مرۆڤ و پەروەردە

بەشی یازدە: ئاشنابوون بە ڕێگاکانى وانەگوتنەوە

لەتیف ئەمین

وانەگوتنەوە پرۆسەیەکى فێرکارییە، ئامانج لێى فێرکردنى قوتابییە. بۆ وانەگوتنەوەیەکى باش، پێویستمان بە ڕێگایەکى باشى وانەگوتنەوە هەیە. ڕێگاکانى وانەگوتنەوە زۆرن، بۆیە گرنگە مامۆستایان شارەزاییان لە چەند ڕێگایەک هەبێت. بۆ گۆڕینى ڕەفتار و گەشەپێدان بە لایەنى ژیرى و دەروونى و کۆمەڵایەتى و تەندروستى قوتابییان، دەبێ مامۆستایان باشترین و گونجاوترین ڕێگاى وانەگوتنەوە پەیڕەو بکەن. مەرج نییە تەنها ڕێگایەک بەکاربهێنرێت، چونکە هەموو ڕیگاکان لایەنى ئەرێنى و لایەنى نەرێنى خۆیان هەیە. دەکرێ سوود لەهەموو ڕیگاکان ببینرێت.

ئەوەى ئێستا لە کوردستان، لە ناوەندەکانى خوێندن پەیڕەو دەکرێت، ڕێگاى وانەگوتنەوەى کلاسیکییە. لە ڕێگاى وانەگوتنەوەى کلاسیکى، قوتابى هیچ ڕۆلێک نابینێ، قوتابى تەنها گوێگرێکى عاقڵە، کڕ و کپ و بێ دەنگە. لە ڕێگاى وانەگوتنەوەى کلاسیکى قوتابى سەنتەر نییە، بوار بۆ بیرکردنەوەى قوتابى ناهێڵرێتەوە، دەرفەتى گفتوگۆ و ڕادەربڕین و ڕەخنە و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون نییە. لەم ڕێگایەدا، هەرچى مامۆستا گوتى، دەبێتە دەقى پیرۆز، قوتابى نابێ قسەى لەسەر هەبێت.

لە ڕێگاى وانەگوتنەوەى کلاسیکى"وانەکان ئەکتیڤ نین و کەمترین بوار بۆ گفتوگۆکردن تەرخان دەکرێت"(۱). ئەم مۆدێلە لە وانەگوتنەوە، زیاتر پشت بە لەبەرکردن دەبەستێت نەک تێگەیشتن، لەبەرئەوە زۆرجار بە ڕێگاى(تووتى) ناودەبرێت.

لەم ڕێگا کلاسیکییەى وانەگوتنەوەدا، مامۆستا هەروەک واعیزێک، وەک مەلایەک لەناو پۆل لەبەرانبەر قوتابییان ڕادەوستێ و قسەدەکات. مەلا و پیاوانى ئایینى کاتێک لەسەر مینبەر قسە بۆ خەڵک دەکەن، دەبێ خەڵکەکە هەمووى کڕ و بێدەنگ و بێ جووڵە و مات و مەلوول و بەستەزمان، لە شوێنى خۆیان دانیشن. مەلا هەر چى بڵێت، کەس بۆى نییە قسە بکات، کەس بۆى نییە ڕەخنە لە قسەکانى مەلا بگرێ و قسەکانى مەلا هەڵبسەنگێنێت. ئەگەر هەندێک جار مەلا خۆیشى لە خەڵکەکە تووڕە بکا و سەرزەنشتیشیان بکات، هەر بۆیان نییە قسە بکەن. بە بیانووى ئەوەى خودا لێیان ڕازى نابێ و لە خێر و پاداشتى ئەو دانیشتن و گوێگرتنەیان لە قسەکانى مەلا بێبەش دەبن.

