
محه‌مه‌د فاتح
سه‌رچاوه و چه‌مك:
دیالكیتك، زاره‌وه‌ییه‌كه له سه‌رچاوه‌ی لاتینی (dialect)و فه‌رمانی یۆنانی (dialegein) وه‌رگیراوه. به پێی سه‌رچاوه‌كان فه‌یله‌سوفه‌كانی یۆنان (پ.ز) وه‌ك (زه‌ینون، هیراكلیتس) له نووسینه‌كانیان باسیان له زاره‌وه‌كه كردووه و به‌كاریان هێناوه.
زاراوه‌كه به واتای، قسه‌كردن، مشتومر، زمان، وه‌رگیراوه، له زمانی عه‌ره‌بیش زاراوه‌ی (الجدل)یان به‌رامبه‌ری به‌كارهێناوه.
له كۆتاییدا زاراوه‌ی –دیالكیتك- (dialectic) به واتای هونه‌ری مشت‌ومڕ و وتووێژ، ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا به‌كارهێنراوه.
واتا دیالكتیك هونه‌ری سه‌لماندن و ره‌تكردنه‌وه‌ی بابه‌تێك له‌خۆ ده‌گرێت، په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی له‌گه‌ڵ زاراوه‌ی –لۆژیك- هه‌یه، به‌ڵام لۆژێك زیاتر شێوازێكی هزری و ئه‌قڵانییه، كه‌چی دیالكتیك بریتییه له هونه‌ری گونجاندن و ناسینی ڕێوشوێنه لۆژیكییه‌كان ده‌رباره‌ی گفتوگۆ(1).
به كورتی –دیالكتیك –دوو شتی بنچینه‌یی ده‌گه‌یه‌نێت:
1-هونه‌ری گفتوگۆ كردن، كه شێوازی پرسیار و وه‌ڵامدانه‌وه ده‌گرێته‌وه.
2-هونه‌ری پۆلێنكردنی چه‌مكه‌كان و دابه‌شكردنی شته‌كان بۆ گشتی و تایبه‌ت.
له كتێبی (موسوعة مصطلحات العلوم الإجتماعیة) چه‌مكی دیالكتیك به‌م شێوه‌یه پێناسه‌كرداوه:
لۆژیكێكی نوێیه به‌ره‌و ڕووی لۆژیكی ئه‌ڕستۆ ده‌بێته‌وه، ئه‌و لۆژیكه پشت به جووله ده‌به‌ستێت له جیاتی جێگیربوون، یان هه‌ڵبژاردنی شێوازی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ بنه‌ماو چه‌مكه‌كان له پێناو دیاریكردنی ماناكه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و گریمانانه‌ی كه پشتی پێ ده‌به‌ستێت، هه‌روه‌ها ئه‌نجامه زه‌رورییه‌كانی(2).
دیالكتیك له مێژوودا
چاكه‌ی به‌كارهێنان و داڕشتنی بنه‌ماكانی دیالكتیك بۆ فه‌یله‌سوفه(3) كۆنه‌كانی یۆنان ده‌گرێته‌وه له سه‌ره‌تادا. باشترین نموونه‌ش دیالكتیكه لای ئه‌فڵاتون (427-347 پ.ز)
ئه‌فڵاتون هه‌رچه‌نده هه‌مان ڕێبازی سوقڕاتی پیاده ده‌كرد، به‌ڵام دیالكتیك(4) لای ئه‌و وه‌ك زانستێك وابووه، چه‌مكه‌كانی پۆلین ده‌كران و شته‌كان دابه‌ش ده‌كران بۆ ڕه‌گه‌ز و جۆره‌كان. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش دیالكتیك لای ئه‌فڵاتون هونه‌ری پرسیار و وه‌ڵامدانه‌وه بوو، واته بووه به‌میتۆد و زانست، ئه‌و میتۆده‌ی ئه‌قڵ به‌رز ده‌كاته‌وه له هه‌ست پێكردنه‌وه بۆ حاڵه‌تی ماقوول، كه بریتییه له زانینی ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌تاییانه‌ی فه‌یله‌سوف به توێژینه‌وه‌ی به‌شه‌كانی زانست ده‌یگاتێ، پاشان دێته خواره‌وه، ئه‌و به‌شه زانستیانه به بنه‌ماكان ده‌به‌ستێته‌وه، هه‌روه‌ها تا ده‌گاته هه‌ست پێكراوه‌كان و ڕاڤه‌یان ده‌كات، بۆیه ئه‌فڵاتون دیالكتیكی دابه‌شكرد بۆ:
أ-دیالكتیكی به‌ره‌و سه‌ره‌وه، بیركردنه‌وه‌ی پله به پله له هه‌ست پێكردنه‌وه به‌ره‌و گومان، به‌ره‌و زانستی به‌ڵگه‌دار تا ده‌گاته ڕاده‌ی ئه‌قڵانیه‌تێكی په‌تی.
