هۆکارەکانی توندوتیژی لە لایەن مامۆستایانەوە

رێواس بانیخێڵانی

بەشی سێیەم

بەکارهێنانی توندوتیژی لەسیستەمی پەروەردەدا لەلایەن مامۆستاوە، پرسێکی گرنگی هەنووکەییە و لەلایەن کەسانی پسپۆڕی بواری پەروەردە، دەروونناسی و کۆمەڵناسی گفتوگۆیەکی زۆری لەسەرە. هەرچەند لە نزیکەی ١٣٥ وڵاتی جیهاندا ئەم توندوتیژییە قەدەغەکراوە، بەڵام لە وڵاتانی تردا ڕێگەپێدراوە، تەنانەت لەو وڵاتانەشی کە بە یاسا قەدەغەکراوە، بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەم یاسایانە لە پرۆسەی پەروەردەدا بەشێوەیەکی پێویست نابینرێت. کە دەڵێين توندوتیژی تەنیا مەبەستمان لێدانی جەستەیی نییە، بەڵکو سووکایەتیکردن، شکاندنەوە، بەکەم تەماشاکردنی قوتابی، بەراوردکردنی قوتابیان و دروستکردنی ڕیزبەندی زیرەکی و تەمەڵ، ڕەگەز، ئایين و چینایەتی. ئەمانە هەموو دەچنە لیستی توندوتیژی دەروونی. لەوانەشە زۆرمان وەک مامۆستا یەکێ لەم شێوازانە بەکاربهێنین بەبێ ئەوەی هەست بکەین مامۆستایەکی توندوتیژین. دیارە ئەم هەڵسوکەوتە نامرۆییانە هۆکاری تایبەتی خۆیان هەیە و لە ئەزەلەوە لە ڕەفتارەکانماندا ڕەنگنادەنەوە. لێرەوە دەمەوێت بەپێی ئەزموونی خۆم باس لە هەندێ لەو هۆکارانە بکەم.

١. کەمی ڕاهێنان و ئامادەکردن

مامۆستایان هەندێک جار ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەڕێوەبردنی پۆل و کەمئەزموونی دەبنەوە بەبێ ئەوەی ڕاهێنانی تەواویان پێدرابێت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەفتاری قوتابیيان. ئەمەش وادەکات پەناببەنە بەر ڕێگاچارەی خێرا وەک توندوتیژی و سزادان. ئەو مامۆستایانەی ڕاهێنانی زیاتریان هەیە لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی پۆل بەشێوەیەکی ئەرێنی، کەمتر پەنادەبەنە بەر توندوتیژی.

٢. گوشاری کار و بارگرانی

مامۆستایان ڕووبەڕووی گوشاری زۆر دەبنەوە، وەک: بەڕێوەبردنی پرۆگرامی خوێندنی قورس و کەمی کات بۆ تەواوکردنی مەنهەج، زۆر جار مامۆستا هەستدەکات کاتی نییە بۆ گفتوگۆیەکی دیموکراسییانە، بۆیە پەنادەباتە بەر سەرکوتکردن و شکانەوە، بەمەبەستی بێدەنگکردنی قوتابی، بێ ئەوەی بیر لە دەرئەنجامەکانی بکاتەوە. مامۆستا ئامادەکردنی باشی وانەکان ناکات و بیر لەپلانی کات و پێداویستی تاکەکان ناکاتەوە، لەهەمان کاتدا فریای هەڵسەنگاندنی کارەکانی قوتابییان ناکەوێت. ئاستی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی نمرەی بەرز لەلایەن قوتابییان دەبێتە ئامانجی کاری مامۆستا، کە ئەم ئامانجەی نایەتەدی، گوشارێکی دەروونی دەکەوێتە سەر. هەروا زۆر جار هەندی کاری تری کارگێڕی، ئامادەکردنی بەڵگە و تۆمارەکان و چاودێری چالاکی دەرەوەی پۆل، باری سەرشانی مامۆستا زیاددەکات و تووشی جۆرە سترێسێکی دەکات.

