
سارە ئەمین
وەرگێڕان: رەنج مەجید
بەشی دووەم و كۆتایی
دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی لیبیا:
رۆڵ و کاریگەریی چین لیبیا بە پلەی یەکەم لەسەر فاکتەری ئابووری دامەزراوە، بەو پێیەی زۆرێک لەو پڕۆژانەی کە لە ساڵی (٢٠١١)ەوە لەو وڵاتەدا ڕاگیراون، پڕۆژەی چینین. چین كە یەکێکە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە مانگی ئاداری (٢٠١١)دا، خۆی لە دەنگدان لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنەکە سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاکی لیبیا و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین بەدوورگرت. هەروەها لە میانی سەرۆکایەتیكردنی خولیی ئەنجوومەنی ئاسایش لە مانگی ئابی (٢٠٢٢)دا، جەختی لەوە کردەوە کە قەیرانی لیبیا پێویستی بەوەیە ئەنجوومەن سوود لە ئامرازەکانی وەربگرێت تا بتوانێ ڕۆڵێکی دروست لە چارەسەرکردنیدا بگێڕێت و دووپاتیكردەوە كە ئامرازە سیاسییەکان تاکە ڕێگەی چارەسەرن. هەروەها جەختی لە پاڵپشتیكردنی کارەکانی لیژنەی سەربازی هاوبەش (5+5) کردەوە، کە رۆڵی گرنگ لە پاراستنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاسانکاری بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان و بەکرێگیراواندا دەگێڕێت.
لە درێژەی ڕۆڵی چین بەرامبەر بە قەیرانی لیبیا، ڕاوێژکاری نوێنەرایەتی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە (١١)ی ئایاری ڕابردوودا، سەبارەت بە لیبیا ئاماژەی بەوەدا، کە "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی بنیاتنەر بۆ سەقامگیری سیاسی و ئاشتەوایی نیشتمانی و گەشەسەندنی ئابووری لە لیبیا پێشکەش بکات و خۆی لە کاریگەریی ئەو چارەسەرە ئاڵۆزانە بەدوور بگرێت، كە لە دەرەوە بەسەر دۆخی لیبیادا سەپێنراون". هەروەها هۆشداریدا لە "دەستوەردانی دەرەکی لە لیبیا"، كە بەهۆکاری سەرەکیی قەیرانی درێژخایەنی لیبیا وەسفی کرد.
چیانگ وتی: "پابەندبوون بە پرەنسیپی خاوەندارێتی لیبیا و سەرکردایەتی لیبیا تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا". هەروەها چین هیوادارە کە "دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بێت لە پەیڕەوکردنی توندی بنەمای تەواوکاری وەک لە پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆمادا هاتووە، ڕێزی تەواویش لە سەروەری دادوەری و بۆچوونە بەجێیەكانی دەوڵەتانی پەیوەندیدار بگرێت، هەروەها خۆی لە بەسیاسیکردن و پێوان بەدوو پێوەر لە کارەکانیدا بەدوور بگرێت".
خواستە حیساب بۆكراوەكانی چین:
چین هەمیشە بەنیاز بووە بە ئێستاشەوە، ڕکابەریی ئەمریکا بكات، بەتایبەتی لە بواری کاریگەرییە گرنگەکەیدا و پێشدەچێت ویستبێتی لە زۆربەی پرسە گرنگەکانی ناوچەکەدا خاوەنی یەکەم هەنگاو بێت. بۆیە گرتنەبەری سیاسەتێکی چالاک و دەستپێشخەر لەلایەن پەكینەوە، پێشکەوتنێکی دیپلۆماسیی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی هەژموونی ئەمریکا و قۆناغێکی نوێیە، کە لەڕێگەیەوە دەستپێشخەری دەکات بۆ پێشکەشکردنی پێشنیار، هەوڵێکیشە بۆ تێکشكاندنی کاریگەریی لایەنی ركابەر و ناساندنی خۆی وەک یاریزانێکی سیاسی گرنگ. چین دەیەوێت خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤ و لایەنگری سەقامگیری و لایەنێکی متمانەپێبکراو نیشان بدات، بەو پێیەی لە پلەی یەکەمدا پشت بە سیاسەتی هاوبەشی و هاوقازانجی دەبەستێت، ئەمەش وا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات پتر ڕوو لە چین بکەن، بە تایبەتی لە كاتێكدا کە زۆربەی وڵاتان ئارەزووی گەشەسەندنی ئابووری و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکەن.
