
ئیدریس سدیق
لە هەموو دنیا ، پەرلەمان بەرزترین دامەزراوەیە لە
ئاستی رێکخراوەیی نیشتیمانی سەربەخۆی ئازاد ، بەکۆی دەنگ بڕیار دەدات لە سەر یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان ، دەرچواندنی یاسا ، نەخشە کێشان و گەشە پێکردنی ژێرخانی ئابووری ، بودجە ، چاوەدێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ، پەیوەندییەکانی دەرەوە ، هیچ کەسێ لە هەر ئاست و پلەیەکدابێت بۆی نییە و نابێت لوتی تێهەڵبقورتێنی و دەستبخاتە ناو کارەکانیەوە ، ئەمەش هێڵی سوورە .
لە پاش یەکەم هەڵبژاردنی دوای راپەڕین لە 1992 / 5 / 19 ، یەکەم پەرلەمانی سەقەتی تاکڕەوی ( ففتی - ففتی ) هەردوو حزبی باڵادەست و بڕیار بەدەستی گۆڕەپانی سیاسی باشوور هاتە کایەوە ، پاوانخوازی ، هەژموونگەرایی لە بڕیار و دابەشکردنی پلە ، پایە و پۆست ، بەپێی بەرژەوەندیەکانیان ، هەردوو لا کاکڵە و براڵەی خۆیان کردووە ، بە بێگەڕانەوە بۆ پەرلەمان کە کۆ دەنگی هاوڵاتی لە ئاوێنەکەیدا بەرجەستە بووە . لە 2022 / 10 / 9 ، کۆتاجار ، بە نایاسایی و بەبێ گەڕانەوە و گوێدانە دەنگی هاوڵاتی ، تەمەنی پەرلەمانە نا نیشتیانییەکەیان بۆ ساڵێك درێژکردەوە . ئەوەبوو دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە 2023 / 5 / 30 هاتە دەنگ ، بڕیاری لە سەر نا دەستوریبوونی ئەو درێژکردنەوە دا ، دۆخێکی نوێی یاسایی و سیاسی هێناوە ئاراوە ، بە شێوەیەك لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە سەر پرسەکانی یاسای هەڵبژاردن ، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ، کورسی کۆتاکان و ....... ناکۆکی لایەنەکانی گەڕاندەوە سفر و سەرەتا .
مرۆڤ ، ناکرێت هەموو ئاوی دەریا بخواتەوە تا بزانی سوێرە و مشتێك نموونەی خەرواڵێکە ، هەرکاتێ سێبەری کەسانی ناپاك ، گەندەڵ ، دز ، خاکفرۆش و ئەڵقە لە گوێی داگیرکەر ، مەلها ، دیسکۆ ، حەشیشە و ....... لە کوێی هەر خاك و نیشتیمانێکدا بێ ، گەورە کرا و بوون بەدەمڕاست و بڕیاردەر ؛ بە دڵنییاییەوە دەبێ بزانرێ خۆری ئەو نیشتیمانە لە ئاوابووندایە و دوو شەشەکەی ساڵانی بووریی ( کوردستان یان نەمان ) ەکە تۆپی و کەس ئیتر بە دەهۆڵ و زوڕنا قێزەونەکە چەواشەناکرێ و هەڵناپەڕێ .
مێژووی سەردەم چەواشە ناکرێت و بە لاڕێدا نابردرێت ، مێژوونووسان و شارەزایان کۆکن لەسەر ئەوەی گیا لە سەر پنجی خۆیدەڕوێتەوە ، دەیەکانی بەر لاپەڕین مێژوویەکی قێزەون و رەش بە سەر تەوێڵی بەرپرسەکانە لە کوشتن ، پاکتاوکردن ، شەڕانگێزی ، پاوانخوازی ، شکست دوای شکست و نوشوستی و ...... ، رووداوەکان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن و سەڵماندیان نەك هەر پیاوی دەوڵەتداری نین ، بەڵکو وەك چەتە ، رێگر ، تێکدەر و ...... ناوزەد دەکرێن .
لەدوا راپەڕینیش ( و عادت حليمة إلى عادتها القديمة ) ، هەمان تاس و هەمان حەمام ! هەرەس ، بێکاری ، داڕمان ، تێکشکان ، نا ئۆمێدی ، رووخان و ...... لە روحی تاك بەتاکی هاوڵاتی دەبێنرێت ، بەشداری % 20 لەو هەڵبژاردنەی دوایی بەڵگە نەویستە ! داهێنانەکانی یەکڕیزی ، تەبایی ، سازان ، سەروەری یاسا ، پاشەکشەی ئابووری ، خزمەتگوزاری ، نیشتیمانپەروەری و ........ ، پێچەوانەکەی راستە ، بۆ گەوجاندن و هەڵفرێواندن .
گەردەن ئازاکردن چوون بۆ ماڵی خوا و حەج نییە ، لە سیاسەتدا ، پاداشت و سزا هەیە ، وڵاتپارێزان خەڵاتدەکرێن ، ئەوانەی شکۆی خاك و نەتەوە بەرز رادەگرن و قوربانیدەدەن ، تاوانبارانیش سزا دەدرێن و دەخرێنە زبڵدانی مێژوو ، دەرکەوت شین و رۆڕۆکە تەنها بۆ هەریسەکە بوو !
( ئەگەر یەکجار مافی تفکردنم هەبوایە ، تفم لە ستەمکار نە دەکرد ، بەڵکو تفم لە دەموچاوی ئەو کەسانە دەکرد کە بێدەنگییان لە بەرامبەر ستەمکار هەڵبژاردووە ( ئۆرهان دۆغان - پەرلەمانتاری پێشوو لە باکووری کوردستان )
دووشەشە تۆپیوەکەی ئەمجارەش با پیرۆز بێ لە قۆڵبڕە سیاسی ، شاگردی بنەماڵە ، ماستاوچی ، نووسەر و ....... .
کاتی هەڵڕژاندنی ئارەقەی شەرمەزاریش بەسەر چوو !