
تەنانەت تۆش هاوڕێ کاوە!
تیرۆر و توندوتیژی، جەستەیی بن یان زمانی و مەعنەوی، یەک شتن
ڕەفیق سابیر
رۆژی ٥ی ئاداری ٢٠٢٤ لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان، کاک کاوە بێسارانی، وتارێکی لەبارەی دواکتێبی بەندە (لە ستایشی ژیاندا) بڵاو کردۆتەوە. کۆمەڵێک ڕا و سەرنجی خۆی دەربڕیوە، کە زۆربەیان پێوەندییان بە کتێبەکەوە نییە. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە کە بەڕێزی ئەو تۆمەتەی دووبارە کردۆتەوە کە پێش نۆزدە ساڵ، کەسانی داخلەدڵ بۆ منیان هەڵبەستبوو، گوایا من لە وتارێکدا، کە لەبارەی هەڵبژاردنی مام جەلال بە سەرۆککۆماری عێراق نووسیم، وتومە: (مام جەلال ماندێلای کوردستانە). وتارەکە لە سەرەتای نیسانی ٢٠٠٥ لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاو کرایەوە.
نووسینەکەی کاک کاوە ڕووداوێکی بیر هێنامەوە کە بە باشی دەزانم، بە کورتی بیگێڕمەوە:
ساڵی ٢٠٠٩ کە لە کوردستان دەژیام، ڕۆژێک هاوڕێی ئازیز و هێژام کاک جەلال سام ئاغا، تەلەفۆنی بۆ کردم وتی: کەسێک کە کار بۆ کوردستان پۆست دەکات، ئێوارێ دێتە سەردانم، ناوی مستەفای حەسەن گەورەیە. پێم خۆشە تۆش بێی. دوای ئەوە وتی تۆش دەناسێت و دەڵێت تۆ لە نووسینێکتدا بە مام جەلالت وتووە (ماندێلای کوردستانە)، ئایا ئەمە ڕاستە؟ بۆ من نەمزانیوە؟ وتم کاک جەلال تۆ نەتزانیوە چونکە من ئەو قسەیەم نەکردووە و نەشمنووسیوە، کاک مستەفا ئەو وتارەی منی نەخوێندۆتەوە. کاتێک لە ماڵی کاک جەلال لە ڕەوان شاد کاک مستەفام پرسی کە ئایا ئەو وتارەی منی خوێندۆتەوە؟ وتی نەخێر نەمخوێندۆتەوە. دواتر زانیم کە زۆر پێشتر، لە وتارێکدا وەک زۆری تر لە سایتی (کوردستان پۆست) ناڕەوا ئەو تومەتەی دابۆ پاڵم. من دڵنیام کاک کاوەش، وەکوو کاک مستەفا و ئەوانی تر، کە ئەو تومەتەیان دووبارە کردۆتەوە، وتارەکەی منی نەخوێندۆتەوە و گولەی بە تاریکییەوە ناوە!
من دوو جار ئەو کارەی کاک کاوەم پێ ناخۆش بوو. یەکەم لەبەر ئەوەی چاوەڕێم نەدەکرد کەسێکی وەک ئەو کە چل ساڵ زیاترە لە بریتانیا دەژی، بێ ئەوەی وتارەکەی منی خوێندبێتەوە، یان وەک هاوڕێیەک لە خۆم بپرسێت، هەمان ئەو تومەت و بوختانە، دووبارە دەکاتەوە، دووەم پێم ناخۆش بوو چونکە کەس چاوەڕێی کارێکی لەم جۆرە لە هاوڕێیەکی خۆی ناکات،
من تا ئێستا وەڵامی ئەو کەسانەم نەداوەتەوە کە ئەم بوختانە و بوختانی تریان بۆ هەڵبەستووم، تەنانەت کردوویانم بە پاسەوانی زیندانی حزبی شیوعی لە شاخ. ژیان لای من لەوە جوانتر و بایەخدارترە، کە مرۆڤ خۆی بەو شتانەوە خەریک و هەراسان بکات. بۆیە بە دڵفراوانی و لێبووردەییەوە لە کتێبی (لە ستایشی ژیاندا) باسی هیچ کام لەو کەسانەم نەکردووە، کە ناهەقەیان بەرامبەر کردووم. نووسینەکەی کاک کاوە هانی دام ئەم مەسەلەیە ڕوون بکەمەوە، بەو هیوایەی کەسانی تر، دووبارەی نەکەنەوە. هەر چەندە دەزانم کە هەندێک درۆ، رەنگە بە دە ڕاستکردنەوە و ڕوونکردنەوەش پوچەڵ نەکرێتەوە.