ب-دیالكتیكی به‌ره‌و خوار، واته بیركردنه‌وه له به‌رزترین نموونه تا به‌ره‌و خوارتر دێت، به شیكردنه‌وه و ڕێكخستنی نموونه‌كان له چه‌ند ڕه‌گه‌ز و جۆرێك.
به‌ڵام (ئه‌ڕستۆ) -384-322 پ.ز-، ئه‌و پێوه‌ره‌كه‌ی (syllogism)(5) له دابه‌شبوونه‌كه‌ی ئه‌فڵاتونه‌وه پوخت كردۆته‌وه، لۆژیكیه وێنه‌ییه‌كه‌ی به‌پێی تێگه‌یشتنی بۆ دیالكتیك بوونیادناوه، هه‌روه‌ها به‌ڵگاندنیشی ناساند به‌وه‌ی دیالكتیكه، ئه‌گه‌ر: پیشه‌كیه‌كانی چه‌ند بیروبۆچوونێكی شیانی په‌سندكراوبن له‌لای هه‌مووان، یان لای زۆرینه‌ی خه‌ڵك یاخود لای فه‌یله‌سوفه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پیشه‌كیه‌كان به ته‌نها واده‌ربكه‌ون كه شیان بن، به‌ڵگاندنیشیان ناڕاست بوو ئه‌وا ئه‌و كاره ته‌نها مشتومڕی درێژخایه‌نی پێ ده‌وترێت نه ك دیالكتیك.
بۆیه به دیالكتیكی ئه‌ڕستۆ وتراوه -لۆژیكی ئه‌گه‌رێتی (Logic of probality)، چونكه بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌و به‌ڵگاندنه‌یه كه پشت به پێشه‌كییه شیانه‌كان ده‌به‌ستێت، به‌و مانایه‌ی چه‌ند بیروڕایه‌كی ده‌ما و ده‌مه.
دواتر ئه‌ڕستۆ، دیالكتیكه‌كه‌ی وه‌ك هۆكارێكی به‌سبوو دانه‌ناوه بۆ ئه‌وه‌ی زانینی راست یان زانستی به‌ده‌ست بێنێت. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئه‌و ڕاستیه‌ش، ئه‌ڕستۆ به پێویستی زانیوه په‌نا بۆ به‌ڵگه و سه‌لماندن به‌رێت، كه ئه‌ویش به‌ڵگاندنی ڕاست ده‌بێت، به هۆی پێشه‌كیه ڕاستگۆ و ڕوونه‌كان كه له خودی خۆیدا پێكدێت.
به‌های دیالكتیك لای ئه‌رستۆ، خۆی له سووده‌كانی ده‌نوێنی، وه‌ك ئامرازێك بۆ ڕاهێنان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و میتۆده‌كانی، هه‌روه‌ها بۆ گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و پێشه‌كیانه‌ی ده‌یخه‌نه ڕوو، هه‌روه‌ها بۆ هه‌ڵبژاردنی راستگۆیی بنه‌ما یه‌كه‌مه‌كان كه بۆ زانسته‌كان نه‌سه‌لمێنراوه.
