
نووسین چییە؟
ئامانج لە نووسین چییە؟
شاهین کەلانتەری
وەرگێڕان بە دەستکارییەوە: ڕێباز مستەفا
پێناسەکردنی نووسین
لە نێوان هەموو داهێنانەکانی مرۆڤدا، 'نووسین' بە گەورەترین داهێنان دادەندرێت، چونکە مێژووی دروست کرد. نووسین هونەرێکە، کە نووسەران لە ڕێگایەوە بە پلەوپایەی بەرز و شکۆدار گەیشتوون.
لەبارەی 'نووسین'ەوە 'ئەندرۆ ڕۆبینسۆن' لە پێناسەکردنێکی تازەدا دەنووسێت: پێناسەی زانستی و لۆژیکیانە بۆ پرسیاری 'نووسین چییە؟' دەکرێت ئەوە بێت، کە: نووسین شێوەی نووسراوی زمانە، بەڵام نووسین و کاری داڕشتن هەزاران پێناسەی لۆژیکی و نەبیستراو و جۆراجۆری دیکەی هەیە، ئەو پێناسانە ڕەنگە شاعیرانە، فەلسەفیانە، تەنز، دەروونناسانە و... بن.
لەو پێناسەیەی 'پەرویز ناتل خانلەری' سەبارەت بە نووسین، کە لە کتێبی (هونەری نووسیاری)دا لەژێر ناونیشانی 'نووسەر کێیە؟ نووسین چییە؟' خستوویەتیە ڕوو، بڕوانن:
'ئەگەر (نووسین) بە واتای کاری کەسێک وەربگرین، کە دەنووسێت، ئەوا هەر کەسێک، کە دەنووسێت، ئەگەرچی نووسینەکەی لیستی خەرجییەکانی ماڵ، یان لێنووسی فرۆش و قەرزی دوکانەکەشی بێت، دەبێت ئەوە بە نووسین دابنێین. لەم حاڵەتەدا کاری نووسین سەخت نییە. پیتەکان بناسیت و بڕە خەت و قەڵەمێکت هەبێت، کە بخوێندرێتەوە بەسە بۆ ئەوەی پێت بگوترێت نووسەر، بەڵام ڕاستییەکەی ئەمانە بە 'نووسەر' دانانرێن. بە کەسێک دەگوترێت 'نووسەر'، کە واتا و ناوەرۆکێکی لە زەهندایە و ئەو ناوەرۆکە سوودێک، یان چێژیکی گشتی بە خوێنەران دەبەخشێت و ئەو واتا و بابەتانە بە شێوەیەک دەنووسێت، کە هەمووان پێیان خۆشە و ئارەزوویان لییە و چێژ، یان سوودێکی لێ وەردەگرن. تەنانەت پێناسە و واتای 'نووسەر' لەمەش تایبەتترە. کەسێک، کە کتێبێک لە بارەی ئەستێرەکانەوە دەنووسێت، ئەگەرچی بنەماکانی ئەو زانستەشی بە دروستی خستبێتەڕوو و خاڵ و دۆزینەوەی تازەشی باس کردبن. نووسەر نییە، بەڵکو ئەستێرەناسە. دانەری کتێبە مێژوویی و جوگرافی و فتزیایی و کیمیاییەکانیش بە نووسەر داناندرێن، بەڵکوو ئادرێس و ناوی ئەو جۆرە نووسەرانە 'مێژووناس" و فیزکناس' و 'کیمیاناس'ە، بەڵام ئەگەر کەسێک لە یەکێک لەو ڕشتانەدا کتێبێک بنووسێت، کە هونەر و باڵادەستیی لە داڕشتن و خستنەڕووی بابەتەکەدا سەرنجڕاکێش و دڵگیر و مایەی پەسند بێت، ئەوا جگە لە پێناسەکەی خۆی بە 'نووسەر'یش دادەندرێت. کەواتە نووسین، هونەری 'باش و جوان نووسین'ە.
مێژووی نووسین
نووسین، خستنەڕووی زمانە بە شێوەی نووسراو، کە بە هۆی کۆمەڵێک پیت و هێماوە دەخرێتەڕووەوە. نووسین بۆ یەکەم جار نزیکەی چوار هەزار ساڵ بەر لە زایین، لە شاری سۆمەر، بە هۆی زۆر پێویستبوون بە کاروباری ژمێریارییەوە هاتە ئاراوە. لەو کاتدا ئاڵۆزیی دانوستان و مامەڵە بازرگانییەکان و فراوانبوونی کاری بازرگانی و هەستکردن بە پاراستن و پێڕاگەیشتن بە ژمێریاری و لەبەرچاوگرتنی قازانج و زیانی مامەڵەی نێوان بازرگانەکان، وای کرد، کە یادەوەریی کەسەکان دەرەقەتی ئەوە نەیەت هەموو شتەکان تۆمار بکات و لەبیر نەچنەوە، بۆیە نووسین وەکوو شێوازێکی متمانەپێکراو هاتە ئاراوە. لە لایەکی دیکەشەوە لە ئەمریکای ناوەڕاست، نووسین وەکوو پێویستیێک بۆ دیاریکردنی کات و هەروەها پێویستیێکی سیاسی بۆ تۆمارکردنی ڕووداوگەلی مێژوویی هاتەئاراوە.