ئەم گوشارانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی سەبر و ئارامی، کە دەتوانێت ببێتە هۆی پەنابردن بۆ توندوتیژی لەکاتی هەڵچووندا.

٣. ژمارەی زۆری قوتابی لە پۆلدا

پۆلی قەرەباڵغ لە ٣٠-٤٠ یان زیاتر قوتاب ی(هەرچەندە لە قوتابخانە ناحکومییەکاندا ژمارەی قوتابییان کەمترە)، بەڕێوەبردنی پۆل ئاڵۆزتر دەکات. مامۆستا ناتوانێت گرنگی تاکەکەسی بدات بە هەموو قوتابییان و زەحمەتە بۆی چاودێری هەموو کێشەکان بکات. زۆر جاریش ڕووبەری پۆلەکان لە چاو ژمارەی قوتابییان زۆر کەمە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی پەنابردن بۆ توندوتیژی وەک ڕێگایەک بۆ "کۆنترۆڵکردنی پۆل".

٤. کەلتووری بۆماوەیی توندوتیژی

لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەنددا، توندوتیژی وەک بەشێکی ئاسایی پەروەردە چاوی لێدەکرێت. ئەو مامۆستایانەی خۆیان لە ژینگەیەکدا گەورەبوون کە توندوتیژی بەشێک بووە لە پەروەردەکردنیاندا، ڕەنگە بەشێوەیەکی ناهۆشیارانە هەمان ڕەفتار دووبارە بکەنەوە. وتەی نەریتی وەک "دار لە بەهەشتەوە هاتووە" یان "لێدان بۆ فێرکردنە" یان "گۆشتەکەی بۆ تۆ و ئێسقانەکەی بۆ من"، ئەم کەلتوورە بەهێز دەکەن.

٥. کەمی سەرچاوەکان بۆ یارمەتیدانی قوتابییانی تایبەت

قوتابییانی خاوەن پێداویستی تایبەت یان ئەوانەی کێشەی فێربوون یان ڕەفتاریان هەیە، پێویستیان بە گرنگیدانی زیاترە. کەمی ڕاوێژکار، دەروونناس و یارمەتیدەری پەروەردەیی لە قوتابخانەکاندا وادەکات کە بارگرانی زیاتر بکەوێتە سەر مامۆستایان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قوتابییانە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی پەنابردن بۆ توندوتیژی.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی توندوتیژی لەسەر قوتابییاندا

١. کاریگەری سایکۆلۆژی و هەستیاری

  • کەمبوونەوەی بەهای خود: قوتابی باوەڕدەکات کە بێ نرخە و شایانی ڕێز نییە.
  • لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون: گومان لە توانای خۆی دەکات و ناوێرێت بیروڕای خۆی دەرببڕێت.
  • هەستکردن بە شەرمەزاری: بەردەوام هەست بە شەرمەزاری دەکات لە بەردەم هاوڕێ و خێزاندا.
  • گەشەکردنی ترس و دڵەڕاوکێ: ترس لە قوتابخانە، ترس لە هەڵەکردن، ترس لە دەربڕینی بیروڕادا.
  • خەمۆکی و خەفەت: گەشەکردنی خەمۆکی، بێ هیوایی و هەستی نەگونجان.
  • ئەزموونی سترێس بەردەوام:  دەرکردنی هۆرمۆنی سترێس وەک کۆرتیزۆل بە بەردەوامی.
  • خەوزڕان و خەوی ناخۆش:  کێشە لە خەوتن و بینینی خەونی ناخۆشدا.
  • هەستی بێهێزی:  باوەڕکردن بەوەی کە ناتوانێت کۆنترۆڵی ژیانی خۆی بکات.

