
سۆما خالید
لە کەلتووری پیاوسالاریدا، ژنان لە سیاسەتدا کەمتر ڕۆڵ دەبینن، چونکە ئەو جۆرە کەلتوورانە دەسەڵات و بڕیاردانیان خستۆتە دەستی پیاوان، هەروەها زۆرجار ژنان وەک نەگونجاو تاماشادەکرێن بۆ سەرکردایەتی و بڕیاردانی سیاسی، لەبەرئەوەی ژنان بە ڕۆڵی ناوماڵ وەک (ژنی ماڵ، دایک، چاودێری منداڵ) دەبینن و سنووردارکراون، هەر بۆیە ژنان لە پێگەی سیاسی دووردەخاتەوە.
ژنان بەشێوەی گشتی لە مێزی گفتوگۆکانی سیاسی و شاندەکاندا نابیندرێن، هێشتا ئەو باوەڕە هەیە کە سیاسەت بواری پیاوانەیە و بۆ ژنان گونجاونییە، یان کە ژنان دەچنە ناو سیاسەتەوە ڕووبەڕووی گاڵتەجاڕی، سووکایەتی، هەڕەشە، جیاکاری و نەبوونی پاڵپشتی یاسایی دەبنەوە. ئەو فشارانە وادەکەن زۆرێک لە ژنان بەشداری لە سیاسەتدا نەکەن، لەبەر ئەوەی حزبە سیاسییەکان، دامەزراوە حکومییەکان و دەزگاکانی بڕیاردان لەلایەن پیاوانەوە کۆنتڕۆڵکراون، کە بۆشایی پێویست بۆ بەشداری ژنان ناڕەخسێننێت و بەربەست دروستدەکات. ئەم تێڕوانینە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی ژنان، تەنانەت ئەگەر لێهاتوویی پێویستیشیان هەبێت، ئەوەش ئاراستەی گشتی بەرەوپێشچوونی ئەرێنی و ڕۆڵی گەشەسەندنی ژنان لە سیاسەتدا نیشاندەدات، هەر بۆیە بەپێی پێویست بایەخ بە بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان، پەروەردە، تەندروستی، دادپەروەری و کۆمەڵایەتی نەدراوە. ژنان لە سیاسەتدا دەتوانن ڕۆڵی جۆراوجۆر و کاریگەر بگێڕن کە یارمەتیدەرە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی دیموکراسی و زیادکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هاوکات دەبێتە هۆی پەسەندکردنی یاسای دادپەروەرانەتر سەبارەت بە مافەکانی ژنان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و کەمکردنەوەی توندوتیژی، باشترکردنی هەلومەرجی کار و خێزان، دەبێتە هۆکاری گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ تواناکانی ژنان و یەکسانی دەرفەتەکان.
ئەگەرچی ژنانی کورد بەدرێژایی مێژوو ڕۆڵێکی گرنگیان لە گەشەسەندنی سیاسەتدا گێڕاوە، لە دەیان ساڵی رابردوودا لە گۆڕەپانی سیاسیی جۆراوجۆر لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا ژمارەیان زیادیکردووە، توانیویانە توانای بەڕێوەبردنی بەرز و بەرپرسیارێتی نیشانبدەن، بەڵام بۆ پێشکەوتن پێویستە ژنان لە یەک کاتدا لە چەند بوارێکدا تێبکۆشن بۆ ئەوەی بتوانن پێگەی خۆیان بەرزتر بکەنەوە، ژنان خۆیان بە شایستە بزانن و لە ترس و گومان و حوکمی کەسانی تر نەترسن. بڕوابەخۆبوون بناغەی چوونە ناو هەموو بوارەکانە.