داگیرکەر لەگەڵ داگیرکراو ھەمیشە لە شەڕدایە. ھەر کەسێک ویژدان و ئەخلاق و عەقڵ دیدگای بێت ئەم شەڕە ڕۆژانە بە چاوی خۆی دەبینێت. ھەر کەسێک بڵێت عێراق داگیرکەر نیە عەقڵی داگیرکراوە. تکایە پێشم مەڵێن ئەی ئەو ھەموو وەزیر و سەرۆککۆمارە چیە لە بەغدا، ئەوە ھەمووی بە ناچاری لەوێیە، وەک چۆن ھەر کوردێکی دیکە بەزۆر لەسەر خواستی بەریتانییەکان لە ١٩٢٦ەوە خرایە سەر عێراق، ھەموو کوردێک ئەو ڕاستییە دەزانێت ئەگەر خۆی لە گێلی نەدات. سەد ساڵە کورد ناچارکراوە لە عێراق بژی، چۆن باوانی ناچارکرا. ئەمە بەڵگە نەویستە. سەرەڕای ئەمە، با بە زمانێک و دوو بەڵگەی سادە ئەو ڕاستییە بسەلمێنین.

یەکەم، ئایا کورد ئازاد بکەیت جیانابێتەوە. من باس لە کورد وەک نەتەوەیەک دەکەم، نەک وەک چەند بنەماڵە و حیزب و لایەنێک. من دڵنیام ئازادی بکەیت جیادەبێتەوە.

دووەم، لە دوو ڕیفراندۆم، لە ٢٠٠٥ و ٢٠١٧، ھەموو گەلی کورد دەنگی بە سەربەخۆیی دا. تکایە، من باسی پڕۆسەی ڕیفراندۆمەکان ناکەم، مەڵێن جا تۆ ئەوانە بە ڕیفراندۆم دادەنێیت. من پەیوەندیم بەوە نیە کە ڕۆشنبیرانی کورد لەوەی یەکەم مەبەستیان چی بوو، یان پارتی و بارزانی لە ڕیفراندۆمی دووەم ئامانجی چی بوو؟ یان بۆچی یەکێتیی و پارتی شکستیان ھێنا. من دەڵێم لە ڕیفراندۆمی یەکەم، ٩٨٪ خەڵکی باشوری کوردستان دەنگیان بەسەربەخۆیی دا، لەوەی دووەمیش ٩٢٪ دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا. ئەوەی دەنگی نەخێریش بوو، نەخێر نەبوو، نەخێر لە ئێستادا بوو.

ئێستا پێم بڵێ گەلێک داوای سەربەخۆیی بکات و ئەوانی دیکە، عێراق و ئێران و تورکیا، ڕێگری لێبکەن، ئەوە داگیرکراوە یان نا؟ کورد کە دەوڵەتی نیە، کە سەربەخۆ نیە لەبەر ئەوە نیە کە سەربەخۆیی ناوێ، لەبەرئەوەیە کە ئەوانی دیکە وەک داگیرکەر مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن و نایانەوێت ئازاد بێت.

ئەوانە قسەی ناخی زۆرینەی کوردە، مەگەر عەقڵی داگیرکرا بێت. ئێ عەقڵداگیرکراویش ھەر زادەی داگیرکراوییە. ئەگەر وانیە بڵێن نا. ئاخر کورد تورکیای داگیرکردبا، ئێستا ھەندێک تورک ھەبوون خۆیان بە کوردستانی دادەنا، بۆ؟ چونکە لە پڕۆسەیەکی زەمەنی-کەلتوری-سیاسی، عەقڵمان داگیردەکرد.

بۆیە کوردستان داگیرکراوە، جا دەتوانین بە سەربەخۆیی بگەین یان  نا، ئەوە شتێکی دیکەیە. داخۆ سەرکردە و ئامرازەکانی گەیشتن بە سەروەرییمان ھەیە، ئەوە پرسیارگەلی دیکەن. ئایا کارکراوە بۆ دەوڵەتسازی و نیشتیمانسازی، چ لە دامێنەوە چ لە سەرەوە، ئەمانەش جێگەی پرسیارن.

بەڵام، بەڵامێکی گەورە، ناکرێت لەبەر زاڵیی گوتاری داگیرکەر و بەھێزیی دەوڵەتەکەی و نائامادەیی داگیرکراو، ئینکاری ئەو ڕاستییە بکەین کە کوردستان داگیرکراوە. ئینکارکردنی ئەم ڕاستییە خزمەت نەک ھەر بە پڕۆسەی ڕزگاربوون و ئازادبوون و سەربەخۆییبوون ناکات، بگرە خزمەت بە مانەوەی کورد لە عێراق و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکسانانەش ناکات چونکە بۆ ئاشتەوایی ڕاستەقینە پێویستیمان بە دیاریکردنی ڕاستییەکان و تاوانبارەکان ھەیە پێش ھەموو شتێک.

وتاری نووسەران