
محەمەد قەڵادزێ
وەرزش و چالاکیی جەستەیی دەتوانێت کوالێتی ژیانی ھەموو کەسێک لە ھەموو تەمەنێکدا باشتر بکات. شێوازی ژیانی پڕ لە چالاکیی وەرزشی وا لە منداڵان دەکات ھاوڕێی نوێ بدۆزنەوە، بەردەوام لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشداری بکەن.
ئەوانەی چالاکیی جەستەیی بەردەوامیان ھەیە، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی مێشک و دەمارەکانیان کەمترە. ھەروەھا چالاکیی جەستەیی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.
ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی و وەرزشکردن یان پیادەڕەوی دەبێتەھۆی دۆزینەوەی ھاوڕێی نوێ و درووستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی ھەستی تەنیایی و پەراوێزخراوی لەناو کۆمەڵگادا.
چالاکیی جەستەیی دەتوانێت ھەستی پشت بەخۆبەستن و متمانە بەخۆبوون زیاد بکات، کە ئەم دووانەش پێوەرێکی بنەڕەتین بۆ تەندرووستی دەروونی.
چەند زانیارییەکی سەرەتایی توێژینەوەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیھانی(WHO) لەسەر ھۆکارەکانی درووستکردنی مەترسی لەسەر جەستە، ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمی چالاکی یان ژیانی پڕ لە دانیشتن و بێ جووڵە، یەکێکە لە ١٠ ھۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە ھەموو جیھاندا.
لە وڵاتە جیاوازەکاندا لە نێوان ٦٠ بۆ ٨٥ لەسەدی گەورەساڵان وەرزشی پێویست ناکەن بۆ باشترکردنی تەندروستییان
ژیانی بێ جووڵە و وەرزش نەکردن، ھەموو ھۆکارەکانی مردن زیاتر دەکات. ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و شەکرە و قەڵەوی دوو ھێندە دەکات، ھەروەھا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن و ڕیخۆڵەکان و بەرزی پەستانی خوێن و پووکانەوەی ئێسک و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ زیاتر دەکات.
چالاکیی جەستەیی بەردەوام بۆ منداڵان سوودی گرنگی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی لەڕووی تەندروستییەوە بەدوای خۆیدا دێنێت.
وەرزش و چالاکی جەستەیی بەردەوام، یارمەتی منداڵان و ھەرزەکاران دەدات بۆ ئەوەی ئێسک و ماسولکە و جومگەکانیان تەندرووست بن، کێش و جەستەیان ڕێکدەخرێت و چەورییان کەم دەبێتەوە و چالاکی دڵ و سییەکانیان ڕێک و گونجاو دەکات. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بۆ ڕێگریکردن و ڕێکخستن و نەھێشتنی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
شارەزایان دەڵێن، بەشداریکردنی منداڵان لە یارییە گروپییەکان دەبێتە ھۆی زیادبوونی ھەستی متمانە بەخۆبوون، بەھێزکردنی گیانی ھاوکاری و تەندرووستی گشتییان.
بەڵام بەشێک لە منداڵان حەزێکی کەمیان بۆ وەرزش و چالاکیی جەستەیی ھەیە. باشترین چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە ئەوەیە کە دایک و باوک بزانن بۆچی منداڵەکەیان ئارەزووی وەرزش و چالاکی جەستەیی ناکات. پێویستە لە ھەنگاوی یەکەمدا ڕاستەوخۆ منداڵەکە تێبگەندرێت کە چارەسەرێک بۆ ئەمە ھەیە.
ھەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو منداڵانەی چالاکی جەستەییان زیاترە ئەنجامی خوێندنیشیان بەرزترە. یارییە گروپییەکان دەبنە ھۆی تێکەڵی کۆمەڵایەتی ئەرێنی و ئاسانکاری دەکات بۆ سەرھەڵدانی کارامەیی کۆمەڵایەتی لە تەمەنی ھەرزەکاریدا.
بۆیە، چالاکی وەرزشی بەردەوام، بناغەیەکی چالاک و تەندرووست لە ژیاندا بۆ کەسەکان دادەنێت. بە پێچەوانەشەوە، خووە ناتەندرووستەکانی وەک ژیانی پڕ لە دانیشتن و بێ جووڵە، خۆراکی نا تەندرووست و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان کە لە گەنجیدا سەرھەڵدەدەن، بەزۆری لە تەمەنی گەورەییشدا بەشێوەی گشتی بەردەوام دەبن.
سەرچاوەی باس: موسسە علمی پزشکی کوھستان ایرانیان.