
سەدیق سەعید ڕواندزی
بە پێی ئاماری سەندیكای ڕۆژنامەنووسان بێت، ئەگەر هەڵە نەبم، سەرووی پێنچ هەزار ڕۆژنامەنووس لەو هەرێمە بچووكەی ئێمەدا هەیە. لەمانە، چەندیان پیشەییانە كاردەكەن و ڕەچاوی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی دەكەن و شارەزاییان لە هەواڵ و ڕاپۆرت و بە دواداچوونی ڕۆژنامەنووسی هەیە، ئەگەر لە بێژینگیان بدەین هەر سەد ڕۆژنامەنووسێك دەمێنێتەوە و ئەوانیتر هیچ شارەزاییان نییە. بگرە زۆرینەیان، بڕوا ناكەم لە ساڵێكدا دوو كتێب لە بوارەكەی خۆیاندا بخوێننەوە. بۆیە كە هەواڵێك ڕووماڵ دەكەن، دیمانە لەگەڵ بەرپرسێكی گەندەڵ دەكەن، زوو ئاستی هوشیاری و ڕۆژنامەوانییان بۆ هەمووان دەردەكەوێت. بێگومان وەك چۆن سازش و ڕووپامایی، ماستاو ساردكرنەوە و دووڕوویی، خەسڵەتی بەشێكی زۆری مرۆڤەكانی ئەو سەردەمەیە، بەو شێوەیەش بەداخەوە بەشێكی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان، بەدەر نین لەو خەسڵەتە و كاتێ ڕووبەڕووی بەرپرسێكی گەندەڵ دەبنەوە، بیریان دەچێت ئەوان بۆچی هاتوون و كار و پیشەیان چییە. دەكرێ ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە ڕۆژنامەنووسی ماستاوچی ناوبەرین. ڕۆژنامەنووسی ماستاوچی، هەمیشە فۆكسی لەسەر شتە بێ نرخ و بەهاكانە، نەك شتە جەوهەرییەكان، ئەم مێزە بۆ وایە؟ ئەم پەردانە بۆ كۆنبوون؟ قژی من و تۆ وەك یەك ڕووتاوەتەوە، وەك یەك باڵامان بەرزە، بۆچی مێزەكە لەولاوەی ژوورەكە دانانێیت ئەمانە و چەندین قسەی بێ مانای تر. یاخود ڕووبەڕوو لەگەڵ بەرپرسە گەندەڵەكەدا، كە سەرچاوەی هەموو كێشە و گرفتەكانە، باسی هەرچی پرسی سیاسی و گرفتی هەرێمی و نێو دەوڵەتی هەیە، تا دەگات بە ئێران و كۆریای باكوور دەكات، تەنها كێشەی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی خۆی نەبێت، چونكە لە بنەڕەتدا ئەركی ئەو ڕۆژنامەنووسی نییە، بەڵكو مەرامێكی دیكەی سیاسی و تایبەتییە لە ژێر ناوی پیرۆزی ڕۆژنامەنووسیدا. دەكرێ ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە ڕۆژنامەنووسی ماستاوچی ناو بەرین، كە بوێری ئەوەیان نییە، كاتێ دیمانە لەگەڵ بەرپرسێك دەكەن، پرسیاری ئەوەی لێ بكەن، ئەو موڵك و ماڵەت لە كوێ بوو؟ دۆخی خەڵك چۆنە؟ بۆچی گەندەڵی هەیە؟ بۆچی مووچەی فەرمانبەران نادرێت؟ ئەم هەموو جیاوازی و نادادییە چییە لە وڵاتدا هەیە؟ بۆچی ئەم هەموو كێشانە هەن؟ ئەم بەناو ڕۆژنامەنووسانە، چونكە لە ڕوانگەی ژیانی خۆیان دەڕواننە خەڵكی، بۆیە كە دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت بەرپرسێكی باڵا ببینن، وا دەزانن هەموو خەڵك وەك ئەوانە، بالەوەش گەڕێین كە چۆن هەزارانیان بێ شەرمانە داوای زەوی و پارە و داواكاری تایبەتی لەو بەرپرسانە دەكەن. ئێستا دۆخێك لە كۆمەڵگەی ئێمە دروست بووە، هەموو سمێڵ سوورێك بۆتە هەمزە ئاغە، بۆیە هەركێ مایكێكی بەدەستەوە گرت، خۆی پێ ڕۆژنامەنووسە. جاران سەنگەر گۆڕین ( كە ئێستا بۆتە ئاخوڕ گۆڕین ) تەنها لای ئەندام و كادیری حزبەكان هەبوو، كەچی ساڵانێكە بۆتە نەریت ڕۆژنامەنووسانیش لە پێناو پارەی زیاتر سەنگەریان دەگۆڕن، ئەوە نییە لەكەناڵە بێ پارەكان دەچنە ئەو كەناڵانەی بەپارەی زەبەلاحی دزراوی نەوتی خەڵك كار دەكەن و كەس نازانێت ئەوانەی لەوێن ڕۆژنامەنووسن، یان بەرپرسی گەندەڵ، چونكە بە قەد بەرپرسێكی گەندەڵ، مووچە وەردەگرن و بەداخەوە ناوی پیرۆز و كاری پیرۆزی ڕۆژمانووسانیش لەكەدار دەكەن.
.