ئەم جۆرە وانەگوتنەوەیەى مەلاییانە، بیرکردنەوەى منداڵ پەک دەخات، حەز و ئارەزووى منداڵ سیس دەکات، ڕێخۆشکەر نییە بۆ داهێنان، تواناى گوزارشتکردن و دەربڕین لاى منداڵ ناهێلێت، منداڵ سەرکز و شەرمن و ترسنۆک دەکات. دواجار ئەو منداڵەى بەم جۆرە پەروەردە دەکرێت، کە گەورە دەبێت و دێتە ناو کۆمەڵگە و بەرپرسیارێتى وەردەگرێت، هەوڵى سەرکوتکردن و بێدەنگکردنى هەموو ئەوانە دەدات کە لە پلەوپایە لە خوار ئەون. ڕێگە لە بە دیموکراسیکردنى کۆمەڵگە دەگرێ، پێکەوەژیان و جیاوازى قبوول نییە، ئازادى

و دەنگى جیاواز و ڕەنگى جیاواز و ڕاى جیاواز بە مەترسی بۆ سەر خۆى دەزانێ. ئەوەى لەئێستادا لە سیستەمى پەروەردە و فێرکردنى قوتابخانەکانى هەرێمى  کوردستان پەیڕەو دەکرێ، تەنها گواستنەوەى زانیارییەکانى ناو پرۆگرامەکانى خویندنە بۆ مێشکى قوتابى، مێشکى قوتابى وەکو عەمبارێک تەنها زانیارى تێ دەکرێ، گرنگ نییە ئەو زانیارییە تا چ ڕادەیەک گرنگ و بە سوودە، ئەوە گرنگ نییە قوتابى تێدەگات یان نا، گرنگ ئەوەیە لەبەرى بکات، بۆئەوەى لە تاقیکردنەوەکان نمرەى بەرز بەدەست بێنێت. لەم ڕێگا کلاسیکییەى وانەگوتنەوەیەدا، فێربوون ئامانج نییە، دەرچوون و نمرەى بەرز و بەدەستهێنانى بڕوانامە، گرنگە و پێوەرە بۆ سەرکەوتن.

مەبەستى من لەم بابەتە ئەوەیە، مامۆستایان بوار بە قوتابییان بدەن و فێرى ئەوەیان بکەن، ڕاڤە و شیکارى و لێکدانەوەى خۆیان هەبێ لەسەر بابەتەکان. پێویستە گەشە بە توانا هزرى و هۆشەکییەکانى قوتابییان بدرێ، کەسایەتییان بەهێز بکرێ، بۆئەوەى هەستى بڕوابەخۆبوون لەلایان زیادبێ. دەبێ مامۆستایان هاوکار و پشتیوانێکى گەورەى قوتابییەکانیان بن، هەموو ئامانجەکانیان بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و هۆشیارى قوتابییەکانیان بێ.

ڕەنگە پرۆگرامەکانى خوێندنیش ڕێگربن لەبەردەم ئەو مامۆستایانەى کە خەون و خولیاى گۆڕانکارى و پێشکەوتنیان هەیە لە پەروەردە و فێرکردنى قوتابییاندا، بۆئەوەى بتوانن نوێترین میتۆد و ڕێگاکانى وانەگوتنەوە پەیڕەو بکەن.

سیستەم و پرۆگرامەکانى خوێندن لە قوتابخانەکانى ئێمە لە کوردستان، بیرکردنەوەى منداڵ پەک دەخات، خەیاڵى منداڵ دەخنکێنێ. لەنێو کتێبى پرۆگرامەکاندا، داوا لە قوتابى دەکرێ زانیارییەکان لەبەر بکات، پێى ناڵێ لێى تێبگە یان سەرنجى خۆتى لەسەر بنووسە. ناڵێ هەڵیسەنگێنە و ڕاى خۆتى لەسەر بڵێ. چى لە کتێبەکان نووسراوە، داواى ئەوە لە قوتابى دەکرێ، کتومت وەکو خۆى لەبەرى بکا و لە تاقیکردنەوەکان بۆ مامۆستاکانى بینووسێتەوە، گرنگ ئەوەیە نمرەى بەرز بەدەست بێنێ.

تۆ سەیرکە، ساڵانە چەند قوتابى لە پۆڵى دوازدەى ئامادەیی لە تاقیکردنەوەى کۆتایی ساڵ، تێکڕاى نمرەکانیان سەد لەسەر سەدە؟ یان لە بابەتەکانى فیزیا و کیمیا و بابەتەکانی دیکەش، نەوەد بەسەرەوە، یان سەد دێنن؟ ئەمە ماناى چییە؟ ئەى کوا زاناکانمان لە بوارى بزیشکى و فیزیا و کیمیا و زانستەکانى دیکە؟ کوا داهێنان و دۆزینەوەکانیان لە زانکۆ و لە دواى خوێندنى زانکۆ؟ لەڕاستیدا، مەسەلەکە تەنها لەبەرکردن و کۆپیکردنى زانیارییەکانى ناو کتێبى پرۆگرامەکانە بۆ سەر پەڕى تاقیکردنەوەکان.

