
ئالان بیەر*
لەفارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
هەر دوو بیرمەندی شۆڕشگێڕ (ئەنگڵس و ڕۆزا لۆکسامبۆرگ)، لەناکۆکییە گریمانەییەکانی نێوان داوای نەتەوەیی و زەروری خەباتی چینایەتییان کۆڵیوەتەوە. لینین و ترۆتسکی لەم پرسەدا، بەرژەوەندی نیشتمانیسەر بە بەرژەوەندی پرۆلیتاریا دەزانن.
کۆمەڵێک خەباتگێڕی چەپ،مافی گەلانیان بۆ دیاریکردنی چارەنووس کردووەتە بنەمای ڕەهای هاوسۆزی شەڕی ئۆکرانیا لەگەڵ ڕووسیا. بێشک مارکسیستەکان بەپاساوی پابەندبوونیان،بۆئەم بنەمایە دەگەڕێنەوە. لەڕاستیدا هەندێک مارکسیستی شۆڕشگێڕ هاوشێوەی مارکس و ئەنگڵس، باسی پرسی مافی گەلانیانکردووە.
کاتێک ئەنگڵس بیری لەسەردەمی شۆڕش و دژەشۆڕش لەئەورووپای ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەی ناسراو بە "بەهاری گەلان" کردەوە، زنجیرەوتارێکی تووندی دژی پڕووپاگەندەی خۆسەری نەتەوەیی سڵاڤی، چیک، سرب، مۆڵداڤی، ڕۆتەنەکان[1]، کرواتی، سلۆڤانی نووسی. پڕووپاگەندەیەک کە هابسبۆرگەکان کردیانە بیانوویەک دژی شۆڕشە دیموکراسییەکان لە نەمسا، هەنگاریا و ئیتالیا: "لایەنگرانی یەکێتی سڵاڤییەکان" کەوتبوونە دووڕیانێکی ترسناکەوە: یان چاولە شۆڕش بپۆشن و ڕزگارکردنی بەشێک لەنەتەوەکان بەئیمپراتۆرەکان بسپێرن، یان چاو لەنەتەوەییبوون بنوقێنن و شۆڕش ڕزگاربکەن. "ئەوکات، چارەنووسی شۆڕش لەڕۆژهەڵاتی ئەورووپا بەسترابۆوە بەهەڵوێست وەرگرتنی چیک و سڵاڤییەکانی باشوور.لە ساتێکی یەکلاکەرەوەدا، بەهۆی هیوای نەتەوەیی بێ بنەما، خیانەتییان لەشۆڕش کردو دایانەدەست پترسبۆرگ و ئۆڵموتووز[2]". مارکس ئاماژە بەم ئاڕاستەیە دەکات: "لەڤیەننا، کرواتەکان، چیکەکان، سێرجانەکان و خراپەکاران و هیچوپووچەکان هەمان قووماشی ئازادی ئەڵمانیان بڕی و هاوکات،قەیسەر لە ئەورووپا ئامادەبوو".
بۆیە ڕۆمان ڕۆسدۆلسکی مێژوونووسی ئۆکراینی بەتووندی ڕەخنە لە وتارەکانی مارکس و ئەنگڵس دەگرێت،کە ئەنگڵس لەسەربنەمای بوونی گەلانێک بەپێی جەوهەریان دەتوانن چارەنووسی نەتەوەیی "ئەڵمانەکان، هۆڵەندییەکان، هەنگارییەکان، ئیتالییەکان" دیاری بکەن و سڵاڤیەکان و ئۆکرانیەکان کە ئەنگڵس ناویاندەنێت "گەلانی 'بێ مێژوو'"[3]،ناتوانن تیۆرێکی زاتگەرایانە دابڕێژن. هەرچەند، هیچ شتێک تیۆرەکە پەسندناکات. ئەنگڵس لەسەربنەمای پەیوەندی سێلایەنە لەئەورووپا،بابەتییانە دۆخی نێوان ساڵانی١٨٤٦ تا ١٨٤٩ی شیکردەوە. پێوەندی گەشەکردنی سەرمایەداری ئەودەمە لەڕۆژهەڵات و باشووری ئەورووپا، پێوەندی شێوەی بەرەنگاربوونەوەی چینایەتی ڕیشەگرتوو لێی و دواجار پێوەندی ئەگەری بەهێزی بوونی ئاژاوە، ڕاپەڕین و شۆڕشی دیموکراسی کەزنجیرە مێژووییەکەی قۆناغێکی گەورەبوو، بێئەوەی زیاتر بگشتێنرێت.
