
ستار ئەحمەد
مێژووی هاوچەرخ وەک ئاوێنەیەکی شکاو وایە ،کە هەر کەسە و بەپێی بەرژەوەندیی خۆی پارچەیەکی هەڵگرتووە و وێنەیەکی پێ دەسازێنێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستی پاشخانی ڕووداوەکانەوە نییە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، نووسینەوەی مێژوو لە دەستی لێکۆڵەرە بێلایەنەکان دەرهێنراوە و خراوەتە ناو کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی درۆ و پینەکردنی ئەو کێماسییە ئاکاریی و ڕامیارییانەی، کە ڕابردووی ئێمەیان شێواندووە. کاتێک سەیری دواڕۆژی مێژووی هاوچەرخ دەکەین، دەبینین ، مەترسییەکە تەنها لە بیرچوونەوەی ڕووداوەکاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە هەڵبەستراوەکان بە بەرگێکی زانستی و پیرۆزەوە دەکەنە جێگرەوەی ڕاستی. ئەو مێژووەی کە نەوەکانی داهاتوو دەبێت بیخوێننەوە، خەریکە لە ژوورە تاریکەکانی دەسەڵاتدا و بەپێی پێویستیی ڕۆژ دادەڕێژرێتەوە، بە جۆرێک ، تاوانبار دەکرێتە فریادڕەس و مرۆڤە سادە و قوربانییەکانیش لە پەراوێزی پەڕاوەکاندا بۆ هەتاهەتایە ون دەکرێن.
ئەم پینەو پەڕۆکردنەی مێژوو کە ئەمڕۆ دەیبینین، تەنها هەڵەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو پیلانێکی داڕێژراوە بۆ سڕینەوەی ناسنامە و ئەقڵی ڕەخنەگر. کاتێک مێژوونووس دەبێتە دەرباری دەسەڵات یان کۆیلەی بیروباوەڕێکی دیاریکراو، چیتر خامەکەی ڕاستی نانووسێتەوە، بەڵکو خەریکی ڕازاندنەوەی ئەو برینە قووڵانەیە، کە بە جەستەی ڕاستییەوەن. دواڕۆژی مێژوو لەم ناوچەیەی ئێمەدا، پڕە لە ململانێی خوێناوی و کێبڕکێی ئایینی و نەتەوەیی، بەرەو هەڵدێرێک دەچێت، کە تێیدا ڕاستی دەبێتە قوربانیی یەکەم. ئەو دەقانەی کە گوایە مێژووی ئێمەن، پڕکراون لەو گێڕانەوە نادروست و هەڵبەستراوانەی ، تەنها مەبەستیان پاراستنی وێنەی پیرۆزی هەندێک کەسایەتییە، ئەگەر بە چاوی گومان و وردبینییەوە سەیریان بکەین، دەبینین چۆن مێژوویەکی ڕەشیان لە پشتەوەیە. ئەم پەردەپۆشکردنە وایکردووە، کە نەوەی ئێستا و داهاتوو لە ناو بازنەیەکی داخراودا بژین و نەتوانن لە هەڵەکانی ڕابردوو فێر بن، چونکە ڕابردوویەک، کە پێیان دەفرۆشرێتەوە، ڕابردوویەکی دەستکاریکراو و پاککراوەیە لە هەموو ئەو ڕاستییانەی، کە لە بەرژەوەندیی گەورەکاندا نین.
ئەمڕۆ مێژوونووسانی دەربار کارێکیان کردووە ،کە چیتر متمانە بە هیچ دەقێکی نووسراو نەمێنێت؛ ئەوان بە جۆرێک ڕابردوو دەنووسنەوە ،تێیدا هەموو شکستەکان دەبنە سەرکەوتن و هەموو ناپاکیەکان دەبنە پاڵەوانێتی. دواڕۆژی مێژووی هاوچەرخ ڕووبەڕووی جەنگێکی تاقەت پڕوکێن دەبێتەوە لە نێوان بەڵگەی زیندوو و چیرۆکی هەڵبەستراو. لە کاتێکدا ..کە دەبوو زانستی مێژوو بەرەو ڕوونیی زیاتر بڕوات، دەبینین خەریکە بەرەو تاریکییەکی چڕتر دەچێت، چونکە ئەو هێزانەی بەرژەوەندییان لە شاردنەوەی ڕاستیدایە، توانایەکی زەبەلاحیان بۆ کڕینی ویژدانی نووسەران و مێژوونووسان تەرخان کردووە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژنامە و ناوەندەکاندا وەک مێژوو دەخرێنە ڕوو، زۆرجار تەنها دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵبەستراوە کۆنانەیە، کە بە زمانێکی نوێ ڕازێنراونەتەوە. مێژوویەکی ئاوا، کە نەوێرێت پەنجە بخاتە سەر برینەکان و نەوێرێت باس لە لایەنە تارییکەکانی کەسایەتییە پیرۆزکراوەکان بکات، تەنها بارێکی گرانە بەسەر شانی ئەقڵی مرۆڤەوە.
