هێرش مەغدید باشە

 

لە كەشێكی سارد و سڕ و، لەوكاتی پایيز دواڕۆژەكانی تەمەنی خۆی بەڕێدەكرد، لە رێككەوتی 30/11/2024 لەگەڵ هەردوو هاوڕێی بەڕێز حسێن ئاڵەیی و هێمن نوری لەهەولێری پایتەختی وڵاتەوە  بەرەو پەكینی پایتەختی چینی میللی بەرێكەوتین، سوپاس بۆ هاوڕێیانی حزب كە ئەم هەلەیان بۆ ڕەخساندین. دیارە ئامانج لەم سەفەرەش بەشداریكردنمان بوو لە خولێكی راهێنان بەناونیشانی (الدورة الثانیة التدریبیة حول تنفیذ مبادرة التنمیة العالمیة بین الصین والدول العربیة) كە لەلایەن خودی وڵاتی چین رێكخرابوو .

ئێمە هەرسێكمان بە بیروباوەرێكی چەپ و لەهەمان كاتدا  بە لۆگۆ و ئاڵای كوردستانەوە شانبەشانی نوێنەری وڵاتانی عەرەبی لەسەرجەم چالاكییەكانی ئەم خولەدا بەشداریمانكرد. هەر لەم خولەدا كە ماوەی (23) رۆژی خایاند، ئێمە بەوردی و بەرپرسیارانە تێڕوانین و سەرنج و پرسیاری خۆمان سەبارەت بە دۆزی ڕەوای كورد و داهاتووی سیاسی  ناوچەكە و پەیوەندی  وڵاتی چین لەگەڵ نەتەوەی كورد و گۆڕانكارییەكان بەگشتی راشكاوانە لەچەندین وێستگە و دانیشتنی جیاجیای ئەم خولەدا خستەڕوو.

هەر لە میانەی چالاكییەكانی  خولەكەدا كە رۆژانە تیایدا دوو بابەت پێشكەش دەكران، بەیانی و ئێواران، ئێمە بەوردی كاتەكانی رۆژانەمان لە خولەكان بەسەردەبرد و بەوردی گوێمان دەگرت، هەڵوەستە و تێڕامانمان دەكرد و لە سەردانە مەیدانییەكانیشدا سەرگەرمانە بەشداردەبووین، شەوانیش كات و دەرفەتم لەخۆم دەدزیيەوە و خەریكی نووسینی نامەی ماستەرەكەم دەبووم كە ئەویش یەكێك بوو لە خەمەكانم.

لەم خولەدا تێڕوانین و گەشەسەندن و ئەزموونی سەركەوتنی بەردەوامی دەوڵەتی چینمان لەزاری شارەزا و پسپۆر و مامۆستایانی ئەكادیمی گوێبیست دەبوو، هەڵبەت خولەكە لەناو ئەكادیمیای ناوەندی حزبی شیوعی چینی بەڕێوەدەچوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەردانی مەیدانیشمان بۆ ئەو شوێنانە دەكرد، كە لەلای چینیيەكان جێگای شانازی بوون. دەبێت ئەوەش بڵێم بەهۆی ئەو سەركەوتنە گەورانەی لەبواری پیشەسازی و گەشەسەندنی بەردەوامی دەوڵەتی چینیدا بەدەستیانهێناوە، ورد ورد سەرنجم دەدا، دەورێشانە لە بابەتەكانم دەڕوانی، بەڵام ئەوەی دەمبینی لەلام دەبووە مایەی هەڵوەستە لەسەركردن و سەرسامییەكی زۆر، چۆن دەوڵەتێكی گەورەی وەك چین كە ژمارەی دانیشتووانی لە ئێستادا ملیارێك و چوارسەد و بیست و پێنج ملیۆن كەسە، چۆن توانیویەتی بەمشێوەیە لەسەرپێی خۆی بوەستێت و سەردەمیيانە دەرفەتی كار و سەرجەم كایە و بوارەكانیتری ژیان بۆ هەر تاكێكی چینی دابینبكات؟!!

بێگومان ئەو سەركەوتنەش بەشێكی زۆری بۆ تایبەتمەندی گەلانی چین و بۆ ئەو فەلسەفە ماركسی و چەپگەرایە دەگەڕێتەوە، كە ئەم وڵاتە كردوویەتی بەپایەكانی حوكمڕانی خۆی و هەروەها كە بەتایبەتمەندی چینی لەلایەن حزبی شیوعی چینی و بەسەرۆكایەتی ڕێبەر و سەركردەكانی خۆی ئەنجامدراوە.