مێژوونووسان هێڵێکی جیاکەرەوەیان لە نێوان نووسینی ئێستا و ئەوەی پێش مێژوو (پتروگلیف= نووسین بە کۆڵین لەسەر بەرد) کێشاوە. شێواز و سیستەمەکانی نووسین بە درێژایی مێژوو بە پێی خواست و پێویستیی ئەو خەڵکەی، کە بەکاریان هێناوە، پەرەی پێ دراوە و گۆڕانکاری لە شێوە و نیشانە و هێماکانیدا کراوە. بە گەڕانەوە و چاوخشاندنەوە بە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی نووسین، دەتوانین لە پێداویستییەکانی خەڵک و گۆڕانی ئەو پێداویستیانەیان بە پێی سەردەمەکان و بە درێژایی مێژوو بگەین.
دوای زمان و ئاخاوتن، نووسین بە گرنگترین داهێنانی مرۆڤ دادەندرێت، چونکە 'نووسین' پەیام و ئاماژەکانی پشت کات و شوێن بۆ وەرگر دەگوازێتەوە.
وشەی ئینگلیزیی(Writyg)، لە وشەی (Writan)ی ئەڵمانییەوە وەرگیراوە، کە واتاکەی 'خوراندن' دەگەیەنێت، بە واتایەکی دیکە، هەر نووسینێک خوراندن و هەڵکڕاندن، یان وجووڵاندنێکی زەهنە.
نووسین چییە؟
من پێم وایە نووسین و خستەڕووی پێناسەی جیاجیا بۆ ساغکردنەوە و وەڵامدانەوەی پرسیاری 'نووسین چییە؟' یارمەتیمان دەدات، کە یەکەم هزر و دیدی خۆمان لەبارەی نووسین و پرسیاری 'نووسین چییە؟' ڕوون بکەینەوە، دووەم ڕەنگە پێناسەیەکی باش، ببێتە مایەی ئەوەی واتا و بەها و گرنگی نووسین زیاتر تێبگەین و زیاتر پەی پێ ببەین.
ئەم شتانەی لە خوارەوە وەک پێناسە بۆ پرسیاری 'نووسین چییە؟' دەیبینن. هەر تەنیا مەشق و ڕاهێنانێکی سادەی خۆمە بۆ نزیکبوونەوە لە مەبەستە سەرەکییەکە، ئەگەرنا گەیشتن بە پێناسەیەکی دروست و مایەی پەسند بۆ هەمووان سەبارەت بە نووسین، کاری زیاتر و وردبوونەوە و ساغکردنەوەی زیاتری گەرەکە..
بە تێڕوانینی ئێمە نووسین واتا:
*مەشقکردنی بەردەوام لەسەر نووسین. بنووسین و بخوێنینەوە و لایەنە باش و خراپەکان تەتەڵە بکەین و لە یەکدیان جیا بکەینەوە. ئەمە وەک ڕاهێنان و مەشقێکی بەردەوام وەربگرین.
*خەوبینین لە بێداریدا. هەمیشە بە هۆشیارییەوە خەون و خەیاڵی باشمان هەبن و ئەو خەون خەیاڵانەمان بنووسینەوە و دواتر پێیاندا بچینەوە و پەرەیان پێ بدەین.
*ڕماندنی دیوارەکان. لە ئەنجامی بیرکردنەوە و نووسینەوەی ئەو بیرکردنەوانە، دەبینین بەربەستەکان یەک دوای یەک وەلا دەچن و هەموو خەوش و هەڵەوپەڵە لە دید و بۆچوونەکانماندا دەکەونە ڕوو و ئاسان دەتوانین بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین.
*خولیای ڕەشکردنەوەی کاغەز. بۆیە دەگوترێت نووسین بە بەردەوامی، تا لە هەموو ڕووێکەوە ڕاهێنان بکەین، لە ڕێی نووسین دەتوانین پەرە بە زمان بدەین، جوانکاری لە داڕشتندا بکەین، ڕێنووسێکی پوختە و شیاوی زمانەکەمان جێگیر بکەین.