بەکارهێنانی ڕۆبۆتانە
ڕۆزا لۆکسامبۆرگیش لەوبارەیەوە وەک ئەو ڕادیکاڵ بوو. پێیوابوو لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی نێوان ئیمپریالیستێک کە بەدەستپێکی جەنگی یەکەمی جیهان کۆتاییهات، "داکۆکیکردن لەنیشتمان ڕێگەی لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵێک بارودۆخی مێژوویی جیهانی دەگرێت. دەوڵەتە نەتەوەییە گچکەکان،چینی پێشڕەویان دەسکەلاو دەستباری هاوڕێ چینایەتییەکانیان لەدەوڵەتە گەورەکاندا، تەنیا مۆرەیەکە لە گەمەی ئیمپریالیستی زلهێزەکان".
بە پێچەوانەوە، هەرگیز لۆکسامبۆرگ دژی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان نەبوە. لۆکسامبۆرگ لەڕەخنەکردنی سۆسیال دیموکراسی بەرایی جەنگی یەکەمی جیهانی دەڵێت: "ڕاستە، سۆسیالیزم پشتیوانی هەمووگەلێک دەکات بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس، بەڵام ئەمە گاڵتەجاڕی سۆسیالیزمە کە دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی بەداکۆکیکارانی ئەم مافەدەزانێت". پاشان لەساڵی١٩١٨ لەشرۆڤەکردنی ئاکامەکانی جەنگ دەنووسێت: "ئایدیای خەباتی چینایەتی بەڕەسمی ڕادەستی ئایدیای نەتەوەیی بوە، ناسیۆنالیزم لایەنگری هەیە. هەرچۆنێکبێت، نەتەوە و کەمینە نەتەوانێک دەردەکەون ئامادەن مافەکانیان بۆدامەزراندنی دەوڵەت بێننەدی. جەستە ڕزیوەکان وزەی بەهاری نوێیان تێگەڕایەوە، لەگۆڕی چەندساڵەیان هاتنەدەر و گەلانی "بێ مێژوو" هەست بەزەروری دامەزراندنی دەوڵەت دەکەن. پۆڵەندییەکان، ئۆکرانیەکان، بلاڕوسییەکان، لیتوانیەکان، ١٠ نەتەوەی نوێ لەقەفقاز. زایۆنزمەکان سەرقاڵی دروستکردنی گیتۆی فەلەستینیەکانن. گەرچی گیتۆ لەڤلادیڤیا ئەم ئەنجومەنەی شەوانەی جادووگەران، شەوی ناسیۆنالیستەکانە."
لینینیش چەندجارێک دەربارەی مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان هەڵوێستی وەرگرت. لەوبنەمایەوە هەنگاوی نا کە ناکرێت گەلێک ئازاد بێت، دەسەڵاتی بەسەر گەلانی دیکەدا بسەپێنێت. بێگومان ڕاشکاوانە پابەندبوو بەمافی ژێردەسەڵاتی ئیمپراتۆرەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسییان، بەڵام هەمیشە سەر بەئەرکەکانی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕی دەزانی. لەڕوانگەی لینینەوە، چۆن دەکرێت پێشینەی هەبێت، ڕوانگەکانی سۆسیال دیموکراسی، واتە ڕوانگەی چیانەیەتی: "ڕاستە سۆسیال دیموکراسی بەڕەسمی مافی هەموو گەلان بۆ دیاریکردنی ئازادانەی چارەنووسی خۆیان دەناسێت، هەرگیز بەم واتایە نییە کە لەمافی داوەریکردنی دەرفەتی ئەم یان ئەو نەتەوە، لە هەر بوارێکی تایبەتی، چاوپۆشی لەجیابوونەوە لەدەوڵەتێکی دیاریکراو دەکات. بەپێچەوانەوە، ئەرکی سۆسیال دێموکراتەکانە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی گەشەکردنی سەرمایەداری، بەسەرنجدان بە بەرژەوەندی خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا بۆ سۆسیالیزم، مافی داوەری تایبەتی خۆیان بەکاربێنن".