٢. کاریگەری لەسەر فێربوون و پەرەسەندنی زانستیدا

  • کەمبوونەوەی توانای چڕبوونەوە : ناتوانێت سەرنج بداتە خوێندن بەهۆی بیرکردنەوە لە ترس.
  • لاوازبوونی پرۆسەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە: مێشک لە دۆخی "بەرگری"دایە نەک فێربوون.
  • کەمبوونەوەی داهێنان: ناوێرێت شتی نوێ تاقیبکاتەوە لە ترسی سزادان.
  • کەمبوونەوەی حەزی فێربوون:  دەبێتە هۆی دووری لە خوێندن و نەفرەت لە بابەتەکان.
  • زیادبوونی ئەگەری دەستبەرداربوون لە خوێندن:  ڕێژەی تەرککردنی خوێندن زیاد دەکات.
  • کەمبوونەوەی ئەنجامی ئەکادیمی : نمرەی کەمتر و ئاستی نزمتر لە تاقیکردنەوەکاندا.
  • لاوازبوونی یادەوەری:  کارکردنی مێشک و توانای یادەوەری کەمدەبێتەوە لە ژێر سترێسدا.
  • لەدەستدانی حەزی فێربوونی قووڵ: فێربوون تەنها بۆ تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەکان دەبێت.

٣. کاریگەری کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکان

  • گەشەکردنی ڕەفتاری دوژمنکارانە: وەرگرتنی توندوتیژی وەک مۆدێلێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
  • کێشە لە متمانەکردن بە کەسانی دەسەڵاتدار:  متمانە بە مامۆستا و گەورەکان لەدەستدەدات.
  • کێشە لە دروستکردنی پەیوەندی دروست نەبوونی کارامەیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیکردن.
  • خۆدوورگرتن لە کۆمەڵ و گۆشەگیری : خۆدوورخستنەوە لە چالاکی و پەیوەنديی کۆمەڵایەتی.
  • گەشەکردنی ڕەفتاری قوربانی یان زۆردار:  لەوانەیە ببێتە قوربانی یان زۆردار لە داهاتوودا.
  • دابەزینی ئاستی هاوسۆزی:  کەمبوونەوەی توانای تێگەیشتن و هەستکردن بە هەستی کەسانی تر.
  • گۆڕانکاری لە بەهاکاندا:  قبووڵکردنی توندوتیژی وەک شتێکی ئاسایی لە ژیاندا.

٤. کاریگەری فیزیکی و جەستەیی

  • سیستەمی بەرگری لەش لاواز دەبێت:  لە ئەنجامی سترێسی بەردەوامدا.
  • سەرئێشە و ئێشی جەستەیی: ئازاری جەستەیی پەیوەندیدار بە سترێس.
  • گۆڕانکاری لە خواردندا: کەمخواردن یان زۆرخواردن وەک میکانیزمی بەرگری.
  • کێشە لە گەشەی جەستەییدا: کاریگەری سترێس لەسەر هۆرمۆنەکانی گەشەدا.
  • کێشە لە گەشەی مێشکدا: گۆڕانکاری لە پێکهاتەی مێشکدا بەهۆی سترێسی بەردەوام.

٥. کاریگەری درێژخایەن لە تەمەنی گەورەییدا.

  • کێشە لە پەیوەندییەکانی داهاتوودا : دووبارەکردنەوەی نموونەی پەیوەندی ناتەندروست.
  • مەترسی زیاتر بۆ تووشبوون بە کێشەی دەروونی:  خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، PTSD لە تەمەنی گەورەییدا.
  • کاریگەری نەگەتیڤ لەسەر پیشە و کاردا: کێشە لە جێگیربوون لە کار و پێشکەوتندا.
  • بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئەلکهول: وەک ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لە ئازاری دەروونی.
  • مەیلی خۆکوشتن: زیادبوونی مەترسی بیرکردنەوە و هەوڵی خۆکوشتن.
  • بازنەی توندوتیژی:  دووبارەکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر منداڵانی خۆیان لە داهاتوودا.
  • کەمبوونەوەی توانای خۆگونجاندن: کێشە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی ژیاندا.
  • کێشەی تەندروستی درێژخایەن: نەخۆشی دڵ، فشاری خوێن، شەکرە و نەخۆشی دیکە.

 

 

وتاری نووسەران