
هۆشیاری عەبدولعەزیز
لە دنیای ئالودەبوونی دەسەڵات و هەژموون دا کە ئاماژەیە بۆ دۆخێکی دەروونی و سیاسی ئاڵۆز زۆر لە گروپ و ڕەوتە سیاسیە پۆپۆلیستەکان بە جۆرێک گیرۆدەی کێبڕکێی دەسەڵات و سەپاندنی هەژموون دەبن، کە چیتر ناتوانن لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە و لە فەزای گشتیدا مامەڵەی پەیوەندیەکی ئاسای و ساغڵەم بکەن، بەتایبەت ئەگەر دەوڵەتێک تووشی ئەم عەقڵیەتە هەژموونگەریە ببێت، چیتر بەرامبەر وەک "هاوبەش" نابینێت، بەڵکو وەک "پاشکۆ" یان "ئامراز" دەیبینێت و هەوڵ دەدات ناسنامەی بەرامبەر بشێوێنێت تا ئەو کاتەی بەرامبەرەکە دەبێتە سێبەرێکی کزی خۆی. وەک ئەوەی ئێستا ئەمریکا لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تووشی هاتوە و کاری لەسەر دەکات.
ئەمریکا لە ڕەهەندە سیاسی و ئابوریەکەیدا، تووشی ئەو جۆرە ئالودەبوونە پێکهاتەییە مەترسیدار بووە بە ئیمپریالیزم کە ئاماژەم پێکرد. ئەم حاڵەتە دەرەنجامی حەتمی تێکەڵبوونی هێزی سەربازییە لەگەڵ لۆژیکی نیۆلیبرالیزم، کە تێیدا "بازاڕ" وەک بنەمای سەرەکی و ناوەندیی کۆمەڵگای مۆدێرن پێناسە دەکرێت. چونکە لەم چوارچێوەیەدا، نیۆلیبرالیزم تەنیا سیستمێکی ئابووری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ کردنی "ئیپنۆس کردنی بازاڕ بە ژیان"؛ واتە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ و کایەکانی فەزای گشتی بە بەهای بازاڕ دەپێورێ. بۆیە کاتێک نمایش، ڕێکلام، کێبڕکێ و کەڵەکەکردنی سەرمایە دەبنە تاکە پێوەری سەرکەوتن، ژینگەی سیاسی وڵات دەگۆڕێت بۆ کایەیەک کە تێیدا ئەندامانی کۆمەڵگە چیتر هاووڵاتی نین، بەڵکو تەنیا وەک "کاڵا و بەرهەم " مامەڵە دەکرێن و دەبنە کەرەستەی ئەو بازاڕەی کە سیستەمی سەرمایەداری بەڕێوەی دەبات ، دەستبردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە ستراتیژێکی دەرەکی هەیە کە هەمان لۆژیکی "براوە و دۆڕاو" لە ئاستی جیهانیدا بسەپێنێت، واتا لەم بازنەیەدا سیستەمی سەرمایەداری ڕەوایەتی بەو جۆرە میکانیزمە گونجاوی سیاسەتی ئەمریکا دەدات کە لەپەنایی هەژموونی نیولیبراڵیزم و ئیمپریالیزمدا ئالودەی دەسەڵات و خۆسەپاندن بووە
ڕەگ و ڕیشەی ئەم ئالودەبوونەش لەناو "کۆمەڵگای پیشەسازیی سەربازی"دا کاریگەری خۆی هەیە و ناکرێ مەترسییەکانی نادیدە بکرێت کە تێیدا ئابووری ئەمریکا بە سێستماتیک بەستراوەتەوە بە بەرهەمهێنانی وێرانکاری. نیۆلیبرالیزم بە گۆڕینی جەنگ بۆ "کەرتێکی قازانجەوەر"، وای کردووە کە پەرپێدانی ئەم بازاڕە پێویستی بە فۆرمێکی جەنگی بەردەوام هەبێت. بۆ ئەمەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترین ناوچەی ساغکردنەوەی ئەو بازاڕەیە و ناوچەیەکە کە لەژێر ناوی "ئازادی بازاڕ"دا وێران دەکرێت تا دواتر کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا قازانجە ڕەهاکانی تێدا کۆبکەنەوە. واتا هەموو ئەو پەلاماردانانەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو دەستێوەردانە وەحشیگەرانەیەی ئەمریکا بۆ پاراستنی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی ئازادی نییە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت و بەڵکو پێچەوانە پرۆسەیەکی داڕێژراوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە "پترۆدۆلار" وەک بڕبڕەی پشتی دارایی جیهان دەمێنێتەوە. هەر هەوڵێک بۆ دەرچوون لەم بازنەیە، وەک تێکدانی "هاوسەنگی بازاڕ" دەبینرێت و بە توندترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە، چونکە لەم سێستمەدا بڕی قازانج تاکە پێوەری ڕەواییە و لە هەر هەلومەرج و دۆخێکدا پێویست بێت دەستی بۆ دەبرێت.
