
شۆڕش و ڕاپەڕینەكەی سەربازگەی ڕەشید بەنموونە
ئەبوكاروان
جاریكی تر محەمەدی مەسعود محەمەد وەک پیشەی هەمیشەیی لەچاوپێكەوتنێكدا و بەدوور لە هەموو ئەخلاقێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی بوغز و کینەی لە مێژینەی خۆی بە حزبی شیوعی داڕشت و کەوتەوە دژایەتیکردنی ڕەوتی چەپ و پێشکەوتووخوازی و زۆر بازاڕییانە وشەی نەشیاو و نادروستی دەبەخشیەوە و لەنێوان دێڕێکدا چەند جارێک وتی (كفری گەورە شیوعی بوو . شیوعییەكان ھەیبەتی ئەفسەریان شكاند، شیوعییەكان ھەیبەتی عێراقیان شكاند .. ھتد)، لە کاتێکدا هەم خودی محەمەدی مەسعود محەمەد و هەم تەواوی گەلانی عێراق دەزانن ئەم قسانە چەواشەکارین و پێچەوانەی ڕاستییەکانی خودی كودەتاچییەكان و چەندین نووسراوی فەرمی ناڕەزایی دادوەری سەربازییە كە ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو کات كرابوو، كە چۆن بەعس و حەرەس قەومییەكانی ڕژێمەکەی پێشێلكاری یاساییان ئەنجامداوە بەرانبەر شیوعییەكان و قەتڵ و عامیان كردوون .
هەربۆ نموونە، بەپێی دەیان سەرچاوە و كتێب و بەڵگەنامەی مێژوویی کە بڵاوکراوەتەوە، دوای لەسێدارەدانی ٥٠٠٠ شیوعی و زیندانیكردنی ٧ بۆ١٠ ھەزار شیوعی و دۆستەکانیان لە سێ ڕۆژی یەكەمی كودەتاكەی ٨ ی شوباتی ١٩٦٣دا گەورەترین تاوان بوو دژی شیوعییەکان و هەیبەتی ئازادیخوازان، کە ئەو کات و لەو سەردەمەدا دژی ئاغا و دەرەبەگ و ئەو جۆرە بنەماڵە و مەللاکانە بوون، کە محەمەدی مەسعود محەمەد تێیدا گەورەبوو.
سەر لە بەیانی ٣ ی تەمموزی ١٩٦٣ شوڕەسوارانی حزبی شیوعی بەسەرپەرشتی نائیب عەریف حەسەن سەریع لە سەربازگەی ڕەشید ڕاپەڕینی چەكدارییان بەرپا کرد ، ھەر لەسەرەتاوە دەستیان گرت بەسەر كەتیبەی تانكی یەك و ئەو بەشەیان كەوتە دەست و فەرماندە و سەرجەم ئەفسەرەكانیان دەستبەسەر كرد و دوای ئەوانیش مونزر الونداوی و جێگرەكەی نەجات الصافی و حازم جواد وەزیری ناوخۆ و تالیب شەبیب وەزیری دەرەوە و چەندین ئەندامی سەرکردایەتی بەعس و كۆمەڵێ ئەفسەری پلەدار بەدیلگیران و كەوتنە بەردەستی شوڕشگێڕەكان و بەپێی قسەی خۆشیان باشترین ڕێزیان لێگیراوە، بەپێی بەڵگەکان و وتەی گیراوەکانیش بێت، دەرئەکەوێ کە نەک ھەیبەتی ئەفسەر و پلەدارەکان نەشکێنراوە، بگرە بە هەموو مانایەک هەیبەتی ئەوان و دەوڵەتی عێراقیش پارێزراوە؟
بەڵگەی زیندووش بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە، قسەی خودی ئەو بەرپرسانەیە كە لە هەرەمی دەسەڵاتی حزبی و سەربازیدا بوون و چۆن ڕووداوەكان دەگێڕنەوە:
منزر الونداوی فەرماندەی یەكەمی حەرەس قەومییەكان بوو كە بەدیلی كەوتە دەست شوڕشگێڕەكان و ئاوا چیرۆكی بەدیلگرتنی خۆی و جێگرەكەی و چەندین بەرپرسی حكومی و سەربازی و ڕەوشتی بەرزی شۆڕشگێڕەكان دەگێڕێتەوە: یەكەم كەس كە ئاگادارمی كرد مولازمی یەك ئەحمد عەزاوی بوو كە ئەفسەری ئێشكگر بوو لە مقەڕی سەركردایەتی حەرەس قەومی كە كۆمەڵێك چەكدار ھێرشیان كردۆتە سەر وێستگەی كارەبای نیشتمانی لە سەربازگەی ڕەشید، منیش ئاگادارم كردەوە كە سەربازەكان بەرەنگاریان ببنەوە و ھەرئێستاش من بەرەو لایان دەچم و داوام لە كرێكاری (بەدالە) كرد كە ھەموو بارەگاكانی حەرەس قەومی ئاگادار بكاتەوە لەسەر ڕووداوەكە و بەتایبەتی ئەوانەی نزیكن لە سەربازگەی ڕەشیدەوە .