لای ڕه‌واقیه‌كان (سوفستائییه‌كان) دیالكتیك پێگه‌یه‌كی به‌رزی هه‌بووه، تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه وتراوه ئه‌گه‌ر خوداوه‌ند زانیاری له‌سه‌ر دیالكتیك هه‌بووبێت ئه‌وا زانیاری (ئه‌كریسیوس)ه، لای ئه‌وان دیالكتیك واته لۆژیكی وێنه‌یی(6).
له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ى بۆ دیالكتیك به شێوه‌یه‌كی گشتی باوبووه، لای ئه‌وان به واتای لۆژیكی وێنه‌یی زانراوه (كه له شیكردنه‌وه‌كانی ئه‌ڕستۆ هاتبوو). دیاره ئه‌وه زیاتر له چوارچێوه‌ی بابه‌ته‌كانی زانكۆكان به‌كارده‌هێنران، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترا-فه‌لسه‌فه-، هه‌روه‌كو بابه‌ته‌كانی ڕیزمان و جوانكاری. بگره چه‌ند كه‌سێكی وه‌ك (توما ئه‌كوینی) دیالكتیكیان به چه‌ند دیارده‌یه‌كی نه‌رێنیان ده‌به‌سته‌وه كه تا ئه‌مڕۆ ئاسه‌واری هه‌رماوه، وشه‌كه به‌كارده‌هێنرێت بۆ شیكردنه‌وه یاخود وتارێكی ئاڵۆزی بێ سوود(7).
هیگڵ (1770-1831)ز، فه‌یله‌سوفی پایه‌به‌رزی ئه‌ڵمانی، دیالكتیكی گه‌یانده لوتكه، ئه‌و به یاسای بوونی داده‌نا، هه‌موو ژیان و سروشت و كۆمه‌ڵگه و تا بیركردنه‌وه ده‌گرێته‌وه، به بۆچوونی ئه‌و، ئه‌وانه هه‌موویان له بارێكی جووڵه (Becoming) و گۆرِان و په‌ره سه‌ندندان.
پاش هیگڵ، لایه‌نگر و قوتابیانی بۆچوونیان وابوو كه دیالكتیك ده‌بێته هۆی شۆڕش له ژیان و هزردا.
پاشان دیالكتیكی هیگل دوو لقی گرینگی لێ ده‌بێته‌وه، ئه‌وانیش: دیالكتیكی بوونخوازی له‌سه‌ر ده‌ستی (كیركجورد) هه‌روه‌ها دیالكتیكی مه‌تریالیزمی لای كارل ماركس.
لقی یه‌كه‌میان ره‌خنه له دیالكتیكی هیگل ده‌گرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تی نێوان خود و بابه‌ت هه‌ستاوه. هه‌روه‌ها دابه‌شكردنی جیهان بۆ بابه‌تی و خودی، جیهانیش به مرۆڤه‌وه وه‌ك بابه‌تێك داناوه، ئه‌وه‌ش شتێكی نامۆیه بۆ مرۆڤ.
به‌ڵام دیالكتیكی بوونخوازی سه‌رچاوه‌كه‌ی به‌كگرتنی خود و بابه‌ته، هه‌روه‌ها له هۆشیاری مرۆڤه‌وه له خودی خۆیدا سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌و هه‌نده‌ی (بوونێكه) واته له چه‌ند هه‌ڵوێستێك خوده، له نێوان چه‌ند شیاوێك ئازادانه هه‌ڵبژاردن ده‌كات، لێره‌دا مرۆڤ به هۆشیاری و دوور له ناچاری كار ده‌كات، واته به دوور له یاساكان(8).
دیالكتیك لای ماركس و ئه‌نجلۆ
ماتریالیزمی دیالكتیكی فه‌لسه‌فه‌ی زانست و مێژوو سروشته، له كیشوه‌ری ئه‌وروپا په‌ره‌ی سه‌ندووه به پشت به‌ستن له‌سه‌ر نووسینه‌كانی كارل ماركس (1818-1883) و فریدریك ئه‌نجلۆ (1820-1895).
دیالكتیك لای ماركس جه‌خت له‌سه‌ر بارودۆخی جیهان ده‌كات به شێوه‌یه‌كی واقیع بینانه، له ڕووی چینی كۆمه‌ڵایه‌تی، كار، كارلێكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری.