بەڵام ئەم دەرهاوێشتە ئیمپریالیستییانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە ئالودەی خۆسەپاندن و دەسەڵاتی ڕەهای کردوون لە ڕاستیدا وەک ژەهرێکی دووسەر کار دەکەن و بوونەتە مەترسی بۆسەر کۆی کایەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەو ژینگە جیاوازەی کە دەستی ئەوانی نەگەیشتۆتێ. دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیستەمی نیشتمانیی وڵاتانی هەڵوەشاندۆتەوە و فەوزایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی خوڵقاندوە و بوەتە هۆکاری خولقاندنی دەیان ئەگەر و پێشهاتی مەترسیدار. دروستبوونی گروپە توندڕەوەکان و شەپۆلەکانی کۆچبەری، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو "ئیپۆسی بازاڕ"ەیە کە مرۆڤی کردۆتە کاڵا و وڵاتانی کردۆتە مەیدانی کێبڕکێیەکی بێبەزەییانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاسایشی ئەوروپا و ئەمریکاش ئێستا لەبەردەم هەڕەشەی ئەو هێزانەدایە کە سیاسەتە نیۆلیبرالەکان خۆیان فۆرمەڵەیان کردووە. ئەم کارلێکەی نێوان توندوتیژی دەرەکی و داڕمانی ئەخلاقی ناوخۆیی، باجێکی توندە کە ئەمریکا بۆ ئالودەبوونی بە دەسەڵاتی ڕەها و قازانجی بێسنوور دەیدات.
لە ڕوویەکی ترەوە، ئەم دۆخە قەیرانێکی ئەخلاقی قووڵی بۆ ڕۆژاوا دروست کردووە. کاتێک هەموو بوارەکانی ژیان بە بەهای بازاڕ بەڕێوە دەچن، مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیش دەبنە "کاڵای ڕێکلامی" بۆ شەرعیەتدان بە هەژموون. ئەم دووفاقییە وای کردووە کە "هێزی نەرم"ی ئەمریکا بپووکێتەوە و تەنیا وەک ئیمپراتۆرییەتێکی تینوو بە کەڵەکەکردنی سەرمایە دەربکەوێت. ئەم دەرئەنجامە ئەوە دەخاتە ڕوو کە متمانەی نێودەوڵەتی بەرەو نەمان بچێت و ڕێگە بۆ جێگرەوەی تر خۆش بێت.
بەکورتی ئەوەی لە ئێستای دنیادا دەگوزەرێ حەقیقەتی ئەو ئالودەبوونەیە کە بەردەوام بڕی ژەهرەکەی زیاد دەکات؛ ئەگەر نەتوانێت لەم بازنە داخراوەی "سەرمایەداریی جەنگ" و لۆژیکی نیۆلیبرالی بێتە دەرەوە، ئەوا قورسایی ئەو سیستمە جیهانییەی کە خۆی دروستی کردووە، پشتی دەشکێنێت. جیهانی داهاتوو، یان تێپەڕین دەبێت لەم ئالودەبوونە، یان هەموو مرۆڤایەتی دەکاتە قوربانی ئەو فەوزایەی کە تێیدا بازاڕ بووەتە خودای نوێ و جەنگیش بووەتە تاکە ڕێگەی پەرستنی.