هۆشیاری عەبدولعەزیز 

دەكرێ و دەشێت تێكەڵكردن و خۆسازدانەوە لەژیانی كۆمەڵایەتیدا دوو كردەی ئاسایی سروشتی و دوو رووی دراوێكبن ، بەڵام كاتێك ئەمە لەسیاسەت و كاری حیزبیدا تێكەڵ دەكرێن و لە دۆخە سروشتیەكەی دادەبڕێن ، پرۆسەی گەشەی كۆمەڵایەتی و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا ڕادەوەستێ و پرۆسەكە پێچەوانە دەبێتەوە ، چونكە تێكەڵكردنی كارتەكان و خوێندنەوەی دەوروبەر بەو تێڕوانینەی كە تەنها بەرژەوندی لایەكی بەلاوەگرەنگە هاوتایە بەو دیدوتێروانینەی كە حیزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەمرۆ لە كوردستان كاری پێدەكەن و ئەوەی خۆیان بە باشی دەزانن و لە گەڵ بەرژەوەندیەكانیان پێكدێتەوە دەخرێتە روو واتا هێزی سیاسی حوكمڕان لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگادا پێش هەربەرژەوەندیەكی نیشتمانی ڕەچاوی بەرژەوەندیەكانی خۆی دەكات، بۆیە گەر بەم پێوانەیەش سیاسەتی ئێستای هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بخوێنینەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە حیزبی دەسەڵاتداری كوردی بەردەوام لەئاست رووداوپێشهاتەكاندا، سیاسەتێكی ناواقیعی و ناعەقڵانی دووفاقی مەترسیداری گرتۆتەبەرو نەیتوانیوە عەقڵ لەم جۆرە سیاسەتكردنەدا بەكاربێنێ تا وەك بنەمایەك كە لەگەڵ بەرژەوەندیە هاوبەشەكانی كۆمەڵگا بگونجێ و هاوتا بێتەوە لە گەڵ ڕەوتی رووداو پێشهاتەكاندا ، نەك هەر بەو ئاراستەیەشدا نەچوە بگرە خۆیان بوونەتە پارسەنگ و ئەنگیزەی مەترسی چونكە هەمووپرسە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگایان لە خواستی حزب و خۆیاندا هێشتۆتەوە و كورتكراوەتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە و خەریكە تەواوی ئەو هەنگاوانەی بە ئاراستەی ڕەوتی پێشكەوتن نراوە دەگەڕێنرێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و دەیانەوێ لەو گۆشەنیگایەوە سوڵتەی سیاسی حزب ببینرێ و هەرچی بەرژەوەندی باڵای گەلە لە بازنەی سیاسەتی ڕێكخستن و پرۆگرامی حزبەكانیاندا شەتەك بدرێت و كەس نەتوانێ‌ تەجاوزی ئەو قۆزاخەیە بكات كە ئەوان نەخشیان كێشاوەو نایانەوێ تاكی ئێمە بەشداری لەبەرهەمهێنانی تێگەیشتنێكی دیكەدا بكات كە پێچەوانەی خواست و تێگەیشتنی ئەوان بێت 

لە گەڵ ئەوەشدا زۆرجار تاكە ناحیزبیەكانی كۆمەڵگا كە پەیوەست نیە بە سیاسەت وستراتیژی ئەوانەوە بەدژە گەل و نیشتمان تۆمەتبار دەكرێ و وەك تاكێكی نانیشتمانی دەچوێنرێ، بەمەش توخمی ئیشكالیەتەكە دەردەكەوێ و دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی  كە تا ئێستاش حیزبی كوردی بەهەمان ئەقلیەتی ڕابردوو لە كۆمەڵگا دەروانێت و دەیەوێ بەهەمان پێوەری شاخ و شۆڕشگێرێتی ستایش بكرێ و لەویشەوە ئەو بەخاوەنی تێكرای كارتە هاوپێچ و هاوبەشەكان بزانرێ ، ئەوەشی پێچەوانە ڕەفتاریكرد دەچێتە خانەی دژایەتی ڕاستەوخۆی حیزبەوە و حیزب دەبێتە خاڵی سەرەكی لەو نێوانەدا و ئیتر ناتوانێ بابەتیانە و دورلە تێروانینی تەسكی حیزبایەتی ، جیاوازی بكات لە نێوان هەڵوێستی رەخنەیی و هەڵوێستی تێكدەرانەدا و ئەوەشی بیردەچێتەوە كە زەروورەتی رەخنەگرتن و گفتوگۆی كراوە لە پرۆسەی بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگادا یەكێكە لە خاڵە گرنگەكان و ناكرێ وەك كردەی تیرۆریستی و مەترسی نیشتمانی چاوی لێبكرێ ، كە ئەمەش نەكرا ئەوە پانتایی توندڕەوی و توندوتیژی كۆمەڵایەتی بەرینتردەبێ و دواجار كۆنترۆڵكردن و ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگا دەكرێتە پرسێكی مەترسیدار و هەرچی ئازادی و دیدوتێروانینی پێچەوانە هەیە لە قاڵب دەدرێ و لە ڕێگەیەوە كۆمەڵگا دیسپلین دەكرێ . بەمەش پرۆسەی بەرینكردنەوەی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و پایەكانی ئازادی ژێرپێدەخرێت و كۆمەڵگا دەكرێتە سەربازگەیەكی بەرین و چوارچێوەدار. بۆیە گەرنەبینە لەمپەر لە بەردەم دروستكردن و هێشتنەوەی وەها دۆخێكیشدا كە هەڕشە و مەترسیەكە لە سەر كۆی كایەی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێمە ئەوە ناتوانین بابەتیانە لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا و بەهێزكردنی سێستەمی دیموكراسی بروانین كە لە دۆخی ئێستای ئێمەدا زەرورەتێكی  مێژوویە و دەبێ دەستی بۆ بەرین 

بەكورتی قەیران و تەنگەژەكانی  بەردەم هووشیاریی كۆمەڵایەتی كە پەیوەستە بە رەوتی بەرەو پێشچونی كۆمەڵگاوە گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیداری وا كە وەك ڤایرۆسی شێرپەنجە بە تەواوی جومگەكانی جستەی كۆمەڵگای كوردیدا چوەو خەریكە تەواوی كایەی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەخاتە بەردەم هەڵوەشاندنەوە و سڕینەوەی یەكجارەكیەوە  ، چونكە دیدوتێڕوانینێكی دیسپلینكرا و، ئیرادەیەكی ترساو و ، ناتوانێ بە ئاراستەی هووشیاریی كۆمەڵایەتی و ئازادی سیاسی  هەنگاو بنێ كەلە زۆر لە شۆڕشەكاندا قوربانی پێبەخشراوە و هەروا بەدەستنەهاتوە كە ئەمرۆ ئەمانە بە خواستی خۆیان  تەراتێنی  پێدەكەن و بووەتە مەزەی بەردەستیان  

 

وتاری نووسەران