ده‌سته‌واژه‌ی –ماتریالیزمی دیالكتیكی به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ماركس و ئه‌نجلز له نووسینه‌كان ناویان نه‌هاتووه، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆ یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن (جۆزیف دیتزجین) له ساڵی 1888ز، باسی هاتووه.
یه‌كه‌م: خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی میتۆدی دیالكتیكی ماركس(9):
1-تێڕوانین بۆ سروشت وه‌ك گشتێكی یه‌كگرتوو، بابه‌ت و دیارده‌كانی له نێوان خۆیاندا په‌یوه‌ست ده‌بن په‌یوه‌ستیه‌كی ئۆرگانی، بوونی هه‌ندێكیان ده‌بێته مه‌رج بۆ ئه‌وانی دیكه.
2-تێڕوانین بۆ سروشت به‌و شێوه‌ی كه له جوڵه و گۆڕانی به‌رده‌وامدایه، هه‌روه‌ها له بارێكی نوێبوونه‌وه و گه‌شه‌كردنی به‌رده‌وام ده‌بێت، شتێك نوێ ده‌بێته‌وه و گه‌شه ده‌كات بێ پسانه‌وه، یه‌كێكی دیكه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و له‌ناوده‌چێت.
3-تیڕوانین بۆ پڕۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندن، به‌و شێوه‌ی گواستنه‌وه‌یه له گۆڕانی چه‌ندێتی شاراوه بۆ گۆڕانی ریشه‌یی چۆنێتی، هه‌روه‌ها تێڕوانین بۆ گۆڕانی چۆنێتی به‌و شێوه‌ی گۆڕانێكی زه‌رورییه‌و ڕووده‌دات، به چه‌ند هه‌نگاوێك و به‌رده‌وام ڕووی له پێشه‌وه‌یه، هه‌روه‌ها له كۆنه‌وه به‌ره‌و نوێ و له ساده‌وه به‌ره‌و ئاوێته، له خواره‌وه به‌ره‌و سه‌ره‌وه.
4-تێڕوانین بۆ بابه‌ت و دیارده‌كانی سروشت له ڕووی ناكۆكی و ناته‌باییه ناوخۆییه‌كانیه‌وه، واته تێڕوانین بۆ هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كه‌ی، بۆ ڕابردوو و ئاینده‌ی، بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌ناو ده‌چێت و ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی گه‌شه‌كردنی ناوخۆیی بریتییه له ململانێی دژه‌كان، هه‌موو شتێكیش ملكه‌چی بارودۆخ و كات و شوێن ده‌بێت.
دووه‌م: بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فه‌ی مادی ماركس:
1-جیهان به خۆڕسكی مادییه، دیارده جیاوازه‌كانی ته‌نها چه‌ند ڕوویه‌كی جیاوازن له ڕووه‌كانی ماددی نه‌وه‌ستاو و بزێو. ئه‌وه‌ش به پێچه‌وانه‌ی ڕێبازی ئایدیالیزمیه كه دیدی بۆ جیهان بریتییه له‌وه‌ی به‌رجه‌سته ی بیرۆكه‌ی ڕه‌ها، یان ڕۆحی گشتی ده‌كات.
2-جیهانی مادی راستیه‌كی بابه‌تییه له ده‌ره‌وه‌ی هۆشاریمان و به‌دوور له‌و بوونه‌ی هه‌یه، ماده یان گه‌ردون یاخود سروشت به‌خشنده‌ی یه‌كه‌مه له كاتێكدا هۆشیاری یان هزر به‌خشنده‌ی دووه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ماده‌یه و به پله‌یه‌كی به‌رز له پله‌كانی په‌ره‌سه‌ندن و ته‌واوكاری.
3-جیهان و یاساكانی، جێگای ئه‌وه‌ن زانیاری ته‌واویان له‌سه‌ر هه‌بێت، زانینمان به یاساكانی، كارێكی په‌سه‌ندكراوه، كاتێ تاقیكردنه‌وه و كارتێكردن جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه.