تارماییەکانی داهاتوو لە ناو جەرگەی ئەو درۆیانەوە سەر هەڵدەدەن ،ئەمڕۆ وەک ڕاستی بە نەوەی نوێ دەفرۆشرێنەوە. کاتێک دەبینین مێژوو لە ناوەندە فێرکارییەکاندا تەنها وەک ئامرازێک بۆ شۆردنەوەی مێشک بەکاردێت، دەبێت بزانین کە دواڕۆژمان تەنها دووبارەبوونەوەی تارییکییەکان دەبێت. مێژوو کاتێک دەبێتە زانست ،بتوانێت ڕووبەڕووی لایەنە تارییکەکانی خۆی ببێتەوە، نەک ئەوەی هەرچی ناپاکی و خوێنڕشتن هەیە لە پشت پەردەی پیرۆزیدا بیشارێتەوە. ئەو تارماییانەی، ئەمڕۆ باڵیان بەسەر مێژووی هاوچەرخدا کێشاوە، نایەڵن مرۆڤی ئەم ناوچەیە بگاتە ئاستی تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە لەو قەیرانانەی ،کە تێیدا دەژی. ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی زمانی و هزری هەیە، کە چیتر ڕێگە نەدات وشەکان بۆ شاردنەوەی تاوانە مێژووییەکان بەکاربهێنرێن، بەڵکو وشە ببێتە ڕووناکییەک بۆ دەرخستنی هەموو ئەو پەڵە ڕەشانەی کە مێژوونووسە ترسنۆکەکان نەیانوێراوە بینووسن.
ئەم جۆرە لە مێژوو نووسینەوە، کە تەنها لە خزمەتی پیرۆزکردنی مرۆڤدایە و دەیەوێت هەموو کەموکوڕییەکان ، وەک فەزیڵەت نیشان بدات، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ویژدانی زیندووی هەر گەلێک. کاتێک دەبینین مێژوو نووسراوەتەوە تا تەنها دەنگی یەک لایەن و یەک ڕەنگ ببیسترێت، دەبێت بزانین کە ئەو مێژووە تەنها چیرۆکێکی هەڵبەستراوە و هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە. دواڕۆژی مێژووی هاوچەرخ پێویستی بەوەیە، کە لە لایەن ئەو کەسانەوە بنووسرێتەوە کە نەتۆقێن لەوەی ناوی شتەکان وەک خۆیان ببەن. ئەگەر تاوانبار بە ناوی تاوانبارەوە نەناسرێت و ئەگەر تاوانکار وەک پاڵەوان بناسرێت، ئەوا هیچ هیوایەک بۆ داهاتوویەکی ڕوون نامێنێتەوە.
لە کایەی مێژوودا، بێدەنگی بەرانبەر بە ڕاستی جۆرێکە لە بەشداری لە تاواندا. کاتێک مێژوونووس دەبێتە ئامرازێکی شاردنەوەی ڕاستی، چیتر ئەو پەڕاوانە نابنە جێگەی متمانە، بەڵکو دەبنە پەرژینێک بۆ پاراستنی تاوانباران. دواڕۆژی مێژوو ئەگەر نەتوانێت ڕابردوو وەک خۆی بخوێنێتەوە، ئەوا نەک هەر داهاتوو وێران دەکات، بەڵکو هەموو ئەو بەهایانەش لە ناو دەبات کە کۆمەڵگەیان لەسەر بونیاد نراوە. ئێمە پێویستمان بە مێژوویەک هەیە، کە ئازایەتیی ئەوەی هەبێت بڵێت پاشاکان ڕووتن، و پیرۆزییەکان زۆرجار تەنها پەردەیەک بوون بۆ شاردنەوەی تاوانە گەورەکان. هەر نەتەوەیەک نەوێرێت ڕووبەڕووی لایەنە تارییکەکانی مێژووی خۆی ببێتەوە، حوکم دراوە بەوەی کە هەڵەکان دووبارە بکاتەوە. ئەم پینەو پەڕۆکردنەی مێژوو کە ئەمڕۆ بۆتە کار و پیشەی مێژوونووسە دەربارەکان، تەنها بۆ ئەوەیە کە ئەقڵی ئێمە لە ناو بازنەیەکی داخراودا بهێڵنەوە. داهاتوو تەنها کاتێک ڕوون دەبێت کە بتوانین بێترس بڵێین: ئەمە هەڵە بووە، ئەمە تاوان بووە، و ئەمەش درۆیەکی پیرۆزکراو بووە. بەبێ ئەم بوێرییە، مێژوو تەنها دەبێتە بارێکی گران و تارماییەکی تارییک کە بۆ هەمیشە باڵ بەسەر ژیانماندا دەکێشێت.
