەکات!
"کلارک ئۆڵفسۆن" پێش پەنجا و دوو ساڵ لە شاری ستۆکهۆڵم بە چەکێک هێرشی کردە سەر بانکێک و چوار کارمەندی بە بارمتە گرتن، لەو کاتەدا کە پۆلیسی ئەو وڵاتە هەوڵی ئازادکردنی کارمەندەکانی لەدەست هێرشبەرەکە دەدا، یەکێک لەوانە زۆر بە تێکۆشان و هەستەوە لە تەلێفۆندا لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتدا قسەی دەکرد و بەرگریی لە تاوانبارەکە دەکرد. 
ئەوە بۆ گوێگران و خەڵکی ئەو شار و وڵاتە زۆر جێگای سەرنج و تێنەگەیشتنیش بوو! 
ئیدی دەروونشیکاران دوای ئەو ڕووداوە کەوتنە بنکۆڵکاریی شیکاری دەروونی، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئەوە نیشانەیەکی دەروونییە (سیندرۆم/نیشانەی نەخۆشی)، کە کەسی بارمتە، بەدیلگیراو یان کۆیلە و چەوساوەی دەسەڵاتێک بەهۆی ئەوەی تووشی زەبری دەروونی دەبێ، نائاگاییانە دەکەوێتە جۆرێک لە فێڵکردن لەخۆی بۆ پاراستنی دەروونی، ئەویش: شەیدای ئەو کەسە یان دەسەڵاتە دەبێت، کە دەیچەوسێنێتەوە و بیانوو بۆ تاوانەکانی دەهێنێەوە! 
ئەوە بە شێوەیەکە، تەنانەت ئەگەری هەیە بەگیانی خۆشی بیەوێ تاوانبارەکە بپارێزێ!
ئەو نیشانەیە ناونرا: «ستۆکهۆڵم سیندرۆم». 
پێویستە ئێمەی کورد بەهۆکاری ئەو مێژووەی هەمانە، کە داگیرکارانی کوردستان و چەوسێنەرانی کورد هیچ کاتێک دەستیان لە تاوان و پاکتاوکردنی گەلی کورد نەپاراستووە، ڕوونە کە زۆرێک بەوهۆکارە تووشی زەبری دەروونی بوون، ئەوەش وا دەکات، کە قوربانیان نائاگاییانە شەیدای داگیرکاران و خوێنمژانی کورد ببن!
(گرنگە بزانین کە زەبری دەروونی یان تراوما لە توێژینەوە نوێکاندا سەلمێندراوە لانی کەم ئەگەری گواستنەوەی تا سێ نەوەی دوای کەسی بەرکەوتوو هەیە). 
ئەو هاوار و نزای پاراستنە بۆ داگیرکەرانی کورد کە لەم ڕۆژانەدا دەبیندرێن، بەو هۆکارەی گوایە لەگەڵ کوردا هاوئاینن، ئەمە «ستۆکهۆڵم سیندرۆمە»!
ئەمە ڕاکردنە لە چارەسەری زەبرە دەروونییەکانمان و خۆهەڵخەڵەتاندنی ناخی خۆمانە.
ئەوان بڕیاری دوژمنایەتی تا سەری گەلی کوردیان داوە، بە پێدانی لەتێک نان و هاوئایینی، کەخۆیان لە هەموو نەهامەتییەکان بەرپرسن، هیچ کاتێک هاوسۆز و دۆستمان نین! 
هیچ کاتێک داگیرکەرانی خاکی کوردستان و چەوسێنەرانی کورد دەستیان لەپاکتاوکردنی گەلی کورد نەپاراستووە و بڵێن: ئەوان هاوئاینمانن!
بۆیە پێویستە ئێمەی کورد لەوبارەوە زۆر هۆشیار بین و بێینەوە ئاگایی خۆمان! 
   ئێمە کوردین .

وتاری نووسەران