ڕوخاندنی ڕێژیمی عێراق، بە کۆمەکی ئەمریکا و هاوپەیمانانی و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عێراق، لە نیسانی ٢٠٠٣ ڕووداوێکی سیاسیی گەورە بوو، گەشبینی و هیوای نوێی بۆ گەلی عێراق بە گشتی و بۆ گەلی کوردستان بە تایبەت هێنا. چونکە دیکتاتۆریا و ئایدیۆلۆجیای ڕەگەزپەرستیی بەعس، بەرامبەر بە کورد هەرەسیان هێنا. من لەو وتارەی لە سەرەوە ناوم هێناوە، ئەم دیاردەیەم بە دیاردەی هەرەسهێنانی ئاپارتاید، لە باشووری ئەفریقا چواندووە، چونکە:
١-هەردوو دەوڵەت و ئایدۆلۆجیای ڕەگەزپەرستی، ئاپارتاید، لە باشووری ئەفریقا، دەوڵەت و ئایدیۆلۆجیای شۆڤێنیستی- ڕەگەزپەرستی بەعس لە عێراق، هەرەسیان هێنا.
٢- گەلی کورد لە عێراق، وەکوو گەلی ڕەشپێستی باشووری ئەفریقا، لە بندەستی و ستەمی دەسەڵاتێکی دڕندە و ڕەگەزپەرست رزگار بوون.
٣- نوێنەری نەتەوەی ڕەشپێستی بندەست لە باشووری ئەفریقا، نێلسۆن ماندێلا، لە زیندانەوە چوو بۆ کۆشکی کۆماری، لە عێراقیش نوێنەری نەتەوەی بندەست-کورد، مام جەلال، لە پێشمەرگەیەکەوە بوو بە سەرۆکۆماری عێراق.
من لەو ڕوانگەیەوە بەراوردی دوو وڵاتم کردووە، کە دوو سیستمی ئایدۆلۆجی و سیاسی لێکچوو، نەک هەر لە ناو دەچن، بەڵکو تەنانەت نوێنەری قوربانیانی ئەو دوو سیستمە ڕەگەزپەست و شۆڤێنییە، دەبن بە سەرۆککۆمار و سیمبولی وڵاتەکانیان. ئەوەندی بزانم پێشتر لە میژووی نوێدا، ڕووداوی لەم جۆرە نەبووە.
لێرەدا بەراوردەکە لەنێوان دوو وڵاتە، نەک دوو کەس. ڕاستگۆیانە دەڵێم، ئەگەر ئەو کاتە لە جێگەی مام جەلال، سەرکردەیەکی تری بەئەزموون و لێهاتوو، وەک نوێنەری کورد، ببووایە بە سەرۆککۆماری عێراق، هەمان بەراوردم دەکرد، چونکە ئەوان ئەنجام و ئەنجام و نموونەی دیاردەکەن، نەک ئەسڵی دیاردەکە، ئەمە بەرهەمی داڕمانی سیستم و ئایدۆلۆجیایەکی ڕەگەزپەرستییە. ئەگەر ڕۆژێک لە تورکیا، ئێران، سوریا، کوردێک بە نوێنەریی گەلی کورد، یان لە ئەلجەزایر و لیبیا، ئەمازیغییەک بە نوێنەریی نەتەوە بندەستەکەی، بە سەرۆککۆمار هەڵببژێردرێت، دەچێتە چوارچێوەی ئەم (تێز)ە و وەک مۆدێلی باشووری ئەفریقا پۆلێن دەکرێت. ئەوەی کە دەڵێ فڵان غاندییە، یان ماندێلایە، قسەیەکی هەڵە و بێ بنەمایە، چونکە کەس نابێتە کەسێکی تر، هەر سەرکردەی وڵاتێک ئەگەر وڵاتەکەی لە پارە و دەسەڵات لە لا بایەخدارتر بێت، دەتوانێت زۆر کاری باشی وەک غاندی و ماندێلا بکات، بەڵام نابێتە ئەوان، چونکە تەنیا یەک ماندێلا و غاندی هەیە.