لەگەڵ مولازمی یەدەک خەلیل عەزاوی كە دواتر بووە (عەمید و بەڕێوبەری ھەواڵگری سەربازی) كە دەمانچەیەكی نمرە ٦ و غەدارەیەكی بۆڕسەعیدمان پێبوو بەپەلە کەوتینەڕێ بۆ سەربازگەكە و بڕوامان وابوو کە ھێرشەكە تەنھا بۆ سەر وێستگەی كارەبای نیشتمانی بووە، كە گەیشتینە دەرگای سەرەكی سەربازگەكە و تەماشامان كرد باری سەربازگەكە ئاساییە و سەربازەكان جلی سەربازییان لەبەرە و چەكی كڵاشینكۆفیان ھەڵگرتووە و پۆلیسێكیش لە دەرگاكە دەمانچەیەكی ھەڵگرتووە، دابەزیم لە سەیارەكە و بەپێ ھەنگاوم نا بۆ ئەوەی پرسیاری دۆخەكە بكەم، ھەرئەوەندەم زانی سەربازێك ڕووی چەكەكەی لێكردم و وتی گەورەم (ئەمەیە شۆڕشەكەمان و خوێنی خومان دەكەینە قوربانی) (سیدی هذە ثورتنا نفدیها بالدم ...) و گوێم بە ھاوارەكەی نەدا و پەلاماری چەكەكەیم دا بەڵام ئەوەندەم زانی لە نێو (دەریایەك لە كڵاشینكۆف) دام و ئەو سەربازەیش بەردەوام بوو لەوتنەوەی دروشمی (هذه ثورتنا)، سەربازیكی تر لە پشتەوە ھاتوھاواری كرد و وتی:- ئەمە خیانەتكار (منزر الونداوی)یە و منیش بەناچاری كەوتمە گفتوگۆ لەگەڵیان و داوام لێكردن بمبەن بۆ لای بەرپرسەكانیان و كە زانیم ھیچمان پێناكریت دەمانچەكە و چەكە غەدارەكەم تەسلیمكردن.
لەدریژەی قسەكانیدا مونزر الوەنداوی دەڵێ: بەدیلی بردمیان بۆ زیندان و یەكەمین كەس دوای من كەوتە كەمینەكەیانەوە و بەدیلگیرا، نەقیب (نەجات الصافی) جێگری فەرماندەی ھێزەكانی حەرەس قومی بوو، دوای ئەویش مامۆستای فڕۆكەوان (ابراھیم مظلوم) و دواتریش كۆمەڵێ ئەفسەری ھێزەكانی ئاسمانی بوون و ژمارەی دیلەكان گەیشتە ٥٠ كەس.
ھەر لە نامەكەیدا مونزر باسی ئەوە دەكات: نە قسەی ناخۆشمان لێ بیستن و نە مامەڵەی خراپمان لەگەڵ كرا (لم نسمع كلمات نابیە ، ولم نلق معاملە سیئە).
دیسان لە بەشێكی تری نامەكەیدا كە لە كتێبەكەی د. علی كریم سعید ئاماژەی پێدراوە مونزر الونداوی دەڵێ: من شاھیدی ئەوە دەدەم كە گرووپەکەی سەریع نەیاندەویست کەس بکوژن (لكنی أشهد إن جماعە السریع كانوا غیر راغبین فی القتل).
