شیلان جه‌لال ده‌رگه‌له‌یی 

زۆرجار لەگەڵ هاوڕێکانم، (لە ژن و پیاو) باسی دڵڕەقی و ئاڵۆزی ژنمان کردووە.، من لێرە باس لە جوانیەکانی ڕوخسار و ڕۆحی ژن ناکەم، چونکە ئەوەم زۆر باسکردووە، بەڵام لێرە باسی ئاڵۆزیی و دڵڕەقی و ڕۆحی ئاژاوەگێڕی و چاوچنۆکی و دڕندەیی و بێ ویژدانی ژن ئەکەم، بەشێوەیەکی گشتی.هاوڕێیەکم لە بواری توندوتیژی ژنان کارئەکات، جارێک گوتی:

“ لە زۆربەی ئەو سەرژمێریانەی هەمانە ژنە گەورەکانی بنەماڵە هاندەر و پیلانداڕێژەر و بڕیاربەدەست بوونە لە کوشتنی کچان و ژنانی بنەماڵەکە بەناوی شتنەوەی شەڕەف  “، هاوڕێیەکی ترم کە لە بواری ڕۆژنامەگەری و بەدواداچوونی تاوان کاری کردووە، شتێکی گوت، تا ئێستا بیرم بۆ ئەوە نەچووبوو، گوتی: “ تا ئێستا زۆر کەم وابووە پیاو لەبەر خۆشەویستەکەی ژنی خۆی کوشتبێ، بەڵام زۆر ژن بە هاوکاری خۆشەویستەکەی، مێردەکەی خۆی کوشتووە  ” ،( بە بەڵگەوەش ئەوەی گوت)

ئەوە هەمووی لەلایەک لەلایەکی تر کاتێک ژن وەک پشیلەڕەشە چنگ گیرئەکا لە هەناوی هاوسەر یا خێزان و ڕنۆکی تا بنی ئەبات، بێ ویژدانانە ئەو بنەماڵەیە لەیەک هان ئەدا، هەڵدەوەشێنێتەوە، بەگژیەکدا ئەبات، وەک چۆن هەنار لە دیوار بدات وایە، هەر دەنکەی بۆ لایەک ئەچێت. ئەو جۆرە ژنانە لە هەرچی خاسیەتی جوانی (ژن)ایەتی هەیە، دائەشۆرێن. هیچ مانایەکی ژن بوونی نامێنێ، ئەبێتە پشیلەڕەشە چنگ پیسەکە، لەوەشدا، یا پەروەردە خێزانیەکەی سەقەتە، یا خۆی نەقسێک لە کەسایەتیدا هەیە و ئەیەوێ بە شەڕ یا چاوچنۆکی یا ئاژاوەنانەوە پڕی بکاتەوە.

ئەو جۆرە ژنانە وەک ددانی بە ئازارن لە دەمدا، ژیان لە دەوروبەر تاڵ ئەکەن، ئیتر ژنیشە خۆ منداڵ نیە تا ئومێدی چاکبوون و گۆڕانی لێ بکرێ.ژن بە نەرمیی و ئارامیی و بەخشندەیی و ڕێز و بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی جوانە، نەک زمانی زبر و پەلاماردان و ڕاخستنی گوریس بۆ پێوانی زەوی و زاری نێوان بنەماڵەکە یا هاندانی کەس لەناو خێزان و بنەماڵەکە لە دژی کەس.

بەو هیوایەی هەر کەسە و بەختی بەو ژنانەبێ کە ڕێز و تەبایی و خۆشەویستی لەنێوان خێزانەکانیان پەخش و بڵاوئەکەنەوە، بۆ ئەوەی هەمیشە سەرتان سووک و دڵتان خۆشبێ و شەوان بەبێ خەمی سەر بخەنە سەرسەرین و مناڵەکانیشتان ناکۆکی و دوژمنایەتیان بۆ دروستنەبێ لەناو کەس و کار و دەوروبەر.

وتاری نووسەران