
محەمەد چاوشین
کتێبخانەی (ھاسکێل - (Haskell دوو ناونیشانی جیاوازی ھەیە! ھەندێک کەس دەڵێن ئەم کتێبخانەیە لە کەنەدایە، ھەندێکیش پێیان وایە ھی ئەمریکایە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ھەردوو گروپەکە ڕاست دەکەن!.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا دەتوانرێت کتێبخانەیەک لە یەک کاتدا لە دوو وڵاتی جیاوازدا دابنرێت؟.
وەڵامەکە بەڵێیە، ئەم کتێبخانە بەناوبانگ و گەورەیە دەکەوێتە سنووری نێوان کەنەدا و ئەمریکا و بە تەلارسازییە سەرنجڕاکێشەکەیەوە، بووەتە یەکێک لە کتێبخانە بەناوبانگەکانی جیھان.
کتێبخانەی ھاسکێل بە ناوی دروستکەرەکەیەوە ناونراوە، بەڵام نیوەی بینای کتێبخانەکە دەکەوێتە شاری "دێربی"ی ئەمریکا و نیوەکەی تریشی لە شاری "ستانستید"ی کەنەدا ھەڵکەوتووە. کتێبخانەی ھاسکێل لەناو باڵەخانەیەکی جوانی سەد ساڵەی بەردیندا دروستکراوە، بەجۆرێک کە لە سەردەمی خۆیدا یەکێک بووە لە باشترین کتێبخانە گشتییەکانی جیھان.
ئەم کتێبخانەیە بە ڕێکەوت لەسەر سنووری نێوان دوو وڵات درووست نەکراوە، تەلارسازەکان بە ئەنقەست لەسەر سنووری ھاوبەشی ئەو دوو وڵاتە درووستیان کردووە بۆ ئەوەی ھەم خەڵکی کەنەدا و ھەمی خەڵکی ئەمریکا سوودی لێ وەربگرن. ئەم کتێبخانەیە لەلایەن کەسێکی ئەمریکی بە ناوی ھاسکێل و ھاوسەرە کەنەدییەکەی (مارتا) درووستکراوە و بەخشراوە بە دانیشتوانی ئەو دوو وڵاتە. بەو پێیەی ئەم ژن و مێردە خەڵکی ھەردوو وڵاتی کەنەدا و ئەمریکا بوون، دەیانویست کتێبخانەیەک درووست بکەن کە بۆ ھەردوو خەڵکی کەنەدا و ئەمریکی بێت و تێکەڵی لە نێوان خەڵکی ئەم دوو وڵاتەدا بێنێتە کایەوە.
ھەرچەندە دەرگای چوونە ژوورەوەی ئەم کتێبخانەیە لە ئەمریکایە، بەڵام کەنەدییەکان دەتوانن بە ئازادی بچنە ناو کتێبخانەکەوە و بەکاری بھێنن، بێگومان بەو مەرجەی کە کاتێک لەگەڵ کتێبخانەکەدا تەواو بوون، بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان کە کەنەدایە!
لەناو کتێبخانەدا ھەموو شتێک ھاوبەشە؛ خەڵکی کەنەدا و ئەمریکا ئەمە بە میراتێکی ھاوبەش دەزانن کە دەتوانن چەندین کاتژمێر بە خوێندن و خوێندنەوەی کتێب لە ھۆڵەکەیدا بەسەر بەرن. لە ڕاستیدا ئەم شوێنە ڕۆشنبیرییە بۆتە بیانوویەک بۆ خەڵکی ئەم دوو وڵاتە بۆ ئەوەی یەکتر ببینن و بەبێ ھیچ کێشەیەک تێکەڵی یەکتر بن.
لەناو بینای کتێبخانەکەدا، ھێڵێکی ڕەش لەسەر زەوی ژووری خوێندنەوەدا کێشراوە، کە سنووری نێوان کەنەدا و ئەمریکا دیاری دەکات.
بەدرێژایی دەیان ساڵ ئەم کتێبخانەیە بووەتە شوێنێک بۆ یەکتربینین و تێکەڵ بوونی خەڵکی ئەمریکی و کەنەدی، لەڕاستیدا تاکە شوێنە لە جیھاندا کە خەڵکی دوو وڵاتی جیاواز دەتوانن لە نزیکەوە یەکتر ببینن بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی سنوور ببڕن.
بێگومان ئەم دوو شارە سنوورییە، ھەر لەدێر زەمانەوە تێکەڵی یەکتر بوون،، بۆ نموونە لە ڕابردوودا، ئەو ژنانەی لە شاری سنووری کەنەدا "ستانستید"دا دەژیان، لەکاتی نەخۆشکەوتنی منداڵەکانیاندا، بۆ پشکنین و چارەسەری پزیشکی سەردانی ویلایەتی ڤێرمۆنتی ئەمریکایان دەکرد. ھەربۆیە، ئێستا زۆرێک و لە دانیشتووانی ئەم شارە ھەڵگری دوو ڕەگەزنامەی ئەمریکی و کەندیین.
کتێبخانەی ھاسکێل و ئۆپێراھاوس ئاسەواری مێژوویی ھەردوو وڵاتی ئەمریکا و کەنەدان و نییەت پاکی خەڵکی ھەردوو وڵات نیشان دەدات بەرامبەر بە یەکتری. ھەربۆیە بۆ ھەموو گەشتیارێک ئەو شوێنە شوێنێکی سەرنجڕاکێشە.
• سەرچاوەی ئەم باسە (الی گشت)ی فارسییە و ھێناومەتە سەر زمانی کوردی.
ناونیشانەکەشی بەزمانی فارسی(این کتابخانه ی عجیب در دو کشور مختلف قرار دارد!).