بێگومان ئەو شێوازە حوكمڕانيیەی وڵاتی چین ئەنجامیداوە و دەيدات، نموونەیەكی گەورەی حكومڕانی فەلسەفەی شیوعیيەتە، كە توانیویەتی جیاوازی چینایەتی لەنێو كۆمەڵگەی چینیدا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبكاتەوە و هەژاریش سنوورداربكات .

دیارە زۆرن ئەو فاكتەرانەی كە بوونەتە مایەی  پێشكەوتنی وڵاتەكەیان، بەڵام وایدەبینم دیارترینیان، گرنگیدانە بەكەرتی پەروەردە، كە سەرەڕای مەنهەجێكی زانستی پێشكەوتوو، سیستەمێكی تۆكمەی پەروەردە، هەروەها لای چینییەكان مامۆستا رێزلێگیراوە و هەموو پێداویستیيەكانی ژیانێكی شایستەی بۆ دابینكراوە، لەبەرامبەر ئەوەشدا مامۆستا هەموو توانای خۆی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردنی قوتابیيەكانی تەرخاندەكات، لەهەر چینیيەك دەربارەی مامۆستا پرسیار بكەی، دەستیان بەسینگیانەوە دەگرت و خۆیان  بەقەرزاری ئەو توێژە دەزانی .

لەم سەردانەماندا توانیم یەكێك لە خەونەكانم بێنمەدی، كە بینینی شورای مەزنی چین بوو، كە چینیەكان شانازی گەورە بەكلتوور و شارستانیيەتی خۆیان دەكەن، ئیتر بینینی ئەو شورایە راستەوخۆ زۆر جیاوازی هەیە وەك لە وێنە سەیری بكەی، بەسەر هەر پلیكانەیەك سەردەكەوتین مێژووی مەزنی گەلی چین و هەزاران پاڵەوان و خۆبەختكاری چینیت دەهاتە پێش چاو، كە چۆن توانیویانە یەكێك لەحەوت سەرسوڕهێنەرەكانی دنیا لەسەرخاكی خۆیان بونیات بنێن، دیارە ئەم شورایە كە مێژووەكەی بۆ چەند هەزار ساڵێك دەگەڕێتەوە و درێژییەكەی بڕواپێنەكراوە.

ئیتر ئێرە چیینە و لەم وڵاتەدا هیچ شتێك مەحاڵ نییە، ئەوان توانیویانە لە چەند دەیەی رابردوودا دەشتایی و بیابانەكانیان سەوز بكەن و بیكەنە شوێنی ژیان، رێگاوبان و شەمەندەفەر و قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و تەواوی بوارەكانی ژیان بگەیەننە دوورترین شوێن.

من لێرە وەك مامۆستایەك تەنها فۆكسم خستە سەر بواری پەروەردە، ئەگینا لەبواری تەكنەلۆژیادا پێشكەوتنی گەورەیان كردووە، بەشێكی زۆری ئۆتۆمبێل و بەرهەمەكانیان كارەبایين، ئەوان جگە لەوەی دەیانەوێت بەرهەمی هاوردەكردنی نەوت كەمبكەنەوە، لەگەڵ ئەمەشدا پارێزگاری لە پاكڕاگرتنی ژینگە دەكەن و ئەو بەرهەمە تەكنەلۆژیيانەی لە ئێستادا دروستی دەكەن، دۆستی ژینگەن.

خەڵكی ئێرە بەرامبەر بە داهێنەران زۆر بەوەفان، هەركەسێك خاوەن داهێنانێك بێت رێزی گەورەی لێدەنێن و هەندێ جاریش پەیكەری بۆ دروست دەكەن، با ئەو كەسەی داهێنان دەكات بەڕەسەن چینیش نەبێت.

