ئیدریس سدیق 
سەنگەر گرتن بە مۆتیڤ ، وەك کردەی خۆکوژی لە پێناوی هیچدا ! 
بیرمەندە مێژوونووسەکان ، کۆکن لە سەر ئەو رایەی نەك هەر لە پاش ئیسلام ، بەڵکو لە سەردەمی شارستانێتی دۆڵی دوو روبارەکە (  وادي الرافدين ) و رۆژهەڵاتی ناوین ، نێوان قەڵەمڕەوی بابلی ، ئاشووری ، ساسانی ، مادەکان و ...... شەڕ و کوشتار و فراوانخوازی بەردەوام لە هەڵکشاندابووە ، پاش ئیسلامیش و ئێستاشی لەگەڵا بێت ،  دەسەڵاتداران لە پێناو  مانەوەیان لە دەسەڵات ،  نان و پیاز بە خوێن ، دووکەڵ ، سووتان ، کاولکاری ، ئاوارەیی و ..... شەلم کوێرم ناپارێزم و تەڕ و وشك سووتاندن بە یەکەوە دەخۆن و شمشێریش باڵا دەستە .
کاتێ مرۆڤ گوزەر بەناو ئەڕشیف و دۆکۆمێنتە بەسەرهاتە خوێناوییەکاندەکات ، بۆی دەردەکەوێ مرۆڤی رۆژهەڵاتیی چ دڕندەیەکی تینووی خوێن و مرۆڤکوژ و داماڵراوە لە سادەترین بەهای مرۆڤایەتیی ، بەڵگەکان راشکاوانە و بە راستی و بێ پێچ و پەنا ، پەنجە دەخەنە سەر مەینەتییەکان ، کە مرۆڤایەتی لە بەردەمیاندا حەپەساو و شلەژاوە . 
رۆژهەڵاتی ناوینی دەریای خوێن ، هەر لە سەروبەندی جەنگی جێهانی یەکەم و بەتایبەتیش لەدوای جەنکی جیهانی دووەم و دامەزراندنی دەوڵەتی ستەم و زۆرداری تاکڕەوی یەك ئاڵا ، یەك نەتەوە ، یەك زمان ، یەك ئایین و یەك ئایدۆلۆجیا ، داماڵراو لە پرسەکانی مافی مرۆڤ ، ئازادی ، ئاشتی ، یەکسانی ، دادوەری ، لێبوردەیی ، جیاوازی  و ...... ، گۆڕەپانی ململانێ ، پەلاماردان و توندوتیژی ،  سەپاندنی هێز بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان ، ناوچەکەی نوقمی دەریای خوێنکردووە . تڕاژیدییەکان و مەرگەساتەکان بەردەوامن ، لە هەر شوێنێ دەگری مەرگ وەك مین چینراوە ، وەك دۆمەڵ و شێرپەنجە ، جەستەی رۆژهەڵاتییەکانی بە سەرجەم رەگەز و رەنگەکان شەکەتوماندووکردووە ، دەسەڵاتە خۆسەپێنە توندڕۆکان ،کۆیلە و کۆتوبەند و دەستو پێ کەلەپچەکراوی سەرمایەداری جیهانین ، هاوڵاتییانی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان بەکۆیلە کردوون و ژیانێکی شایستەیان پێ رەوا نابیینن .
وەك شارەزایانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی باسی لێوەدەکەن ، مرۆڤ بە ساڵێك گڕوگاڵدەکا و فێرە ورتەورتدەبێ بەڵام بگرە بۆ شەست ساڵ فێرە گوێگرتنابێ ، وەك ئەوە وایە وەك پەندە ئینگلیزییەکە کە دەڵێ ( Peoplare are loneley , they build wallls instead of bridges ) ، تەنها گەوجەکان و دەبەنگەکانیش دەتوانن دیوار و بەربەست دروستبکەن ، بەڵام پرد بۆ پەڕینەوەی ئەوبەر ( واتە زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ) پێویستی بە کۆمەك و هاریکاری کەسانی شارەزا و جیۆلۆجی و ئەندازیا ر هەیە ، بۆ مەبەستی پێکەوە ژیان ،  تەبایی ، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان ، سەقامگیری و ..... ، لە رۆژئاوا رێنیسانس Renaissence و نوێگەرایی ، رۆشنگەری ، داهێنان و پێشکەوتن هاتە کایەوە لە سەرجەم بوارەکان ، هەگبەی سەدە تاریکەکانی ناوەڕاست و ئیمپڕاتۆرییەتە پیرۆزەکەی رۆمای پێچایەوە ، بەڵام لە رۆژهەڵات هەر زمانی شمشێر زاڵە .