لینین دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، دیاری کرد کە بەقازانجی یەکەم دەوڵەتی کرێکاری هێشتا لەرزۆک، واباشە بەڕێزگرتن لە ئایدیال و مافی هەموو گەلانی ژێر کۆتی پادشاییەکان، چ قەیسەر و چ نەمسا – هەنگاریا، بەرەوخۆی کێشیان بکات. هەر ستراتیژییەکی دیکە ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە دەبێتەوە کە کۆمارە ساواکەی سۆڤیەت لەڕوانگەی ئەم گەلانە تا ئەوسەردەمە لەژێر ستەمدابوون، ئەوان بە نەمرکەری شانازی ئیمپراتۆریەتی قەیسەری ڕابردوو دەزانرێن و لەبەردەم خودی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا وەستاون.
لیۆن ترۆتسکیش بە هۆی پێگەکەی لە شۆڕشی بەڵشەفیکی و جوڵانەوەی کرێکاری نێودەوڵەتی، زۆر لەم پرسەی کۆڵیوەتەوە. هاوئاڕاستەی لینینەو هەمیشە بیری لەخۆسەری نەتەوەیی کردووەتەوە، لەکاتێکدا هەمیشە خەباتی چینایەتی و ئەرکەکانی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕی لەبەرچاوبوە: "مافی گەلان بۆدیاریکردنی چارەنووسیان، فۆرمۆلی بنەڕەتی دیموکراسییە بۆ نەتەوە ژێردەستەکان. ستەمی چینایەتی و ستەمی دیلێتی نەتەوەیی جیهان ترسناکتردەکات، دیموکراسی پێش هەر شتێک داوای یەکسانی، خۆسەری یان سەربەخۆیی دەکات". لەگەڵ هەموویاندا، ساویلکە نییە: "کۆمەڵکووژی گەورەی ئیمپریالیستی گۆڕانی یەکلاکەرەوە لەپرسەکە دینێتەئاراوە. بەدرێژایی جەنگ، هەموو وردەبۆرژواکان و سۆسیال – نیشتمانپەروەران لەسەربنەمای مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووس ڕۆڵیان بینی. حکومەتە دووژمنکارەکان بە هەموو هۆکارە شیاوەکان هەوڵیاندا کە سەرەتا جەنگی دژی ئەوانی دیکەیان دەکرد، پاشان لەجەنگ لەگەڵ ڕووسیا، خۆیان بکەنە خاوەنی ئەم درووشمە. ئیمپریالیزمی ئەڵمانیا لەسەربەخۆیی نەتەوەیی پۆڵەندی، ئۆکرانی، لیتوانی، ئیستۆنی، فنلەندی و قەفقازییەکان، سەرەتا لەدژی قەیسەریزم و پاشان لەئاستێکی زۆردا دژی ئێمە سوودییان لێوەرگرت. کۆماری سۆڤیەت بەڕەسمی پشتیوانی لەمافی گەلان بۆدیاریکردنی چارەنووس و ئازادی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتیکی نەتەوەیی سەربەخۆ کرد. هەر چەند حزبەکەمان تێگەیشت ئەم بنەمایە تا چەند بۆ پەڕینەوە لەسۆسیالیزم گرینگە، بەڵام هەرگیز نەیکردە دووگمەیەکی ڕەها، پێشینەو زەروری ئەرکە مێژووییەکانی."
