
هۆشیاری عەبدولعەزیز
تێگەیشتن لەمەغزاو كرۆكی بەرپرسیارێتی پرسێكی مرۆیی و سایكۆلۆژی تایبەتە و بنەمایەكی كۆمەڵایەتی و كلتوری خۆی هەیە و پەیوەست نیە بەهیچ كۆمەڵگا و كەڵچەرێكی دیاری كراوەوە بەتەنهاش لە چوارچێوەی هیچ هێز و سیستەمێكی سیاسی ، ئابوری كۆمەڵایەتیدا قەتیس ناكرێ ، واتا بەرپرسیارێتی ئەو هەستە مرۆییەیە كە تاك لە بازنەی كاری ڕۆژانەی خۆیدا وەك پرۆسەیەكی ویژدانی بەكاری دێنێ و دەبێتە بنەچەی هاوكاری و هەماهەنگی و بەدەمەوەهاتنی مرۆڤەكان بۆ بەڕێوەچونی ژیان لە هەر جێگەیەكدا بێت ، پێچەوانەش لە نەبونی ئەم هەستەدا ئەنانیەت و خود پەرستی و زاڵبوونی بەرژەوەند خوازی دەبێتە نەریتی كۆمەڵگا و لەگەڵ خۆیدا جۆرێك لە چەوساندنەوە و ڕق و كینە بەرهەمدێنێ ، هەرچەندە خۆی بەرپرسیارێتی پرسێكی پەروەردەی ئەخلاقی و ئینسانیە و لەلایەن تاكەكانی كۆمەڵگاوە مومارەسە دەكرێت و پەیوەستە بە جۆر و شێوازی ژیانكردن و بنەچەی خێزان و ڕەوتی مامەڵەی ڕۆژانەی كۆمەڵگا و پرۆسەی سیاسیەوە، چونكە بەرپرسیارێتی بەر لە هەر ڕوكارێكی دیاری كراوی كۆمەڵگا كاریگەری تەواوی لە سەر پرۆسەی سیاسی و تێگەیشتنی دەوڵەت هەیە لە ئاراستەكردنی ڕەوتی پرۆسەی دەوڵەتدارێتی دا و پەیوەستە بەخودی ڕەوشتی كۆمەڵایەتی و پانتای ئەخلاقی مرۆییەوە
خاڵی بنەڕەتی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و هەستكردنە بە بەرپرسیارەتی لە ئاست زۆر پرسی جیاجیای وەك سەروەری نیشتمانی و پاراستنی ماف و داخوازیەكانی خەڵك بۆیە دەبینی زۆرجار ئەو كەسانەی لە ئاستی بەرپرسیارێتی سیاسیدان بەهۆی هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی بەرژەوەندی كەسی و حزبیەوە زیان بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنن هەوڵدەدەن بەپێی پێگە و ئاستی بەرپرسیارێتیەكەیان ئیستغلالی پرسە نەتەوەی و نیشتمانی و مرۆیەكانی كۆمەڵگا بكەن، بەتایبەت لە وڵاتانی دواكەوتوو یان ئەو وڵاتانەی كە بڕوایان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات و دیموكراسیەت نیە، ئەم دیدە بەرژەوەندخوازیە زیاتر لە بەرپرسیارێتی سیاسیدا قوڵدەبێتەوە و دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كە ئەم بابەتە لە دۆخی دەوڵەتدارێتی تۆبزیدا ئاراستەیەكی نەرێنی وەرگرێ و ببێتە مایەی مەترسی ، چونكە لەم قۆناغەدا نوخبەی سیاسی بەبێ گوێدانە ئەخلاقیاتی سیاسی و پاراستنی شكۆی كۆمەڵگا كار لەسەر قۆرخكردنی گۆڕەپانی سیاسی و ڕەتكرنەوەی كەسانی دیكە دەكات و ئینتیمای بۆ گەل و نیشتمان و بەرژەوەندی گشتی دەگوڕێ بۆ ململانێ لە پێناو دەسەڵات و ئیحتكاركردنی كۆی جومگەكانی دەوڵەت ، بەڵام بەرپرسیارێتی لە كۆمەڵگا كراوەو مەدەنیەكاندا ڕێچكە ڕاستەكەی خۆی وەردەگرێ و دیموكراسی و ئازادی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ دەكاتە سەنتەری پرۆسەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و كار لە سەر سیاسەتی ئیحتیواكردنی ڕۆشنبیر و گەمژاندنی كۆمەڵگا و شێواندنی ڕۆڵ و كاریگەری بەرپرسیارێتی و بەكارهێنانی بۆ داكۆكیكردن لە ئایدیۆلۆژیەتی دەسەڵاتخواز و قۆرخكاریی كاری سیاسی ناكات
كەچی پێچەوانە بەو ڕێچكە دروستەی بەرپرسیارێتی ئەحزابی حوكمڕانی كوردستان لە پێناو بەرژەوەندیەكانی خۆیان و بنەماڵە و سەركردەكانیاندا دۆخێكی ناجێگیر و بارگاوی بە گرژی و ئاڵۆزیی سیاسیان بەرجەستە كردوە و ڕەنگدانەوە نەرێنییەكانی بە ئاشكرا بەسەر ڕووخسار و باری دەروونیی خەڵكدا دیارە و وایكردوە كەس درك بە بەرپرسیاریەتی دۆخی سیاسی ئەم كۆمەڵگایە نەكات و بونەتە مەترسی لە سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و پێكهاتەی مرۆی كۆمەڵگاو وەك ئەوە وایە تازە لە سەرەتای تێگەیشتنی ئەلف وبێی دەوڵەتداری و پرۆسەی سیاسیدابین ، تازەبەتازە لە توندكردنەوەی ململانێدان و شەڕی بەرژەوەندیەكانیان دەگەیەننە ئاستێكی مەترسیدار بەردەوامن لە شەڕی ڕاگەیاندن تۆمەتباركردنی یەكتر و هیچ كات هەستیان بەو بەرپرسیارێتیە ئەخلاقیە نەكردوە كە پێویستە سنورێك بۆ ئەم شێوازە لە زمانی تەشهیر دابنرێ و ڕەچاوی پرنسیپەكانی پەیوەندی سیاسی و هەماهەنگی گشتی نەكراوە
بەمەرجێ خۆشیان باش لەوە تێدەگەن كە پڕوسەی ململانیەی دیموكراسی جگە لەوەی پێویستی بە دەستە بەركردنی پێداویستیەكانی ژیانی مەدەنی هەیە هاوكات بەشێكی گرنگی پڕۆسەی دیموكراسی پێویستی بە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی سیاسی هەیە و ناكرێ بكرێتە قوربانی بەرژەوەندیە تایبەتەكانی خۆیان و ڕاستەخۆ خەریكن قووتی خەڵك و داهاتی نیشتمانی دەكرێتە كەرەسەی فشارو هەڕەشە لەسەر دامەزراوەكانی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردن لە كوردستاندا و بوونەتە هۆكاری بەرجەستەكردنی ناسەقامگیری سیاسی و دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتی ، بەردەوامیی ئەم ناسەقامگیرییە سیاسی و دڵەڕاوكێ كۆمەڵایەتییەش، دواجار بە زیانێكی گەورە بۆ داهاتووی كوردستان دەشكێتەوە و دەرهاوێشتەكانیشی گەورەترین مەترسین لە سەر یەكپارچەی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی