
ئاسۆس ساڵح
لە نەریتی مارکسیزمدا، بە تایبەت لە ئاستە هزری و فەلسەفییەکەیدا. ڕەخنە پێگەیەکی سەرەکیی هەیە و وەک چاویلکەیەکی ڕەخنەیی دەتوانی بەڕوونی ئەو دەرهاوێشتانەی کە سەرمایەداری لە ئاستی سیاسی و ئابووری و کەلتوورییەوە هەیەتی ببینی و بیخەیتە بەر نەشتەری ڕەخنەی ڕادیکاڵانە.
یەکێک لەو ڕەخنانەی کە مارکسیزم هەیەتی ڕەخنەیە لە پیشەسازیی کەلتوور، کە لە ڕێگەی کەلتوور و دیاردە کەلتوورییەکانەوە زۆرترین قازانج بەرهەمدەهێنێت و مرۆڤەکانیش هیچ هەستێک یانیش کەمترین هەست بە چەوسانەوەی ناو ئەم قازانجە ناکەن و وەک چێژێکی ئاسایی قبوڵی دەکەن. بۆ ئەم بەرهەمهێنانە و بەشینەوەی چێژە ساختەیە مەراسیم و ڤیستیڤاڵی بۆ ساز دەکرێت و بەبازاڕی دەکرێت. تۆپی پێ وەک وەرزشێکی جەماوەری و گشتی، دەکەوێتە ئەم چوارچێوەیە و دیاردەیەوە.
ڕەنگە لە زەمەنێکی دیاریکراودا هیچ نەبێت لە واقیعی خۆماندا تۆپی پێ و یاری کردن چێژێکی ڕاستەقینەی هەبووبێت چونکە خودی خۆمان یاریکەر بووین بەمەش تۆپی پێ لەلای ئێمە ڕەهەندێکی واقیعی و ناکاڵایی هەبوو. گردبوونەوە لە گۆڕەپان و یاریکردن بە شێوەیەکی دۆستانە ڕەهەندێکی سۆسیالستی هەبوو. بەڵام دواتر وەرزش و تۆپی پێ بەرەو یاریکردنی گروپی و تایبەتی دەڕوات و ڕەهەندە جەماوەری و سۆسیالیستەکەی نامێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی مەجازی بوونەوەی زیاتری ژیان و چەقبەستن لەناو دونیای مەجازی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و کەوتنە ناو جڵەوڕەوی و دەستەڵاتی میدیا و شاشەکانە وەرزش بەتایبەتتر لە لای چینی خوارەوە چیتر شتێکی واقیعی و پراکتیکی نییە بەڵکوو پەتی و ئەبستراکتە و وەزیفەی ئێمە دەگۆڕێت بۆ بینەرێکی نامۆبوو و هیلاک.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر چەمکی پیشەسازیی کەلتووری، لەم بارەیەوە، تۆپی پێ بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمە هیچ کاریگەری و پێشوەچوونێکی کلتووری ناهێنێتە کایەوە، بەڵکوو زیاتر کاتکوشتن و بەتاڵکردنەوەی وزەی کۆکراوەیە، هەروەها فڕێدانی چەند قسەیەکی سوا و گفتووگۆی نەزۆکی بێ بەرهەمە.
