
هاوکار قادر
بە پشت بەستن بەو ناڕەزایەتییانەی کە لە ڕابردوودا هەبوون و ئەو ئامادەییە هەمیشەییەی کە وەک سۆز و پشتگیری بۆ یەکێتی، یەکڕیزی، گردبوونەوە و ناڕەزایەتی لە جیهاندا دژ بە تاریکپەرستان و کوردکوژان بوونی هەیە، پێویستە کەسانی ڕۆشنبیر و ئەوانەی بە زمانە جیاجیاکان قسە دەکەن و لە ناوەندە جیاوازەکانی جیهاندا کار دەکەن و دەنووسن، ئەو دیوە پڕ لە شانازییەی تێکۆشانی ژنان و ڕۆڵیان لە ڕێکخستنی کۆمەڵگاکەیان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بگەیەنن بە جیهان. دەبێت ئەم پەیامە زیاتر لەوەی تا ئێستا گەیشتووە، بڵاو بکرێتەوە، بۆ ئەوەی جیاوازیی نێوان ئێمە و ئەوان بۆ گەلانی ئازادیخوازی جیهان ڕوون بێتەوە.
ڕۆژئاوای کوردستان ئەو ناوچەیەیە کە گەلی کورد تێیدا بۆ ژیانێکی ئازاد و پاراستنی خاک و ناسنامەی خۆی خەباتێکی زۆری کردووە. لەم خەباتەدا دەیان هەزار قوربانی داوە و ڕووبەڕووی کارەساتی تراژیدی، قەتڵوعام و جینۆساید لەسەر دەستی تاریکپەرستان و دووژمنان بووەتەوە. بەڵام لەناو ئەو هەموو تاریکی و بەرەنگارییانەدا، ژن ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و بنەڕەتیی گێڕاوە.
ژنانی ڕۆژئاوا سەلماندیان کە ژن دەتوانێت بەهێز بێت و وەک پیاوان، لە کاتی شەڕ و مەترسییدا، ڕۆڵی بەرگری ببینێت. زۆر ژن چوونە ناو هێزەکانی بەرگرییەوە و دژ بە داعش و هێزە داگیرکەرەکان وەستانەوە. ئەم ژنانە تەنها چەکیان هەڵنەگرت، بەڵکو هیوایان بۆ گەلەکەیان دروست کرد و نیشانیان دا کە ژن تەنها بۆ ژیانی ماڵەوە نییە، بەڵکو پارێزەری ئازادی و داهاتووی گەلەکەیشیەتی.
بێگومان ڕۆڵی ژن تەنها لە شەڕدا کۆتایی نایەت، بەڵکو لە ژیانی ڕۆژانەشدا بەردەوامە. ژنان لە فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵان، لە بواری پزیشکی و چارەسەری خەڵک و لە یارمەتیدانی خێزان و کۆمەڵگادا کاری گرنگیان کردووە. لە کاتی قەیرانەکاندا، ژنان پاڵپشتی خەڵک بوون و ڕۆڵیان لە ڕزگارکردنی ژیاندا هەبووە. هەروەها، ژنان لە ڕۆژئاوا بەشداریی ڕێکخستنی کۆمەڵگا و ئەنجوومەنەکان دەکەن و هەوڵ دەدەن بڕیارەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بدرێن. سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، کە ژن و پیاو بە یەکسانی لە بەڕێوەبردندا بەشدارن، یەکێکە لە هەنگاوە هەرە گرنگەکان بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژن.
لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەرگری تەنها بە چەک نییە، بەڵکو بەرگرییە لە شێوازی ژیان، لە کەرامەتی مرۆڤ و لە مافی ژن. ژنانی ڕۆژئاوا دژ بە توندوتیژی، نادادپەروەری و کۆیلایەتی خەباتیان کردووە. ئەم خەباتە وای کردووە کە ژن ببێتە هێمای ئازادی و ئومێد، نەک تەنها لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا.
لە کۆتاییدا، ڕۆژئاوای کوردستان ئەوە نیشان دەدات کە بەبێ ژن هیچ بەرگرییەک تەواو نابێت و هیچ کۆمەڵگایەک پێش ناکەوێت، چونکە ژن بنەمای ئازادی و پێشکەوتنە. ڕۆڵی ئەوان لە بەرگریدا هەمیشە وەک شانازی و وانەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو و بۆ مرۆڤایەتی لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە.