هەژار هەورامی

 

كەلاكی بۆگەنیوی بیركردنەوە وكرداری تاك خوازی وتاكگرایی سەرمایەداری ژیانی مرۆڤایەتی بۆگەنیو كردووە .

مرۆڤ لەم بارودۆخە بۆ گەنیوەدا خۆی بە چەقی زەوی دەزانێت. هەموو شتێك بە گوێرەی بەرەژەوەندی ئێستا وداهاتووی خۆێ (تەنیا خۆی) لێكدەداتەوە .بۆ گەیشتن بە ئامانجی تاكخوازانەی خۆی پەنا بۆ هەموو شتێك دەبات .درۆشمی مرۆڤ گورگی مرۆڤە . ژیان شەڕی هەمووانە دژ بە هەمووان (شەڕی مرۆڤە دژ بە مرۆڤ) . شكست خواردوو بدە بەر پێلەقان. سەر نەوی بكە بۆ براوە. بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆخوازانەی خۆت هەموو ئامرازێكی شیاو ونەشیاو بەكاربێنە . خاوەن ماف ئەو كەسەیە یان ئەو لایەنەیە وا ململانی وشەڕەكە دەباتەوە .براوەكان دادگایی ناكەن ولێیان ناپرسنەوە و دەیان دروشم وهزری تر ،دروشم وهزری زێڕینی تاكخوازی ئەم سیستەمەیە وا باڵی كێشاوە بە سەر زەویدا

بە گوێرەی ئەم هزر وبیركردنەوەیە ،بە هەر نرخێك بێت دەبێ مرۆڤ بە پەیژە ودیواری ژیاندا هەڵگەڕێت ،تەنانەت ئەگەر نرخەكەشی سەرومل شكاندنی كەسانی تریش بێت.!

تەنانەت ئەگەر تێیداچوونی ژینگە وژیانی كۆی مرۆڤایەتیش بێت.

ئەم هزر وبیركردنەوە زیانبەخش وبۆگەنیوە لە كرداری ڕۆژانەی مرۆڤەكاندا لە دوور ونزیكی ژینگەی سیاسی،ئابووری وكۆمەڵایەتیماندا ڕەنگی داوەتەوە .بەرژەوەندی خوازی تۆخ ،درۆوفێل كردن ،فریودان ،ساختەكاری وچەواشەكردن،هەڕشە وبەكارهێنانی زۆر وتەوندوتیژی ، ستەمكردن بۆ گەیشتن بە ئامانجی تاكخوازانە  نە تەنیا لە ئاست تاكەكان بەڵكۆ لەئاستی دەوڵەتانیشدا بووەتە كردارێكی ڕۆژانە وباو .

ئەم بیركردنەوە وكردارە مرۆڤی تا ئاست بوونەوەرێكی دڕندە دابەزاندووە وخەریكە لە ئەشرەفی مەخلوقاتەوەدەیكات بە ئەسخەفی (پیسترین)مەخلوقات .

ڕۆحی تاكگەرایی سەرمایەداری كۆمەڵگەی كردووەتە ملەیەكی پڕ لەدز و ڕێگر، كردوویەتی بە ژینگەیەكی پڕ لە درۆ ویەكتر فریودان .هەر كەسە دەبێ توند وتۆڵ كڵاوی خۆی بگرێت تا بای زۆر وستەم وفێل ودرۆ نەیڕفێنێت.دەبێ ئاگای لە گریفانی خۆی بێت داینەتەكێنن . ئەگەر مرۆڤ بیهەوێت نەدۆڕێت دەبێ بە فێڵ و هەڕەشە وچاوسووركردنەوە بەرانبەرەكەی ببەزێنێت . بیهەوێ نەمرێ دەبێ بكوژێت .

ئایا كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەتوانێت ئەم كەلاكە بۆگەنیوە لە ژینگە وژیانی خۆی دوور بخاتەوە یان نا ؟داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە . ڕزگار بوونی گۆی زەوی بەگشتی وژینگەی مرۆڤەكان بە تایبەت بەستراوە بە وەڵامی ئەم پرسیارەوە ؟ ئایا كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەتوانێت ئەم كەلاكە بۆگەنیوە لە ژینگە وژیانی خۆی دوور بخاتەوە یان نا ؟

جگە لەو ئایا ئێمە بۆ خۆمان بە كرداری خۆمان كەوتینەتە كام بەرە ئەوەی دەیهەوێت بۆ گەنیوەكە دووربخاتەوە یان ئەو كەسەی بە كردەوەی خۆی ژینگە وژیان بۆ گەنیوتر دەكات ؟

وتاری نووسەران