ئەو دەمەی ئەم وتارەم نووسی عێراق سەرلەنوێ دروست دەکرایەوە. بە بێ گەلی کوردستان ئەم کارە، گۆرانی شاعیر وتەنی، هەرگیزا و هەرگیز نەدەکرا. بۆیە گەورەترین دەرفەت و هەلی میژوویی بۆ کورد ڕەخسابوو، کە ڕەنگە سەد ساڵ جاڕێک، ئەو جۆرە هەلە دەرفەتە بۆ نەتەوەیەک بڕەخسێت. نوێنەرانی کورد دەیانتوانی تەواوی داخوازییە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان، لە چوارچێوەی عێراق و گێڕاندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان بکەنە مەرجی دروستکردنەوەی عێراق. ساڵی ٢٠٠٣ چەند باس و وتارم لەو بارەیەوە نووسی، زۆربەیان لە ڕۆژنامەی هاووڵاتیدا بڵاو کرانەوە و ساڵی ٢٠٠٥ بە کتێبێک، عێراق: دیموکراتیکردن یان هەڵوەشاندنەوە، چاپ کرا.
لەو دۆخەدا چاوەڕوانیی زۆر لە سەرۆککۆمار و نوێنەرانی کورد دەکرا. مام جەلال لە هەموو سەرۆککۆمارەکانی پێشتری عێراق بەئەزموونتر و بەتواناتر بوو، ژیانی بۆ خەبات و کاری سیاسی تەرخان کردبوو، ئەو بە هەڵبژاردن، نەک بە کودێتا، بوو بە سەرۆککۆمار. هەروا هێزێکی چەکداریی زۆر گەورە و هەزاران کادر و کەسی تەکنۆکراتی کوردستانی و عێراقیی لە بەر دەست بوو، هێزی هاوپەیمانان لە عێراق بوون و ئەمریکا پشتگیریی مام جەلالی دەکرد. بە ڕای من ئەو کاتە مام جەلال، زەمینەی گونجاوی بۆ ڕەخسابوو، ئەگەر بیویستایە، دەیتوانی زۆربەی ئەو کارە باشانەی ماندێلا بۆ گەلانی وڵاتەکەی کردی، ئەویش بۆ گەلانی عێراقی بکات. لە وتارەکەمدا، لە ڕەوشی بەراوردکردنەکەی دۆخی نوێی هەردوو وڵاتەکەدا، وەکوو هاندانێک، دووپاتم کردۆتەوە کە بەڕێزی دەتوانێت لە عێراق، ئەو کارە باشانە بکات کە ماندێلا بۆ ئەفریقای کردووە. من نەموتووە مام جەلال ئەو کارانەی کردووە، یان دەیانکات، وتوومە دەتوانێت بیانکات، واتا تەنیا گریمانەیەکە و دەشتوانێت نەیانکات، دوا بڕیاریش لای خۆیەتی. ڕەنگە وتارەکە زیاد لە پێویست گەشبینیی پێوە دیار بێت، بەشێکی گەشبینییەکە پێوەندیی بە دۆخی ڕوخاندن و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عێراق و ئەو دەرفەتە میژوویەوە هەیە، کە ئەو کاتە، بۆ گەلی کوردستان ڕەخسابوو.
بەداخەوە سەرەتا یەک دوو نووسەری داخلەدڵ، بۆ سووکایەتیکردن بە من و مام جەلال، یاخود بۆ خۆنزیکردنەوە لە لایەنێکی سیاسی، نابەرپرسانە و بەدکارانە سوودی خراپیان لە وتارەکەم بینی و خوێنەرانیان چەواشە کرد. وا دیارە ئەوان بە جۆرێک ڕق و کینە مێشکی تەنیون، کە وتارەکەیان بە تەواوی نەخوێندۆتەوە، بۆیە ناوی تۆمەتەکەشیان بە هەڵە داهێناوە، تەنانەت لەمەشدا عادیل و ڕاستگۆ نەبوون دەبوو توومەتەکە بەم جۆرە بنووسن: (ڕەفیق سابیر دەڵێ: مام جەلال ماندێلای عێراقە) نەک کوردستان، چونکە باس و بەراوردکردنەکە هەمووی لەبارەی باشووری ئەفریقا و عێراقە! هەق نەبوو ئەو ناهەقییە بە گەلانی تری عێراق بکەن!
دوای بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەتە، چەندان کەسی تری داخلەڵ، لەوانە هەندێک لە هاوڕێکانی کاک کاوە، بێ ئەوەی نووسینەکەی منیان بینیبێت، بە مەبەستی تیرۆرکردنی مەعنەویی بەندە، هەمان بوختانیان دووبارە و چەند بارە کردەوە و بە ناڕەوا زۆر تۆمەتی تریشیان بۆ هەڵبەستم.