بەڵێ ئەوە ڕاستە، زۆرجار پرۆگرامەکان دەستى مامۆستاکان دەگرن بۆ گرتنەبەرى مۆدێل و میتۆدى پێشکەوتووى وانەگوتنەوە، بەڵام بۆ قۆناغى بنەڕەتى، بەتایبەت بازنەى یەکەم، مامۆستا دەتوانێ چەند ڕێگایەکى جیاواز و پێشکەوتوو پەیڕەوبکات بۆ گەشەپێدان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ژیرى قوتابى. یەکێک لە میتۆدە باش و پێشکەوتووەکان میتۆدى(ئەسکەلە)یە. هەموومان دەزانین ئەسکەلە ئامرازێکە لە کارى بیناسازیدا وەستا و کرێکارەکان بۆ لەبغکردن و بۆیاغکردن و گەچکارى و کاشى و ئەم کارانە بەکارى دێنن، بۆئەوەى دەستیان بە بەرزترین شوێنى بینا و باڵەخانەکان بگات و ئەوەى مەبەستیانە بە ئاسانى ئەنجامى بدەن.

دەبێ مامۆستا ڕۆلى ئەو ئەسکەلەیە ببینێ بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و مەعریفى قوتابى. ئامانج لەم میتۆدە، هاوکاریکردن و پشتیوانیکرنى قوتابییە، تا ئەو کاتەى قوتابى دەکەوێتە سەر پێ و ڕاستەڕێ دەبێ، تا ئەو کاتەى قوتابى لە ئاستێکەوە دەچێتە ئاستێکى بەرزتر، تا گۆڕانکارییەکى تەواو لە ڕەفتار و بیرکردنەوەى بەدى دەکرێت.

"ئەسکەلە پەیامى ئەوە بە منداڵان دەدات، کە چەند گرنگە ئەوان بەرەو پیرى ئەو منداڵانەوە بچن، کە پێویستیان بە هاوکارى هەیە. ئەوان دەبێ وەکو ئەسکەلە ببنە پشت و پەنا بۆ منداڵەکان، تا ئەو کاتەى منداڵەکان دەتوانن بە تەنیا کارەکانیان ئەنجام بدەن"(۲).

هەروەک لەپێشتریش گوتمان، میتۆد و مۆدێل و ڕێگاکانى وانەگوتنەوە زۆرن، گرنگە مامۆستا بەدواى باشترینەکاندا بگەڕێ، خالە باش و ئەرێنییەکان کۆ بکاتەوە و سوودیان لێ ببینێ. دەبێ مامۆستا هەوڵ بدا بیرکردنەوەى منداڵ بوروژێنێ، عەقڵى منداڵ بجووڵێنێ. کاتێک پرسیار ئاراستەى قوتابى دەکرێ، ئەگەر قوتابى وەڵامەکەى نەزانى، نابێ مامۆستا سەرزەنشتى بکات و بە چاوێکى سووک سەیرى بکات، یان لۆمە و سەرکۆنەى بکات، چونکە ئەو منداڵە خۆى لە بارێکى دەروونى ناسەقامگیر و شلەژاودایە بەهۆى نەزانینى وەڵامى

 پرسیارەکەى مامۆستا، دەبێ مامۆستا هاوکارى بکات بۆئەوەى شتەکەى بەبیر بێتەوە. دەبێ مامۆستا بەهەموو شێوەیەک هەوڵ بدا بیرکردنەوەى منداڵ پەرت نەبێ، سەرنج و دیقەتى بۆ وانەکەى لا نەچێ. مامۆستاى ڕاستەقینە و پەروەردەیی، کە خۆى لە ئاستێکى بەرزى زانستى و مەعریفیدایە، هەوڵ دەدا ئاستى قوتابییەکانیشى بۆ لوتکەى هۆشیارى و ئاگایی و زانستى بەرز بکاتەوە، هاوشێوەى ئەو ئەسکەلەیەى کە وەستا و کرێکارەکان بۆ بەرزترین ئاستى باڵەخانەکە بەرز دەکاتەوە و کارە قورس و تاقەتپڕوکێن و ئەستەمەکانیان بۆ ئاسان دەکات.

۱-دیداکتیک، فایەق سەعید، ل۱۸٥.

۲- لیۆ فیگۆتسکى، فایەق سەعید، ل276.

وتاری نووسەران