یەكیكی تر لەبەرپرسە باڵاكان كە بەدیلی كەوتە بەردەست شوڕشگێڕەكان لە زاری (طالب شبیب)ەوە كە چۆن باسی ڕووداوەكە و بەدیلگرتنی دەكات و دەڵێ : بەبیستنی ھەواڵی كودەتاكەی شیوعییەكان لەسەربازگەی ڕەشید بەسەیارەیەكی جێبی سەربازییەوە لەگەڵ حازم جواد و بەھاء شبیبی برام و حامد جواد كە ئەفسەر بوو لە ھێزی ئاسمانی و ھەرخۆیشی بەرپرسی حزبی ئەو ھێزە بوو، جلی سەربازی لەبەربوو ھەر ئەویش سەیارەكەی لێدەخوڕی كەوتینەڕێ، تەنھا دەمانچەیەك و كلاشینكۆفێكمان پێبوو، كە گەیشتینە دەرگای سەرەكی سەربازگەی ڕەشید بارودۆخیكی جیاواز و شڵەژاومان بینی، لەلایەن چەند سەربازێکەوە کە هەمان جل و بەرگی حەرەس قەومییان پۆشیبوو سەیارەكەیان پێ ڕاگرتین، ئێمەش پێمانوابوو كە ئەم سەربازانە گەنجەكانی خۆمان و حەرەس قەومین، ھەر ئەوەندەمان زانی ڕووی چەكیان لێكردین و لە سەیارەكە دایانبەزاندین، بەڵام حامد كە جلی سەربازی لەبەر بوو بەمەبەستی ڕێزگرتن لەو جلە نەگیرا و ھێواش ھێواش لێمان دووركەوتەوە.
لە نامەیەكدا بھاء شبیب لە ساڵی ١٩٩٨ كە دكتور عەلی كەریم سعید لەكتێبەكەیدا خستوویەتیەڕوو (العراق ، البیریە السوداء، حركە حسن سریع وقطار الموت ١٩٦٣) دەڵێ: سەربازەكان سەیارەكەمانیان ڕاگرت لەدەرگای سەرەكی سەربازگەی ڕەشید، حازم جواد بە توڕەییەوە وتی: ڕێگامان بدەن بچینە ژوورەوە و ئەندامی سەركردایەتی حزبی بەعس و وەزیری ناوخۆم و ئەویش گالب شبیب و وەزیری دەرەوەیە و ئەوی تریشمان بھاو شبیب ئەندامی سەركردایەتی لقی بەغدایە و لەدوای ئەو قسانە ڕووی چەكیان لێكردین و ئەو كاتە بۆمان دەركەوت كە ئەمانە شوڕشگێڕەكانن نەوەك حەرس قەومی.
طالب شبیب وەزیری دەرەوە دەڵێ:- دان بەوەدا دەنێم كە كاتێ ڕووی چەكیان لێكردین بۆ ئەوە نەبوو دەستڕێژمان لێبكەن و بمانكوژن، ھەروەھا دەڵێ :- ئەوانەی ئێمەیان بەدیل گرت و نەیانكوشتین ٨ سەربازی شۆڕشگێڕەکان بوون كە ئێمەیان برد بۆ زیندان (تالیب شبیب ـ حازم جواد ـ بھاء شبیب) و بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردین.
دەبێ ئەوە بزانرێ حامد ئەیوب كە لەگەڵ ئێمەبوو لەبەر جلەكانی ڕێزیان لێگرت دەسبەسەریان نەكرد و ھێواش ھێواش خۆی دوورخستەوە و خۆی گەیاندبووە ھێزەكانی حەرەس قەومی و دەلیلی ئەوانی كرد لەگەڵ نەقیب حامد الدلیمی بۆ شوێنی شوڕشگێڕەكان و چوار دەوریان گرتن و ئەو ھەشت سەربازەیان لەسێدارەدا كە بەقسەی خۆشیان لە كاتی بەدیلگرتنیان ئەو شوڕشگێڕانە وشەیەكی ناشرینیان پێنەوتوون.
لەكۆتاییدا دەتوانین بڵێین كێ ڕێزی لە ئەفسەر و سەرباز نەگرتووە، ئایە شۆڕشگێڕەکانی سەربازگەی ڕەشید یان حەرەس قەومییەکانی بەعسی نزیک لە بیروبۆچوونەکانی محەمەدی مەسعود محەمەد کە بۆ گێڕانەوەی نوکتەش بێتە سەر شاشە دەپێچێتە حزبی شیوعی و ڕقی خۆی دەڕێژێ و زۆر نابەرپرسیارانە دەست دەکات بە چەواشەکاری دژی شیوعییەکان و دەیەوێ ئاوا بە بێژنگ بەری هەتاو بگرێ.