
ئاسۆس ساڵح
یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی چینایەتی؛
کرێکارانی یەخە سپی و یەخە بۆر یەکگرن!
ڕۆژی یەکی ئایاری هەموو ساڵێک یادی هاوپشتی و خەبات و یەکگرتووییی کرێکاران دەکرێتەوە، لەم ڕۆژەدا کرێکاران بە خەباتی هاوپشتی توانیان چەند مافێک بەدەست بهێنن، کە گرینگترینیان هەشت کاتژمێر کارکردن بوو لە ڕۆژێکدا. دوای ئەوەی داواکردنی کار نەکردنی منداڵان و زیادکردنی کرێی کار و بیمەی بێکاری و پاراستنی ژیانی کرێکار ..هتد.
کاڕڵ مارکس لە کتێبێکیدا بەناوی "کاری کرێگرتە و سەرمایە" تیشک دەخاتە سەر کاری کرێگرتەیی و کرێی کار، پێی وایە سەرمایەداران کاری کرێکاران بە بڕە پارەیەکی کەم و دیاریکراو دەکڕن، ئەوانیش لەبری پارە کارەکەیانی پێ دەفرۆشن. لە ڕاستیدا ئەوەی کرێکاران دەیفرۆشن بە خاوەن کارەکان بەرامبەر پارە، ئەوە هێزی کارەکەیانە. سەرمایەدارەکە ئەم هێزی کارە دەکڕێت و کاری پێدەکات. مارکس دەنووسێت: «هێزی کار کاڵایێکە، خاوەنەکەی واتا 'کارگەری کرێگرتە' دەیفرۆشێت بە سەرمایەدار. بۆ چی دیفرۆشێت؟ بۆ ئەوەی بژی» کەوایە کرێکاران هەموو ڕۆژێک خۆی هێزی کاری خۆی وەک کاڵایەک دەفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانی لەناو سیستەمی سەرمایەداری و کاری کرێگرتەیی بژین. هەوەها کاڕڵ مارکس دەڵێت: «ئەو کرێکارەی تەنها سەرچاوەی دەستکەوتی هەر فرۆشتنی هێزی کارەکەیەتی، ناتوانێت واز له هەموو چینی کڕیار، واتە چینی سەرمایەدار بهێنێت، ئەمە ئەگەر واز لە بوونی خۆی نەهێنێت.
ئەوە نەبەستراوەتەوە بەم یان ئەو سەرمایەدارەوە، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە هەموو چینی سەرمایەدارەوە؛ دەبێت ئەو خۆی بگەڕێ تا یەکێک بدۆزێتەوە، واتا کڕیارێک لەو چینە سەرمایەدارییەدا بدوزێتەوە.» تا هێزی خۆی پێ بفرۆشێت وەک کاڵایەک تا بتوانێت کاڵای تر بەدەست بهێنێت و بژی.
لە دونیای ئەمڕۆدا، کە پێکهاتەی چین و ئەرک و جیاوازی چینایەتی چووەتە قۆناغێکی ترەوە سەرمایەداری لەگەڵ گەشتنی بە بنبەست، هێشتا بەردەوامە وەک مەکینەیەکی زەبەڵاح خەریکی هاڕین و قوتدانی کرێکارانە لە سەرتاسەری جیهان، ئەوە بەدەر لە کێشە گەلێکی تری وەک قەیرانی ئابووری و جەنگ و دیموکراسی و ژینگە و چەندانی تر، هیوا و بەدیلی گۆڕانکاریش تەنها چینی کرێکار و شۆڕشێکی چینایەتیی و سۆسیالیستییە. ئەمەش لە خۆیەوە نایەتە بوو بەڵکوو پێویستی بە هۆشیاری چینایەتیی و یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی چینی کرێکارە.
لە ناو سەرمایەداریی ئەمڕۆدا، بە ستایلی نیۆلیبرالیزم نەک تەنها کرێکاران بەڵکوو پەراوێزخراوەکان و چینی ناوەڕاستیش دەخزێتە ناو چینی کرێکار و کاری کرێگرتە. بۆیە تەنها شەڕێک کە پێویستە ڕەوایەتی پێ بدرێت شەڕی چینایەتییە لە پێناو یەکسانی مرۆڤەکان لە گشت سوچێکی ئەم جیهانە. نە شەڕی مەزهەبی و ئاینی نە شەڕی جەمسەربەندی سەرمایەداری لە قازانجی کرێکاران و هەژارن دانییە. بۆ کرێکارێک کە یەخەی سپییە و مامۆستا و ئەندازیارێکە یان لەماڵەوە دانیشتووە بە لاپتۆپێکەوە کار بۆ کومپانیایەک دەکات، یانیش کرێکارێکی یەخە بۆر کە خەریکی کرێکاریی بازوو و هێزە، هیچ لە بابەت ناگۆڕێت، چونکە چەوسانەوە و نایەکسانییەکە لە کاری کرێگرتەیە و جیاوازیی چینایەتیدا.
بۆیە یەکی ئایار گرینکە وەک ڕۆژێک سەیربکرێت کە ئایا کرێکاران لە ساڵی ڕابردوو چیان بۆ مافەکانیان چنیوەتەوە و تا چەند خۆیان ڕێکخراوکردووە و ئاستی هۆشیاریان بردووەتە سەر. ئەرکی سەرەکیش دەکەوێتە سەر پارتە چەپ و کەسیاتییە چەپەکان کە لەبەری چینی چەوساوەن بەر بگرن لەو هەژموونە خراپەی سەرمایەداری لە کۆمەڵگەی کوردی ئێستادا هەیەتی کۆی کەرت و بوارەکانی لە گشتییەوە کردووە بە کەرتی تایبەت. لە کەرتی تایبەتش مافی کرێکار و کارەکەی پارێزراو نییە. ئەو سەرمایەدارییە دواکەوتووەی لێرە هەیە، خراپترین چەوسانەوە دژی کرێکاران دەکات وەک سەتەکانی پێشوو مامەڵەی کۆیلە ئاسا لەگەڵ کرێکاران دەکات و هیچ بەهایەکی مرۆڤانە لە کارەکان ناهێڵێتەوە، ژیان و شکۆی کرێکار پارێزراو نییە.
پرۆز بێت یەکی ئایار
ڕۆژی خەباتی هاوپشتی و نێونەتەوەیی کرێکاران.