جەمال کۆشش

کۆمەڵگای کوردستان بەهەژارییەکی کوشندەو پۆلبەندیـیەکی چینایەتی زۆر قەهراوی وقووڵ گەیشتووە. شارە گەورەکانی سلێمانی و هەولێر بەتایبەت،  بە هەزران لە مناڵان ولاوان و گەورە ساڵان فڕێدروانەتە نێو بازاڕی کارێکی بێسەروبەرو بێماف وکولەمەرگی وتاقەت پروکێنەوە!

کەسانێکی زۆر لەسەر پاکەتفرۆشی،ئاوفرۆشی، گۆرەوی فرۆشی، کلینێکس فرۆشی بەتاک، یان کاری لەو ئاستە، ڕۆژ تا ئێوارە، ئێوارە تا نیوە شەو لەسەر شەقام وکۆڵانەکان دەسوڕێننەوە ودەستکەوتی ڕۆژانەی کارەکانیان ناگاتە نزمترین ئاستی بژێویـیان.

هەزاران کرێکار لە ناوچە پیشەسازیـیەکان وکارگە بچوکە تایبەتیـیەکان و چایخانەو ڕێستوارانت وکۆگا و عەمبارەکان و دوکانە گەورەوبچوکەکاندا ڕۆژ پتر لەدە(١٠) سەعات کار و هەفتانەش شەش(٦)ڕۆژ کاردەکەن بەکرێـیەکی یەکجار کەم و بەبێ ڕێککەوتننامە و بەڵێننامەی کار و بیمەکانی تەندروستی وبێکاری وخانەنشینی و سەلامەتی کارو مافی ساڵانەی پشووەکان ...هتد.

ئایا بۆ ناتوانین ئەم کۆیلایەتی و چەوسانەوەنائینسانیـیەبگۆڕیین؟

کێ بەرپرسیارە لەدابینکردنی لانی کەمی پێداویستیـیە زۆر سەرەتایـیەکانی گوزەران وتەندروستی و پەروەردەی خێزانی کرێکاران؟

لەسەر کێ پێویستە: لەمەڕ کرێ، بیمەکان، پشووەکان، یاساکانی کار، بکۆڵێتەوە و بەرگری لە کرێکاران بکات؟

ئەو لاوانەی بەهۆی ناڕێکی داهاتی ماڵتانەوە، ناچاربوونە ئێستا ملبدەن بەم کۆیلەتیـیەی لەمڕۆدا برەوی پەیداکردووە، ئەو پیاوە بەتەمەنانەی کە خانەنشینیـیەکەتان بەشی نیوەی مانگتان ناکات، ئەو خوێندکارانەی لای ئێوارەکەی دەچیتە  بەردەستی دوکاندارەکەی ناسیاوتان... ئەو کرێکارانەی لەمۆڵەکان ولە چێشتخانەکان و لەفرۆشگاکاندا هێزی کاری خۆتان هەرزان دەفرۆشن، باوەڕتان بە خۆتان هەبێت و داوای مافەکانتان بکەن. باوەڕتان بەخۆتان هەبێت و لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان و خاوەنکارەکانتان دابنیشن داواکاریەکانتان بە جددی و دەستبەجێ بخەنە ڕوو. چینێکی فراوانی کۆمەڵایەتی، لە کۆیلایەتیـیەکی ڕووتدا دەژین و حکومەتی هەرێم و خاوەنکارو سەرمایەدارەکانی کوردستان، هیچ مافێک بە شایستەی ئێمە نازانن. کردنەوەی دەرگا بۆ نێو(داسەپاندنی ڕێککەوتنی پەیمانی کارێکی  هاوسەنگی چینایەتی، کرێکانتان، بیمەکانتان، جێبەجێکردنی یاساکانی کار،ئازادی مانگرتن، ئازادی خۆڕێکخستن، پشووەکان...) لەلای ئێوەیە وهەر یەکە لە ئێوە لەهەژماری خەباتی یەکتردا بەشدار بن.ئەم ڕێگایە، بێگومان بن کە باشترین ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی ژیانتان. خۆتان دەتوانن وتەنها خۆتانن کە لەسەر مافەکانتان بەجواب دێن و بێ وەڵام نامێنـنەوە.

سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٤

وتاری نووسەران