وڵاتە یەکگرتووەکانی سۆڤیەتی ئەورووپا
ترۆتسکی دوای دوورخستنەوەی لە سۆڤیەت و لەشەڕێکی یەکلاکەرەوە دژی ستالین،دەستبەرداری لایەنگری سەربەخۆیی کۆمارەکانی سۆڤیەت نەبوو و تەنانەت داکۆکی لەمافی جیابوونەوەیان لە مۆسکۆ دەکرد. بە فۆکەس خستنەسەر پێگەی نائاسایی یەکلاکەرەوەی نەتەوەی ئۆکراین، چ لەڕووی مێژوویی و چ ئابووری و سیاسی، گووتی: "تەنیا درووشمێکی گشتی هەیە: بۆ ئۆکراینێکی شورایی، کرێکاری و جووتیاری، یەکگرتوو، ئازاد و سەربەخۆ. ئەم وردبوونەوەیە لە فۆرمۆلبەندی ("شورایی، کرێکاری و جووتیاری") گرینگە، کە زۆرجار گەڕانەوە بۆ ئەم دەقە فەرامۆش دەکرێت، لەو ڕووەی ترۆتسکی پرسی دیاریکردنی چارەنووس دەخاتەڕوو. پێیوایە داوای سەربەخۆییبوونی نەتەوە ژێردەستەکان لەسەردەمی بەستەڵەکی ستالین نەک هەر لەڕوانگەی بنەماکان خاوەن ماف بوو، بەڵکو وەک هێزێک گرینگ بوو، کە دەتوانێت دەسەڵات ناجێگیر و پەلە لەڕووخانی بکات. داڕووخانێک بەسەر بواری گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی بەم نزیکانەی جەنگی دەدا، قۆناغی شۆڕشگێڕییەکی نوێی لەچاوپێداخشاندنەوەی "وڵاتە یەکگرتووەکانی سۆڤیەتی ئەورووپا" لەناو "کۆمارە کرێکاری و جووتیارە یەکگرتووەکانی ئەورووپا" دەکردەوە، کە ترۆتسکی لە ساڵی١٩٢٣ نووسی. لەڕوانگەی ترۆتسکییەوە بەرگریکردن لەمافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان لەچوارچێوەی تیۆریدا، "شۆڕشی دایمی" ڕوودەدات".
مارکس و ئەنگڵس، لۆکسامبۆرگ، لینین، تروتسکی: لەپێگەی شۆڕشگێڕی یان دژەشۆڕشگێڕی، مشتومڕی نێودەوڵەتی و شەڕە ناوخۆییەکان، هەموویان پرسی نەتەوەیی و پرسی مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان بەستەوە بەقازانجی پرۆلیتاریا. ئەگەر هەڵوێست وەرگرتنیان چەندین بنەمای دیاریکراو و جێگیرە، کەچی جیاوازی لەنێوان لۆکسامبۆرگ و لینین دەبینرێ، بەڵام هەرگیز نەیانگوتووە، تیۆرێک بۆ مافی ڕەهای نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسیان دابڕێژن.
*مامۆستای خانەنشینی سۆسیۆلۆژیا لە زانکۆی فرانش – کۆنتە و یانیس تاناسیکۆس، تووێژەری ئەنستیتۆی سۆسیۆلۆژیا لە زانکۆی ئازادی بروکسل.
سەرچاوە: لوموند دیپلماتیک، آوریک ٢٠٢٣
[1]. ڕۆتەنەکان: دانیشتوانی کۆنی ئۆکرانیای ئێستان.
[2]. ئۆڵموتووز: Olmütz شوێنێک بوو ئیمپراتۆری نەمساو دەرباری دوای ڕاپەڕینی ڤیەننا لە ئۆکتۆبەری ١٨٤٩ بوونە پەنابەر و ئەم ناوچە گچکەیان بە پایتەختی کاتی ئیمپراتۆر ڕاگەیاند.
[3]. ڕۆسدۆلسکی بیرمان دێنێتەوە کە دیارە ئەنگڵس سڵاڤیەکان و پۆڵەندییەکان لەڕووی دیموکراسییەوە بە نەتەوەیەکی شۆڕشگێڕ دا دەنێت.