
فەرەیدوون سامان
وەرگێڕان لە کایەکانی کەلتووری و پەروەردەییدا ھۆکارێکی گرنگە بە خزمەتکردنی زمانی پێوەر-ستاندارداردی کوردی، ساڵانە و مانگانە تەنانەت ھەفتانەش، چەندان کتێبی وەرگێردراو لە زمانە بیانییەکانەوە بۆ زمانی کوردی بەرچڤە دەکرێن، بێگومان ھەیانە شایستەی پەسن و پێزانینن، لێ ھەشیانە شیاوی ئەوە نین نەک ھەر بخوێنرێنەوە، بەڵکو تەماشاش بکرێن، چونکە ھیچ مەرج و رێساو یاسایەک و پێوەرێکی وەرگێران لەخۆ ناگرن، ھەر بۆیەش پرسیارەکە لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە، ئایا مەرجە وەرگێڕ لەکاتی وەرگێڕانی ھەر دەقێکدا ناوەڕۆک و واتای دەقە ئەسڵییەکە بگەیەنێت، یانیش بۆی ھەیە بەپێی خواست و مەزاجی خۆی ئەو وەرگێڕانەی کە بۆ خۆی دەیەوێ دەستکاری دەقەکە بکات، وەک کورتکردنەوە یان ئیختیزالکردن، کەوایە ئەدی مەبەست چییە لەوەی کە دەگوترێ وەرگێڕ دەبێ شێوازی دەربڕینی نووسەر بپارێزێت؟.
لە کاتێکدا ئێمە دەزانین ھەر زمانێک تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە لە ڕووی سینتاکس- ڕستەسازیی و ئیدیۆم و فۆرمۆلۆژیدا لە زمانەکەی دیکەدا جوێی دەکاتەوە، وەرگێڕ دەتوانێ زمانێکی گونجاو لەگەڵ دەقە ئەسڵییەکە بدۆزێتەوە، کە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی بابەتە وەرگێردراوەکە دووچاری گرێ و گۆڵە و تاسە نەیەت، یان لەکاتی ھەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی دروست و خۆشئاوازدا ئەرکی وەرگێڕی شارەزا چییە، داخۆ بۆی ھەیە وەرگێر پەنا بباتە بەر قامووسی وشە و زاراوەی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکان یان دەقە وەرگێردراوەکە پڕ بکات لە وشەو زاراوەی بیانی، کە لە ئێستاکەدا ھەندێک لە وەرگێرەکانمان لەبەر کەم شارەزاییان ئەم شێوازە بەکار دێنن، جا بۆ نموونە گەر ئاوڕێک لەو کتێبە چاپکراوانەی وەزارەتی پەروەردە بدەینەوە بەتایبەت کتێبە پیشەییەکان بە ڕاستی هەڵەی زۆری زمانی کوردی لەو وەرگێڕانە سەقەتانە دەبینین، هەرچەندە لە بنەرەتدا وشەو زاراوەی پیشەیی کەمتر لەو میتۆدە پەروەردەییانە لە داوو دەزگا حکومییەکاندا کاری پێکراوە و جێگیر بووە، سەرباری ئەوەش زۆرینەی زۆری وەرگێری ئەو کتیبانە مامۆستاکانی ئەو خوێندنگایانەن، کە ساڵانی ساڵ ئەو کتیبانە بە زمانی عەرەبی خویندراون نەک زمانی کوردی.
باشە دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی تایبەت بە وەرگێران ڕۆڵ و ئەرکیان چییە لە جوێکردنەوەی بابەتێکی وەرگێردراوی باش لە بابەتێکی وەرگێردراوی خراپدا؟ وەرگێری باش و کارامە چۆن دەکارێ لە وەرگێڕانەکەیدا بنەماو ڕێزمانی نووسەرەکە لەبەرچاو بگرێت، لەوانەش کورتی یان درێژدادڕیی نووسینەکە چۆن ڕەچاو دەکات، جا چونکە زۆرینەی نووسەرانی ئێمە لە نووسیندا کێشەی خاڵبەندییان ھەیە، ئەدی دەبێ وەرگێڕ چۆن بایەخێک بە خاڵبەندی بدات، و چ جۆرە وەرگێڕانێک چێژی دەقە ئەسییەڵەکە دەپارێزێ و خوێنەریش ماندوو ناکات..
