نووسینی: ئەبوکاروان
​هەمیشە جەختم لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، هەبوونی بەرنامەیەکی نیشتمانیی هاوبەش لە نێوان لایەنە کوردستانییەکاندا نەک هەر پێویستییە، بەڵکو تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی سەنگ و پێگەی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا. پێویستە تێبگەین کە بنەمای بیرکردنەوەی ئێمە جیاوازە لە زۆرێک لەو دەموچاوە سیاسییانەی لە بەغدا دەبنە پەرلەمانتار و بەرپرس؛ زۆربەی ئەوانە (چ عەرەب یان تورکمان) لەسەر بنەمای تائیفی و نادیموکراسی مامەڵە دەکەن، لای من پێوەری سەرەکی بۆ ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی، هەڵگرتنی بیری مەدەنی، کراوە و دادپەروەرییە، جا ئەو کەسە کورد بێت یان عەرەب، تورکمان بێت یان کلدۆئاشوور.
​من هەمیشە لایەنگری ئەوە بووم کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان تەنها لە قۆرغکاریی پارتی و یەکێتیدا نەمێنێتەوە، تەنانەت دەسەڵاتی ناوخۆیی هەرێمیش نابێت تەنها لە دەستی ئەو دوو لایەنەدا بێت، هەر لەسەر ئەم بنەمایە بوو کە لە ساڵی ۲۰۱۳دا خۆم بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کاندید کرد، هەرچەندە دەمزانی پارتی، گۆڕان و یەکگرتوو ، كۆمەڵ ڕێککەوتنی پێشوەختەیان هەیە و یەکێتیش بایکۆت دەکات، بەڵام ویستم ئەو "تەلیسمی ڕێککەوتنە" بشکێنم و بیسەلمێنم کە دەکرێت لە دەرەوەی بازنەی پارتی و یەکێتیش کاندید و ململانێی ڕاستەقینە هەبێت.
​ئەوەی لەم دواییانەدا لە مەشهەدی سیاسیی بەغدا بینیمان، درێژکراوەی هەمان "یاریی پێکردن بە یەکتری" و "شکاندنی پۆنتەکانی یەکتر" بوو ، تا دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، پارتی و یەکێتی نەگەشتبوونە ڕێککەوتن ، یەکێتی بۆ فشار خستنە سەر کاندیدی پارتی (شاخەوان عەبدوڵا)، پشتیوانی لە کاندیدی ڕەوتی هەڵوێست (د. ڕێبوار کەریم) کرد. دەرئەنجامی خولەکانی یەکەم و دووەم پیشانیدا کە جیاوازیی دەنگەکان زۆر بوون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوەی یەکێتی و بەرەی هەڵوێست لێکدرایەوەو ڕێگەگرتن لە غروری پارتی و
​ "شکاندنی شکۆی پارتی" لە میدیاکاندا لێکدرایەوە و کاردانەوەی توندی ئەو حزبەی لێکەوتەوە، کە هەموو فشار و ئامرازێکی بەکارهێنا بۆ ئەوەی لە خولی سێیەمدا کاندیدەکەی دەربچێت ، هەرچەندە لە کۆتاییدا بە گۆڕینی کاندیدەکەیان بۆ (فەرهاد ئەترووشی)، توانییان پۆستەکە بپارێزن.
لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا چەند وانەیەکی سیاسی دەرکەوتن:
​۱. پەیامی شیعەکان: هێزە شیعەکان پەیامێکی ڕوونیان دا بە لایەنە کوردستانییەکان و بەتایبەت پارتی، کە "سەروەریی سیاسی لای ئێمەیە". ئەوان ویستیان بیسەلمێنن کە بێ ڕەزامەندی ئەوان، هیچ کەس ناگاتە پۆست، تەنانەت ئەگەر لەناو ململانێکاندا کاندیدێک "فت" بکەن و دانەیەکی تر سەر بخەن.