تێری ئیگلتۆن، ڕەخنەگرێکی بەناوبانگی ئەدەبی مارکسیستی و تیۆریستی کولتوورییە، زۆرجار بە چاویلکەی ڕەخنەیی و تیۆری مارکسیستییەوە بەدواداچوون بۆ دیاردە کولتوورییە جۆراوجۆرەکان دەکات. لە وتارێکیدا بە ناوی "تۆپی پێ هاوڕێ ئازیزەکەی سەرمایەداری" دیدی خۆی لەمەڕ پرسی تۆپی پێ دەخاتەڕوو، پێی وایە کە وەزیفەی تۆپی پێ لە ئەمڕۆدا کوشتنی وزەی شۆڕشگێڕی خەڵکی چەوساوە و نامۆبووی ناو دنیای سیستەمی سەرمایەدارییە؛ هەر بۆیە دەڵێت: «ئەمڕۆ تۆپی پێ بووەتە تلیاکی گەلان و کۆمەڵانی خڵک.» ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە «کۆمەڵگەی مۆدێرن هەستی پێکەوەبوونی خەڵک پشتگوێ دەخات، بەڵام لە جیاتی ئەوەدا تۆپی پێ تا ڕادەی شێتییەکی دەستەجەمعی ئەم مەسەلەیەی پێکەوەبوونە دەڕەخسێنێت. زۆربەی فیتەر و وەستاکانی ئۆتۆمبێل، یان فرۆشیارانی دووکانەکان، هەست بەوە دەکەن کە لەلاین کەلتوورە باڵادەستەکەوە پشتگوێ دەخرێن، بەڵام هەفتانە بینەری نمایشی هونەرمەندانەی باڵای ئەو پیاوانەن کە هەندێ جار وشەی بلیمەت لە چاویاندا هیچ نییە!» لە بەشێکی تری وتارەکەدا سەرنجێکی دەروونشیکارانە دەخاتەڕوو و دەڵێت: «ئەم یارییە پڕ بریقوباقەش لەگەڵ سادەییەکی تا ڕادەیەک دڵگیر و ناسکدا تێکەڵدەکات. یاریزانان کۆمەڵێک پاڵەوانی پەرستراون، بەڵام هۆکاری ئەوەی تۆ ڕێزیان لێدەگریت ئەوەیە کە ئەوان ئەو ئەویترەن کە تۆ دەتوانیت ببیت بەوان.» لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵێین تۆپی پێ وەک فۆرمێک لە ئایدۆلۆژیا خزمەت بە پتەوکردنی پایە و بە هێزکردن پێکهاتەکانی سەرمایەداری دەکات.
هەر بۆیە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەین کە ڕەهەندی سەرمایەداریی تێدا دەرەکەوێت و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاندەران دادەنێت و هاندەرانیش بێئاگایانە بەردەوامن لە وەرگرتنی چێژی ساختەی بەزۆر سەپێنراو لە ڕێگەی ڕێکڵام و دروستکردنی ئارەزوو بۆی!
١/ فێتیشیزمی کاڵا: ئەگەر لەسەرەتاش وانەبووبێت بەڵام لە ئێستادا بە دانپێدانانی یاریزانانی کۆن وەک مەڕەدۆنە، تۆپی پێ تەواو دابڕاوە لە وەرزش و بەڵکوو چووتە ناو کایەیکی تەواو ئابووری و بازرگانی، بۆیە لە ئێستادا تۆپی پێ وەرزشێکی زۆر کاڵایییە کە یاریزانان و یارییەکان و تەنانەت کۆی هاندەران وەک کاڵایەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت کە لە ئەنجامی یاریکردن و پاڵەوانییەتییەکاندا بەهۆی کڕین و فرۆشتنەوە، داهات بەرهەم دێنن. بازرگانیکردنی تۆپی پێ خۆی لەو کاڵایانە و مافی پەخشکردن و سپۆنسەر و بلیت و ...هتد دەبینێتەوە، بەمەش وەرزش وەک چاڵاکییەکی کلتووری دەگۆڕێت بۆ پیشەسازییەکی بەرچاوی پڕ لە داهات و سەرمایە.
٢/ نامۆبوون: یەکێک لە ڕەخنەسەرەکییەکانی مارکسیزم لە سیستەمی سەرمایەداری نامۆبوونی مرۆڤە لەناویدا، کاتێک تۆپی پێ دێتە ناو سیستەمەوە هاندەران لە چەندین ڕووەوە تووشی نامۆبوون دەبن. تەماشاکردنی تۆپی پێ دەتوانێت هەستی ساختە دروست بکات، واقیعی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان دەمامک دەکات و لەبیری هاندەران دەباتەوە. جگە لەوەش زۆرجار هاندەران بەکارهێنەری پاسیڤین واتا پەیوەندییان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە و بڕیاردان لەناو پیشەسازی تۆپی پێدا نییە و تەنها سەیرکەرێکی بەکارهێنراون.
۳/ بەردەوامی دان بە هەژموونی چینی باڵادەست: چینی باڵادەست بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی یانیش بڵێین حوکمڕانییەکی دیاریکراو بۆ بەردەوامیدان بەخۆی، تۆپی پێ بەکاردەهێنێت. بۆ نموونە: کردنەوەی کێبڕکێ و ڤیستیڤاڵی جەماوەری و کۆکردنەوەی هاندەران لەدەوری یەکتر و بەتاڵکردنەوەیان لە هەرچی وزەیە و ناڕازییە. هەروەها برەودان بەو بەهایانەی کە لاساییکردنەوە و تاکەکەسی و کۆکردنەوەی داهات لە لای یاریکەرێکەوە کە ئەم بەهایانە بۆ هاندەران و خەڵک قبوڵکراوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئەم بنەمایانە هی بازاڕی ئازاد و میریتۆکراسین و پشتیوانی ئایدۆلۆژیای سەرمایەداری دەکەن.