ماوەی چواردە رۆژ لە پەكینی پایتەخت ماینەوە، دواتر بەفڕۆكە بەرەو شاری یاخود دورگەی (شیامین) بەرێكەوتین، ئەو شارەش یەكێكە لە خۆشترین شارە گەشتیارییەكانی وڵاتی چین و ماوەی (5) رۆژیش لەوێ ماینەوە، ئیدی دیمەن و باڵەخانە و ڕێگاوبان و جوانییەكانی ئەم شارەش شایانی هەڵوەستە لەسەركردن و چەندین نووسینە. دوا وێستگەی گەشتەكەمان  ڕۆیشتن بوو بەفڕۆكە بەرەو شاری (گوانژۆ)، لەوێش ماوەی (4) رۆژ ماینەوە، هەڵبەت هەر لەو گەشتەشماندا، سەردانی چەندین شوێنی گرنگ و مێژوویی و ناوەندی جیاجیا و لەناویشیاندا چەندین ناوچەی گەشتیاریمان بەسەركردەوە، لە دوو كاتی جیاوازیشدا دوو تابلۆی خۆم پێشكەش بە رێكخەرانی خولەكە كرد، یەكێكیان ناوچەیەكی گەشتیاری كوردستان و ئەویتریان شورای مەزنی چین بوو.

لە كۆتا رۆژی خولەكەدا رێكخەرانی خولەكە مەراسیمێكی رێزلێنانیان رێكخستبوو هەر یەكێك لە بەشداربووان بڕوانامەی پێبەخشرا و ئێمەش وەك وڵاتانی تری بەشدار لە خولەكە وتارێكمان پێشكەشكرد سوپاسی رێكخەرانی خولەكەمان كرد.

ماندووبووین بەڵام بەكۆڵێ زانیاری و ئەزموونی نوێ گەڕاینەوە. نایشارمەوە من بۆخۆم واهەست دەكەم كە ڕوئیا و جیهانبینيی من لەقۆناغی  پێش ئەنجامدانی سەفەری چین و دوای سەفەری ئەم وڵاتە بەتەواوی لەیەكتری جیاوازن، هەڵبەت هەموومان دەزانین كە چین لەهەموو ڕووێكەوە سیاسی و جیۆپۆلیتكی، ئابووری و كلتوری و شارستانی، لەڕابردوو، و ئێستای مێژووی جیهاندا وڵاتێكی گرنگ و خاوەن شوێنگە و پێگەیەكی گرنگە، دیارە قسەكردن لەسەر سەرجەم لایەنە دیار و درەوشاوەكانی شارستانییەتی ئەم وڵاتە زۆر هەڵدەگرێت و نووسینی چەندین وتار و نامیلكە و كتێب دەرەقەتی نایەت، هەڵبەت ئەنجامدانی كارێكی لەم شێوەیە توانا و هیلاكی و كارێكی جددی زۆری دەوێت و ئەوەش لە توانای من بەدەرە، بەڵام من لێرەدا بەكورتی و چڕی دەڵێم، چین لەڕووی دیرۆكی  یەكێكە لەپێنج شارستانییەتەكانی مێژووی جیهان. هەڵبەت یەكێك لەو بەڵگەنامانەی ئەو وڵاتەی بردۆتە ناو مێژووی شارستانییەتی جیهانی شوراكەیەتی، لەئێستاشدا وڵاتی داهێنانە، بونیاتنانە. چین وڵاتی بیناكردنی باڵەخانەی هەوربڕ و ڕێگا و شەقامی فراوان و تونێڵی شاخ بەدەر و دورگەی دڵڕفێن و ڕووبار و دەریا و دەریاچەی جوان و هێڵی شەمەندەفەری هەزاران كیلۆمەتر و بەرزەپرد و هەزاران دیمەنی جوان و سەرنجڕاكێشە.

 لەراستیدا بەرلەوەی بچمە وڵاتی چین من بەس شورای چینم بەلاوە گرنگ بوو، بەڵام كە ڕاستەوخۆ بەجەستە چوومە ناو جوگرافیاكەی، زانیم كە چین سەرەڕای هەموو جوانی و داهێنانە مەزنەكانی، وڵاتی كار و ژیانە، بەڵێ هەستم دەكرد یەك بەیەكی خەڵكی ئەم وڵاتە كار و ژیانیان خۆشدەوێت، سەرەڕای هەموو ئەوانە، وڵاتەكەشیان وەكو گلێنەی چاوەكانیان خۆشدەوێت .

دواجار دەڵێم، لەو گەشت و سەفەرەدا وڵاتێكم بینی جیاواز لە وڵاتەكەی خۆم، میللەتێكم بینی جیاواز لە میللەتەكەی خۆم، چین سەرسامی كردم بەداهێنان و جوانییەكانی، بەڵام ڕێبازی فیكری و مێژوویی پڕ لەسەروەری بابم و باپیرم فێریان كردووم بڵێم شام شەكرە، بەڵام وڵات شیرینترە.

وتاری نووسەران