
شۆڕش/ڕێگای کوردستان
کۆمەڵێک لایەن، ڕێکخراو، ئایدیا و قوتابخانەی فکری لە کوردستان بوونیان هەیە کە ئیددعای شارستانیەتی مۆدێڕن دەکەن و بەهۆی ئۆپۆرتۆنیزم و بەرژەوەندخوازییەوە خۆیان لەگەڵیدا گونجاندووە:
- بۆیینباخ لەمل دەکەن
- ڕۆژنامە دەردەکەن
- کۆنفڕانس دەبەستن
- ڕەخنە لە دەسهەڵات دەگرن
- لە هەڵبژاردندا بەشداری دەکەن
- جارناجارێک ژنێک کاندید دەکەن
- سەردانی لایەنەکانیتر دەکەن
وە هتد...
بەڵام لەگەڵ هیچکام لە بنەماکانی ئەم چەمکە(شارستانیەتی مۆدێڕن)دا ئاشنا نین! لە هەماکاتدا تا بڵێی بە دروشمی پۆپۆلیستی، پڕۆپاگاندا و ورووژاندنی بیر و ڕای گشتیی جەماوەر لەسەر ستەیج و میدیاکان شارەزان:
- ئایدیای ئێمە ئایدیای پێکەوەژیانە
- ئایدیای ئێمە لایەنگری ئازادیی ڕادەربڕینە
- ئایدیای ئێمە ئایدیای دادگەری'یە
- ئایدیای ئێمە ئایدیای ئاسمانییە
وە هتد "ئایدیای ئێمە"ی تر... .
ئەوان بە ئاشکرا پاڵپشتی لە خۆتەقاندنەوەی مرۆڤەکان دەکەن، بە ئاشکرا هاوڕای سەربڕینن، بە ئاشکرا بڕوایان بە کۆیلە و کەنیزەکردنی ئافرەتی کورد هەیە، بە ئاشکرا نەیاری کەمینە ئایینییەکانی کوردستانن - هەڵبەت مەگەر ئەو کەمینانەی لە ئاراستەی بەرژەوەندی ئاغا ئیخوانی و ویلاییـەکانیاندا بن! - یان هیچ نەبێت لەئاستیاندا بێدەنگن و ناوێرن جەوهەری ڕاستەقینەی خۆیان لەقاو بدەن، بەڵام هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان سکۆلارێک... دێمۆکڕاتێک... ماڕکسییەک... یان بە ئەدەبیاتی خۆیان «عیلمانی»یەک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار نەکردن و تۆمەتی "داعشبوون" و لایەنگری لە "تیرۆریزم"ی لێنەداون؛ هەرچەندە ئەم پێناسانە تۆمەت نین، بەڵکوو پێناسەی ڕاستەقینەیانن! بەڵام لە بەرامبەردا ئەوان چاویان بەرایی یادداشت یان کاریکلماتۆڕێکی سەر فەیسبووکیش نادات و تا ئەو جێیەی بۆیان بلوێت بە "زمانی هاوچەرخی شمشێر"، ئەگەرنا بە سکاڵای یاسایی وڵامی "زمانی ڕەخنە" دەدەنەوە!
*
ئەگەرچی بەدادگاکێشاندنی دوو نووسەر و ڕۆشنبیری کورد حەمەسەعید حەسەن و یوونس ڕاوی لەگەڵ هیچکام لە بنەماکانی شارستانیەتی مۆدێڕندا ناگونجێت و بە هیچ شێوەیەک پاساو هەڵناگرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا دەرخەری ئەو کارەساتەیە وا دەمێک ساڵە حەمەسەعید حەسەنەکان و یوونس ڕاوییەکان هاواری بۆ دەکەن و زەنگی مەترسی دەکوتن؛ وە دوو حیزبی دەسهەڵاتیش بە هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنیشەوە، ڕۆڵی کەواسووری بەر ئەم هێزە پشتی پەردانە دەگێڕن وا بە پاڕلەمانتار، بە حیزب، بە سینەما، بە کتێب، بە لەشفرۆش، بە سەماکار و هتد تەقالای جێگیرکردنی ئەم یوتوپیایەی خۆیان لەسەر کوردستان دەگێڕن:
ئایدۆلۆژیایەکی ئیسلامیی سیاسی-کولتوری، نەگونجاو لەگەڵ کۆمەڵی کوردەواری و دەستەمۆ لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو جەمسەری ئیخوانی و ویلایی، بۆ چڕکردنەوەی زیاتر و زیاتری ئالیناسیۆنی مەعریفی مرۆڤی کورد!