۲. سەلماندنی پێگەی سوننە: حەلبوسی و لایەنە سوننەکان نیشانیان دا کە ئەکتەرێکی کاریگەرن و ناتوانرێت فەرامۆش بکرێن؛ ئەوان توانییان بیسەلمێنن کە گەر خۆشیان لە لوتکە نەبن، کەسانی نزیک لە خۆیان لە جومگەکاندا جێگیر دەکەن.
۳. مانۆڕی پارتی: پارتی ویستی بڵێ کە هێشتا توانای مانۆڕی هەیە و دەتوانێت لە کاتژمێری سفردا هاوکێشەکان بگۆڕێت، و گرنگ نییە ناوەکە کێیە، گرنگ ئەوەیە پۆستەکە بۆ پارتی مایەوە.
٤. ستراتیژی یەکێتی: یەکێتی وەک " شڵقاندنی گۆمەكە" دەرکەوت؛ سەلماندی کە دەتوانێت ڕێگری لە سەركەوتنی كاندیدی پارتی بكات و کاندیدی لایەنێکی تر بگەیەنێتە لوتکە و هەر خۆشی بیهێنێتە خوارەوە ، بەڵام لە هەمان کاتدا بە تەنها جێهێشتنی کاندیدی "ڕەوتی هەڵوێست" لە کۆتا چرکەدا، زیانی بە متمانەی سیاسیی خۆی گەیاند و نیشانی دا کە بەرژەوەندی کاتیی، لەسەر دۆستایەتییە سیاسییەکانە.
٥. وانەیەک بۆ ڕەوتی هەڵوێست: پێویستە ڕەوتی هەڵوێست و لایەنەكانی تری دەرەوەی دوو حیزبی دەسەڵاتدار لەھەرێم بۆ داھاتوو ئەوە بزانن کە یاری کردن لە نێوان پارتی و یەکێتیدا مەترسیدارە، ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەم دوو هێزە لە کاتی تەنگانەدا تەنها ڕێککەوتن و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینن و متمانەی سیاسییان لەسەر بنیاد نانرێت ، نابێ بكەوینە گەمەی نێوان پارتی و یەكێتی سبەی مسداقیەت لە دەست بدەین وا حیساب بكەن سەر بە یەكێككین لەو دوو لایەنە
​دەرئەنجام و کۆتایی
​ئەوەی لەم شانۆگەرییە سیاسییەدا ڕوویدا، جارێکی تر ئەو ڕاستییە تاڵەی چەسپاند کە ئەقڵیەتی سیاسیی باڵادەست لە کوردستان، هێشتا لە بازنەی "شکاندنی یەکتری" و "مانۆڕی کاتی"دا دەخولێتەوە، نەک لە چوارچێوەی "ستراتیژی نیشتمانی". کاتێک لایەنە کوردستانییەکان بۆ پۆستێک لە ناوخۆدا یەکتری دەشکێنن، لە ڕاستیدا پێگەی ھەرێم لە بەغدا لاواز دەکەن و کەرەستەی فشار دەخەنە دەستی نەیارەکانیان.
​پێویستە هێزە نوێخواز و ئۆپۆزسیۆنەکان وەک ڕەوتی هەڵوێست و ئەوانی تر بە حیزبی شیوعی كوردستان یشەوە، زۆر وریای ئەو یارییە بن کە لایەنە دەسەڵاتدارەکان بۆ تێوەگلانیان دایدەڕێژن. سیاسەت لە عێراقدا تەنها کۆکردنەوەی دەنگ نییە، بەڵکو پاراستنی متمانە و سەربەخۆیی بڕیارە ، هەتا ئەو کاتەی "بەرژەوەندی حزبی" پێش "بەرژەوەندی نیشتمانی" بکەوێت، ئێمە تەنها دەبینە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای هێزە تائیفی و هەرێمایەتییەكان ، کاتی ئەوە هاتووە لەبری شکاندنی پۆنتەکانی یەکتر، کار بۆ دروستکردنی پۆنتێکی نیشتمانی بکەین کە شکۆی هەمووان بپارێزێت.

وتاری نووسەران