فریدریك ئەنگلس Friedrich Engles ( Nov / 28 / 1820 - Aug / 5 / 1895 )   ، گەورە بیرمەندی ئەڵمانی لە مەڕ پرسی ململانێی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە و هەڵشاخان بەڕووی یەکتردا ، بەڕوونی پەنجە دەخاتە سەر کێشمەکێشی ئایدۆلۆجی ، ئایینی ، نەتەوەیی ، رەگەزی و ... کە دەڵێ : " هەر نەتەوەیەك نەتەوەکانی تر بچەوسێنێتەوە ، ئەو نەتەوەیە خۆی ئازاد نییە " ( No nation can be free if it opresses other nations ) . 
ئەمریکای سەرمایەداری زەبەللاحی جیهانی ، داشۆراو لە مرۆڤبوون ، بازڕگانی مەرگ و خوێن ،  پەیمانی ناتۆی وەك بووکەڵەیەك جلەوکردووە لە ئەوپەڕی رۆژهەڵات بۆ ئەوپەڕی رۆژئاوا و ئەمریکای لاتین ، هەمیشە لە ئاوی مەند راودەکات و بەناوی مۆدێڕنەتی سەرمایەداری ، درۆینەی دادگەری ، دیموکڕاسی  و مافی مرۆڤ و دروشمی سواوە و قێزەون کە لە فەرهەنگدا سڕاونەتەوە ، هەر لەدوای رووداوی 2001 / 9 / 11 ئەسپی خۆی لێتاوداوە و سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتییەکان بۆتەوە کە خۆی خولقێنەر و جۆشدانی ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمێش و فوو تێکردنیەتی ، مرۆڤیش وەك کاڵایەکی بێ بەها ، خۆ ئەگەر ئیسڕائیلیش لە رۆژهەڵاتی ناوین نەبێت ؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە گۆبەندێك دروستدەکات لە شەڕی بەوەکالەت و هەژموونگەڕایی  بۆ دوورخستنەوەی ئاگرەکە لە نێو ماڵی خۆیان و تێپەڕاندنی ئەجیندا و بەژەوەندییەکانی .   
هەڵکشانی گرژی و هەڵچوونەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان ، درێژەپێدەری ئەو شەڕ و ناکۆکی و گرژی  و هەڵچوونانەی دوای بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانی ژمارە 181 لە 1947 / 11 / 29 لە سەر دابەشکردنی فەلەستین و پاش دامەزراندندنی دەوڵەتی جوولەکەیە لە 1948 / 5 / 14 ، بە زەقی لە هەڵکشاندایە ، لێکدراو و بەستراوی سەرجەم ناکۆکییەکان و ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوینە لە پڕۆسەکانی تاواندنەوە و سڕینەوەی گەل کورد لە هەر چوار پارچە ، شەڕەکانی لیبیا ، یەمەن ، سوریا ، عێڕاق ، لەرێگەی شەڕی بە وەکالەتی یاریکەرە هەرێمییەکان و رووبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندییەکان ، سەپاندنی هەژموونی سەربازی و ئابووری ، هەژموونگەرایی تاکجەمسەری ، رێڕەوە بازڕگانییەکان .
