خێزان بەردی بناغەیەکی تۆکمەیە بۆ پەروەردەکردن و بنیاتنانی  منداڵ، کە هەستیارترین و گرنگترین توێژی کۆمەڵگان.

شێوازەکانی چاودێری منداڵان بەپێی ژینگە و کولتوورە جیاوازەکان دەگۆڕێت و جیاوازە.

پەروەردەکردنی منداڵ لە یەکەم ساتەکانی ژیانی منداڵەوە لە سکی دایکیدا دەستپێدەکات و بە شێوەیەکی کاریگەر بەردەوام دەبێت تا دەگاتە تەمەنی هەژدە ساڵی، هەر بۆیە زۆر گرنگە کە دایک و باوک خاوەنی توانایەکی بەهێزی پەروەردەکردن بن بەهۆی هەستیاری ڕۆڵەکانیانەوە.

 بۆ گەیشتن بە پەروەردەیەکی سەرکەوتوو پێویستە جەخت لەسەر ئەم خاڵانە بکرێتەوە:

 ١-خۆشەویستی و ڕێزگرتن: ئەمانە بناغەی خێزانێکی سەرکەوتوو و بەختەوەرن؛ سۆز و خۆشەویستی و ئاسایش بۆ منداڵەکە دابین دەکات.

٢- ئازادی ڕادەربڕین: ڕێگەدان بە منداڵ بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی بەبێ سنووردارکردن بۆ بنیاتنانی کەسایەتییەکی بەهێز و سەربەخۆ زۆر گرنگە.

٣- ڕێنمایی بەردەوام: پێشکەشکردنی ئامۆژگاری و ڕێنمایی بەرەو ڕێگا ڕاستەکان بۆ گەشەکردنی منداڵ بەشێوەیەکی تەندروست.

٤- بەڕێوەبردنی کات: بەسەربردنی کاتێکی کوالێتی بە خوێندنەوە و یاریکردن و سەفەرکردن و گواستنەوەی کولتوور و مێژووی نەتەوەو نیشتمان بۆ نەوەکانی داهاتوو.

٥- چاودێری: چاودێریکردنی چالاکییەکانی قوتابخانە، ڕێکخستنی بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان و  دڵنیابوون لەوەی کە منداڵانی خوار تەمەنی ١٦ ساڵ دوور دەخرێنەوە لە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی مۆبایل و نابێت بەکاری بهێنن.

 ٦- ئامۆژگارییە پەروەردەییە گرنگەکان:  

ئامۆژگارییەکانت با کورت بن بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە منداڵ لێی تێدەگات و لەبیریەتی.

٧- ڕەتکردنەوەی توندوتیژی: زیانگەیاندن بە منداڵ بە شێوەیەکی جەستەیی یان زارەکی قەدەغەیە چۆنکە توندوتیژی زیانێکی زۆر بە دەروونی منداڵ دەگەیەنێت.

٨-  ژینگەی هاوڕێیان: دایک و باوک بەرپرسیارێتییان لەسەر شانە کە هاوڕێکانی منداڵەکانیان بناسن و پەیوەندییەکی باش لەگەڵ خێزانەکانیان دروست بکەن.

 ٩- پاداشت پێش سزادان: لەبری توندوتیژی، دیالۆگێکی هێمن و ئارام بگرنەبەر، هاندان و ستایشکردن و پاداشت کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەستکاریکردنی ڕەفتارەکان هەیە. پەروەردەکردنی منداڵ تەنیا بەرپرسیارێتی دایک نییە؛ بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی تەواوکەرە لە نێوان  دایک و باوکدا. هەردووکیان بەشدارن لە بنیاتنانی کەسایەتی منداڵ.

دوور بکەرەوە لە گلەییکردن لە منداڵەکانت لەبەردەمیاندا، چۆنکە قسەکانت دەتوانن یان بنیات بنێن یان بیانڕوخێنن.

لە کۆتاییدا وەک دایک و باوک، ئێوە بناغە و نموونەن، ئەمڕۆ بڕوێنە ئەوەی سبەی ئارەزووی چنینەوەی دەکەیت.

 

     وەلید محەمەد سلێمان

سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

وتاری نووسەران