
لە فارسییەوە: محەمەد چاوشین
ئۆرهان پاموک، گه‌وره نووسەری تورک و براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی ساڵی ٢٠٠٦، لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا بڵاوی کردووەتەوە، وێڕای ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی دوایی تورکیا، دەڵێت کە هەرگیز شاهیدی سەرکوتکردنی به‌ربڵاوی لەو شێوەیە نەبووە لەم وڵاتەدا.
ماڵپه‌ڕی(اخبارروز)كه ماڵپه‌ڕێكی فارسییه‌وه و له‌لایه‌ن چه‌ند ڕۆژنامه‌نووسێكی چه‌پ و پێشكه‌وتنخوازه‌وه به‌ڕێوه ده‌ربردرێت، ده‌قی ئه‌و وتاره‌ی(ئۆرهان پاموك)ی كردووه‌ته فارسی. به‌هۆی گرنگی وتاره‌كه، ئێمه‌ش به‌شه گرنگه‌كانی ئه‌و وتاره كه به نیسبه‌ت خوێنه‌ری كورده‌وه جێی بایه‌خن، ده‌كه‌ینه كوردی.
ئه‌و نووسه‌ره توركه له‌سه‌ره‌تاد دەنووسێت:
له‌دوای دەستگیرکردنی ڕکابەری سەرەکی سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بە تۆمەتی بێ بنەما و هەڵبەستراو بە گەندەڵی و تیرۆر، گۆڕەپانی تەقسیم - گەورەترین شوێنی گەشتیاریی و جەمسەری ناڕەزایەتییە سیاسییەکانی ئەستەنبوڵ - لە خەڵک چۆڵ بووە و لەلایەن پۆلیسەوە دەورە دراوە. لەماوه‌ی ئه‌و ٥٠ ساڵەی کە لە ئەستەنبوڵ ژیاوم، هیچ كات به‌و ئاسته‌ی ئێستا له شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌دا ڕێوشوێنی ئه‌منی توندوتۆڵم نه‌بینیوه".
ناوبراو له‌شوێنێكی تری وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه:
وێستگەی میترۆی تەقسیم و چەندین وێستگەی تری قەرەباڵغی شارەکە داخراون. حکومەت هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پاسەکانی نێوان شارەکانی بۆ ئەستەنبوڵ سنووردار کردووە. پۆلیس پشکنینی تایبه‌ت بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکات و ئەوانەی پێدەچێت بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان بێنە شارەکەوه، دەگەڕێنێتەوە. لە سەرانسەری وڵات‌دا هەمیشە تەلەفزیۆنەکان چالاکن بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتە سیاسییەکان بکەن. بۆ ماوەی هەفتەیەک، نووسینگەی پارێزگاری ئیستەنبوڵ هه‌موو چه‌شنه کۆبوونەوە و خۆپیشاندانێكی سیاسی قەدەغە کردووە - ئەو مافانەی کە له‌دەستووردا گەرەنتی کراون. بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ناڕەزایەتی و پێکدادانی خه‌ڵك لەگەڵ پۆلیس بەردەوامە. پۆلیس بێ بەزەییانە به گازی فرمێسک‌ڕێژ ڕووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران ده‌بێته‌وه و خەڵکێکی زۆریشیان دەستگیر کردووە.
له‌درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا ئۆرهان پاموك نووسیوویه‌تی:
لەخۆمان دەپرسین، چۆن لە وڵاتێک‌دا کە ئەندامی ناتۆیە و دەیەوێت بچێتە ناو یەکێتیی ئەوروپاوه، چۆن ده‌بێت ڕووداوی ترسناک و تۆقێنه‌ری له‌م چه‌شنه ڕووبدات؟. لە کاتێکدا جیهان سەرقاڵی دۆناڵد ترەمپ، شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل، یان ململانێی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیایە، ئەوەی له پاشماوه‌ی دیموکراسییه‌تی تورکیا ماوەتەوە، له‌ئێستادا شەڕی مانەوە دەکات.
پاشان له به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا، پاموك ده‌نووسێت:
دەستگیرکردنی ڕکابەری سەرەکی سەرۆک کۆمار - سیاسەتمەدارێک کە توانای ڕاکێشانی پشتیوانیی بەرفراوانی ڕایگشتی هەیە - دەسەڵاتی دیکتاتۆری و مشت ئاسنینی ئەردۆغانی گەیاندە قۆناغێکی نوێ. دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو تەنها چەند ڕۆژێک پێش ئەوەبوو كه پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بەفەرمی کاندیدکردنی وەک کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارەتی تورکیا بناسێنێت. ئێستا تەنانەت لایەنگران و نەیارانی حکوومەتیش لەسەر یەک شت کۆکن، ئەویش ئه‌وه‌یه، ئەردۆغان، ئیمامئۆغڵو وەک هەڕەشەیەکی سیاسی دەبینێت و دەیەوێت لە دەستی ڕزگاری بێت.
ئۆرهان پاموك له‌درێژه‌ی وتاره‌كه‌ی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه:
بەڵام بۆ کەسێک کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سیاسەتی تورکیا دەکات، ئەمانە جێگەی سەرسوڕمان نین. تورکیا لەو دەیەی ڕابردوودا دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی نەبووە - تەنیا دیموکراسییەکی هەڵبژاردن بووە؛ ته‌نها ده‌توانیت له‌هه‌ڵبژاردندا دەنگ بدەیت، بەڵام ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین بوونی نییە. حکوومەتی تورکیا هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه هه‌موو گه‌لی توركیا به یه‌ك ئاراسته‌دا بیر بكاته‌وه.
له‌به‌شی كۆتایی وتاره‌كه‌دا، ناوبراو ده‌نووسێت:
ئێستا بە دەستگیرکردنی جەماوەریترین سیاسەتمەداری وڵات- کەسێک کە ئەگەری زۆرە لە هەڵبژاردنی نیشتمانی داهاتوودا زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت- تەنانەت ئەو فۆرمە سنووردارەی دیموکراسیش خەریکە کۆتایی دێت. ئەمەش دۆخێكی بە ئازاره و قبوڵكراو نییه، هەر بۆیەش ڕۆژانە خەڵکێکی زۆرتر بەشداری ناڕەزایەتییەکان دەکەن. لانی کەم بۆ ئێستا کەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە له‌داهاتووی توركیادا چی ڕوودەدات.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی فارسی(اخبارروز)