ئەوەی من لەو وتارەدا نووسیومە زۆر دوورە لەو تۆمەتەی کاک کاوە بە بێ بەڵگە دووپاتی کردۆتەوە. بە داخەوە زۆربەی کەسانی حیزبی و ئایدۆلۆجی، کۆمۆنیست، ناسیۆنالیست یان ئیسلامی، لەم مەسەلانەدا، پێویستیان بەوە نییە بە چاوی خۆیان بەڵگە ببینن، قسەی حزب، یان هاوڕێکانیان، ڕاست، یان ناڕاست بێت، بۆ ئەوان بەڵگەی ڕاست و سەلمێندراون!
ڕووناکبیری گەورەی میسر، فەرەج فودە، لە لایەن توندڕەوێکی ئیسلامییەوە کوژرا. لە دادگا حاکم لە بکوژەکەی پرسی: بۆ فەرەج فودەت کوشت؟
وتی: چونکە کافر بوو!
کاتێک لێیان پرسی لە ڕێگەی کام کتێبییەوە زانیت ئەو کافرە؟
بکوژەکە وتی: من کتێبەکانی ئەوم نەخوێندۆتەوە، من ناتوانم بنووسم و بخوێنمەوە!
توندوتیژی و تیرۆر، جەستەیی بێت یان زمانی و مەعنەوی، یەک شتن.
من نامەوێت وەڵامی سەرنجەکانی تری کاک کاوە بدەمەوە، کە نادۆستانەن و پێوەندییان بە کتێبەکەوە نییە. بۆیە هەر ئەوەندە دەڵێم، هاوڕێ خەم مەخۆ! دڵنیابە من نەکەوتوومەتە داوی هیچ کەس و لایەنێک، لە هەر شوینێکیش بووبم، هەر خۆم بووم و زانیومە و دەزانم چی دەکەم و چی ناکەم. من بۆ ئەوە مارکسیزم و حزبی شیوعیم هەڵبژارد تا گەلەکەم، گەلی کوردستان، ئازاد و بەختەوەر بکەم، نەک گەلانی تری دنیا، کاری بەختەوەرکردنی ئەو گەلانەم بۆ کۆمۆنیستانی وڵاتەکانیان بە جێ هێشتبوو.
بوختانکردن، یان دووبارەکردنەوەی تۆمەت و بوختان، بە بێ بەڵگەی بیندراو یان بیستراو، چاوقایمییەکە کەم کەس دەتوانێت پەنای بۆ بەرێت!
لێرەدا ئەو بەشەی وتارەکە، کە کراوەتە بەهانەی ئەو تۆمەتە، وەک خۆی بڵاو دەکەمەوە و تەنانەت هەڵەی ڕێنووس و چاپی نووسینەکەش دەستکاری ناکەم. هەروا لە چاپی دووەمی (لە ستایشی ژیاندا) تەواوی وتارەکە، وەک بەڵگەنامە هاوپێچ دەکەم. هەر کەس گومانی لەم قسانەم هەیە، دەتوانێت لە نووسینگەی کوردستانی نوێ، بەشی ئەرشیفی ڕۆژنامەکە، لە سلێمانی، بیدۆزنەوە.
لە کۆتاییدا هیوادارم کاک کاوە، وەک کەسێک کە لایەنگری هەق و عەدالەتە، داوای لێبوردن لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان و خوێنەرانی بکات، چونکە ناهەقی و ناعەدالەتی بەرامبەرم کردووە و بێ بەڵگە و بنەما، ئەو توومەتەی داوەتە پاڵ من و بە هەڵەی بردوون.
ستۆکهۆڵم ۱۰ی۳ی۲۰۲٤
چەند برگەی وتارەکە
(هەرەسهێنانی دیکتاتۆریاو شۆڤێنیزمی نەتەوەیی و کولتوورە سیاسییەکەی لەعیراقدا تەنیا پەیوەندی بەعیراقەوە نییە، بەلکو ئەمە سەرەتای دیاردەیەکی نوێیە، کە بەلای زۆرەوە، وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەگرێتەوە. ئەم دیاردە نوێیە، کەهەڵبژاردنی مام جەلال وەک نوێنەری لایەنی ستەملێکراوە بە سەرۆککۆمار، یەکێکە لەنیشانەکانی، تاڕادەیەک زۆر بەدیاردەی هەرەسهێنانی سیستمی ئاپارتایدو تێکشکانی ئایدیۆلۆجیای رەگەزپەرستی دەچێت، کە هەڵبژاردنی نیلسۆن ماندێلا بەسەرۆک کۆماری باشووری ئەفریقا، لەسەرەتای نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا یەکێک لە نیشانەکانی بوو.
