سەدیق سەعید ڕواندزی

خەریكە كردەی تاوانكردن لە هەرێمی كوردستاندا، بە داخەوە دەبێتە دیاردەیەكی ڕۆژانە و هیچ ڕۆژێك لە ژیانی ئێمە دەست پێ ناكات، كە تیایدا گوێبیستی هەواڵێكی دڵتەزێن، خوێن ڕشتن و كوشتن و خۆكوشتنێك نەبین. تا ئەو ڕادەیەی ئەم كارانە، بوونەتە شتێكی ڕۆتینی و ڕۆژانەیی زۆر سادە . بێگومان بەردەوامی ئەو حاڵەتانە، مەترسییەكی گەورە و ڕاستەقینەیە، بۆ سەر ئارامی كۆمەڵایەتی و دەروونی تاكەكان و شیرازەی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و خێزانی كۆمەڵگە لە بەریەك هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەگەر ڕێگریان لێ نەكرێت و سنوورێكیان بۆ دانەنرێت. ڕاستە تاوان و تاونكردن، بەشێكن لە سیمای كۆمەڵایەتییانەی ژیانی مرۆڤەكان و لە هەموو شوێنێكی دنیادا بوونییان هەیە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە دەگوزەرێت، بە داخەوە خەریكە وەك مۆد و نەریتێكی پەیڕەوكراوی كۆمەڵایەتییانەی لێ دێت و هەر كەسێك گرفت و كێشەیەكی هەبوو، ئەوا كوشتن و یەكلاییكردنەوە بە چەك، بە تاكە ڕێگەی چارەسەری كێشەكان دەزانێت. ناكرێت لە هەرێمێكدا، كە زۆرترین بودجەی تەرخانكراوی بۆ هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و ناوخۆیە، تاوانكردن هێندە زۆر و ئاسان بێت، بەڵكو دەبێ بە توندتركردنی سزا، چاودێریی و بە دواداچوونی زۆرتری هێزە تەنهاییەكان و پلان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانباران، هەوڵی كەمكردنەوەی تاوانكردن بە هەموو جۆرەكانییەوە بدرێت. یەكێك لەو هۆكارانەی بۆتە پاڵنەری بەرزی ڕێژەی كوشتن لە نێو ئێمەدا، بە داخەوە نەبوونی سزایەكی توندی بكوژەكانە. یاسایەكی فیزیكییانەی ژیان هەیە، كە هەمیشە كاردانەوە لە كار خێراتر و توندترە. لە بەشێكی زۆری وڵاتانی دنیا، كە هەزاران جار لەو هەرێمەی ئێمە دیموكراسیتر، پێشكەوتووتر، مەدەنیتر و مرۆییترن، سزای لە سێدارەدان پەیڕە و دەكرێت، تۆ بڵێی ئێمە لەوان تێگەیشتووتر و پێشكەوتووتر بین؟ چۆن دەبێ بكوژێك لە یەك كاتدا، پێنچ ئەندامی خێزانێك بكوژێت، بەڵام دادگا كە بە یاسا ئەو ماف و دەسەڵاتەی پێدراوە، سزای تاوانبارێك بە لە سێدارەدان دەربكات ، كە چی دەسەڵاتی جێبەجێكردن سڵ لە سێدارەدانی تاوانباران بكاتەوە؟ زۆرجار مرۆڤ، ئەو بوێریی و ڕقەی نییە، كە بە یەك جار چەندین ئاژەڵ سەرببڕێت، كەچی بە داخەوە لە هەرێمی كوردستاندا مرۆڤی وا هەیە، لە سەر قسەیەك، بستێك زەویی، ترافیك و تیژڕەویەك، هەڵكردنی لایتی ئوتومبێلێك، بە كۆمەڵ خەڵك دەكوژێت. مەگەر سزادانی ئەو كەسانە، بە زیندانیكردن و دواتریش ئازادكردنییان لە ڕێگەی لێبوردنێك، یاخود بەخشینی خوێن و پارە لە بەرانبەر تاوانەكە و سولحی عەشائیری، خۆی لە خۆیدا نابێتە هۆكاری زیاتری تاوانكردن و تاوانباران؟ سزا هەر بۆ ئەوە نییە، تاوانبارێك لە پاڵ ئەو تاوانەی كردوویەتی، ئازارێكی ڕوحی و دەروونی بچێژێت و چەند ساڵێك لە زیندان بەرێتە سەر، بەڵكو دیوێكی دیكەی بۆ ئەوەیە، كە ببێتە وانەیەك بۆ ئەوانیتر، تا هەمان هەڵە دووبارە نەكەنەوە. سزادان هەر تەنها بۆ تۆڵەكردنەوە نییە، بەڵكو بۆ ڕاهێنانەوەی تاوانبارە بۆ نێو كۆمەلگە و كردنەوەی بە مرۆڤێكی نۆڕماڵە، بەڵام كاتێ هیچ لە مانە شوێنی خۆیان ناگرن، یاخود هوشیاریی یاسایی و كۆمەڵایەتی و كەسی مرۆڤەكان لەو ئاستەدا نییە، سڵ لە تاوانكردن بكەنەوە، بێگومان دەبێ بە یاسای توندتر ڕووبەڕووی ئەم واقیعە ببینەوە. ئەوانەی بڕوایان وایە، ناكرێ سزای لە سێدارەدان بوونی هەبێت، چونكە سزایەكی توندەو دژ بە مافەكانی مرۆڤە، ئەوا دەبێ لەو ڕاستییە بە ئاگابن كە سزای توند، بەرمەبنای تاوانی گەورە و قوڕسە، ئایا كەسێك دزی بكات، بە نموونە بە ماددەی چوارسەد و شەش سزا دەدرێت؟ بە داخەوە ساڵانێكە لە نێو ئێمەدا لە پەراوێزی دروشمە بێ كردارەكانی ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و جێبەجێنەكردنی سزای لە سێدارەدان، لە نەبوونی ئەو سزایە توندەدا، تاوان وتاوانكردن یەكجار تەشەنەیان كردووە و بكوژەكان تەنها چەند ساڵێك دەگیرێن دواتر وەك ئاماژەمان پێدا ئازاد دەكرێن. بۆ هەر تاوانێك سزایەك هەیە، چەند تاوان گەورە و قوڕستر بێت، سزا توندترە، بۆیە بە بڕوای من، ناكرێت كەسێك هێندە دڕندە و دڵڕەق بێت لە سەر بستێك پووش و پەڵاش پێنج كەس بكوژێت، كەچی سزاكەی هەر ئەوە بێت، دوو سێ ساڵ لە زیندان بەرێتە سەر و دواتریش ئازاد بكرێت، بە پێچەوانەوە، ئەم جۆرە بكوژانە، ڤایرۆسێكی كوشندەی نێو كۆمەڵگەن و دەبێ سزا بدرێن، چونكە تاوانبارێك سڵ لە كوشتنی پێنچ كەس بە یەك چركە نەكاتەوە، بێگومان تاوانكردنی لا دەبێتە ئاو خواردنەوە، بۆیە ئێمە پێویستیمان بە سزایەكی توند هەیە، وەك ئەوەی بۆ هەر تاوانێك سزایەك دیاری كراوە، بە پێی جۆرو  قەبارەی تاوانەكە. بگرە خوداش دەڵێت ئەگەر كەسێك كەسێكی دیكە بە بێ تاوان بكوژێت، ئەوا دەبێ ئەو كەسە بكوژرێتەوە.

وتاری نووسەران