زۆر لە وەرگێڕەکان پەنا دەبەنە بەر فەرھەنگی وشەو زاراوەکان، ئێستا کاری وەرگێڕان بووەتە بەشێک لە بازرگانیکردن نەک بەرپرسیاریەتی، کەواتە وەرگێران نەبۆتە پرۆسەیەکی کەلتووری و مەعریفی لە ناو ئێمەدا، لە کاتێکدا توانستی ماددی و مانەوی لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئەم پرۆسەیەش دابینکرابوو.
ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی وەرگێران لە کوردستاندا، کتێبێکی بە ژمارە زۆر و بۆر تەرجەمەی زمانی کوردی دەکرێن، کەچی لە ڕووی چۆنیەتییەوە خراپن. ئەز پێم وایە ئەم دیاردەیە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وەرگێری شارەزا و لێھاتوو و پسپۆڕ لە بواری وەرگێڕاندا، چونکە لە زانستی وەرگێراندا بە تەنیا زانین ھەردوو زمان بەس نییە بۆ پرۆسەی وەرگێران، وەرگێڕ دەبێ شارەزای ھەردوو کولتووری زمانەکەش بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە وەرگێڕ دەبێت لە تەکنیکی وەرگێڕاندا کارامە بێت، لە کاتێکدا کە ڕستەیەکی ئاڵۆزی دێتە پێش نابێت وەرگێرانی حەرفی بۆ بکات، پێویستە بە ڕادەیەک لە وەرگێران شارەزا بێت تا بتوانێت بەرامبەرەکەی لە زمانی ئامانج بدۆزێتەوە. لەلایەکی دیکەوە وەرگێر دەبێت لێھاتوو بێت لە گواستنەوەی شێوازی نووسینی زمانی سەرچاوە بۆ زمانی ئامانج، نەک ھەر گواستنەوەی واتا بەبێ شێوازەکەی، بە تایبەتی لە وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبیدا.
بایەخی وەرگێڕان لە دانانی میتۆدە پەروەردەییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا لەوەدایە کە لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەرھەمی فەرھەنگیی، زانستی، کولتوری و مێژووی نەتەوەکان دەناسین و کەڵک لە ئەزموونەکانیان وەردەگرین، بەداخەوە ھەر لە بنەڕەتدا کتیبەکانی خوێندنی پەروەردەیی لە کوردستاندا دەقی وەرگێڕاو بوون نەک نووسین، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی تەرجەمەکراون، بۆیەش دەبینین لەو میانەدا دووچاری کۆمەڵێک ھەڵەی زمانەوانی ھاتوون.
دیارە لە ھەموو سەردەمێکدا وەرگێڕان ڕۆڵی مێژوویی خۆی گێڕاوە بۆ سازکردنی میکانیزمی خەبات لە پێناو زمانی نەتەوەدا و کاریگەریی مەزنی ھەبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی زمانێکی پێوەرو ستانداردی کوردی. مخابن ھەندێک لە وەرگێڕکاران زمانێکی ناوچەیی لە وەرگێڕانەکانیاندا بەکار دەھێنن، ئەمەش کەمتر چێژ بە خوێنەران دەدات، ڕاستە کوردی زمانێکی فرەزارە، شێوەزاری ناوچەیەک لەگەڵ ناوچەیەکی دیکەدا جیاوازە، بەڵام دیسان زمانی کوردی یەکێک لە زمانە دەوڵەمەندەکانی جیھانە. پێموابێت ئەگەر نووسەرێک، شاعیرێک، توێژەرەوەیەک ئەگەر بۆ وشە یان دەستەواژەیەک دابمێنێت و کەمێک خۆی ماندوو بکات، دەتوانێت لە دوورە دێیەکی گەرمیان یان کوێستان، لە زاری پیرمێردێک، لە دەق و کتێبێکی کۆنی ناوچەیەکی ئەم کوردستانە پان و بەرینەیدا جوانترین وشە و زاراوە پەیدا بکات و بەشێوەیەکی سادەو ساکار، لە ھەمانکاتدا ڕەوان، بیترنجێنێتە ناو بەرھەمەکەیەوە، ئەوسا خوێنەر کەمەندکێش دەکات و چێژێکی بێھاوتای پێدەبەخشێت. وەلێ کورد لە سایەی داگیرکاریی و دابەشبوونی بە سەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا، تەنانەت ئاشنایی لەگەڵ زمانەکەی خۆیشیدا نەبووە.