ماندێلا، وەک مام جەلال، لەدۆخێکی سەخت و نائاساییدا بەسەرۆک کۆماری وڵاتێک هەڵبژێردرا کەدیکتاتۆریاو شەڕو سیاسەتی رەگەزپەرستی وێرانی کردبوو. ماندێلا دەبوو سەرلەنوێ باشووری ئەفریقا بەپێی دەستوورێکی نوێ و کۆمەڵە پرینسیپێکی نوێی سیاسی و قانوونی و کولتووری دروست بکاتەوە. وڵاتەکە لەزەلکاوی رەگەزپەرستی و کینەی سیاسی و شەڕی نێوخۆوە بەرەو ئازادی و یەکسانیی رەگەزی و تۆلێرانس و تەساموح بەرێت. ماندێلا وەک کەسایەتییەکی گەورەی سیاسی کە هەموو ژیانی خۆی بۆ خەباتی دژی ئەپارتاید و ئازادیی گەلەکەی تەرخان کردبوو، توانی سیمای دزێوی وڵاتەکەی بە سیمایەکی شارستانییانە بگۆڕێت و ئایدیۆلۆژیای ئەپارتایدو ڕەگەزپەرستی بۆ هەتاهەتایە تێکبشکێنێت. بەمەش ماناو ناوەرۆکێکی نوێی بەپۆستی سەرۆک کۆماریی بەخشی. کاری سەرۆک کۆماری لە پۆستێکی دەوڵەتییەوە گۆڕی بە کارێکی داهێنەرانە. ئەو کۆمەڵێک دەستوور و پرینسیپی نوێی بۆ پێکەوەهەڵکردنی دوو کولتووری جیاوازو پیکەوەژیانی دوو گەلی پێکناکۆک داهێنا. ماندێلا کاتیک مافی یەکسانبوونی بۆ گەلەکەی دابینکرد، بەم کارە گەورەیەی تەنیا گەلە پێستڕەشەکەی خۆی لەستەم ئازادنەکرد، بەڵکو کۆمەلی سپیپێشتەکانیشی لە کولتووری ستەم و توندوتیژی و رەگەزپەرستی، کە ژیانی رۆحیی ئەوانی شێواندبوو، رزگار کرد. بەمەیش توانای پێکەوەژیانی هەردوو گەل و ئاشتی کۆمەڵایەتی لەباشوری ئەفریقا، وەک چارەسەرێکی عەقڵانی، بەرقەراربوون. رەنگە ئەم کارە گەورەیە بەسەرکردەیەکی دیکەی باشووری ئەفریقا نەکرابووایە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ماندێلا بەتەنیاو بەبێ پشتگیریی گەلەکەی و بەشێکی خەڵکی سپیپێستی باشووری ئەفریقا، هەروا بەبێ کۆمەکی دەرەکی نەیدەتوانی ئەم گۆڕانکارییە گەورانە بکات. مام جەلال، وەک ماندیلا، دەتوانێت ئەم پۆستە بگۆڕێت بەکایەیەکی دیکەی داهێنان و گۆڕانکاری. جەنابی وەک سیاسەتمەدارێکی رووناکبیرو بەئەزموون، کە هەموو ژیانی خۆی بۆ خەباتی دژی ستەم و بۆ ئازادیی گەلەکەی تەرخان کردووە، دەتوانێت کۆمەڵی عێراق بەکولتوورێکی سیاسی نوێ ئاشنابکات و کۆمەڵە پرینسیپێکی سیاسیی نوێ بۆ پێکەوەژیانی یەکسانانەو ئازادانەی گەلانی عێراق دابهێنێت. ئەم کولتوورو پرینسیپە نوێیانەش بەدابینکردنی مافی نەتەوەیی کوردو دەستەبەرکردنی یەکسانیی نەتەوەیی گەلی کوردو عەرەب دەستپێدەکەن. دیارە ئەمە کارێکی ئاسان نییەو بگرە سەختیشە، چونکە فاکتەری نیوخۆیی هێشتا بە قازانجی ئەم گۆڕانکارییانە نین، کۆمەڵی عەرەبیی عیراق، وەک زۆربەی کۆمەڵانی ناوچەکە، نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەی کە بەئاسانی ئەم گۆڕانکارییە نوێیانە قبووڵ بکات، بەڵام دیاردەی روخاندنی دەوڵەتی بەعس و پرۆسیسی هەڵبژاردن بەکۆمەکی دەرەکی (هێزی ئەمریکاو هاوپەیمانانی) ئەوە دەسەلمێنن کە لەرۆژگاری ئەمڕۆدا فاکتەری دەرەکی دەتوانیت کاریگەرو یەکلاکەرەوە بیت، دواتریش کۆمەک بەکامڵبوونی فاکتەری نێوخۆیی بکات).