٤/ سەرقاڵکردن و کاتکوشتن: تۆپی پێ وەک جۆرێک لە کات بەسەربردن و چێژوەرگرتن کاردەکات، چینی خوارەوەی کۆمەڵگە سەرقاڵ دەکات و سەرنجی لەسەر ئەو نادادپەروەری و ئیستغلالانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لا دەبات. هەروەها لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت ناڕەزایی کۆمەڵایەتی کپ بکات و ڕێگری بکات لە پرسیارکردن یان هەر ئاڵەنگارییەک کە ڕووبەڕووی کۆی سیستەمی سەرمایەداری بکرێتەوە لای چینی خوارووەوە.
ئەگەر ئەم بابەتە ببەستینەوە بە کۆمەڵگەی کوردی خۆمان، دەبینین کە تا چ ڕادەیەک وەرزش بەتایبەت تۆپی پێ بووەتە چ تلیاکێک و چ حەماقەتێکی بەرهەمهێناوە و هەرچی جدیبوونە لەناو گەنج و پێگەیشتووی کورددا کوشتوویەتی و خەریکی خۆ سەرگەرمکردنێکن کە هیچ بەرهەم و دەستکەوتێکی ماددیی و مەعنەوەی و هزری بۆ ئەو نییە جگە لە چێژێکی درۆینەی کاتی و بەتاڵکردنەوەی وزە و نەهامەتییەکانی نەبێت، ئەویش بە هات و هاوار و چوونە بەر مایکی یەکێک لەو بەناو میدیا و شاشانەی خەریکی بڵاوکردنەوەی کەلتووری سووکردن و بێبەهاکردنی هەرچی شتە، جا سڵناکەنەوە ئەگەر کەسایەتی و شەخسیەتی کەسێکیشی پێ لەکەدار بێت گرینگ ئەوەیە سواڵی بینەر و لایککردنی پەیجەکەی سەربگرێت و بەخۆی بڵێ پڕ بینەرترین میدیا.
بەهەر حاڵ، ئەوەی لە میدیا وەرزشییەکانمان دەیبینین ڕەنگدانەوەی دیدی دەستەڵاتە کە هەڵدەستێک بە کردنەوەی کەرنەڤاڵی جەماوەری و ئەفیون بەنێو گەنجدا بڵاودەکاتەوە لە کاتێکدا کۆمەڵگەکە لەخراپترین دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیدایە، وەرزش کراوەتە ئامرازی لەبیر بردنەوەی ئەم دۆخە چەقبەستووە پڕ لە قەیران و نامۆبوون و ئیستغلالکردن ...هتد. هەر ئەو لایەن و کەناڵانەی هەڵدەستن بەم کارە و بڵاوکردنەوەی کەلتووری سوکردن و قسەی بێمانا تا جنێو و لەباربردنی هەرچی جددیەتە لەناو کۆمەڵگەدا، بەهۆی نادادی و نایەکسانی و جیاوازی چینایەتی و دزییەوە هەڵتۆقیون.
کاتێک میدیا و تۆپی پێ بەدەست دەستەڵاتەوە بوو بە ئاسانی دەتوانێ لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە بخاتە زێلکاوی بێئاگایی و بەمێگەلکردن. ئەوەش بە ئارەزوو دروستکردن و پێدانی زبڵی ناو ئایدۆلۆژیای خۆی و پێدانی درۆ بە ڕاستی و خەیاڵ بە واقیع و کۆیلەکردن بە ئازادی و چێژساختە بە چێژیڕاستەقینە ...هتد. ئەوەی لێدا بۆ ئێمە گرینگە وەستانەوەیە دژی ئەو کەلتوورەی ئەمڕۆ باوە، و هیچ بەهایەک و خەمێکی گشتی گرینگیان نەماوە، سەرخستنی کەلتوورێکی دژ بەمە زەروورەتی ئەمڕۆمانە.