*باشتر بیرکردنەوە. لە ڕێی نووسین دەتوانین باشتر بیر بکەینەوە و بە خستنە سەر کاغەزی ئەو بیرکردنەوە باشەشمان، بەشدار دەبین لە کاروانی پێشکەوتن و هۆشیاریی تاکەکان. ئەگەر ئەو پرۆسەیە نەبێت گەشەسەندنی مرۆڤەکان دەوەستێت.
*بارین لە ڕۆژێکی هەتاویدا. ئەو جۆرە دەربڕینە ئەدەبی و شاعیریانە، یارمەتیدەر دەبن، کە ژیان و دەوروبەر و جیهان بە گشتی جوانتر و گەشاوەتر ببینین و لایەنی دەروونیمان بۆ شتە باشەکان ئامادە بکەین و خۆشەویستی و تەبایی لەنێوان تاکەکاندا پەرە پێ بدەین.
*چێژوەرگرتن لە وشە. زۆر جار شیعرێک و چیرۆکێک، داڕشتنێک دەخوێنینەوە، بەسەر هەندێک وشەدا دەکەوین، هێند جوانن و لەبەردڵانن خۆشحاڵ دەبین پێیان و ئافەرینێک بۆ نووسەرەکەیان دەنێرین، بۆیە لە نووسیندا هەر بە تەنیا گەیاندنی پەیام گرنگ نییە، بەڵکو جوانکاری و ڕازاندنەوەی ئەو پەیامەش، کە دەینێرین گرنگە.
*ڕێزنان لە دەستەواژە. بە نووسین نەبێ چۆن دەکرێت زمان و ڕووبەری زمان فروان بکرێت و وشە و دەستەواژەی تازە و گونجاو بخەینە ناو وشەدانی زمانەکەمان. دەبێت هێند بە پارێز و وردەکارییەوە مامەڵە لەگەڵ دەستەواژەکاندا بکەین و تەتەڵەیان بکەین، چونکە مانەوەی هەر میللەتێک بەندە بە زمانەکەیەوە. ئەگەر ئەو گەلە زمان و وشەدانێکی تێر و فراوانی نەبێت، دەکەوێتە بەر هەڕەشەی لەنێو چوونەوە، بۆیە ڕێزگرتن و پاراستن و پەرەپێدانی فەرهەنگی زمان، زۆر گرنگە و هەمیشە دەبێت لەبەر چاومان بێت.
*گەردوون خستنە ژێرپرسیار. لە ڕێی 'نووسین'ەوەیە ژیان و بوون و گەردوون بە گشتی شیتەڵ دەکرێت و لایەنە گەشەکانی گەشتر و لایەنە ناڕۆشنەکانی ڕۆشن دەکرێنەوە و بەردەوامیش پرسیار و گومانی تازە دەخرێنە ڕوو و بە بەدواداچوون و لەسەر ڕاوەستان ساغ دەکرینەوە و بەم شێوەیە ئەو پرۆسەیە، کە پێی دەگوترێت 'پرۆسەی گەشەسەندنی هزری' بەردەوام دەبێت
* جێگیرکردن و جێکردنەوەی دەستەواژەکان. بە نووسینی بەردەوام و بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەکان و قسەپێکردنیان، دەبینین ئەو وشە و دەستەواژانە، کە سەرەتا ڕەنگە بە گوێی وەرگرەوە نائاشنا بووبن، وردە وردە ئاشنا دەبن و لە یادگەمان جێ دەگرن و لە ئاخاوتنی ڕۆژانەشماندا ڕەنگ دەدەنەوە و دواجار دەبنە بەشێک لە زمانەکەمان.
*نووسین ڕەوتێکە بۆ واتابەخشین بە ژیان. میللەتی بێ نووسین نییە و ئەگەر هەشبێت بێگیانە. ورتەورت و تەنانەت گۆرانی و سرووتی ئاینی و سەردولکەش ئەگەر نەنووسرێنەوە و نەبنە تێکست و دەقی بەردەست، لەناو دەچن، بۆیە جەخت دەکرێتەوە بە نووسین و تۆمارکردنەوەیە، کە واتا بە ژیان دەدرێت. بێ نووسین هیچ شتێک بەرەو پێش ناچێت و ژیان دەبێتە شتێکی بێ واتا.
*نووسین بیانووێکە بۆ چێژوەرگرتن لە تەنیایی. سەرەڕای ئەو خاڵانەی سەرەوەش، نووسین لەسەر ئاستی تاکەکەسیشدا ڕۆڵێکی زۆر دەبینێت. ئەو کەسانەی لە تەنیاییدا دەژین، زۆریان پەنا دەبەنە بەر نووسین و لە ڕێگای نووسینەوە واتا بە بوونی خۆیان دەبەخشن و چێژ وەردەگرن، زۆر جاریش بەرهەمی باش لە دوای خۆیان بە جێ دەهێڵن.