گەلی جوولەکە قوربانی هەزاران ساڵەی کوشتن وبڕین و جینۆساید و هۆلۆکۆست سڕینەوەیە ، پەلامار و هەڵکوتانە لە ناکاوەکەی حەماس رۆژی 7 ی ئەم مانگە ، هەرچەندە بەدواداچوون و چەندێتی توانا و چۆننیەتی بەڕێوەبردنی کتوپڕی ورد و نهێنی لە تاکتیك و ستڕاتیج ، بەدواداچوونی زۆر هەڵدەگرێ و پرسیار گەلێکی ورووژاندووە ، بەڵام دیارییەکی بەنرخی کەم وێنە لەسەر دەفرێکی زێڕین پێشکەش بە نەتەنیاهۆی راستڕەو و توندڕۆی لیکۆدی ئیسڕائیل کرا ، وەك ئەوەی هەنگیان لە داردا دۆزیبێتەوە و وەك پاساوێك و بیانوویەك بۆ هەڵگیرسان و گەرمکردنی ئاگری  شەڕی کۆکوژی ، باڵادەستی لە وێرانکاری ، دابارینی ئاگر و ئاسنی رق و قین و تۆڵە و نەفرەتەی پەنگخواردوو و کەڵەکەبووی دەیان ساڵەی پڕاوپڕ لەکێشمەکێش و بینەوبەردەی رەتکردنەوەی ئیسڕائیل وەك خەنجەرێکی ژاراوی لەناو دڵی عەرەب ، یا سڕینەوە و  راماڵینیان بۆناو دەریا ، یا سێ ناکەی یاسر عەرەفاتی کۆچکروو و ...... ، حەماسیش حەماسەتێکی دەروێشێکی تازە تەریقەتی دەست لەپشتدراوی ئیخوانی، ئەگەر راستڕەوە ئیسڕائیلییەکان دەستیان نەپاراستبێ ؛ ئەوا حەماسی توندڕۆ ، درێغی نەکردووە و دەستی نەپاراستووە بە پێی ئەو فەرهەنگ و پرینسیپەی کە پێیگۆشدراوە ، بەبێ پەند وەرگرتن لە مەرگەساتەکانی سەبرا و شاتێلا و یەکی ئەیلولی رەش و هاوشێوەکانی و بازرگانانی مەرگوخوێنی مرۆڤ ! 
پتر لە 1400 ساڵە ، رۆژهەڵاتی ناوین قوربانی ململانێی باڵادەستی سەرمایەداری و زلهێزەکانن لە رەگەزپەرستی ، توندڕۆیی ئایینی ، پاوانخوازی ، رێگرن و بەربەست دروستدەکەن لە کۆمەڵگەیەکی سەقامگیری دیموکڕاتیخواز و مرۆڤدۆست و پێکەوە ژیان و لێبوردەیی و ..... هەرگیز ئامامادەنین بەرژەوەندییەکانیان بکەنە قۆچی قوربانی رەوشێکی تەندروست ، ئەی ئەگەر شەڕ نەنێنەوە کە یەکێکە لە بنەماکانی مانەوەیان  ، ئەو هەموو چەك و جبەخانە و مووشەکە زیرەکانەی تەکنەلۆجیای سەردەم بۆ کوێ ببەن ؟  
دکتاتۆرەکان ، راستڕەوەکان ، داعش ، سەلەفییەکان ، ئیخوانییەکان ، رەگەز پەرست و شۆڤینییەکان ، توندڕەوە ئیسلامیی و جیهادییەکان ....... ، دووڕووی یەک دراوی سەنگەرگرتنن دژی مرۆڤایەتی و شارستانێتی پێکەوە ژیان ، لێبوردەیی ، سەرکوتکردنی ئازادی  ، لە هەر شوێنێ و لە هەر کات و بارێکدابێت ، ئەو چەکەی مرۆڤ دەکوژێت ، ئەو بۆمبە هێشووەی باڵەخانەیەك خاپوور وێران دەکات  ، هاوڵاتی سڤیل و بێ تاوان و ستەملێکراو قوربانییەکەیەتی ، بێگوێدانە رێکخراوە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ ، مرۆڤ لە هەر رەنگ ، ئاین ، رەگەز ، بیروباوەڕ و .... بێ تامەزرۆی ژیانێکی شایستە و ئازادییە .
شەڕ و پێکدادانەکان کێشەکان چارەسەر ناکەن ، زمانی گفتوگۆ و دانوستان تاکە رێگای چارەسەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە نەهامەتییەکان ، تاکە ئەلتەرناتیڤیش دیموکڕاتیزەکردنی کۆمەڵگە و نەتەوەی ئازاد و ستاتیۆیەکی ئارام و سەقامگیر لە پێکەوە ژیان و  ڵێبوردەیی و بنیاتنان . 
30 / 10 / 2023

وتاری نووسەران