بەداخەوە ئەمڕۆ کێشەی گەورەمان لە تێگەیشتنی زارەکانی هەورامی و کرمانجی ژووروودا ھەیە و خەریکە بە زمانێکی دی لەقەڵەم دەدرێت. بۆیە ئەگەر ئێمە بتوانین لە زمانی ئەدەبی و لە ڕاگەیاندنەکاندا خوێنەرو بیسەر بەو زار و شێوەزارانە ئاشنا بکەین، ئەوە خزمەتێکی باش بە زمانەکەمان دەکەین و ئەرکێکی پیرۆز بەجێ دەھێنین. پاشان بەرھەمێک دەخەینە بەردەست خوێنەران، لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی کوردستانیشدا بخوێندرێتەوە و لێی حاڵی بن، وەرگێڕی سەرکەوتوو پێویستیی بە زانینی زمانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی، ئاخافتن بەیەکێ لە زمانە بیانییەکان وەرگێڕ دروست ناکات. ھەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد لەویش گرینگتر زمانی دایکە، مرۆڤ گەر شارەزاییەکی باشی لە زمانی دایکیدا (بە زار و شێوەزارە جۆراوجۆرەکانییەوە) نەبێت ناتوانێت ببێت بە وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، لەپاڵ ئەمیشەوە زانینی چەند زمانێک وەرگێڕ دەوڵەمەندتر دەکات.
لەو ساڵانەی دواییدا و پاش کۆچی گەلێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران بۆ دەرەوەی وڵات، ھەندێک بەرھەمی کوردی وەرگێڕدرانە سەر زمانە ئەوروپاییەکان، بەڵام ژمارەیان کەمن و لەو ئاستەدا نەبوون، کە بەرھەمی ئەدەبی کوردی بەخوێنەری بیانی بناسێنن. دیارە ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزایی تەواو لەو زمانانەدا، وەکو لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا وەرگێڕان پێویستی بە شارەزاییەکی گەلێک فرەتر لە قسەکردن و خوێندنەوە بە زمانێکی تر ھەیە، چونکە ھەڵبژاردنی دەقی شایستە، زەوقی ئەدەبی وەرگێڕ بە خوێنەرەکەی دەناسێنێت، وەرگێڕی جددی بەتەنێ کار بۆ ئەوە ناکات ھەرچییەکی بەردەست بکەوێ بیکوردێنێت، بەڵکو دەبێت بەھەڵبژاردنەکەی ئامانجێک بە خوێنەر بگەیەنێت و تینوێتی خوێنەر بە بەرھەمە ناوازە نەناسراوەکانی نەتەوەکانی دی. باشترین پێشنیار و ڕاسپاردەم ئەوەیە گەرەکە دەزگایەکی تایبەت لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەبێت و لە شارەزاییان و پسپۆرانی زارەکانی زمانی کوردی و هەروەها زمانە بیانییەکان پێکهاتبێت تا بتوانن بە میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمی کتێبەکان بۆ زمانی کوردی وەربگێڕن، لەهەمانکاتیشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەند و بنکە و دەزگە کەلتوورییەکانی وەک دەزگەکانی سەردەم و موکریانی و بنکەی ژین و جەمال عیرفان، پرۆژەیەکی ساڵانەی هاوبەشیان هەبێت بۆ وەرگێڕانی شاکارە کەلتووری و وێژەییەکانی زمانی کوردی بۆ سەر زمانە بیانییەکان.