ئەمەو دەیان تایبەتمەندیی دیکەی باشی 'نووسین' هەن، کە ئێمە هەر بە کورتی ئاماژەمان بەم چەند دانەیە کرد و هەر خوێنەرێک لای خۆی دەتوانێت دەیان نموونەی دیکە ببینێت و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا سەروکاری لەگەڵدا هەبن.
ئامانج لە نووسین چییە؟
بۆ نووسەرێک، کە ئەو پێناسانەی سەرەوە بیگرێتەوە، نووسین هەر تەنیا بابەتێکی کەسی نییە، بەڵکو پرسێکی کۆمەڵایەتییە، چونکە هیچ نووسەرێک، کە بە پێی پێوەری پشتڕاسکراوەوە نووسەر بێت، هەر تەنیا بۆ خۆی نانووسێت، ئەو دەبێت ئامانجێکی هەبێت، تا بتوانێت لە پێناو ئەو ئامانجەی بنووسێت و کەشێک دروست بکات، کە کەسانی دیکەش بە ئاراستەی ئەو ئامانجەی ڕێنوێنی بکات. نووسەرێک ئەگەر ئامانجێکی نەبێت، کەڵکەڵە و خولیایەکی نەبێت، بشنووسێت نووسینەکەی لە وڕێنەیەک زیاتر شتێکی دیکە نابێت. لێرەدایە، کە گرنگیی بیرکردنەوە و هەبوونی ئامانجێکی دیاریکراو بۆ نووسین دەردەکەوێت، بەڵام هەر هەبوونی ئامانج و خولیا بە تەنیا بەس نییە، کە کەسێک ببێتە نووسەر، بەڵکو ئەو کەسە دەبێت بەردەوام بێت لە نووسین، ڕاهێنان لەسەر داڕشتن و زمانپاراوی و جواننووسین بکات، تا بتوانێت باشتر و وردتر بیر و بۆچوونەکانی بخاتە ڕوو و کاریان لەسەر بکات و و مشتووماڵیان بدات، بۆ ئەمەش پێویستە بەردەوام بنووسێت و پێیدا بچێتەوە و دیسان دەستی تێدا بگێڕێت و باشتر و پوختەتر بیگەیەنێتە بەردەستی خوینەر. ئەمە گرنگترین ئامانجی نووسینە، چونکە تەنیا بە بینینی وردی بیر و خەیاڵەکانمانەوەیە، کە دەتوانین هەوڵی باشکردن و ڕێکخستنەوە و مشتوماڵکردنیان بدەین.
لەبەر ئەوەیە، کە نووسین بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانرێت بۆ خۆگۆشکردن و گەیشتن بە سەرکەوتن و پێشکەوتن لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا.
فەیلەسوف و ڕۆماننووسی ناسراوی ڕووس 'ئاین ڕەند' دەڵێت:
(سامان بەرهەمی توانای بیرکردنەوەی مرۆڤە). هەروەها ئەو ڕستە سەرنجڕاکێشەی شانۆنامەنووسی ناسراو 'جۆرج برنارد شۆ' زۆر جێی بایەخە، کە دەڵێت:
(کەسانێکی کەم هەن لە ساڵێکدا دوو، یان سێ جار بیر دەکەنەوە، من بە یەک جار، یان دوو جار بیرکردنەوە لە هەفتەیەکدا توانیومە ناو و ناوبانگێکی جیهانی بۆ خۆم بە دەست بێنم).
هەر دوو ئەو ڕستانەی سەرەوە جەخت لە گرنگیی بیرکردنەوە بۆ بە دەستهێنانی ئەنجامی خوازراو دەکەنەوە، بەڵام بە ڕاستی ئایا بیرکردنەوە دەبێت چۆن بێت؟ ئایا دەتوانین ئەو بیر و خەیاڵە ئاڵۆز و بێسەروبەرانەی، کەوا بەردەوام مێشکمان ماندوو دەکەن ناو بنێین بیرکردنەوە؟
بێگومان ئەو جۆرە خەیاڵات و بیرکردنەوە پەرێشان و ئاڵۆزانە نەک بەرەو سەرکەوتن و پێشکەوتنمان نابەن، بەڵکو دەمانکەنە کەسانی خەیاڵاتی و هیچ لەدەستنەهاتوو و بەجێماو، بۆیە جەخت لەسەر نووسین دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی دواتر بەسەر ئەو هزر و بیرکردنەوانەماندا بچینەوە و لایەنە باش و کردەنییەکان دەستنیشان بکەین و خۆمان لە لایەنە خراپ و زیانبەخشەکان دوور بخەینەوە.