
ستار ئەحمەد
ئازادی تەنها چەمکێکی سیاسی یان یاسایی نییە کە لە دەستوورەکاندا بنووسرێتەوە، بەڵکو دۆخێکی دەروونی و ڕۆحییە کە لە ناوەوەی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. زۆرن ئەو کەسانەی لەوپەڕی خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندیدا دەژین، کەچی لە ناخەوە هەست بە بەندەیی و بچووکی دەکەن، چونکە ژینگەکەیان یان دەوروبەریان دان بە بوونیاندا نانێت و وەک مرۆڤێکی خاوەن بەها مامەڵەیان لەگەڵ ناکات. لە بەرامبەردا، مرۆڤێک هەیە کە ڕەنگە تەنها نانێکی وشکی شک بردبێت و گیرفانی لە هەموو سامانێکی دونیا خاڵی بێت، بەڵام کاتێک هەست دەکات لە کۆمەڵگەکەیدا ڕێزی لێ دەگیرێت و وەک بوونێکی کاریگەر حیسابی بۆ دەکرێت، ئەو کاتە هەست بە جۆرە ئازادییەک دەکات کە هیچ دەسەڵاتێکی مادی ناتوانێت لێی زەوت بکات.
ئازادیی ڕاستەقینە ئەو کاتە لەدایک دەبێت کە مرۆڤ لە ژێر باری سووکایەتی و پشتگوێخستن ڕزگاری بێت. کاتێک مرۆڤێک دەبینێت ڕاکانی دەبیسترێن و کەرامەتی پارێزراوە، هەست دەکات جیهان هی ئەوە و سنوورەکانی بۆ واڵا بووە. ئەمە ئەو نهێنییە گەورەیەیە کە وای کردووە زۆرێک لە تێکۆشەرانی مێژوو لەناو زیندانە تاریکەکاندا هەست بە ئازادییەکی فراوانتر بکەن وەک لەو کەسانەی لە دەرەوەی زیندان و لەوپەڕی ڕەفاهیەتدا بوون، بەڵام شکۆی مرۆڤایەتییان لێ زەوت کرابوو. کاتێک خود لە لایەن دەوروبەرەوە دەناسرێت و ڕێزی لێ دەگیرێت، ئیدی مرۆڤ لە قاوغی ترس و گۆشەگیری دێتە دەرەوە.
لێرەوە تێدەگەین کە پەیوەندی نێوان ئازادی و ڕێز پەیوەندییەکی گیانییە. ئەگەر کۆمەڵگەیەک بیەوێت تاکەکانی ئازاد بن، دەبێت پێش هەر شتێک فێری ڕێزگرتن بێت لە جیاوازییەکان و دابینکردنی هەستی بوون بۆ هەمووان بێگوێدانە پلە و پایەی داراییان. چونکە مرۆڤی ڕێزلێگیراو، مرۆڤێکی ئازادە و مرۆڤی ئازادیش دەتوانێت داهێنان بکات و نیشتمان بونیاد بنێت. گیرفانی خاڵی هەرگیز نابێتە بەربەست لەبەردەم فڕینی ڕۆحی مرۆڤێکدا کە لە ناخی خۆیدا شکۆمەندە؛ چونکە نانی ئازادی لە سێبەری ڕێزدا، زۆر شیرینترە لە ژیانی ژێردەستی لەناو کۆشکە بێدەنگەکاندا. ئازادی لێرەوە دەست پێدەکات: لەو چرکەساتەی کە هەست دەکەیت تۆ هەیت و گرینگیت.