مەغدید باشە
یەكی ئایار تەنها ڕۆژێكی ئاسایی نییە، بەڵكو ڕۆژی بیرهێنانەوەی خەبات و قوربانییەكانی ملیۆنان كرێكارە كە لە پێناو ژیانێكی باشتر، موچەی دادپەروەرانە و كاركردن لە ژینگەیەكی پارێزراودا تێكۆشاون، ئەم ڕۆژە دەنگی ئەو چینەیە كە بە ماندووبوون و ئارەقی ناوچاوانی خۆی چەرخی ژیان دەسوڕێنێت، بەڵام زۆرجار لە سادەترین مافەكانی خۆی بێبەش دەكرێت.
ئەمڕۆ لە زۆر شوێن، كرێكار هێشتا ژیانێكی سەخت دەگوزەرێنێت، موچەی نەگونجاو، دواخستنی موچە، بێكاری، نەبوونی بیمە، نەبوونی خانەنشینی، ژینگەی كاری مەترسیدار و ، كاتژمێری كاری درێژ بەبێ پاداشت، بوونەتە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەی زۆرێك لە كرێكاران، زۆرجار كرێكار بە هەموو هێزی خۆی كار دەكات، بەڵام ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەكانی خێزانەكەی دابین بكات، ئەمە ستەمێكە نابێت درێژەی هەبێت.
كرێكار مافی ئەوەی هەیە بە موچەیەكی گونجاو بژی، لە شوێنێكی پارێزراودا كار بكات، بیمەی تەندروستی و كۆمەڵایەتی هەبێت، مۆڵەتی یاسایی و مافی پشوودان و چارەسەری نەخۆشی هەبێت، و هیچ جۆرە سووكایەتی و ستەمێكی لێ نەكرێت، هەروەها مافی ئەوەی هەیە ڕێكخراوی كرێكاری و سةندیكا دروست بكات و بە ئازادی داوای مافەكانی بكات.
ئەو كۆمەڵگایەی كرێكارەكەی برسێتی بێت، بێ ئاسایش بێت و بێ هیوابێت، ناتوانێت بانگەشەی گەشە و پێشكەوتن بكات، چونكە بنەمای هەر ئابوورییەك شان و بازووی كرێكارە.
لە یەكی ئایاردا پێویستە دەنگی كرێكار بەرز بكرێتەوە، یاساكان جێبەجێ بكرێن، موچەكان دادپەروەرانە بن و ، هیچ كرێكارێك بەهۆی داواكردنی مافەكانی سزا نەدرێت، ئەم ڕۆژە بانگەوازێكە بۆ داد، یەكسانی لە كار.

 

 

وتاری نووسەران