سێیه‌م: یاساكانی ماتریالیزمی دیالكتیكی ماركسی:
1-یاسای گۆڕینی چه‌ندێتی بۆ چۆنێتی و به پێچه‌وانه(10):
چۆنێتی خه‌سڵه‌تێكی ناوه‌كییه گوزارشت له كۆمه‌ڵه خه‌سڵه‌ت و سیمایه‌كی بنچینه‌یی شته‌كه ده‌كات و به هۆیه‌وه سه‌قامگیرییه‌كی ڕێژه‌یی وه‌رده‌گرێت و جیاوازیشی ده‌كاته‌وه له هه‌موو شته‌كانی دیكه.
چۆنێتی له خه‌سڵه‌ته‌كان به‌ده‌رده‌كه‌وێت و ئاشكرا ده‌بێت، به‌ڵام چه‌ندێتی بریتیه له توانا و ئاماده‌یی شت و دیارده‌كان بۆ پێوه‌ری لۆژێكی به‌هۆی ئاماده‌كاریه‌ك گوزارشت له شێواز و پله و قه‌باره ده‌كات.
هه‌موو شته‌كان چۆنێتی و چه‌ندێتی هاوتایان هه‌یه، ناوی لێده‌نرێت-نۆرم-یان –پێوراو-ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام له هه‌موو شته‌كان ره‌چاوكراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ربڕینه بۆ سازان و ته‌بایی دیارده‌كان له ڕووی چۆنێتی و چه‌ندێتییه‌وه.
هه‌روه‌ها شێوازی گواستنه‌وه‌ش له چه‌نده‌وه بۆ چۆن پێ ده‌وترێت –بازدان-كه وه‌رچه‌رخانێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه له چۆنێتی كۆنه‌وه بۆ نوێ و هه‌روه‌ها به گۆڕانێكی كتوپر ده‌چێت.
ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی په‌یوه‌ستیشه به گۆرینێكی ریشه‌یی كه پێشتر بوونی هه‌بووه، ئه‌وه به شێوه‌ی كوده‌تایه‌كی چۆنێتی ده‌بێت له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و له هزره زانستیه‌كان، هه‌روه‌ها له دۆخی ته‌كنیكدا.
نموونه‌ی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه ناوی لێده‌نرێت-شۆڕش- زۆربوونیش له چه‌ندێتی ده‌بێته گۆڕان له چییه‌تی (شته‌كان)، هه‌روه‌ها ئه‌و هێزانه‌ی له ململانێدان بێ ئاشكرایی گه‌شه ده‌كه‌ن و گرد ده‌بنه‌وه و پاشان به ئاشكرا ده‌ته‌قنه‌وه. توندوتیژی و پێكدادانی نێوانیان كارتێكردنی ده‌بێت له‌و ناوه‌نده‌ی گۆڕانه‌كه‌ی تیادا ڕووده‌دا.
2-یاسای پێداچوونی دژبه‌یه‌كه‌كان
ناوه‌ڕۆكی ئه‌م یاسایه له‌وه دایه كه دژایه‌تییه ناوخۆیه‌كان په‌یوه‌ستیان به هه‌موو شتێكه‌وه هه‌یه، به هه‌موو گۆڕانێك كه ڕووی له په‌ره‌سه‌ندن بێت.
ئه‌و دژایه‌تی و ناته‌باییانه له بارێكی یه‌كگرتوودا ده‌بن كه درزیان تیادا نابێت، له هه‌مان كاتدا له بارێكی ململانێی هه‌میشه‌یی دان.
له‌و دژایه‌تیانه‌ی دیالكتیكی ماركسی گرینگی پێده‌دا:
أ-دژایه‌تیه ناوخۆییه‌كان، كه بریتین له كارتێكردن و ململانێی لایه‌نه ناكۆك و ناته‌باكان بۆ شتێكی دیاریكراو.
ب-دژایه‌تیه ده‌ره‌كیه‌كان، بریتین له‌چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی دژ‌و ناته‌با به‌رامبه‌ر شتێكی دیاریكراو له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌گه‌ی ده‌وروبه‌ری.
