فەرهاد قادر ئۆمەر

گەلێ جار و لەزۆر بۆنەو كۆڕو كۆبونەوەكاندا باس لەونبوونی دەنگی زیندووی توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی دەكرێ كە بەڕای گشتی دێتە هەژمار لەگۆڕەپانی سیاسییدا، بەڵام ئەم باسكردنانە تەنها كاتیین وهەوڵەكان چڕ ناكرێنەوە بۆ مەیدانی عەمەلی وەك نەخشەرێگایەك بۆ ئاشناكردنەوەی خەڵكی كورد بەیارییە سیاسییەكان.. نازانم بۆ كەس ئەم باس وخواسە ناوروژێنێ وبپرسێ ئایا بۆچی رووداوە سیاسییە چارەنووسسازییەكان شەقام ناجولێنێ وكەمەندكێشی ناكات بۆ نێو یارییە سیاسییەكان وببێتە خاوەن بڕیار، لەكاتێكدا لەهەموو دنیای هاوچەرخدا شەقام كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر دروستكردنی بڕیار

ئەوە پرسیارێكە بۆتە گرێ كە تائێستا رۆشنبیرانی كورد وەك پێویست لەهۆكارەكانی ئەم ونبوونەی شەقام لەهاوكێشە سیاسییەكانی نەكۆڵیوەتەوە. رەنگە وەڵامێكی سەرپێیی هەبێ كەپێیوابێ ئاستی رووداوەكان وخێراییان لەسەرووی ئەگەرەكانی ئێمەیەو هەر ئەو جیاوازییە بێ سنوورەیە وایكردووە دەنگی شەقامی وڵاتانی بیانی هەمیشە لەهەڵكشاندا بێت بەپێچەوانەی دەنگی شەقامی كوردی، بەڵام ئایا ئەوە تاكە هۆكاری سەرەكی ئەو دیاردە نەخوازراوەیە.. گەر ئەو شرۆڤەیە راست ودروست بێت، ئەو پەیوەندییە هاوخوێنی وهاوزمانیە پتەوەی نێوان خەڵك وئەو سەركردانەی تا دوێنێ پارێزەری مافەكانی كورد بوون لەكوێی گیانی شۆرشگێڕیانەی سەركردەكانی ئەو دەسەڵاتە كوردیەن، كە تا دوێنێ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەگەورەو بچوكەوە پاڵپشت ویاوەرێكی باشیان بوون. لێرەدا نامەوێ بەنێو فاكتەروهۆكارەكانی ئەو دیاردەیە رۆبچم كە خەریكە جومگەكانی ئەزموونی كوردی بەتەواوی دوچاری داخۆران وپوكانەوە دەكات، لەپێشكەش نەكردنی ئەدایەكی سەرنج راكێشی جوان لەكوردستان ولەدەستدانی دەسكەوتەكان لەبەغدا، بەڵكو ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە كە هەموومان بەیەكەوە رێگەچارەیەك بدۆزینەوە بۆ رزگاركردنی ئەو ئەزموونە لەو داخۆرانە كوشندەیەی بەدەست گروپێك لەهەلپەرست تووشی هاتووەو گێڕانەوەی ئەو هیكەلە عەزمیە پتەوەی دەنگ وڕەنگی ئەو خەڵكە جوامێرە قوربانیدەرەی كە تا دوێنێ هەوێنی هەموو شۆرشە یەك لەدوا یەكەكانی كورد بووە.. بەمەش باشترین خزمەت بەڕەوشی سیاسی لەكوردستان دەكەین.

وتاری نووسەران