ئەوەی زانراوە کە چین مێژووێكی چڕ و پڕی لە نێوەندگیریی ململانێکاندا نییە و وا دەردەکەوێت كە لە ڕێگەی نێوەندگیریی سەرکەوتووانەی نێوان سعوودیە و ئێران و پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییەکانی بۆ نێوەندگیری لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیل و سوودان و لیبیادا بیەوێت ڕۆڵێكی نوێ و کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت، بەو مانایەی كە سیاسەتێکی چالاکانە لە ناوچەکەدا پەیڕەو بكات. هەموو ئەم هەوڵانە لە پێناو وێناكردنی خۆیەتی وەک زلهێزێکی بەرپرسیار، تەحەدایەكی ڕوونیشە بۆ هەژموونی ئەمریکا، بەئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی و فراوانکردنی کاریگەرییە جیۆپۆلەتیکییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا ئەو گۆڕانکارییانە ببینین کە رەنگە بەسەر پێگەی ناوچەیی چیندا دێن، چونکە هەوڵەکانی ئەمدواییەی بەرانبەر بە ناوچەکە، ئاماژە بە ڕۆڵی سیاسی فراوانی ئەو وڵاتە دەكەن .
ئاستەنگە سەرلێشێوێنەرەكان:
دەرکەوتنی چین وەک كارەكتەرێكی سەرەکی کاریگەر لەسەر سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بینینی ڕۆڵی ناوبژیوان لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا، دەیخاتە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەیەکی حەتمی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، بەتایبەتی کە زۆربەی ئەو وڵاتانە هێزی سەربازی ئەمریکیان تێدایە، هەروەها پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری بەهێزیان لەگەڵدا هەیە، جگە لە هەڵوێستی ئەمریکییەکان دژی پرۆژەی (رێگای حەریر) و هەوڵی بەردەوامیان بۆ پێشنیاركردنی پرۆژەی تازە لەناوچەكەدا دژ بە پرۆژە چینییەكە.
سەرهەڵدانی نفوزی چینی بەم شێوازە کارایە و کاریگەریی ڕوونی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، هەڕەشەیە بۆ پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا وەكو لایەنێكی باڵادەست و خاوەن هەژموون لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری تەنانەت سەربازیشەوە، دواجار مەترسییەكی راستەوخۆشە بۆ سەر پێگە نێودەوڵەتییەکەی لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەمریكا هەوڵدەدات بەهەر شێوەیەك بێ لەمپەر بخاتە بەردەم فراوانبوونی ئەم نفوزە. ئەمەش وا دەكات بیرکردنەوەی پەکین لە ژینگە جیۆپۆلەتیکییە تازەكەدا بەشێوازێكی دیراسەكراو بێت، چونكە ئەگەر لەڕووی گەشەپێدانی ئابووریشەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە سەركەوتوو بێت، ئەوا هێز و توانای واشنتۆن لە هاوکاری ئەمنی و سەربازیدا روونە.
بۆیە ڕەنگە پێشبینی ئەوە بکرێت کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی فراوانبوونی کایەی نفوزی سیاسی چین لە ناوچەکەدا لە ئێستادا رووە و هێمنی و لێکتێگەیشتن هەنگاو بنێ، بەتایبەتی كە ئەمریكا بەدەست قەیرانێكی گەورەی ئابوورییەوە دەناڵێنێ و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا بووەتە گۆڕەپانی کێبڕکێی فرە جەمسەری، كە پێویستە زلهێزەکان ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگرن، لەكاتێكیشدا ناتوانرێ چیتر پارێزگاری لە تاك جەمسەریی ئەمریکا بكرێت، بۆیە باشتر وایە بۆ واشنتۆن خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە هەنووكەییەكاندا بگونجێنێ، تا بتوانێ بەرژەوەندییەکانی بە باشترین شێوە بەدەستبهێنێت.
لە کۆتاییدا ڕەنگە هەوڵەکانی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە جێگەی رەزامەندی بن، بەتایبەتی دوای چاودێریكردنی ئاشتەوایی نێوان سعوودیە و ئێران، کە لە ئەنجامدا ئەو وڵاتانە سیاسەتی "سفرکردنی کێشەکان" و چارەسەرکردنی ناکۆکییەكانیان لە ڕێگەی وتووێژەوە پەیڕەو كرد. هەروەها ناتوانرێت نكۆڵی لەوە بکرێت کە چین لەرێگەی رۆڵی تازەیدا چەندین ئەڵتەرناتیڤی بۆ بڕیاردەرانی عەرەب خستووەتەڕوو، كاتێك خۆی وەک مۆدێلێکی تازەی دەسەڵاتی بەرپرسیار خستەڕوو. بەڵام ناتوانرێ بگوترێت ڕۆڵەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و چین بووەتە لایەنی باڵادەست و خاوەن هەژموون، بەڵام دیسان دەبێ دان بەو ڕاستییە دابنێین، کە یاریزانێکی نوێ و کاریگەر هاتووەتە مەیدان و چاوەڕوان دەکرێت دەرکەوتنی، گۆڕانکاری بەسەر یاساکانی یارییەکە لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.