ج-دژایه‌تییه پێكدادانه‌كان، له نێوان چه‌ند چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕووده‌دات، ئه‌وانی به‌رژه‌وه‌ندی ناكۆكیان هه‌یه، به شێوه‌یه‌ك ئاشتبوونه‌وه و رێككه‌وتنیان نابێت، بۆیه ده‌بێته هۆی ململانێی تووند، ڕێگای چاره‌سه‌ریشیان شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت.
3-یاسای نه‌فیكردنی نه‌فی:
نموونه‌ی ئه‌و یاسایه، سیسته‌می ده‌ربه‌گایه‌تی له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دارییه‌وه ره‌تده‌كرێته‌وه سۆسیالیستیش سه‌رمایه‌داری ڕه‌تده‌كاته‌وه، به‌م جۆره شتی نوێ پێكدێت به‌پێی یاساكه.
كۆتایی:
ماركس له كتێبی (قضایا حول فویرباخ) له ساڵی 1888 نووسیویه‌تی(11):
1-كه‌موكورتییه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی هه‌ر رێبازێكی ماددی كه تا ئێستا ده‌ركه‌وتووه، ئه‌وه‌یه كه:
بابه‌ت، یان ڕاستی، یاخود هه‌ستپێكراو، ته‌نها وه‌ك رامان ته‌ماشاكراوه نه‌ك به‌و شێوه‌ی چاڵاكیه‌كی هه‌ستیاری مرۆییه، یان ڕه‌فتارێكی كرده‌ییه.
2-دیالكتیك كۆمه‌ڵه یاسایه‌كی جیابۆوه نییه له ویستی مرۆڤ، زۆر به ساده‌یی، دیالكتیك ئامرازێكه بۆ باسكردنی ئه‌وه‌ی مرۆڤ چۆن مێژووی خۆی دروست ده‌كات.
ماركس ده‌ڵێت: مێژوو هیچی پێ ناكرێت، خاوه‌ن سامان نیه، ناجه‌نگێت، ئه‌وه‌ش ئه‌و ڕاستیه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌و مرۆڤانه‌ی هۆشیارن به‌ڕاستی، ئه‌وان به هه‌موو ئه‌و كارانه هه‌ڵده‌ستن، نه‌ك مێژوو، مێژوو ته‌نها چاڵاكییه‌كانی مرۆڤه بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كان.
سه‌رچاوه‌كان:
1-
*د. إحسان محمد الحسن، موسوعه علم الإجتماع-ط 1999-بیروت، ص290.
* زاهیر محمدی، یاسین حاجی زاده، فه‌رهه‌نگی سیاسی نوێ، هه‌ولێر، 2006، لـ 225.
*وائل سلیمان، مقال، ت1/ 2019، www.aragweek.com.
2-د. أحمد زكي بدوي، معجم مصطلحات العلوم الإجتماعية -1978-بيروت-ص107.
3-د. خليل أندراوس-بحث –آذار 2023 www.alittihad44.com.
4-د. زكی نجیب محمود-الموسوعة الفلسفیة المختصرة، 1972-بیروت ص166.
5-د. عبدالمنعم الحنفی-الموسوعة الفلسفیة، دار المعارف للطباعة، تونس/1992 ص152.
6-الموسوعة الفلسفیة المختصرة، سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ص155.
7-سایت www.M.Marefa.org
8-د. عبدالمنعم الحنفی، سه‌رچاوه‌ی پێش‌و ص154.
9-غازی الصوانی، مدخل الی الفلسفة الماركسیه، ط/1 / 2018 غزة ص32-33.
10-كمال بوناب، الماركسیة والمادیة الجدلیة، بحث مجلة أبحاث قانونیة وسیاسة-المجلد /5/ العدد 2 السنة 2020.
*وه‌رگێڕانی، د. ژیار فه‌لاح، هاوڕێ یوسف، فه‌رهه‌نگی هزری ماركسیتی ده‌زگای ئایدیا، سلێمانی چ 1، 2020 ص533
11-هنری –د-أیكن، ترجمة فؤاد زكریا، مراجعة عبدالرحمن بدوی، عهد الایدیولوجیا-الفصل التاسع، ص12 مؤسسة هنداوی www.hindawi.org