مێژووی هاوچەرخ چیتر گەڕان نییە بەدوای ڕاستیدا، بەڵکو بووەتە کێبڕکێیەک بۆ سڕینەوەی ئەو ڕاستییانەی کە لەگەڵ بەرژەوەندیی هێزەکاندا ناگونجێن. کاتێک دەقە مێژووییەکان تەنها بۆ پیاهەڵدان و شاردنەوەی کەموکوڕییەکان بەکاردێن، زانست دەمرێت و جێگەکەی بۆ وەهم چۆڵ دەکات. دواڕۆژی ئەم مێژووە تارماییەکی ترسناکە، چونکە نەوەیەک پەروەردە دەکات، کە هیچ کەرەستەیەکی نییە بۆ ڕەخنەگرتن و تەنها دەزانێت کۆیلایەتی بۆ ئەو چیرۆکە ساختانە بکات کە لە پەرتووکەکاندا بۆیان نوسراوەتەوە. ئێمە لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژووییداین؛ یان دەبێت ڕاستییەکان وەک خۆیان و بێ پینەکردن تۆمار بکەین، یان دەبێت چاوەڕێی داهاتوویەک بین کە تێیدا درۆ دەبێتە بنەمای ژیان. مێژوو ئەو کاتە شکۆدار دەبێت کە نەوێرێت ڕاستییەک بشارێتەوە لەبەر ترسی هیچ کەس و پیرۆزییەک.
لە کۆتاییدا، ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی ئەو کەسانەی کە هێشتا باوەڕیان بە هێزی وشە و ڕاستی ماوە. پێویستە مێژووی هاوچەرخ لە ژێر دەستی ئەوانە دەربهێنرێت کە بۆ مەرامی سیاسی و ئایینی بەکاری دەهێنن. دەبێت بوێریی ئەوەمان هەبێت کە بڵێین مێژوو چیتر تەنها گێڕانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو دروستکردنی داهاتووە؛ ئەگەر داهاتوومان لەسەر بنچینەیەکی داڕزیو لە درۆ و هەڵبەستراوەکان بونیاد بنێین، ئەوا بێگومان ئەو بناغەیە هەرەس دەهێنێت و هەموومان دەخاتە ژێر داروپەردووی خۆیەوە. تەنها ڕاستی دەتوانێت مرۆڤ ئازاد بکات، و تەنها مێژوویەکی بێپینە دەتوانێت نەتەوەیەک بەرەو کەناری ئارامی و پێشکەوتن بەرێت. دواڕۆژی مێژوو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ویژدانی هەموو ئەو کەسانەی ،کە دەنووسن، و تەنها ئەوانە دەمێننەوە کە نەیانهێشتووە ڕاستی لە پێناو بەرژەوەندیی کاتی و پیرۆزییە ساختەکاندا سەر ببڕدرێت. مێژوو کاتێک دەبێتە شکۆمەندی کە ڕاستگۆ بێت، و ڕاستگۆیی لە مێژوودا واتە بوێریی ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو درۆیانەی کە ساڵانێکی درێژە وەک ڕاستی ڕەها پێمان فرۆشراونەتەوە. دواڕۆژی مێژوو تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە خاوەنی ویژدان و خامەی ئازادن، و تەنها ئەوانە لەم تاقیکردنەوەیەدا سەردەکەون، کە نەیانهێشتووە ڕاستی لە ناو بازاڕی پینەکەراندا سەر ببڕدرێت.